شێواز و مەبەست و هێزی بەکارهێنراوی جەنگ لەم سەدەیەدا گۆڕانی بەسەردا هات، جەنگە نوێیەکان لە یارییەکانی (پلەی ستەیشن) دەچن و لە ڕاستیشدا تەکنەلۆژیای جەنگ و پێشکەوتنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و کۆمپیۆتەر شێواز و فۆرم و ئاکامی جەنگەکانی گۆڕیوە.
ڕوسیا بەشێوەیەکی کلاسیکی و لەڕێگەی بەکارهێنانی سوپا و سەرباز هێرشی کردە سەر ئۆکرەین، بەڵام نەیتوانی لە جەنگە کلاسیکییەکە سەرکەوتوو بێت، دەبینین تاکو هەنووکەش کە زۆر کەس گریمانەی ئەوەیان دەکرد هێرشەکەی ڕوسیا پێویستی بە تەنیا چەند ڕۆژێک هەبێت و ئۆکرەین داگیر دەکات و هەموو شتێک کۆتایی دێت، بەڵام وا دەرنەچوو. سەرباری یەکلایی نەبوونەوەی جەنگەکە، ئاماژە بە کوژرانی نزیکەی ملیۆنێک سەرباز لەم جەنگە کۆتایی نەهاتووە دەکرێت.
سوپای ئەمەریکا و ئیدارەی سیاسی لەم وڵاتە پێچەوانەی فەلسەفە کلاسیکییەکەی ڕوسیا لە جەنگ، پشت بە تەکنەلۆژیا و تەکنیک و تەکتیکی سەربازی یەکجار پێشکەوتوو دەبەستێت، چەکی نوێ، ئامێری جەنگی تازە و ئامێری پەیوەندیکردن لە ئاستێکی یەکجار گەشەکردوو بەکاردەهێنن، کە ڕێک لە جەنگی خەیاڵی و جەنگی ئەستێرەکان دەچێت و جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە و رێژەی سەرنەکەوتوون و نەپێکانی ئامانجەکان زۆر کەمە، بەکاتێکی یەکجار کەمیش ئەنجام دەدرێت، لەم جەنگەدا خاک داگیر ناکرێت، بەڵکو تەنیا و تەنیا دەسەڵات داگیر دەکرێت. لەم جەنگانەدا ئەمەریکا مەترسی پەلاماری دەرەکی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە و لە دیماهیشدا پاڵەوانەکانی ئەمەریکا هەموو شتێک ڕزگار دەکەن و ئاسایش بۆ وڵات دەگێڕنەوە و چارەنووسی وڵات و ئاسایش بەستراوەتەوە بە کۆتایی پێهێنانی سەرچاوەکانی مەترسی و هێزە ترسناکە دوژمنکارییەکان.
لە ڤەنزوێلا لەهێرشێکی چەند کاتژمێری سەرۆکی وڵاتەکەیان گرت و گواستیانەوە نێو خاکی ئەمەریکا و ڕادەستی دادگایان کرد و هەنووکەش لە زیندانە و وەکو بابەتێکی لەبیرکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەمجارە لە ئێران لە فۆرمێکی دیکەی نوێی جەنگدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازیان دەستپێکرد. پار ئیسرائیل لە دوانزدە ڕۆژ، ئاسمانی ئێرانی داگیرکرد، لە بنکەی ئەتۆمیان دا، بەشێکی دیاری بەرپرسە سەربازی و سیاسی و ئەمنییەکانیان کوشت، بەشێوەیەک کە بەرپرسەکان دەکرانە ئامانج و ئامانجەکانیش سەرکەوتووانە لێ دەدران، دونیایان تووشی ڕاچلەکین کرد. نیشانیان دا توانای هەواڵگری ئیسرائیل بە جۆرێکە، هەموو شوێنێکی هەستیاری ئێرانیان کۆنترۆلکردووە.
ئەم هێرشە دوای دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا بوو، هەرچەندە ڕایانگەیاند کە پێشکەوتنی باش بەدەستهێنراوە، بەڵام لە دواین ساتدا سەرۆکی ئەمەریکا (ترەمپ) ڕایگەیاند ئێرانییەکان لە دانوستان بەڕاستیان نییە و نایانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بۆیە لە ناکاودا لەبەرە بەیان هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر تاران و لەئاکامدا (ڕێبەری ئێران ئایەتوللا عەلی خامەنائی) و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و سەرزلی ئەم وڵاتەیان کوشت.
ئەمە جەنگێکی هەقیقییە، ئەمەریکا زۆرترین و گەورەترین هێزی جەنگی دەریایی لە ناوچەکە کۆکردۆتەوە، هوشدارییەکانی بۆ ئێرانییەکان بەفشە سەیر کرا، ئێرانییەکان لەئاکامی هێرشەکەدا، وەکو کاردانەوەی سەرەتایی بە موشەک پەلاماری وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداویان دا، سەرباری مووشەک بارانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. بەم هەنگاوە ئەو وڵاتانەی بەشداربوون لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ئەوانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی کردبۆوە، هەنووکە کراونەتە ئامانج و بەمەش بەرەیەکی فراوانی هەقیقی دژی ئێران پێکدێت، سەرباری ئەوەش خەرجی جەنگەکە ئەم وڵاتانە دەیدەن، کە ئێران بەر مووشەکی داون. نایشارینەوە ڕق دژی هەولێر سەرچاوەکەی (فاشیەتی هێز و دەوڵەتەکانە، سەرباری ڕقی مێژوویی دژی کورد) لەبیری نەکەین بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزیش جەنگێکی ئابووری دژ بەهەموو دونیا دەست پێ دەکرێت. ئەمانەش بەرتەسکبوونەوەی فشارەکان دژی ئێران بەهێزتر دەکات.
جەنگەکە کلاسیکی نییە، ئەمەریکا نایەوێت خاک داگیر بکات، بەڵکو دەیەوێت دەسەڵات داگیر بکات، ئەمەش لەڕێگەی چەند سیناریۆیەک ئەنجام دەدرێت:
یەکەم: گۆڕینی ڕژێمی حووکمڕانی لە ئێران، دوای کوشتنی هێما و ڕەمز و ئەو کەسانەی تاوانبارن. واتە هێرشەکان دیارکراون دژی گروپێکە و ڕێگە خۆش دەکەن بۆ هێنانی گروپێکی دیکە، ڕەنگە بەشێکیان لە کەسانی نێو دەسەڵاتدارانی ئێستا بن. وەکو ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیان دا. لادانی کەسێک، یان پتر لە کەسێک و هێشتنەوەی دەوڵەت و حکوومەت وەکو خۆی. (ترەمپ) گوتی ئێمە دەزانین دوای ئەمانە کێ حووکم دەگرێتە دەست.
دووەم: گۆڕینی سەرتاپای سیستەم و حکوومەت و دامەزراوەکان، ئەمەش لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگاکانی حووکمڕانی دەبێت. بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەزموونی عێراق و سوریا لەبەر دەستە.
سێیەم: لێدانی دەسەڵات و نەهێشتنی توانای دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و پۆلیسییەکانە لە ئێران و ئینجا هاندانی خەڵک بۆ راپەڕین و سەروژێر کردنی هەموو شتێک، ئەمەش پێویستی بەکاتێکی زۆر هەیە، بۆ ڕێکخستنەوەی دەوڵەت.
چوارەم: هێنانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەمانەش بریتین لەپێکهاتە جیاوازەکانی ئێران. کوڕی شا کە لە ئەمەریکا دەژیت بە کردەوە بانگەشە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ئایندە دەکات و هێشتا هیچ نەبووە لێدوانی دژ بە کورد دەدات. لەلایەکی دیکەش (مریەم ڕەجەوی) بانگەشە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات دەکات، هەرچەندە ئەوانە لە فەرەنسا دەژین، نازانرێت ئەمەریکا و فەرەنسا چەندە هاوسەنگ و هاوپەیمانن لەم گۆرانکارییانەی ڕوو دەدەن. ئایا ئەمەریکا ئامادەیە هەمان ئەزموونی هاتنی خومەینی بە فڕۆکەی فەرەنسی دووبارە ببێتەوە.
پێنجەم: ئەمەی ئێستا لە ناوچەکە و ئێران ڕوودەدات، ڕەنگە کۆتایی پێهاتنی دەسەڵاتی ئایین بێت لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەتایبەتیش سەردەمی کۆتایی دەسەڵاتی سیاسی شیعەش بێت. دوور نییە لەئایندەدا ڕێککەوتنی ئیراهیمی شوێنی زۆر لەم ئاراستە و تێڕوانین و پەیوەندیانە بگرێتەوە.
کورد لەم هەڵومەرجە چی دەکات؟
کورد لەناوچەکەدا سوودمەندی یەکەمی گۆڕانکاری و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ناوەندی و خۆسەپێنی ئەم وڵاتانەیە، کە کوردستانیان داگیرکردووە، نەک حکوومەتەکان، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنەکانیشیان، کە لەدوورە وڵاتی دەژین، ناتوانن دژایەتی و ڕقی خۆیان دژ بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بشارنەوە، بۆیە پێویستە:
یەکەم: کورد خۆی نەکاتە قوربانی هیچ هێز و گروپێک و ئایدیۆلۆژیایەک، هەروەها گوتاری واقیعی و هەقیقی خۆی لەپێناو ئەوانی دیکە نەخاتە پەراوێز. کورد لەمێژوودا لەپێناو ئازادی ئەوانی دیکە قوربانی داوە، دواتریش هەر خودی کورد کراوەتە قوربانی لەسەردەستی ئەوانەی کورد خۆی بە هاوکار و هاوپەیمانیان داناوە.
دووەم: یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان بنەمایە بۆ سەرکەوتن، پێویستە سیاسەتێکی هاوبەشیان هەبێت. لەنێوەخۆدا خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگە و یەک ناوەندی بڕیار بن. بێ ئەوەی دیموکراسیەت و گفتوگۆ و ڕێزگرتن لەیەکتر و جیاوازییەکان بکوژن.
سێیەم: پێ ناچێت ئەمەریکا چی دیکە بیەوێت دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حووکم بکات، بۆیە ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە کورد بەلای کەمەوە بیر لەسیستەمی فیدرالی لە داڕشتنەوەی دواڕۆژی ئەم وڵاتە بکات.
چوارەم: بەرەی ئەو لایەن و هێزانەی سەر بە ئێرانن، ئینجا ئەمە کوردی بێت، یان هی دیکە چارەنووسێکی نادیار و نەرێنی چاوەڕوانیان دەکات، بۆیە پێویستە پەیوەندی کوردی – کوردی لە ئایندەدا لەسەر بنەمای ستراتیژێکی هاوبەشی هاوسەنگ بە ڕەچاوکردنی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی هەر بەشێک و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و هاوبەشی نەتەوەیی و کوردستانی دابڕێژرێتەوە.
لەبیر نەکەین، ئەم جەنگە بێ بەکارهێنانی هێزی سەرباز پیادە بەڕێوە دەچێت، واتا ئەمەریکا نایەوێت ئەزموونی جەنگی ئەفغانستان و عێراق دووبارە بکاتەوە، بە سوپا گۆڕانکاری دروست بکات، نەخێر ئەو جەنگێکی کورتخایەن و خێرا لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازی باڵا و پێشکەوتوو ئەنجام دەدات، کە جەنگەکە ڕێک و ڕەوان لە فیلمەکانی هۆلیۆد و گەمەکانی پلەی ستێشن دەچن.
لەهەمان کاتدا سیاسەتی جەنگی ئیدارەی (دۆنالاند ترەمپ) کار بۆ داگیرکردنی خاک ناکات و مافی پێکهاتەکانی ڕەنگە زۆر لا گرنگ نەبێت و مافەکانی هاووڵاتی بوون لاوەکی بێت، بەڵکو بەدوای بازاڕ و دەستخستنی داهات و نەوت و سەرچاوە داراییەکانە، لەپێناو پاراستن و بەهێز هێشتنەوەی ئابووری سەرمایەداری ئەمەریکا. جەنگیش بێ بەرانبەر و بەخۆڕایی ئەنجام نادات، وەکو لە گوتاری دۆخی یەکێتی لە کۆنگرێس گوتی "لە ڤەنزوێللا نەوتم هێنا، نەوت".