بەرایی
ئەم بابەتەم بۆ گفتوگۆیە نەک ڕەخنە، چونکە بڕوام وایە گوتاری ڕەخنەگرانە هەرچەندە کراوە و ڕێزداریش بێت، لە کونێکەوە بەرەو شێوازی ستوونی دادەشکێنێت، کە مەیلی بەرەو دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی ڕەها و خۆفەرزکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەی تێدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام گوتاری ئاسۆیی دەکرێت بەردەوام لە جووڵە و گۆڕانکاری و کرانەوە بێت، سروشتییە هەڵبەز و دابەزیش بەخۆیەوە بیبنێت، بێ ئەوەی سنووری سروشتی نێوان کەس و لایەنەکان ببەزێنێت. لەهەمووی گرنگتر پشت بە گفتوگۆ و یەکتردواندن و دروستکردنی دەرفەت بۆ لەیەکتر گەیشتن دەبەستێت و گونجان دەبەستێت و ئەمەش بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و هاوسەنگی و گوێگرتن لەیەکتر بەهێز دەکەن.
هێزی بچووک، ئۆپۆزسیۆن بەگشتی، نەرمە هێز، دامەزراوەی دیموکراسی و ئەو تاک و گرووپانەی متمانەیان بە پڕۆژە و لەیەکتر گەیشتن و گفتوگۆ هەیە، پەنا وەبەر گوتاری ئاسۆیی دەبەن، کە ئەم بژاردەیە ڕەنگدانەوەی پێگە و هێز و تواناکانیانی ئەوانە.
گوتار و پاساو
گوتار ڕاپەڕاندنی کردەیەکە لەلایەن قسەکەر و خاوەن گوتارەکە و ئاراستەی وەرگرەکانی دەکرێت بەمەبەستی کارتێکردن. پاساو کردە و مەبەستێکە قسەکەر لەڕێگەی نیشاندانی بەڵگە و شتی متمانەدارەوە لەنێو گوتار بەکاری دەهێنێت، تاکو متمانە و بڕواپێکردن بەهێز بکات. وەکو (ڤان دایک) دەبێژێت "قسەکەر پاساو بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی پتر ڕاستگۆ و پێشوازیلێکراو و جێگیە متمانە بێت".
تیۆر و ڕێبازی شیکردنەوە
لە شیکردنەوەی لێدوان و گوتاری ئەم دواییەی ئەم کاندێدەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پشتم بە تیۆری وەسفی بەستووە، لەگەڵ بەکارهێنانی ڕێبازی (هیچ شتێکی نەرێنی لەباری خۆت مەبێژە، هیچ شتێکی ئەرینی لەبارەی ئەوانی دیکە مەبێژە)، کە یەکێکە لەو ڕێباز و بۆچوونە زمانەوانی و شیکارییانەی (ڤان دایک) بەکاریهێناوە.
بۆ ئەم ناونیشانە
(د. موسەننا ئەمینی نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق و کاندێد بۆ سەرۆک کۆماری عێراق) قسەکانی جددین، بۆیە بەپێویستم زانی هەندێک سەرنج لەم گوتارە بدەم، کە قسەکەر لە دیدار و لێدوانەکانی ئاراستەی ڕای گشتی کردووە. لەبەر دوو هۆکاریش لەناونیشانەکەدا وشەی (ئەمین)م بەکارهێنا:
یەکەم: قسەکەر سەر بەرەی ئیسلامی سیاسییە و شانازیی بەم ئینتما و ئەمانەتەوە دەکات و لە ئاخاوتنەکانیدا هەمیشە پاساوێکی زمانەوانی ڕاشکاوانە بەکاردەهێنێت، تاکو مەبەستەکانی متمانەدار و بەڵگەدار و ڕاستگۆیانە دەرکەون.
دووەم: لە ئاخاوتندا زانیاریی و چیرۆک و نموونە و ئاماژەکردن بە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ڕەخنەلێگیراوی ئامژە پێکراوی نەرێنی لەسەر زاری خۆی بەکار دەهێنێت و بە متمانەیەکی پتەو و ڕاشکاوانە لەپێناو خۆسەلماندن، ساخکردنەوە بەشێوەیەکی ئەمین و بڕواپێهنەر شتەکان دەخاتەڕوو، زمان و ئاماژە و بابەتەکان بەتوانایەکی باش بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەندە گفتوگۆ لەهەموو گوتارێکدا ئەمینیی و ڕاستگۆیی و دەستپاکی لە ئاخاوتن و پێشکەشکردنی زانیارییەکان تێدا نابێت، بەڵام دەکۆشێت ئەوە بسەلمێنێت، ئەو لەوانی دیکە لێوەشاوەتر و ڕاستگۆتر و ئەمینترە لە ئاخاوتن و کردار و نەریت و ڕەفتاردا.
گوتاری "ئێمە/ منیش" دەتوانم
لەم بابەتە شیکارییە قسەکانی (د. موسەننا ئەمین)ی نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و کاندێد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەکارهێناوە، کە لە ڤیدیۆ و دیدارەکانی تەلەڤیزیۆنەکان بڵاوبۆتەوە. بەشێکی لێدوانەکانی ئەوم وەکو نموونە وەرگرتووە.
پۆستەکە تایبەتە بە کوردە و هەیە بە تەشریفاتی دەزانێت و ئەویش بە گرنگی دادەنێت و پێی وایە ئەو کەسەی لەم پۆستەیە، دەتوانێت پێگە و هێز و توانای پۆستەکە بگۆرێت، نایشاریتەوە، کە "ئەو دەتوانێت بە کەفائەتی خۆی پۆستەکە بەهێز بکاتەوە".
قسەکەر بەزۆری لەکاتی ئاخوتنەکانیدا "ئێمە" لەجیاتی "من" بەکاردەهێنێت، ئەگەر نا مەبەستی خۆیەتی، لەم ئاماژە و بەکارهێنانە زمانییەدا دەیەوێت نیشانی بدات ئەو کەسێکی "تاکڕەو نییە، پەیوەستە بە گرووپێکی گەورەتر لە من، یان تاک". لەهەمان گاڤدا بەم گوزارشتە بە وەرگری گوتارەکەی دەبێژێت "من بەشێکم لە ئێوە".
لە ١ی شوباتی ٢٠٢٦ لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا دەبێژێت: "ئێمە پارتی و یەکێتی کاندێدیان هەبێت یان نا ، بەردەوام دەبم و شانم داوەتە بەر ئەو بەرپرسیاریەتە. ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیاریەتییە بە توانا و کەفائەتەوە هەڵگرین، ئێمە تا کۆتایی گەیاندنی ئەم پەیامە بەردەوام دەبین. ئێمە پێمان باشبوو ئەوان نەریتێک لە برادەرانی شیعە فێر بن، ئەوان بۆ سەرۆک وەزیران هەندێک جار کەسێک دەهێنن هیچ کورسی نییە، یان دوو کورسی لە پەرلەمان هەیە، کازمی و عادل عەبدولمەهدی کورسیان نەبوو. بۆ کورد فێری ئەو نەریتە نابێت، بۆ کورد پێی وایە پارتی و یەکێتی پێیان وایە ئەم کورسیە تاپۆیە هی ئەم دوو حزبەیە چۆن داوای یەکڕیزی نیشتمانی دەکەن لەکاتێکدا لێرەدا هیچ پۆستێک بە وانی دیکە بەڕەوا نازانن، لەناو هەرێمیشا خۆشەڕیانە و لێرەش شەڕیانە، ئەگەر لە هەرێم هۆکار هەبێت بۆ شەڕ، مەفروزە لێرە (بەغدا) هۆکار هەبێت بۆ یەکگرتن.
سیاسەتی پارتی و یەکیتی سیاسەتی قۆرخکارییە و نەگۆڕاوە و ناشگۆڕێت، وادیارە ئەم قۆرخ کارییە، یەک کەس بێن، یا دوو کەس بێنن یەکێک لەخۆیان دەرچێت، ئێمە دژی ئەو سیاسەتە خۆمان کاندێد کردووە. سیاسەتێکی هەڵەیە. سیاسەتی قۆرخ کارییە هەر ئەوەیە کە خۆم دەمەوێت نەخوێندەوەی هیج کەفائەتێکی دیکە لەدەرەوەی ئەم دوو حزبە. ئەمە سیاسەتێکی نیشتمانی و عادیلانە و دادپەروەرانە نییە. ئەمە نیشتمانی نییە چونکە پێویستە لەدەرەوەی حزبەکانی خۆت پێویستە ئەمە وەکو پۆستی دەوڵەت سەیر بکرێت، نەک حزب. پۆستەکانی دیکەش هی دەوڵەتن نابێت لایەنێکی براوە پاکتاوی ئەوانی پێشەخۆی بکات. ئەمە پێچەوانەی قانون و دەستوورە. شیعە و سونە منافەسەی پۆستی سەرۆک کۆمار ناکەن، دەڵێن ئەوە ئیستحقاقی کوردە. بۆ کورد نەک پارتی و یەکێتی، ئەمانە تا کەی پێیان وایە کورد بریتییە لە پارتی و یەکێتی. ئەم سیاسەتە هەرێم و بەغداشی بەم وەزعە گەیاندووە".
دژی سیاسەتی پارتی و یەکێتی خۆی کاندێد کردووە. ئەمە نیشانی دەدات کە قسەکەر (نەریت و بۆچوون و سیاسەتی و پارتی و یەکێتی بە نەرێنی و خراپ وەسف دەکات و بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆشی بە ئەرێنی). نەیشاردۆتەوە "سیاسەتی پارتی و یەکێتی قۆرخکارییە" بۆیە نایشارێتەوە کە ئەو "دژی ئەم سیاسەتە خۆی کاندێد کردووە". بەجۆرێک کە (سەنگەربەندی پارتی و یەکێتی بە خراپ و نەرێنی ئاماژە پێ دەکات) و (سەنگەربەندی و دژبوونەکەی خۆشی بە ئەرێنی وەسف دەکات).
(د. موسەننا ئەمین) لە کەناڵی (سپێدە) یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەبێژێت: میللەتی ئێمە سێ مووچەی وەرنەگرتووە، لە عێراقیش ئەم مانگە مووچە دواکەوت، ئەمە کاتی ئەوە نییە بێی شەڕ لەسەر ئەم بابەتانە بکەی بەڕاستی. گوتیانە ئەم پۆستە فەخریە دەسەڵاتی ئەوتۆی نییە، ئەی ئەگەر وایە ئەم شەڕە لەسەر چی دەکەن؟ تێمان ناگەینن لەسەر چییە. خەڵکی دیکە کەفائەتی لەدەرەوەی حزبی خۆتان هەیە، بۆ نایسپێرن بەوان بۆ ئەم مەلەفە داناخەن؟. "
ئەو ڕاستەوخۆ ئاماژە بە خراپی و تێگیەشتن و هەڵوێستی ئەم دوو خزبەی کوردستان دەکات کە پارتی یەکەمین رطژەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و یەکێتیش دوای ئەو دێت. کەچی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە (خواست و مەبەست و ویستی خۆی دەکات) کە دەبێژێت "خەڵکی دیکە لەدەرەوەی حزبی خۆتان کەفائەتی هەیە، بۆ نایسپێرن بەوان".
منی وەرگری گوتارەکەی ئەم کاندێدە، بەڕوونی لەوە دەگەم قسەکەر مەبەست و داوا وپاساوەکەی لەپێناو خۆیەتی، نەک کەسانی دیکە، داوا دەکات و بە متمانەیەکی زۆرەوە دەئاخڤێت و پاساو دەهێنێتەوە کە "ئەوی نادیار کەفائەتی هەیە و دەکرێت ڕاستگۆبن و متمانەیان پێی هەبێت و شتەکانی بەڵگەدارە، بۆیە دەبێژێت ڕادەستی (منی قسەکەری نادیار)ی بکەن، بڕوام پێ بکەن (من/ ئێمە) کەسێکم لەدەرەوەی خۆتان، بەڵام دەتوانم ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنم.
یان لە دیدارێکی دیکە دەڵێت :' نامانەوێت ببینە بەشێک لە خراپەکاری، سەرۆک کۆمار دەتوانی چاکی بکات. شکۆی مەنسەبەکە لەدەست دراوە، ئایا ئێمە سەرۆک کۆمارمان نەبوو، نیوەی خاکی کوردستان کەوتەوە دەست حکوومەتی عێرق و سوپا و حەشدیان هێنا، ئەمە بەپێی دەستووری عێراق مخالەفە نەبوو؟ سێ مانگ مووچە نەدراوە، سەرۆک کۆمار چی کردووە؟ ئەگەر بەدەستی من بێت ڕێگە لەم مخالەفانە دەگرم، لەناو دەستوور دەڵێت سەرۆک کۆمار پارێزەری عێراقە، کاتێک خروقات دەکرێت ئەمە بەشێکە لە لاوازی سەرۆک کۆمار . نابینە بەشێک لەمە و هەول دەدەین چاکی بکەین، ئێمە چاکی دەکەین".
بەپێی تیرۆی باشی خۆیی و خراپی ئەوانی دیکە کە یەکێکە لەبنەماکانی شیکاری لای (ڤان دایک) ئەم ئاخێوەرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کە لە هەرێمی کوردستان خۆیان وەکو ئۆپۆزسیۆن خۆیان پێناسەکردووە، لە بەغدا بەرەیەکی سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی و بێ گەڕانەوە بۆ (گفتوگۆ و دانوستان و هاوسەنگی) ڕاگەیاندووە، کەچی ڕاشکاوانە ئاماژە بە هەڵوێست و ڕەفتار و لاوازی و کەمدەسەڵاتی و خراپی پێگەی سەرۆک کۆماری پێشوو و هەنووکە دەکات.
لەو ئاماژە و بیرهێنانەوەی کە خراپن و پەیوەندییان بە لاوازی سەرۆک کۆمارەوە هەیە بریتین لە:
# نابینە بەشێک لە خراپەکاری
# لەدەستدانی شکۆی مەنسەبەکە
# نیوەی خاکی کوردستان کەوتە دەست سوپا وحەشد، هیچی نەکرد.
# سێ مانگە مووچە نەدراوە، سەرۆک کۆمار چی کردووە.
# ئەگەر بەدەستی من بێط، ئەم موخالەفانە ڕادەگرم
# کاتێک خروقات دەکرێت، ئ
بەەمە لاوازی سەرۆک کۆمارە
# ئێمە نابینە بەشێک لەم لاوازییە.
# هەوڵدەدەین چاکی بکەین، ئێمە چاکی دەکەین.
بەم پێیە خاوەنی گوتار بەڕاشکاوی و ڕوونی ڕەخنە لە لاوازی و بێدەنگی و هەبوونی خروقات و پیشێلکاری دژی هەرێمی کوردستان، ئەمەشی لەپێناو ئەوە تاکو نیشانی بدات کە (خۆی خاوەن گوتار کەسێکی بەهێز و متمانەدار و خاوەن توانا و کەفائەت و لێهاتووییەکی بەهێزە، ئەگەر ئەم دوو لایەنە سیاسییەی کورد پێگەکە ڕادەستی ئەو بکەن، ئەو چاکی دەکاتەوە).
ئەمەش نیشانە و هێمایە بۆ ئەوەی نیشانی بدات (نەرێنی و لاوازی و خراپی و بێ توانایی سەرۆک کۆمار هۆکارە بۆ کێشەکان) ئەو پاساو دەهێنێتەوە و پاساوەکەی دەبەستێتەوە بە (ڕاستگۆبوونی خۆی، متمانەداری و چاکەکاری و تواناکانی و بەستنەوەی بە شتی بەڵگەدارەوە)، لەپێناو ئەوەی (خۆی وەکو کەسێکی شیاو، بگەیەندرێتە ئەم پلەیە) بە مانای ئەوەی گوتارەکەی ئەوە دەسەلمێنێت کە (ةاڕازیبوون و ناکۆکی و ململانێکانیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بۆ پلە و پایەیە، نەک خزمەت). ئەو (دەچێت پلە و پایە ومەنسەبەکە چاک دەکات) نەک بەکارهێنانی دەسەڵات و بەهێزکردنی (یەدەنگی و یەکخستنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان).
لە نێوەڕۆکی گوتارەکەی لەوە دەگەین (ئەو یەکبوونی کوردی ئەو کاتە لا دەبێتە شتێکی ڕاستگۆیانە و هەقیقی، کە خۆی دەبێتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر نا دژی پارتی و یەکێتی خۆی کاندید دەکات و تا کۆتایش لەم کاندێد بوونە بەردەوام دەبێت).
ئەو لایەنانەی (د. موسەننا ئەمین) بەرەیەکی لەگەڵ پێکهێناون، لەکردەوەدا لە بێدنەگییەکی سەرۆک کۆمار خراپترن و بەشێکن لە (ئاژاوە و هاوکاری دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستان و درێژەدان بەدژایەتی دەسەڵات). منی وەرگری ئەم گوتارە بەپێی لێکدانەوەکانی (ڤان دایک) ئەمینی لە مەبەست و خواستی قسەکەر بەدی ناکەم، ئەو خراپەی ئەوانی دیکە دەردەخات و باشییەکانیان دەشارێتەوە و هەرچی کاری نەرێنی خۆشیەتی دەیشارێتەوە، بۆیە ئەمە ئەمینبوون نییە، بەڵکو جۆرێکە لە کەمین.
گوتار و کردار
گوتار کردەیەکی زمانەوانی و ئاخاوتنە، کە قسەکەر لەڕێگەی بەکارهێنانی زمان لەپێناو گەیاندنی پەیام و مەبەست و نیازەکانی بە وەرگر و گوێرەکانی بۆ دروستکردنی کردەی پەیوەندیی، چەند شێواز و کەناڵ و ڕێگەیەک بۆ ڕاپەڕاندنی گوتارەکەی بەکاردەهێنێت.
گوتاری فەرمی و پەرلەمانتاری جیاوازە لەگەڵ گوتاری نافەرمی و سیاسی، گوتاری ڕاگەیاندن جیاوازە لە گوتاری دامەزراوە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکان.
لەبەر چی هێزە بچووکەکان بەردەوام و بەزەقی لە گوتاریاندا پشت بە گفتوگۆ دەبەستن، ئەمەش گریمانەی هەندێک شت لەخۆدەگرێت، کە پەیوەندی بە چەند ڕەهەندێکەوە دەبێت:
یەکەم: لایەن و گروپی بەژمارە بچووک، لە پێگەی هەستکردن بە غەدرلێکراوی، یان قۆرخکاری لەلایەن لایەنە بەهێزەکانەوە فشاریان لەسەرە، بۆیە گفتوگۆ هەڵدەبژێرن.
دووەم: دەیانەوێت بیسەلمێنن بەرانبەرەکەیان، ئەوانەی دەسەڵاتدارن، هێزدارن بڕوایان بە گفتوگۆ نییە، پتر مەیلیان بەلای خۆسەپاندن و ڕاسەپاندنە، بۆیە دەرفەت بە هێز و پێکهاتە سیاسییەکانی دەرەوەی خۆیان نادەن. لەبەر ئەوەشە ئەو بەپێداگرییەوە دەبێژێت "من ناکشێمەوە و تاکو کۆتایی بەردەوام دەبم".
سێیەم: هیچ مەرج نییە هەموو هێزێکی بچووک سەرچاوەی قسەکانی پشت ئەستوور و ڕاستکراوەبێت بە (ئەمینی) لە گواستنەوەی زانیارییەکان و گوزارشت لە شتەکان و گێڕانەوەی چیرۆکەکان و دەرخستنی مەبەستەکانیان. ئەوانیش ئاساییە بکەونە ژێر کاریگەری دەروونی و کاردانەوەی کاتی و تۆڵەکردنەوە و ڕیسواکردن و لەقاودانی ئەوانی دیکە، واتە (ئەمین)ی وەکو ئامانج بەکاربهێنن، نەک ئامراز. لەم دۆخەدا ئەمیبوونی گوتارەکەیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لە ئاخاوتنەکانی (د. موسەننا ئەمین) دەبێژێت "با پارتی و یەکێتی وەکو برایانی شیعە، ئەوانیش دەرفەت بدەنە کەسانی دەرەوەی خۆیان، فێری ئەو نەریتە بن بۆ دەبێت سەرۆک کۆمار هەر لە خۆیان بێت. ئەم پێگەیە گرنگ و کاریگەرە، ئەگەر من لەوێ بم، پێگەکە بەهێز دەکمەوە و ئاماژە بە چەندین نموونە دژی هەرێم دەکات، کە پێشتر ڕوویداوە و سەرۆک کۆمار، کە پارێزەی دەستوورە، هیچی نەکردووە".
قسەکەر لە گوتارەکەیدا ڕاشکاوانە و بەزەقی تێڕوانینی خۆی و خۆکاندێدکردنی دەبەستێتەوە بە "ئەم کورسیە تاپۆیە هی ئەم دوو حزبەیە چۆن داوای یەکڕیزی نیشتمانی دەکەن لەکاتێکدا لێرەدا هیچ پۆستێک بە وانی دیکە بەڕەوا نازانن". لەم ڕوانگەیەوە کە ئەو قسە لەسەر چیرۆکی کورسی سەرۆک کۆمار دەکات و خۆشی لەدەرەوەی پارتی و یەکێتییە، دەیەوێت (شیعە بە ئەرێنی و کورد بە نەرێنی) نمایش بکات. گوزارشتەکەی لەڕوانگەی تیۆری کردە قسەیی لە زانستی پراگماتیکی ئەوەمان بۆ دەردەخات:
# کاری نیشتیمانی یەکسانە بە بەشداری ئەوانی دیکە. یان ئەوانی دیکە ڕێگەیان پێ نەدراوە.
# تاپۆی کورسی سەرۆک کۆمار پێچەوانەی یەکڕیزی نیشتمانییە. کەواتە یەکڕیزی نییە.
#پارتی و یەکێتی ناڕەوان و ڕێگەدان بەوان/ یان بەخودی ئەو دادپەروەرانە و ڕەوایە.
# هۆکارەکانی نەریتە خراپەکە پارتی و یەکێتین. چارەسەر و کارە باشەکە خودی قسەکەرە، ئەم چارەسەرەش وەکو مەرج بەستراوەتە بە ڕێگەدان بەوی کاندێد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار.
# هەموو شتێک بێ بەشداری ئەو نەرێنی و خراپ و وێرانەیە، بەشداری ئەویش و توانا هێز بە پێگەیی سەرۆک کۆمار دەبەخشێت. بە واتای ئەوەی (ئەو باش و ئەرێنییە/ ئەوانی دیکە خراپ و نەرێنین).
یان دەبێژێت :" لەناو هەرێمیشا خۆشەڕیانە و لێرەش شەڕیانە، ئەگەر لە هەرێم هۆکار هەبێت بۆ شەڕ، مەفروزە لێرە (بەغدا) هۆکار هەبێت بۆ یەکگرتن"
قسەکەر لای گرنگ نییە لە هەرێم حکوومەت و پەرلەمان لەپەراوێزبن و کۆبوونەوە نەکەن و حکوومەت پێکنەهێنرێت و هۆکار بۆ ئەم شەڕە هەبێت، بەڵام لە بەغدا پێویست بەم شەڕە ناکات، ئەو وای مەزەندە کردووە و پێی باشە و بێ ناوهێنان لەڕێگەی گوتارەکەی کردەیەک ڕاپەڕێنێت پەسندی دەکات ناکۆکی و شەڕ پاساوێکی ئەرێنی و ڕەوای هەیە، بەڵام لەبەغدا ئەم پاساوە نەرێنییە، بەڵام بەپێی شیکاری تیۆری پاساوهێنانە لە زانستی پراگماتیکی دەگەینە ئەو راستییەی ئەو (ڕەوایەتی بە شەڕی هەرێم دەدات) و (نەهێلانی شەڕیش لە بەغدا بە ڕەوا دەزانێت و ناڕەوایەتییەکەش بەوە چارەسەر دەکات و دادگایی دەکات، کە ڕێگە بەخۆی بدرێت ببێتە سەرۆک کۆمار، کە لەدەرەوەی پارتی و یەکێتییە.
پاساوێکی خود پەرستانەیە، چونکە ئەو هەموو ڕێگاکانی چارەسەر بەپێی ئەو گفتوگۆیەی لەنێو ئاخاوتنەکەنایدا وەکو چارەسەر ئاماژەیان پێ دەکات، "ڕێگە دانە بە خودی قسەکەر، تاکو پێگەی سەرۆک کۆماری بەدەست بهێنێت و ئەگەر ئەویش ببێتە سەرۆک کۆمار ئیدی، شکۆ بۆ ئەم پلە و کورسییە دەگەڕێبێتەوە و دەبێتە پارێزەی دەستوور و عێراق".
من یەکسانە بە چاک، ئەرێنی، سەرکەوتوو
ئەوی دیکەش یەکسانە بە خراپ، نەرێنی، سەرنەکەوتوو.
لەبارەی ئەم قسانە، کە من بە پشت بەستن بە گفتوگۆ، نەک سەپاندن و ڕەخنەی قوونجیرکەداری سیاسی شیکاری بۆچوونەکان دەکەم و نیازی قسەکەری نێو گوتارەکە دەردەخەم، بەتایبەتی ئەو نیازانەی ناڕاستەوخۆ و نادیارن، یان بەشێوەیەک پێچراوانتەوە مەبەستە دەروونییەکەی بەئاسانی دیار ناکەوێت، یان وەکو شیری پشت کەندووی پەسار دراو وایە، بۆیە پێم وایە:
یەکەم: قسەکەر ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەبوونی خۆی وەکو کاندێد و پێدانی دەرفەت لەلایەن پارتی و یەکێتی دەکات، شەرعیەت بە خۆی دەدات و شەرعیەت لەوانی دیکەش (پارتی و یەکێتی بە ناوهێنانی ئاشکرا دەستێنێتەوە) و داوای دیدار و کۆبوونەوە لەپێناو لەیەکتر گەیشتن دەکات. نیمچە گوتارێکی شاراوەی نادیاری ستوونی، لەنێو گوتارێکی ئاسۆیی ڕادەپەرێنێت. دەپرسم ئایا ئەوی کاندێد، کە دەیەوێت کاندێدی حزب نەبێت و هی کورد بێت، هیچ کۆبوونەوەیەکی بۆ یەکخستنی پێگە و بؤچوون و هەڵوێستی کوردی پێش ئێستا بەمەبەستی وەرگرتنی مافی کاندێدبوونی بەیەک دەنگ و هەڵوێست ئەنجام داوە، ئەگەر هەبووبێت لەکۆبوونەوە و سەردانەکانی لایەنە سیاسییەکان لەنێو کوردستان هیچ گفتوگۆیەکی بەرهەمهێن ئەنجامدراوە، یان بەغدا شتێکی جیایە و هەرێمی کوردستان شتێکی دیکەیە؟. ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەردانی لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هیچ گفتوگۆیەکی لەمبارەوە پێشکەش کردووە؟. تەنیا پرسیارە.
دووەم: کە تۆ خاوەنی گوتاری و خۆشت کاندێد کردووە، ئایا تۆ پێویستیت بە گفتوگۆ و هاوکاری و داواکردنە لە پارتی و یەکێتی، یان ئەوان کە هێز و ژمارەی کورسییەکانیان لە ئێوە پترە، دەبێت و لەسەریانە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن نیشتمانین بەپێی "پێوەری خاوەن گوتار" بێنە لای ئێوە و پێتان بێژن "فەرموو قوربان، تکایە ببە سەرۆک کۆمار و ئەم ئەرکە وەرگرە؟"، چونکە تۆ لەئێمە شایستەتری. لەکردەوەدا ئەمە هەندێک لە لۆژیک دوورە.
سێیەم: هەمیشە ئاماژە دەکرێت سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێگەیەکی لاوازی تەشریفاتییە، بەڵام (د. موسەننا ئەمین) بەپێداگرییەوە بەشێوەکی ڕاستەوخۆ دەبێژێت "ئەگەر من لەوێ بم، دەیگۆڕم و پێگەیەکی گرنگە و وانییە سەرۆک کۆمار هیچ نەبێت". گریمان ئەم خاوەن گوتارە ئیسلامییە کوردە چانسی پێدرا و بووە سەرۆک کۆمار، چۆن و بەچ شێواز و قەناعەت و دەسەڵات و ڕێگەیەک ئەم پێگەیە بەهێز دەکاتەوە و چۆن لەپێناو پاراستنی مافەکانی کورد بەکاری دەهێنێت، یان دەڵێت ئەمە پێگەیەکی عێراقییە و نابێت باسی کورد بکەین؟ ئەمە پێگەیەکی نیشتیمانییە و نابێت حزب و کورد بەتەنیا قۆرخی بکات؟ ئایا بەڕاستی لەم گوزارشتە واقیعی و لێزانانە و ئەمینە، یان قسەکانی کەمینە؟
چوارەم: لە گوتارەکەی وەکو یەک ئاماژە بە (پارتی و یەکێتی) دەکات، ئەگەر لەڕوانگەی پراگماتیکییەوە لێکی بدەینەوە ئەم دوو حزبە ئەگەر بە جیاوازییەکی بچووکیش بێت، لەهەندێک شت جیاوازن، لەکاتێکدا جیاوازی گەورەش لە قەناعەت و شێواز و تەکنیک و پێکهاتە و بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانیان هەیە، دەپرسم بەڕاست هەردوو حزبەکە بێ هیچ جیاوازییەک هەموو شتەکانیان و لێکدانەوە و ئاخاوتنیان لەبارەی دیارکردنی کاندێک بۆ ئەم بەرپرسیارەتییە و هەڵبژاردنی لەهەموو ئاستەکان وەکو یەکە؟. ئایا بەکردەوە لەم یەکسان کردنە (ئەمانەت لە ئاخاوتنەکە و هەڵسەنگاندن و نمایشەکە و قەناعەت) هەیە؟ یان نیشاندانی هەردوو حزب وەکو یەک لە خراپی و پێداگری و دەرفەت نەدان بەوانی دیکە و ڕەتکردنەوەی بەشداری ئەوانی دیکە پەنا بردنە بەر هەڵوێستی پەنجا بەپەنجایە؟ ئایا ئەمە شێوازێکی ڕەوا و ئەمیندارە لەئاخاوتن و هیچ متمانەیەکی بۆ گفتوگۆ و دروستکردنی دەرفەت لەپێناو بەشداری قسەکەر و ئەوانی دیکەی تێدایە، یان جۆرێکە لە کەمین و دەبێتە خراپترکردنی دۆخی متمانە و گفتوگۆ و هاوبەشی لەکار. لەجیاتی قۆرخکاری ڕێکورەوان خۆکاری و خودکاری دەردەخات. ئایا هیچ جیاوازییەکی لەنێوان قۆرخکاری تاکە کەسێک، یان قۆرخکاری لەلایەن گرووپ و حزبێک و چەند حزبێکەوە هەیە؟ کامەیان ئەمینە و کامەیان کەمینە؟.
پێنجەم: ئایا ئەم جۆرە داواکارییە، کە بریتییە لە چاولێکەری و فێربوونی لەنەریتی هێزە شیعییەکان، بەکردەوە دەرفەت دانە بە ئەوانی دیکە، کە کورسیان لە پارتی و یەکێتی کەمترە، یان لەکردەوەددا ڕەفتاری شیعە پەیەوندی بە هاوسەنگی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و گەمە گەورەکانەوە هەیە؟ ئایا بەڕاستی (د. موسەننا ئەیمن) کە قسەکەری گوتارەکەیە و هەنووکە کاندیدە بۆ ئەم پلە باڵایە، پێشتر داوای گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتن و دانوستانی لەگەڵ پارتی، یان یەکێتی کردووە، یان دەیەوێت لەشاشەی تەلەڤزیۆنەکان پەیام و داواکارییەکانی پێشکەش بکات؟ ئایا ئەم شێوازە نابێتە بکوژی عەدالەت و دادپەروەریی و هەقیقەت و ئەمانەت؟ یان بەکردەوە قسە و زانیارییەکان ئەمانەتی تێدانییە و کەمینە بۆ ناشیرینکردن و دژە فشار بۆ سووکردنی ئەم دوو حزبەی ناویان دەهێنێت؟.
شەشەم: لە گوتارەکەیدا نیشتمانبوون لە چ ڕەهەند و ڕوانگەیەکەوە دەپێوێت، لە شیکردنەوە و لێکدانەوەی قسەکانی هەندێک کردە قسەمان پێ نیشان دەدات، لەوانە:
ئاگاداری و هوشداری: گوێگرەکانی بەپلەی یەکەم، ئاگادار دەکاتەوە کە پارتی و یەکێتی ڕەفتاری نیشتمانی ناکەن، ئەمەی هەیە پلە و پایەی دەوڵەتە، نەک حزب، هی کوردە نەک پارتی و یەکێتی و زانیاریی پێشکەش دەکات، کە دەزگاکانی دیکەی دەوڵەتیش لە وەزارەتەکان نابێت قۆرخ بکرێن و مولکی دەوڵەتن. لەکاتێکدا هەموو عێراق پلە وپایە و وەزارەتەکان لەنێوان حزبەکانی شیعە و سونە و کورد دابەشکراون. بۆ دەبێت بۆ ئەوان ئەرێنی و بۆ پارتی و یەکێتی نەرێنی بێت.
زانیاری و ساخکردنەوە: ئەو ئەم پلانە لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە قۆرخکاری دەزانێت و ساخی دەکاتەوە، کە بوونی ئەو دەبێتە هۆکار بۆ نەهێشتنی قۆرخکاری و دەوڵەتداری. بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات حزبایەتی و قۆرخکاری لای شیعە و سونەکان لە ئاستێکی ترسناکترە لەوەی کورد لە بەغدا دەیکات. کەچی ستایشی شیعە دەکات و زەمی کورد دەکات. ئەمەش دوورکەوتنەوەیە لە ئەمانەت و نزیکبوونەوەیە لە کەمین. واتە ئاماژەکردن و بیرهێنانەوەی ڕەفتاری شیعە بە ئەرێنی و هەڵوێست و ڕەفتاری کورد بە نەرێنی. لەم گوازرشتەدا خۆی دەخاتە نزیک سەنگەر و ڕەفتاری شیعە و عێراق، دوور دەکەوێتەوە لە هەرێمی کوردستان و کورد.
پێوانە و بەراورد: ئەو دۆخی خۆی، ئینجا پارتی و یەکێتی و کورد بە شیعە بەراورد دەکات و پێوانە دەکات. لەکردەوەدا ئەم بەراورد و پێوانەکردنە ئەمانەتی لاوازە و لە کەمین دەچێت.
حەوتەم: کردەی پاساوهێنانەوە لە زانستی پراگماتیکی پشت بەڕاستگۆیی دەبەستێت، (د. موسەننا ئەمین) لە شێوازی ئاخاوتن و ئاوازی دەنگ و شێوەیدا، دەیەوێت پاساوەکانی بەفۆرمێکی عەقڵانی، گێڕانەوەیەکی بڕواپێهێنەر، بەڵگەدار پێشەکەش بکات. ئەو بە متانەیەکەی بەهێز دەیەوێت ئەوە دەربخات کە ئەو ڕاستە و ئەرێنییە و لەسەر هەقە، دروستکردنی دەرفەت بۆ بەدەستهێنانی ئەم پلە و پایە سیاسییە لەنێو دەوڵەتی عێراقدا مافی خۆیەتی، یان مافی کەسێکە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی. لەکردەوەدا گوتارەکە دادپەروەریی لە دابەشکردنی پلە و پایەکان نمایش دەکات.
پاساوەکانی ڕاستگۆیانەیە چونکە هەقیقەتی پراگماتیکی سەرۆک کۆمار و ڕەفتارەکانیان مایەی ئەو ڕاستیەن، ململانێ لەنێوان پارتی و یەکێتییە، بەڵام مەرج نییە زانیارییە بەکارهێنراوەکان کە لە گوتاردا من ناویان دەنێم (زانیاری ماتماتیکی) و (یەک کۆ یەک) ژمارەیەک دروست دەکات و ئەنجامەکەی دیار و ناسراوە، بۆیە هەر گاڤێک (مافی ڕەوایەتی بوون بەخۆی دەدات و هەق بەخۆی دەدات، خۆی خۆی بە ڕاستگۆ و دروست بزانێت، هەمان ئەو مافانەش لەپارتی و یەکێتی دەستێنێتەوە) ئەنجامەکە وەکو ماتماتیک ناکاتە هەمان ئەنجامی (یەک + یەک= دوو)، لە تیۆرە پاساودارەکەی قسەکەر ئەم گوتارە (یەک کەم یەک) بەرجەستە دەبێت.
بۆ دەڵێم لە ژماردندا (یەک کەم یەک ) بەرجەسەت دەکات، چونکە پێ ناچێت کورد دوو بەدەست بهێنێت، نەخێر شتێک لەدەست دەدات و دوور نییە خودی خاوەنی ئەم گوتارەش لە جیاتی بەدەستهێنان و دروستکردنی دوو، بەهێزبوون، شتێک لەدەست بدات. لەگوتاردا (متمانە و یەکبوون و یەکڕیزی) لەدەست دەدرێت.
گرنگی گوتار سیاسی لەوەدایە، کە هەمیشە بنەمای گفتوگۆ بەهێز دەکات، نەک بەهێز قۆرخی زەمینەی گفتوگۆ بکات. گفتوگۆش لەنێوان دوو کەس و دوو ژمارە و گروپ پەیدا دەبێت نەک لەنێوان (١-١)، کە ئەنجامەکەی (سفر)ە. بەواتایەکی دیکە هیچ گاڤێک گفتوگۆ لەنێوان (یەکێک و هیچ) دروست نابێت. بە واتایەکی دیکە ئەگەر ئەم قسەکەرە دەیەوێت گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکات و ببێتە سەرۆک کۆمار، دەبێت گفتگۆ لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە بکات، نەک لەگەڵ سفر بئاخاڤێت.
(د. موسەننا ئەمین) کەسێکی شارەزایە لە بەکارهێنانی زمان و دەزانێت نرخ و بەهای هەر وشەیەک و بەکارهێنانی چەندە و چۆن کاریگەری دروست دەبێت. لەهەمان کاتدا ئەو ئاخاوتنەکانی وەکو بەشێک لە ئیمان و ئیمانداری ئیسلامیش دەردەخات. بۆیە وەکو (ڤان دایک) لە شیکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا و گوتار ئاماژەی پێکردووە قسەکەری عەقڵانی قسەکانی لۆژیکانە دەردەکەوێت و لەهەمان گاڤیشدا کەسانێکی ناعەقڵانی هەمان شت دەبن. بۆیە کارێکی ئاسان نییە لەنێوان کردەی عەقڵانی و ناعەقڵانی لۆژیک و ڕاستگۆیی و پاساوە گونجاوەکان لێک جیابکرێنەوە.
ئەوەی من لەشیکردنەوەی پراگماتیکی، کە مەبەستی دۆزینەوەی چۆنیەتی بەکارهێنانی زمانە لەنێو گوتاردا، هێلێکی یەکجار باریک لەنێوان لۆژیک و پاساوەکاندا بەدی دەکەم، ئەم هێلە باریکەش لەنێوان خواست و نیاز و مەبەستی خودی و بابەتیدا، لەنێوان تاک و کۆمەڵدا، لەنێوان خواست و کپکردن، داواکردن و ڕەتکردنەوە و گومان و متمانە و ساخکردنەوە و سڕینەوەدا پێویستی بە وردبینییەکی زۆر هەیە.
لەسیاسەتدا هەمیشە کردەی (ئەمین) بوون دەکەوێتە ژێر گومان و گریمانەی هەمەجۆرەوە، بۆیە لە گوتاری سیاسیدا ئاساییە لەزۆر دۆخدا (کەمین) لە مەبەست و نیاز و خواستەکاندا بەهێزتر و کاریگەرتر لە (ئەمین) بوون دەربکەوێت.
لە چیرۆکی کێشە ئاماژە بۆ کراوەکاندا ئەوەی لەبارەی پارتی و یەکێتی دەیگیڕێتەوە واقیعە و کەس ناتوانێت بیشارێتەوە و تەنیا خۆشیان ئەم ڕاستییە ڕاستگۆیانە ئاماژە پێ دەکەن، بەڵام مەرج نییە لە بابەت و باسێکی لەم جۆرەدا هەموو شتەکان کە ئاماژەی پێکردوون دادپەروەرانە بن، لەنێوان (پارتی و یەکێتی و خۆی)، لەنێوان کورد و شیعە، لەنێوان (هەرێم و بەغدا) ئەمە ڕاستی و ڕاستەقینە بێت. لەهەمان کاتدا هیچ مەرج نییە ئەو کوردەی دەبێتە سەرۆک کۆمار بتوانێت هەموو شتێک بکات و ئەم کورسی و پێگەیە بەهێز بکاتەوە. لە کردەی گوتارەکەی ئەم کارەکتەرە سیاسییەدا هەست بە ئاوازەی (بەدەستهێنانی دەستکەوت) نەک (دەسەڵاتداری) دەکرێت، هەرچەندە ئەو دەیەوێت نیشانی بدات بۆ کورد پێویستە بنەمای (دەوڵەتداری و دەوڵەتبوون) پەیڕەو بکرێت و ئەمەش دەبەستێتەوە بە دابەشکردنی دەستکەوت و کورسی و پایە و پلەکانی بەغدا بەپێی لێهاتوویی و کەفائەتی کەسەکان، نەک ڕێژەی کورسی و مورسی حزبەکان، بەڵام دیاری نەکردووە (شیعە و سوونە) دەبێت چۆن بن. من دەزانم و پاڵپشتی ئەوەشی دەکەم کە حزبایەتی کارەساتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەی بۆ پێناسە و هەڵسەنگاندنی پارتی و یەکێتی بەتەنیا پارتی و یەکێتی بە جوانی و زەقی و بەهێزە بەکارهێناوە، بەڵام بۆ خۆی و ئەوانی دیکە ئەم پێوانە و هوشداری و زانیاریی و هەڵسەنگاندنە ئاماژە پێ ناکات. ئاماژە بەوە ناکات بۆچی لەجیاتی یەکدەنگی بەرەیەکی سێ قۆڵی لە (یەکگرتوو، هەڵوێست ، کۆمەڵ) پێکهێناوە دژی (پارتی و یەکێتی) و ئەوانیش ناکۆک و دژ بەیەکەن.
قسەکانی بەگشتی ڕاستیان تێدایە، بەڵام نیازەکانیان مەرج نییە ڕاست بێت، گاڤێک دەچینە ناخی مەبەستەکانی هەر وشەیەک و ڕستەیەک، ئە ڕاستییە دەگۆڕێت بۆ گوتارێكی خۆویستانەی تەژی لە ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەی خاوەن هێز و پەسندکردنی خۆی خاوەن دەنگی کەمتر، کە کەمجار مرۆڤ ڕێگە بەخۆی دەدات بەم جۆرە خۆی پەسند و بەهێز و فریادڕەس پێناسە بکات.
کردەی گوتار پێناسەی کەسایەتی قسەکەرە، ڕاپەڕاندنی مەبەست و خواستە نادیارەکانە لەڕێگەی بەکارهێنانی زمان. گوتار زانستێکی کاریگەرە بەتەنیا هێز بە قسەکەرە نادات، بەڵکو بابەت و شتەکانیش دەخاتە دۆخێکی شایستە و بەهێز. گوێگر تەنیا لەسەر یەک ڕووی ئاخاوتن و مەبەستەکانی قسەکەر ناوەستێت، بەپێچەوانەوە لایەنە ناڕاستەوخۆ و شاراوەکانیش شیکار دەکات، کە ئەمەیان هەندیکجار لایەنە سەرەکی و گرنگەکەی نێو گوتارەکەیە. لەقسەکانی (د. موسەننا ئەمین) شتە ئاساییەکان ئەوانەن کە ڕاستەوخۆ و بێ ماندووبن گوێگر و وەرگر دەتوانن پێیان ئاشنا بن، بەڵام لایەنی دیکەی گوتارەکە مەبەستە نادیارەکانە، کە بریتییە لە (خۆ بە شایانزان، لێهاتوو نیشاندان و پەسندکردن و ڕەتکردنەویە یەکێتی و پارتییە). ئەم ڕەتکردنەوەیە لە کردەوەدا لایەنێکی گرنگی پێکهاتەی گوتارەکەیە، ئەمەش لەکردەوەدا گفتوگۆی نێو گوتارەکە هەپڕوون بە هەپڕوون دەکات. ئەم هەپڕون کردنە (ئەمین) بوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دیاردەی (کەمین) لەنێو گوتار دیار دەخات.
ئایدیۆلۆژیا و ئەمین و کەمین
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و دواتریش لە بابەتەکانی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەوە وەکو (ڕەفتار و خوو، وەکو ئایدیۆلۆژیا) خۆیان لەبەرەیەکی نوێ لەنێوان (یەکگرتوو، کۆمەڵ، هەڵوێست، نەوەی نوێ) پێناسەکرد و دواتریش (نەوەی نوێ) ناوی نایەت. بەکردەوە بەرەیەکیان دژی پارتی و یەکێتی، ڕەنگە بەپلەی یەکەمیش دژی پارتی دروست کردبت. ئەمە لەکردەوەدا ئایدیۆلۆژیایە.
پرسی هەرە گرنگ ئەوەیە (د. موسەننا ئەمین) کەسێکی حزبییە، لەبەرەیەکی ڕاگەیەندراوی دژ بە پارتی و یەکێتییە، واتە سەنگەربەندییەکی ڕاگەیێندراوی ئاشکرای بۆ خۆی دروستکردووە. ئەو ڕەخنانەی لەبارەی حزبایەتی و کۆنترۆل لە دژی هەردوو حزبی دەسەڵات بڵاوی دەکاتەوە، دەبێت لەسەر خۆشی جێبەجێ بکرێت.
بە واتایەکی دیکە:
یەکەم: ئەو کاندیدیکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی بەرەیەک و حزبێکی ئیسلامی سیاسی کوردی دەکات، بەو پێیە هەر مەرجێک و بڕیار و حووکمێک دژی هەردوو حزبی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ڕەوا بێت، لەسەر خودی ئەم کاندێدەش بۆ سەرۆک کۆماری ڕەوایە.
دووەم: ئەگەر لایەنێک بەرەی دژ حزبێک، یان دەسەڵاتێک ڕاگەیاندبێت، چۆن داوا لەو حزبە دەکات، کورسی و دەسەڵات و بەرژەوەندی و تواناکانی خۆی بێ دانوستانی پێشوەختە، بێ ڕێککەوتنی پێشوەختە، بێ گفتوگۆ ڕادەستی ئەفەندی بکات.
سێیەم: بەپێی لۆژیکی شیکاری پرگماتیکی قسەکەر و کاندێدەکەی یەکگرتوو لەپێناو خودی خۆی، یان گروپێک ڕەفتار دەکات، بانگەشەکەی هیچ پەیوەندییەکی پشتڕاسکراوەی لەگەڵ کورد و نەتەوە نییە، بەڵکو بانگەشەیەکی حزبی و کەسییە.
چوارەم: ئەو ڕەخنە لەسەرۆک کۆمارەکانی پێشەخۆی دەگرێت، ڕەخنە لە پارتی و یەکێتی وەکو ئۆپۆزسیۆنێک دەگرێت، کەچی داوایان لێ دەکات کورسییەکەی خۆیان بۆ ئەو، یان کەسانی دیکەی وەکو خۆی بەجێ بهێلن. بۆیە دەبێژم ئەم بانگەشە و گوتارە دوورە لە (ئەمین/ ئەمانەت) و جۆرێکە لە (کەمین).
پێنجەم: دەستپاکی و گەندەڵی هەر پارە دزین و بەفیڕۆدانی توانا و سەرچاوە داراییەکان نییە، بەڵکو شێواندنی ڕاستی، بەسووک سەیرکردنی شتەکان، شکاندنی بەهای ئەو بابەتە سەرەکی و بنەڕەتیانەی ڕکابەریان لەسەرە، ئەمە پەیوەندی بە دەستپاکی لە مەعریفە و دەستپاکی لە گێڕانەوە و دەسپاکی لە نیاز و مەبەستیش هەیە.
چوار بنەمای ستراتیژی لە گوتار
ئایا هیچ لە کاکلی بابەتە سەرەکییە دەگۆڕێت ئەگەر (من، ئەو، یان دکتۆر موسەننا ئەمین) ببینە سەرۆک کۆماری عێراق، زۆر لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هیچ ناگۆڕێت، لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم: ئەوەی بۆ کورد دانراوە پلە و ئەرکێکی ڕەمزییە، هەندێک دەستکەوتی کەسی، پارە و بەخێوکردن و بازرگانی و پاسەوانی و سەفقاتی تێدایە، ئەگەر نا ناتوانرێت لەو سنوورە پتر شەقاوێک باوێژن، کە ببێتە هۆکار بۆ تووڕەکردن و بێزارکردنی شیعە و سونە.
دووەم: دەسەڵات لە عێراقی هەنووکە خراوەتە دەست سەرۆک وەزیران، بۆیە ئەم پلەیە پتر لەپێگەیەکی تەشریفاتی دەچێت.
سێیەم: ئەوەی لەوێ بێت دەبێت نوێنەرایەتی حزبەکەی بکات، هەروەها دەبێت پابەندی بەرژەوەندیی و بنەماکانی عێراق بێت، بۆیە کارێکی یەکجار قورسە بتوانرێت ئەم پێگەیە بەو شێوەیە بەکاربهێنرێت، کە پێگەیەکی کوردیی بێت.
(د. موسەننا ئەمین) لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٦ لەگەڵ ئاڤا میدیا لە وەڵامی پرسیارێک دەڵێت: " ئێمە لە خۆمان کاندێدکردووە، ئەوانی دیکە دەخەینە بەرپرسیاریەتییەوە، بەتایبەتی دەسەڵات لە هەرێمی کوردتان، کە بەردەوام دیعایەی ئەوە دەکەن و بەغدا جیادەکەنەوە و دەڵێن لەهەرێم و بەغدا وەزعێکی ترە. لەکوردستان ڕەخنەگر بن و ماعارەزە بن، بەڵام لەبەغدا بەیەکەوە بین. فەرموون با لەبەغدا یەک بین، ئێوە لەنێوان خۆتان ڕێک ناکەون، ئێ خۆ ئێمە کوردێکی باشین و بەهێزین و نیشتمان پەروەر و کوردێکی ڕەسەنین. بۆ لەسەر ئێمە ڕێک ناکەون، بۆ ئێوە پێتان وایە کەسی دیکە کورد نییە، کەسی دیکە ئیستحقاقی ئەم کارەی نییە. دەڵێن ئەم پۆستە تەسریفاتییە، بەڵام گرنگە بۆ خزمەت. لە بەغدا پرسێکی نەتەوەییمان هەیە با پێکەوە ستراتیژێکی ڕوونمان هەبێت بۆ خزمەتکردن".
وەکو (ڤان دایک) لە شیکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا و گوتار ئاماژەی پێ دەکات چوار بنەمای گرنگی ستراتیژی لەنێو گوتار هەیە، کە قسەکەر لەپێناو نیشاندانی بەهای ئەو تێڕوانینە ئایدیۆلۆژییە هەیەتی ، لەوانە"
یەکەم: شتی ئەرێنی لەبارەی خۆی دەڵێت، یان (ئاماژەکردن بە شتی باش لەبارەی خۆی).
دووەم: شتی نەرێنی لەبارەی ئەوانی دیکە دەبێژێت. (ئاماژەکردن بە شتی خراپ لەبارەی ئەوانی دیکە).
سێیەم: هیچ شتێکی خراپ و نەرینی لەبارەی خۆی نابێژێت. (شاردنەوەی شتی خراپ لەبارەی خۆی).
چوارەم: هیچ شتێکی باش لەبارەی ئەوانی دیکە ناڵێت. (شاردنەوەی شتی باش لەبارەی ئەوانی دیکە).
ئەم تێڕوانین و دابەشکردنە گشتگیرە، ئاساییە دەسەڵات ئەم شێوازە پەیڕەو بکات، لەهەمان کاتدا ئۆپۆزسیۆنیش بەشێوەیەکی سروشتی لەپێناو دەرخستنی نیازەکانی خۆی وەکو (ڕزگارکەر و ئەمین و ڕاستگۆ) هەردەدەم دەیەوێت نیشانی بدات قسەکانی خۆی (ڕاستگۆیانە و دروست و هەقە) و ئەوەی دەسەڵات دەیکات (درۆ، نادروست و نادادپەروەرانەیە). بەجۆرێکی دیکە شتەکان باشەکان و ئەرێنییەکان بۆ خۆی دەردەخات و شتە خراپەکانی خۆی دەشارێتەوە و بەپێچەوانەش چی شتی خراپ هەیە دەیخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە.
لە گوتارەکەی (د. موسەننا ئەمین) کە هەقی خۆیەتی خۆی کاندێد بکات و بانگەشە بۆ توانا و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆی بکات، هەرچی باشە لەپێناو دەرخستنی خۆی بیبێژێت. دیارە ئەو بەنیازی ڕاستاندن و نیشاندانی شتەکان وەکو ڕاستگۆیێکی بێ هاوتا نمایش دەکات، لەهەمان گاڤدا (پارتی و یەکێتی) بەلایەنە خراپەکە، تاوانبارەکە، خۆسەپێنە قۆرخکارەکە نیشان دەدات.
ڕێک وەکو (ڤان دایک) ئاماژەی پێکردووە (د. موسەننا ئەمین) بەخۆی دەڵێت هەق، ڕاستگۆ، بەتوانا، خاوەن کەفائەت، کوردی ڕەسەن، بەهێز، شارەزا و خاوەن ئەزموونی سێ خوولی پەرلەمان، هێنانەوەی پەناهەندەکان لە لیبیا، ئەزموونی کارکردن لە ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئیسلامیی لە زۆر شوێن. لەهەمان کاتدا ئەوانی دیکە و بەتایبەتی (پارتی و یەکێتی) بە دوو لایەنی خراپ، قۆرخکار، پەراوێزخستنی (ئەو، ئەوانەی وەکو ئەون) تاوانبار دەکات.
ئەم ئاراستەیە لە ئاخاوتن ئەگەر دژیش نەبێت، پێچەوانەی بنەمای گفتوگۆیە لە گوتاری سیاسی، چونکە بەڕاشکاوی و ڕاستگۆیانە (هەق بەخۆی دەدات) و (هەق و ماف لەوانی دیکە دەستێنێتەوە، یان بەلای کەمەوە تاوانباریان دەکات بەوەی ڕێگە بەکەس نادەن). لەکاتێکدا ئەوەی ململانێی لەسەر دەکرێت بەستراوەتەوە بە (ئەنجام و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانەوە). ئەو کەسانەی ئەم پلەیە وەردەگرن دەبێت لەلایەن حزبی یەکەم، یان بەڕێککەوتن لەگەڵ حزبی یەکەم کەسەکە دیار بکرێت، ئەمە شەرعیەتی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسییە.
لە ئاخاوتنەکانیدا دوور لە حزباندن و قۆرخکردن بیروڕا و لێکدانەوەکانی بەشێوەیەکی گشتی دروستە، (د. موسەننا ئەمین) هەقبێژە کە دەڵێت: (ئەمە بۆ کوردە و هی کوردە)، بەڵام کە نیەتە شاراوە نادیارەکانی دەبنە سێبەری وشە و ڕستەکانی، ئاراستەیەکی دیکەی بەهێزی خۆویستی و خۆنمایشکەر دەردەکەوێت، مرۆڤ دەخاتە دۆخی لێکدانەوەیەک کە گومان بکات، ئایا ئەویش وەکو ئەوانی دیکەی پێشوەخۆی نابێت؟. منی وەرگری گوتارەکە سروشتییە لەنێو ئەم ژینگە سیاسییە ئاڵؤز و دڕکاوییە گومان لەهەموو شتێک بکەم. ئەوی ئاخێوەر ئەوانی دیکە تاوانبار دەکات و داوایان لێ دەکات واز لەو ململانێ و پۆست و پلەیە بهێنن و تەسلیمی ئەوی بکەن. لەهەمان کاتدا نایەوێت ئاماژە بەوە بکات (چەند و بە چ ڕێگەیەک و لەگەڵ کێ گفتوگۆی کردووە، تاکو ئەم پلە و شوێنە گرنگە بە کەسێكی وەکو ئەو، یان خودی خۆی) بدرێت. ئەو ڕاشکاوانە بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە دەبێژێت (من، ڕێگەم بدەن منی کوردی ڕەسەن و بەهێز) ئەم پلەیە وەرگرم. بێ ئەوەی پێمان بڵێت چەند کۆبوونەوە و دیداری لەم بارەوە لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکان و لایەنەکانی دیکە بۆ یەکخستن و هاودەنگی و یەکگوتاری و یەلکهەڵوێستی کردووە.
کاندێدی ئۆپۆزسیۆن
لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٦ لە فێیس بوکی فەرمی خۆیدا (د. موسەننا ئەمین) بەم چەند وشەیە هەواڵێک دەگێڕێتەوە، کە کتومت وەکو خۆی ئەمە دەقەکەیەتی و بەم شێوەیە: "دکتۆرموسەننا ئەمین، کاندێدی ئۆپۆزسیۆن (یەکگرتوو- کۆمەڵ- هەڵوێست) لە نووسینگەی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. پێشوازی کرد لە کاندێدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق (د.فواد حسین)، لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر یەکڕیزی (کورد) کرایەوە...". تەواو ئەم وشانە سەرتاپای ئەم هەواڵەیە. لەڕوانگەی چوار بنەما ستراتیژییەکەی (ڤان دایک) لە شیکردنەوەی گوتار و ئایدیۆلۆژیا ئەم خاڵانە و ڕەنگە شتی دیکەش هەڵبهێنجرێت:
یەکەم: ئاماژە بەبیرهێنانەوەی کاروباری ئەرێنی خودی خۆی دەکات. خۆی بەنوێنەری (ئۆپۆزسیۆن) و سێ (حزب) دەناسێنێت. بێگومان لای هەموو لۆژیکدارێک (سێ) لە (یەک) بەهێزتر و زۆرترە لەڕووی ماتماتیکی و ژماردنی ژمارەکانەوە. ناسنامە و سیفەتێکی فەرمی داوەتە خۆی، بە مانای ئەوەی پێگەی کەسی خۆی گەورە کردووە و سیفەتی پەرلەمانتاری خۆی لە کورتیلە هەواڵەکە نووسیوە و (ئاماژە بە نووسینگەی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران) دەکات. واتە (خۆی ئەرێنی و پێگەی فەرمی) هەیە.
دووەم: ئاماژە و بیرهێنانەوەی کاروباری نەرێنی ئەوی دیکە بەرجەستە کراوە، ناوی حزبەکەی (د، فواد حسین)، بە (پارتی) ناو دەبات واتە یەک حزب، ئەمەش لەڕووی واتاوە (یەک) لە (سێ) کەمترە. تەنیا ناوەکەی پارتی بەتەواوی و فەرمی نەنووسیوە. ئەو کەسەی سەردانی ئەوی کردووە، وەزیری دەرەوەی عێراقە، بێ ئەوەی ئاماژەی پێ بکات، ئەمەش دەرخستنێکی نەرێنییە. لەم ڕێگەیەوە (ئاماژەیەکی نەرێنی و نافەرمی) بە کەسی دووەمی ئاماژەپێکراو دەکات. ئەمەش جۆرێک لە بچووکردنەوەی تێدایە.
سێیەم: شاردنەوەی کاروباری نەرێنی خۆی. دەبوایە ئاماژە بەوە بکات، کە ئەو پێویستی بە پاڵپشتی (پارتی دیموکراتی کوردستانە)، نەک پێچەوانەوە. وای نیشان داوە لەبەر ئەوەی (پارتی) سەردانی ئەوی کردووە، کەواتە (پارتی) پێویستی بە (ئەو/ خاوەنی گوتاری هەواڵەکە) هەیە.
چوارەم: شاردنەوەی کاروباری ئەرێنی ئەوی دیکە. (کورد)ی خستۆتە نێو دوو کەوانە، وەکو ئەوەی کورد ناوێکی نامۆ و نادیار و نەبیستە و سڕێندراو بێت، هەروەها مانا شاراوەکەی نێو هەواڵەکە لە کردەوەدا بەجۆرێکە، کە باسی (هیچ) شتێک نەکراوە (یەکڕیزی کورد) نەبێت. ئەمە بەکردەوە شاردنەوەی هەقیقەت و ڕاستگۆییە لە نیاز و مەبەستی سەردانەکە. کەسایەتییەکی سیاسی، یان کۆمەڵایەتی کاتێک سەردانی کەسێک، لایەنێک دەکات، مانای ئەوەیە کەسی سەردانی کەر، بایەخی بە کەسی سەردانیکراو داوە، دانی پێدا دەنەێت و پێگەیەکەی ئەوی لا گرنگە و ڕێزی دەگرێت، گفتوگۆی لەگەڵ دەکات، بەپێچەوانەش خاوەنی گوتاری هەواڵ و دیوەخانەکە ئەم هەواڵە لەنێو مەبەست و مانای شاراوەدا، تووشی نامۆیی و تەم دەکات و دەیەوێت هەقیقەت و کاریگەریی و پەیوەندییە ڕاستەقینەکان بشارێتەوە، لەبەرچی نیاز و مەبەستەی سەردانەکە دەشارێتەوە، ئەمە پراگماتیک دەتوانێت ئاشکرای بکات، کە سەردانەکە:
یەکەم: نەرێنی بووە و بۆیە خاوەنی هەواڵ و دیوەخانەکە زانیاری ئەوی دیکە دەشارێتەوە.
دووەم: شتی نهێنی و بەرنامە و ڕێککەوتنی نهێنی ڕوویداوە، نایانەویت کەس بیزانێت.
سێیەم: سەردانەکەی بەدڵ نەبووە.
چوارەم: دەیەوێت نیشانی بدات ئەو کەسیکی باڵا و بەرز و خودان پێگەیەکی سیاسی بەهێزە. لەگەڵ لێکدانەوەی دیکەش.
دیماهی و ئەنجام:
بە کورتی و کوردی دەتوانم سەرنج و شیکردنەوەکە لەم خاڵانەی خوارەوە ظڕ بکەمەوە:
یەکەم: گوتاری سیاسی و هەڵبژاردن و پەرلەمان فۆرمێکی فەرمی و ئیلتیزامی تێدا بەرجەستە دەبێت، قسەکەر تێیدا بەرپرسیارە.
دووەم: قسەکەری ئەم گوتارە لەیەک کاتدا کە ئاماژە بە ڕاستیی و هەقیقەتی پێگەی سەرۆک کۆمار دەکات، لایەنە نەرێنییەکانی ئەوانی دیکە نمایش دەکات، ئاماژە بە لایەنە ئەرێنی و بەهێز و دیارەکانی خۆشی دەکات. ئەم ئاماژانە پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیاوە هەیە.
سێیەم: ئەو ڕەخنە لە پارتی و یەکێتی بەڕاشکاوی دەگرێت، بە قۆرخکار وەسفیان دەکات، داوایان لێ دەکات دەرفەتی بەوی خودان توانا بدەن ببێتە سەرۆک کۆمار تاکو پێگەکە چاک بکاتەوە. واتە ئەوانی دیکە خراپیان کردووە. ئەمەش بیرهێنانەوەی نەرێنی ئەوانی دیکە و بیرهێنانەوەی ئەرێنی خۆیەتی.
چوارەم: ئەو ڕاشکاوانە پێکهێنانی بەرەیەکی سێ لایەنی دژی پارتی و یەکێتی بەئاشکرا ڕاگەیاندووە، کەچی داوا لە خودی ئەم دوو حزبە دەکات وەکو شیعە ڕەفتار بکەن و لێ بگەڕێن ئەو ببێتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر کورسیشیان کەمتر بێت. لێرەدا ئاماژە بە رەفتاری خراپی پارتی و یەکێتی دەکات، لەهەمان کاتدا خۆی دەخاتە بەرەی ڕەفتار باشی شیعەوە. ئەمەش جۆرێکی دیکەیە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو گوتارەی لەڕێگەی شاشەی کەناڵەکانەوە کاریگەری دروست دەکات.
پێنجەم: خاوەنی ئەم گوتارە بەزمانێکی فەرمی، بێ هەڕەشە و سووکایەتی مەبەستەکانی دەردەبرێت، بەڵام لەشێوازی داواکردنەکەی بنەمای گفتوگۆ یان نییە، یان بەجۆرێک لاوازە هەست بەبوونی ناکرێت. گوتاری بێ گفتوگۆش تەنیا چیرۆکێکە شتەکان دەگێڕێتەوە، نەک شتەکان دروست بکات.
شەشەم: ئەم کاندێدە مافێکی یاسایی و سیاسیی هەیە، خۆی کاندێد بکات، بەڵام ئێمە دەزانین گوتاری ڕێککەوتن و هاوبەشی و هاوسەنگی بڕیار لە شتەکان دەدات، یان گەڕانەوە بۆ بنەمای هێز و هاوپەیمانی و ڕێککەوتنی تاک لایەنە لەگەڵ ئەوانی دیکە. واتە دادپەروەریی لەسەر بنەمای (ژیریی و توانا و لێهاتوویی و شیاوی) بینا نەکراوە، بۆیە ئاساییە گوتارەکە لە چوارچێوەی ڕەخنە و گلەیی و گێڕانەوەی لایەنە نەرێنی و لاوازەکانی پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.
حەوتەم: گوتاری پاساو پشت بە متمانە و بەڵگە و ڕاستاندن دەبەستێت و ئیدیۆلۆژیا پشت بە بنەماکانی (پەسندکردنی ئەرێنی خود و ناشیرنکردن و نەرێنی ئەوانی دیکە) دەبەستێت.