لەدونیای سیاسەتدا نەک نەتەوە و گروپە بێ دەوڵەتەکان، بەڵکو هەندێک دەوڵەتیش لە هاوپەیمانی و داپچڕاندنیان لە هاوکێشە ستراتیییەکان، یان پێککردن و پێک نەکردنیان لە گەمە و بەرنامە گرنگەکان خاوەن بڕیاری خۆیان نین، یان بەلای کەمەوە لەهەڵبژاردنی دەرفەت و هۆکار و ئەنجامەکاندا تەنیا بڕێکی گچکە و کەمێک چانسی بەشداری بەکردەوەیان لە ڕووداوەکان پێ دەدرێت و هەڵبژاردنی شتە گرنگەکان بێ ئیرادەی ئەوان بەڕێوە دەچێت. دیارە ئەمە بۆ کورد خراپتر و بەئازارتریشە، چونکە وڵاتە زلهێزەکان و دەوڵەتە داگیرکەرەکان کورد وەکو بەکارهێنراو دەبینن، نەک هێزێکی خودان بڕیار.
گوێم لەڕەخنەگرە کوردەکان دەبێت و هەمیشە دەبێژن نەدەبوایە کورد وا بکات و وا نەکات و سەروپۆتەلاکی کورد دەکوتنەوە، وەکو ئامۆژگاری زار ڤەدەکەن و دەبیژن نەدەبوایە کورد هاوکاری فلان و فلان بووایە بێ بەرانبەر، کورد وەکو هەمیشە دۆڕاوە، کە بێ بەڵگەنامەی پێشوەختە هاوپەیمانی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و هێزە مەزنەکان دونیا دەکات. ئەمانە بەڕای من هەموو ڕەخنەی قۆڕن و فلسێکی قەڵپ ناکەن. کرمێکردنی دەروون و ناخی تاکی کورد زیاد دەکات و ئەم ئاخاوتنانە سواوەن لەنەزانین و گەمژەیی و بێ ئیشی سەرچاوەی گرتووە.یان هەندێک خۆیان بە زانا و فەیلەسوف دەزانن و هەردەم ناڕازیبوون دەبەستنەو ەبە ئازادی تاکەکسی خۆیان.
کورد لە واقیعی بێ دەوڵەتی خاوەنی لەسەدا بیست و پێنجی بڕیارەکانیش نییە، لەزۆر شت پسی پێ ناکرێت، دەولەتی نەبێت ئابووری نابێت، ئابووریشی نەبێت بەپێی فەلسەفەی سەرمایەدارانەی (دۆناڵد ترەمپ) هیچ بەها و پێگەیەکی نابێت و ئەمەش بۆ کورد ئازار بەخش و کارەساتە. سەرباری غروری لایەنە سیاسییە کوردییەکان، کە هەر یەکەیان بە یاری خۆیدا هەڵدەڵێت و لەهەندێک دۆخدا نەک گوێ لەیەکتر ناگرن، بەڵکو دەبنە دژی یەکتریش و ئامادەن ناڵی ئەسپی یەکتریش دەربهێنن.
کورد هەمیشە لە قەیران و شکان دەیەوێت پەرێزی خۆی پاک بکاتەوە و بەلای یەکبوون و تێکەلىووون بابداتەوە، بۆ من ڕووداوەکانی هەنووکەی سوریا ڕەچاوکراو بوون. ئێمە دەمێکە دەبێژین کوردینە، مەردینە کارەسات، کارەسات ڕوودەدات، ئەگەر لەنێوەخۆ هاوکار و هاوبەش و هاوپەیمان نەبن، دەبینە پووشێکی بەردەم باهۆز، کەچی لایەنەکان وەکو بەلەمی بێ چارۆگە، لەنێو شەپۆڵی دەریا لێیان خووڕیوە.
ڕووداوەکان لە چەند ئاستێک لێک دەدەینەوە.
لەئاستی جیهان:
(تۆم باراک) نوێنەری ئەمەریکا دەبێژێت "هاوپەیمانی هەسەدە هەر هەتا سنووری لەناوبردنی داعش بوو، ئێستا سوریا هەیە، بۆیە کۆتایی پێهات" واتە کورد کەرەستەیەکی هەرزان و بێ بڕیار و پێگەبووە لەنێو گەمە سیاسییە هەستیارەکانی ناوچەکە. لەگاڤێکدا داعش بەفەرمی و بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕەزامەندی ئیسرائیل، هەنووکە حاکم و دەسەڵاتداری (حکوومەتی کاتی سوریایە!!). (سەرۆک و وەزیرەکانی ئەم حکوومەتە کاتییە ساڵێک بەر لەئێستا ئەمیر و بەرپرسی داعش و گروپە قەدەغەکراوە تیرۆرستییەکان بوون).
ئەمەریکا لەسەر زاری خودی (دۆنالد ترەمپ): "کوردم خۆشدەوێ، بەڵام بۆ ئەوەی تێبگەیت، کوردەکان پارەیەکی گەلێک زۆریان پێدرا، نەوت و شتی دیکەیان پێدرا، ئەوان ئەوەیان بۆ خۆیان دەکرد زیاتر لەوەی بۆ ئێمەیان دەکرد. هەوڵدەدەین کورد بپارێزین". سەرۆکی ئەمەریکا لەهەموو ڕووداوێکدا ئەو وەکو سیاسەتێکی ماتماتیکی پارە و داهات و نەوت و دەستکەوتەکان بڕیارەکان دەدات. کورد لەم بوارە خاوەن بڕیار نییە. (تۆم باراک): "ئەحمەد شەرع گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بۆ کورد ڕەخساندووە تاوەکو بە تەواوی لەنێو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا تێکەڵ بێت. هاوبەشیی ئەمەریکا لەگەڵ هەسەدە دژی داعش بەشێوەیەکی سەرەکی بەسەرچووە".
(لیندزی گراهام) وەکو دۆستێکی ئاشکرای کورد دەڵێت: "داوا دەکەم سزای ئێسقانشکێن بەسەر سوریا بسەپێنن، ئەگەر وا دەزان گاڵتە دەکەین، بەردەوام بن. داوای کۆبوونەوی کۆنگرێس دەکەم".
(جێرمی کۆربین) پەرلەمانتاری سەربەخۆی بەریتانیا: "هوشداری دەدەم دۆخەکە مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت بەرەو شەڕێکی ناوەخۆیی فراوانتر بڕوات".
(ماکرۆن): "داوای ئاگربەست و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان دەکەم". لەکاتێکدا زۆر رێککەوتن لە پاریس کراوە، کە ئەنجامەکەی ئەوەیە کە هەنووکە ڕوودەدەن.
لەئاستی کورد:
کورد بەگشتی بە تووڕەیی و وەکو کاردانەوە: "دیسان ئەمەریکا و ئەوروپا خیانەتیان لە کورد کرد و کوردیان فرۆشت".
لەناو کوردستاندا خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی کورد لەهەموو بەشەکان بەرفرە و بەگوڕ و بەتین تر بووە، گیانی نەتەوەیی جارێکی دیکە بوژایەوە، کورد لەسەرتاسەری دونیا وەکو یەک نەتەوە بە دروشمی (٢+٢= ١) وەکو دروشمێکی ماتماتیکی ڕەفتار دەکات. ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی پێچەوانەی هێرش و ترساندن و تۆقاندن لەلایەن دوژمنەکانی کورد وەکو دەوڵەت و گروپە میلیشاییە تیرۆریستییە ئیسلامییە تووندڕەوەکان بەرهەمهێنا.
لەهەمان کاتدا ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بەهۆی لێدوانی هەندێک (مەلای نزیک لە فکری تووندڕەوی و هاوشێوەی داعش و هەڵوێستە خراپ و ترسناکەکەی عەلی قەرەداغی) ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی قورس، ئاڵۆز و شەرمەزارکەر بوون، بۆیە لەم ڕووداوانە گروپەکانی ئیسلامی سیاسی زیانێکی مەعنەوی و ئەخلاقی گەورەیان بەرکەوت، بەپێچەوانەوەش ڕەوتی نەتەوەیی و عیلمانی ئەم دەرفەتەیان خێرا بەکارهێنا و لەهەندێک گوتاردا تووندیش بوون دژ بە ڕەفتار و هەڵوێستی ئیسلامی سیاسی.
(سەرۆک مەسعود بارزانی) هەر لەسەرەتاوە وەکو گوتاری نەتەوەیی و کۆششی نەتەوەیی توانا و پێگە و پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی لەپێناو ڕاگرتنی هێرشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان بەکارهێنا. داوای لە سوریا کرد ئەمە نەکاتە شەڕی کورد و عەرەب، هەندێکجاریش ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان قبووڵ ناکەن کەرامەتی کورد پیشێل بکرێت و بەهەموو شێوەیەک ئامادەی هاوکاری کوردن لە سوریا. ژمارەیەک هەنگاوی بەکردەوە نرا لەئاستی (سوریا، ئەمەریکا، فەرەنسا و سەردانی ئیتالیا و دیداری لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و پەیوندی و قسەکردن لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان) و (کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ نوێنەری ترەمپ و مەزلوم عەبدی) لە هەولێر و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێجیرڤان بارزانی) لەهەموو ئاستە جیاوازەکان و کۆشش و گوتاری (مەسرور بارزانی) لەپەراوێزی دیدار و کۆبوونەوەکانی داڤۆس فشارێکی ئاشکرا و بەهێزیان چ بۆ ئاگر بەست، چ بۆ گۆڕینی هەندێک لێکدانەوەی هەڵە و دروستکردنی ڕای گشتیی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی لە قازانجی پاڵپشتی دۆخی کورد لە سوریا بەرهەمهێنا.
لە هەولێر بەتایبەتی و شارەکانی دیکە لەتەک خۆپیشاندان کۆمەکی زۆر کۆدەکرێتەوە، نەوت و هاوکاری دیکە لەڕێگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ ناو سوریا ڕەوانکرا. ئەمەش لەکردەوەدا کردەیەکی ماددیی نییە، بەقەد ئەوەی پتەوکردن و بوژاندنەوەی گیانی نەتەوەییە.
(مەزلوم عەبدی): "هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی و گەلەکەیەوە جێگەی ڕێزی بێپایانە".
(ئۆجەلان لە زیندانەوە لەبارەی ڕووداوەکانی سوریا) دەڵێت: "کورد لە سوریا نابێت ببێتە داردەستی ئیسرائیل، یان وڵاتانی دیکە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. پێشنیار دەکات کورد لەگەڵ دەوڵەتی سوریا ڕێکبکەوێت، بەڵام بە مەرجی دیموکراسی و خۆجێی. دەتوانێت قسە لەگەڵ مەزلووم عەبدی بکات، بۆ ئەوەی بچێتە ژێر باڵی ئەم چارەسەرە".
ئەمە کۆتایی ناکۆکی و جەنگ نییە، کورد هەمیشە دەبێت ئامادە بێت بۆ شتی ڕەچاو نەکراو، چونکە دوژمنەکان ئامادەنین گۆڕانکاری لەستراتیژی دژایەتی بکەن، لەهەمان کاتدا مەرج نییە ئەمەریکا لەسەر هەمان هەڵوێستی هەنووکەی بەردەوام بێت، کە دەسەڵات و مافی بە ئەحمەد شەرع داوە، وەکو لایەنێکی دەستکراوە و بەهێز لەپێناو یەکخستنەوەی سوریا هەموو جۆرە هەنگاوێک بنێت. بەتایبەتی ئێمە دەزانین، کە "توورەیی و زوو گۆڕانی مەزجی سەرۆک ترەمپ" کاریگەری لەسەر دروستکردنی فۆرم و شێوەی پەیوەندییەکان و بڕیارەکان دەبێت. ئاساییە بەخێرایی هەڵگەڕانەوە لە هەڵوێست و پەیوەندییەکان ڕووبدات.
گریمانەی چی دەکرێت:
یەکەم: هەموو ڕووداوەکان ئەوەیان دەرخست کورد ناتوانێت بەناوی دیموکراسی و کرانەوە و وازهێنان لە دروشمی "ئێمە گروپێکی کوردین" هیچ گروپێکی دیکە، یان هۆز و پێکهاتە نەژادییەکانی دیکە ڕازی بکات لەژیر فەرمان و سەرکردایەتی ئەوان بژین. بینیمان هۆزە عەرەبییەکانی ناو هەسەدە لە پڕێکدا لەم هێزە شەڕکەرە کشانەوە و ناوچەکانیان ڕادەستی (سوپای عەرەبی سوریا و میلیشیا داعشییەکان) کرد. ئەمەش جۆرێک لە داڕمانی هەسەدەی لەم ناوچانە بەدوای خۆیدا هێنا.
دووەم: تورکیا بە ئاشکرا دژایەتی بوونی کورد لە سوریا دەکات و نایەوێت واقیعی سیاسی کوردی بێ کێشە و ئارام بێت. هەرچەندە (ئۆجەلان) و (پەکەکە) دەیانەوێت لەچوارچێوەی چارەسەری ئاشتی هاوکاری تورکیا بکەن، تاکو ئەو نیگەرانی و ترسەی لە کورد هەیانە، بیڕەوێننەوە، بەڵام پێ دەچێت واقیعی هەنووکە لەوە ئاڵۆزتر و فرە ڕەهەندتر بێت. مەترسی هەر زلی هەنووکە لای کورد ئەوەیە،کورد بەکارهێنراو بێت، بەک بەکارهێنەر.
سێیەم: وا دەردەکەوێت حکوومەتی دەمکی سوریا لە قۆناغی یەکەمدا دەیەوێت پاشەکشە بە هێز و بوونی کورد لەم دەڤەرانەی بە عەرەبی ناسراون بەرەو دەڤەرێکی بەرتەسکتر بکات، بەو نیازەی لە چەند شارێک کۆیان بکەنەوە. لە ڕاستیشدا هەڵکەوتەی جوگرافیی کورد لە سوریا لەبەر کۆمەڵێک هۆکار کێشەیەکی هەقیقییە، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دابەشبوون و لێکترازانی دەڤەرەکان و واقیعی ئەم بەشەی کوردستان دروستکردووە.
چوارەم: بەکردەوە ئەمەریکا کە بەهاوبەشی لەگەڵ کورد لە شەڕی داعشیان پەیوەندیان هەبوو، یەکلایەنە ڕایگەیاند ئیدی هاوپەیمانی کوردی کۆتایی پێهێنرا و هەنووکە دەوڵەتی سوریا هەیە و دەبێت بایەخی سەرەکی و کۆتایی لەگەڵ دەوڵەت بێت و کورد لەنێو ئەم دەوڵەتە خۆی بتاوێنێتە و دروستکردنی دەولەتی دیموکراسی پێویستی بە کاتە، لەبەر ئەوە شەڕ و فشاریان دژی کورد رێگا پێداوە، تاکو دەوڵەتێکی خەیاڵی لە سوریا دروست دەبێت. ئەمەش ئەوەمان بۆ ساخ دەکاتەوە کارتێکی گەورەی دەستی هەسەدە سوتێنرا و لەدواین هەنگاو (زیندانە مەترسیدارەکانی داعشیان) گواستەوە بۆ ناو خاکی عێراق، عێراقیش لەڕاستیدا نایشارێتەوە، کە مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە لە سوریاوە بەڕێوەیە، بۆیە سوپایان بۆ سەر سنووری سوریا و کۆنترۆڵی سنوور جووڵاند و (موقتەدا سەدر)یش لەوانی دیکە ڕونتر بانگەشە و هوشداری بە بەرپرسانی شیعە دا، کە مەترسییەکی گەورە بەڕێوەیە و خۆتان ئامادە بکەن. دەوڵەتە ئەوروپاییەکان تەماشاکارێکی ڕەزا قورسن. بەمە دەردەکەوێت پلیقاندنەوەی کورد لە چاو نوقانێکدا ئەنجام دەدرێت. من پێشگریمانەی ئەوە دەکەم بە بەرگری ئەم پلیقاندنەوەیە بکرێتە وەهم و دخۆەکە لە قازانجی کورد دەگؤڕێت.
پێنجەم: ئەمەریکا و ئەوروپا پاڵپشتی بەهێز و بەکردەوەی سوریایەکی یەکگرتوون، ئەمە خواستی پانعەرەبیزم و دەوڵەتی پانئیسلامیی و هاوکاری گروپە جیهادی و تیرۆریستی و فاشیزمی نوێی ئیسلامی سیاسی بەهێز دەکات. مەیلی بەبرێشکەکردنی کورد زیاد دەکات و لەکردەوەدا دروشمی (سوریا یەکگرتوو، بیناکردنی دیمورکاسی لە سوریا) بانگەشەیە "دژی کورد" و "لێ سەندنەوەی هەموو مافێکە لە کورد"، ئینجا گروپ و پێکهاتەکانی دیکەش دەخاتەوە پەراوێز. کورد دەیەوێت لەم قۆناغەدا لەپرۆسەی تێکەڵبوون بە سوپای سوریا، تایبەتمەندی خۆیان و هێزەکەیان بپارێزن، ئەمەش لەلایەن حکوومەتی ژێر دەسەڵات و بەرپرسەکانی پێشووی داعش بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرعی داعشی دوێنێ و دەوڵەتداری ئەمڕۆ قبووڵکراو نییە. بەجۆرێکی دیکە تادوێنێ ئەم دوو هێزە دوژمنی سەرسەختی یەکتر بوون، بۆیە سروشتی و ئاسان نییە، هەروا بێ پێشەکی و لەچاو تروکانێکدا بەخێرایی ببنە دۆست و برای یەکتر.
لەڕووی ئایینەوە گروپە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی نێو حکوومەتی کاتی سوریا ناتوانن "ئافرەتە شەڕڤانەکانی کورد" وەکو هێزێکی چەکداری کاریگەری شەڕکەر لەنێو سوپا و دامەزراوەکانی دەوڵەت پێشوازی لێ بکەن، چونکە ئەوان بەکردە و فکر و کەلتوور و نەریت و ئایدیۆلۆژیای ئاییندار دژی بەشداری و بوونی ئافرەتن لە هەموو پردۆەیەکی دەرەوەی ماڵ و بۆیە ناتوانن بەم شێواز و فۆرمەی هەنووکە لەلایەن کوردەوە ڕێکخراوە دڵخۆشبن. ئەتکردن و سووکایەتی بە تەرمی ئافرەتی کورد بەڵگەیە بۆ عەقڵ و کەلتوور و شارستانی ئیسلامخوازیی ئەم گروپە تووندڕەوانە.
کورد بەهؤی ڕووداوەکانی هەنووکەی (ڕۆژئاڤا) ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بۆتەوە، لەهەمانگاڤیشدا دەرفەتێکی مێژوویی نوێی هاتۆتە پێش، کە لە قەوارە و کیانێکی دەستووری گونجاو خۆی بسەپێنێت. نابێط کورد لەپێناو هیچ قوربانی بدات، یان خواستەکانی لە خۆتواندنەوەی لەنێو سوریای عەرەبی بەرجەستە بکات و ناشبێت هەرگیز بیرۆکەی بەکارهێنانی ئایین وەکو ئایدیۆلۆژیای دژی بە کورد لەبیر بکات و بەتایبەتی بینیمان بەفەرمی (وەزارەتی ئەوقافی سوریا لە بڵاوکراوەیەکیدا بە بەکارهێنانی بەشێک لە سورەتی ئەنفال، کە ئەمە بۆ قڕکردنی کافرەکان و لەناوبردنیان بەکارهێنراوە، هانی فاشیزمی ئیسلامی عەرەبی و ملیشیا تیرۆریستییە ئیسلامییەکان دەدات، بە دروشمی "اللە واکبر و تکبیر.. تکبیر" هەستی پانئیسلامیزم و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی دژی کوردی لە "دین دەرچوو، بەراز، سەگ، گیانەوەر" بەکار بهێنێت).
کوردیش وەکو هێزێکی جەنگاوەر، گوتارێکی سیاسی، بەڵام تەژی لە پاڕانەوە و جەختکردنەوە لەسەر ئاشتی و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و غەدرلێکراوی لەپێناو وەستانی هێرشەکان بەکاردەهێنێت و دەبێژێت "ئێوە چەندین ناوچەتان ڕادەستی سوپای ئیسرائیل کردووە و شەرم لەخۆتان ناکەن، ئەم خیانەتە دەکەن و شانازیشی پێوە دەکەن. کەچی پەلاماری ئێمەی دژ بە داعش دەدەن". "ئێمە موسلمانی پاک و بێگەرد و خواپەرستین، ئێوە بوون پیسایتان کاتی خۆی بە موحەمەدولمستەفا دادەکرد، ئێوەبوون نەوەکانی پێغەمبەری خواتان کوشت و سەربڕی....". تا دەگاتە ئەوەی هەندێک مەلای کورد وەکو کاردانەوە "کەزی کچەکانیان" وەکو هێما و نیشانەیەکی مەعنەوی و سیاسی بۆ پاڵپشی و ڕێزگرتنی کچە شەرڤانە ئەتکراوەکان بهۆننەوە، بەئاشکرا بڵێن ئێمە دوژمنی ئیسرائیل نین. کوردبوون پیرۆزە...
گلەیی پێش ڕووداوەکان گرنگە، دوای ڕووداوەکان پێویستە پێداچوونەوەی هەقیقی بە هەڵە و هەڵگەڕانەوەی رووداوەکان بکرێت، ناکرێت کورد هاوپەیمانی بەگۆترە بێت، ناکرێت کورد لەنێوەخۆی بە بەرنامە و کردەی تۆکمە دژ بە یەک بێت و لە دەرەوەش بە گۆترە و بێ حیساب بەشدار و هاوپەیمانی ئەوانی دیکە بێت.
(گراهام)ی سیناتۆری ئەمەریکا وەکو گوتارێکی گەشبینانە لەتازەترین لێدواندا دەبێژێت "ئێوە تەنیا چاوڕوان بن". لەکردەی شیکاری پراگماتیکی ئەم گوازرشت و قسەیە ئەوەمان پێ دەڵێت: کوردینە هەواڵی باش هەیە، خۆڕاگر بن زۆری نەماوە، کۆششێکی بەرهەمدار دەستپێکراوە لەنێو کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی کارتی بەهێز بۆ پاراستنی کورد و گریمانەی گۆڕانکاری لەڕەفتار و هەڵوێستەکان لەقازانجی کورد دەکرێت. لەڕاستیدا کە لایەنێک هیچ مافێک و دەسەڵاتێکی بۆ دیارکردنی بژاردەکانی پێ ڕەوا نەبینرا، بەناچاری دەکەوێتە نێو هاوپەیمانی، جەنگ، ناکۆکی بەگۆترە. بۆیە گرنگە لەگفتوگۆ و ڕێککەوتن و ئاشتیشدا بەگۆترە ڕەفتار نەکرێت.