گوتار لەنێوان  نیەت و گوتندا لای ئەندام پەرلەمانێکی عێراق!!  تیۆری (بەدباشی من و چاکبەدی تۆ)

غازی حەسەن
  2026-03-22     340

پێشەکی

گوتار لەم سەردەمەدا بەقەد هێزێکی سەربازی گەورە دەتوانێت ژمارەیەک کردە لەیەک کاتدا ڕاپەڕێنێت، کە هێزیکە کاریگەریی لەسەر دەوڵەت و گروپ و هێزە هێزدارەکان و کۆمەڵگە و شەڕ و ئاشتیش دەبێت. بەتایبەتی گوتاری فەرمی، یان گوتاری ئەو کەسانەی لە پێگەیەکی فەرمین لە (حکوومەت، پەرلەمان، یان حزب) پەیڕەو لە بنەما و ئامانج و فۆرمێک دەکات، پلە و پایەکەی نیشان دەدات. ئەمانە لەئاخاوتنەکانیان لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن و ڕاگەیاندن بەگشتی قسەکانیان بەشێکی بەحووکمدان و بڕیار دەچنن، یان کردەی حووکم و بڕیارن بەرهەم دەهێنن. بۆیە گرنگە شیکاری نێوەڕۆک و مەبەست و هەتا (نیاز)ی نیەتی ئەو قسانەش بکرێت، کە خۆیان لەنێو گوتارەکەیاندا نیەتیان نییە بەکاری بهێنن، یان ئاماژەی پێ بکەن، بەڵام بێ ئەوەی بیانەوێت نێوەڕۆک و نیەتە نادیارە ئاماژە بۆ نەکراوەکان بەشێوەیەکی زەق دەردەکەون.

 

ناونیشانی لێکۆڵینەوە

دوای بیرکردنەوەیەکی باش، گەیشتمە ئەوەی ئەم ناونیشانە (گوتار لەنێوان نیەت و گوتندا) گونجاوترینە بۆ لێکدانەوەی ئەو نیەت و مەبەستەی لەم شیکردنەوەیەدا بەرجەستەی دەکەم.  ناونیشانەکە لەسێ بەش پێکدێت (گوتار، نیەت، گوتن). ئامانج شیکردنەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانییە کە لەنێوان (بێژەرێکی کەناڵی ڕووداو) و (ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق) ئەنجام دراوە.  

 

ڕێبازی شیکردنەوە

پشت بەڕێبازی شیکاری وەسفی دەبەستین، بە سوود وەرگرتن لە بۆچوونە فکرییەکانی (ڤان دایک) لەبارەی گوتار و ئایدیۆلۆژیا، من ئەم بۆچوونانەم ناوناوە تیۆری (بەدباشی من و چاکبەدی تۆ) بە واتای ئەوەی هەموو شتێکی (بەد و خراپی خۆم/ من بە باش و چاک وەسف دەکەم) و هەموو شتێکی (چاکی تۆش بە خراپ و بەد) وەسف دەکەم. ئەمەش لەکردەوەدا پشت بە نیەتی هەڵگێڕانەوەی هەقیقەت و گومان دروستکردن و ڕەتکردنەوە و دوورکەوتنەوەیە لەبنەماکانی گفتوگۆ لەنێو گوتاردا.

 

سوودی ئەم شیکارییە

ئامانج و سوودی ئەم لێکۆڵینەوەیە دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆیەکی متمانەدارە لەنێوان دوو بۆچوون و ئاراستە و زانیاریی و هەواڵی پێچەوانە، یان بەیەک ناکۆک. لەئالەکی دیکە هەبوونی متمانە هاوسەنگی و یەکسانی و رێزگرتن دروست دەکات.

گوتاری سیاسی کوردی فەرمی پێویستی بە زمان و زانیاری و هەواڵ و زەمینەسازییەکی پتەو بۆ لەیەکترگەیشتن لەنێوەخۆ هەیە. لەهەمان کاتدا شێوازی بەکارهێنانی زمان و نیەتی ئاخاوتن و گوتن گرنگە و هیچ گوتارێک نێوەڕۆکی بێ نیاز (نیەت) نییە. نیەت ئامانجدارە بە ڕاپەڕاندنی کردە و مەبەست و نیاز و کارێک.   

 

سەرچاوە

یەکەم: پشتم بە تیۆری فکرییە زمانەوانییەکانی (ڤان دایک) ( ئۆستن) و (جۆرج یۆل) بەستووە.

دووەم: وەکو سەرچاوە دیدارێکی کورتی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی کوردی، یان بەشێک لەم دیدارەم وەرگرتووە کە لەکەناڵی ئاسمانی (ڕووداو) لەگەڵ (د. مووسەننا ئەمین) ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق ئەنجام دراوە. ئەم دەقە لە ئاخاوتنی نێوان بێژەر و خاوەن قسەکە وەکو خۆی وەرگیراوە. کە ئەمە دەبێتە سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکەم: ئەمە دەقی گفتوگۆیەکە، کە لەهەمان کاتدا دەبێتە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی هەواڵیش:

لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ڕووداو) لە بەشێکی ئاخاوتنەکاندا بێژەری بەرنامەکە (سەنگەر عەبدولڕەحمان) لە میوانەکەی (د. موسەننا ئەمین) لەبارەی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی (یەکێتی و یەکگرتوو و هەڵوێست و کۆمەڵ) لەماڵی (ڕەیان کلدانی) لێی دەپرسێت:

س. ع: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستانەوە ڕەخنەی زۆرتان لێگیرا، لایەنی کەم لەلایەن کادر و لایەنگرانی پارتییەوە؟

م. آ: ئەوەیان دەقیقترە بڵێی...

س.ع: لەماڵی بەڕێز ڕەیان کلدانی کۆبوونەوەیەکتان هەبوو، یانی سی کورسی چۆتە  لای یەکێک، کە سێ کورسی هەیە، جارێ پێم خۆشە بزانم کۆبوونەوەکە لەسەر چی بوو، وە ڕات چییە لەسەر ئەو ڕەخنانەی لێتان دەگیرێت؟  

م. آ: ئەو ڕەخنانە هیچ مەنتق و شتێکی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە بچین کەسێک دەعوتت بکات، کورسییەکی هەیە، دووانی هەیە،  سیانی هەیە، سی هەیە، دەرەنجام هێزێکی سیاسییە بانگت دەکات بۆچی؟ خۆ ئێمە نەچووین بۆ پیلانگێڕی دژی خەڵکی نیشتمانی خۆمان. بانگی کردووین بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک بکەین. وەڵاممان یاوەتەوە و گفتوگۆیەکمان کردووە.

س. ع: گفتوگۆیەکە لەسەر چی بووە؟ بۆچی لەم تەوقیتە هەمووتانی بانگ کردبوو؟

م. آ:  خاڵێکی تر...

س. ع: بۆچی بانگی کردبوون؟ 

م. آ: بێگومان، هەموو هێزە سیاسییەکان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر ناکەن مەگەر،  بابەتەکەیان چییە؟ بابەتەکەیان پێکهێنانی حکوومەتە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، یەکخستنی جهودەکانە. ئەو بەرێزەی باسی دەکەی نزیکە لە کاک بافڵ و برادەرانی یەکێتی. ئێمەش کە ڕۆیشتین وامان دەزانی برادەرانی یەكێتی لەێ نین، وامان دەزانی ڕای ئێمە، ئەم دە کورسییە وەردەگرێت، بەهیچ کامێکمانی نەگوتبوو، بەمنی نەگوتبوو ، کاک ڕێبواریش گوتی بەمنی نەگوتووە، یانی برادەرانی یەکێتی، ئێمە نەچووین گەلەکۆمەکی لەهیچ کەسێک بکەین، با بەکوردییەکەی بیڵێم. بەڵام برادەرانی یەكێتی لەوێ بوون، گفتوگۆیەکەش چییە؟ هەر ئەوەبوو چۆن جوهدەکان ڕێکخرێن بۆ ئەو قۆناغە ڕاگوزەرەی کە مەترسییە بۆ سەر عێراق، تێپەڕێ و سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێ. سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێ، حکوومەت پێکبهێرنێ.

س. ع:  ئەو هێزە کوردییەکانی بانگ کردبوو، کاک دکتۆر؟

م. آ:  بەڵێ بەڵێ      

س. ع:  بۆ پارتی بانگ نەکردبوو؟

م. آ: ئەو لەگەڵ برادەرانی پارتی کێشەی هەیە. بێگومان کێشەکەی مەعروفە،  هەر لەبەر ئەوەشە یعنی برادەرانی  پارتی، یان جەماوەری پارتی ڕەنگە سازگار نین لەگەڵ ئەم بابەتە و پێیان خۆش نییە، بەڵام  ئەو لەوێشدا لە ڕاستیدا گفتوگۆیەکەی گفتوگۆیەکی جوان بوو، خیتابەکەشی خیتابێکی مەنتقی عاقڵانە بوو، باسی دژایەتی پارتی و هیچ حزبێک نەبوو، باسی ئەوەبوو  کورد هەموی یەکگرتوو بێت.

س.ح: ڕەیان کلدانی حەز دەکات کورد یەکگرتوو بێت؟

م. آ:  جا وەللا براکەم ئەوە قسەی ئەو بوو، خۆ من ئەوە لە هەواو لەسەر تەلەڤزیۆن قسە دەکەم،  کۆمەڵێک خەڵکی زۆر لەم کۆبوونەوە بەشداربوون، خۆ هەر من نەبووم تا بتوانم  درۆیەک لەم مەجلسیە بهێنمە ڕووی جەنابت .... هههاا ههها

س. ع: نا دوور لە جەنابت نا من مەبەستم ئەوەبوو دوور لە جەنابت ڕەیان کلدانی حەز دەکات کورد یەکگرتوو بێت؟

م. آ: هاوپەیمانی کورد لێرە کێ دەیبات بەڕێوە هەر پارتی و یەکێتی نین.

س.ع: هاوپەیمانی یەکێکیانە، دژی یەکێکی تریان نازانم ئەوە هەر بۆ خۆی، نازانم  ڕەنگە نیەتەکەی؟

س. آ: هاوپەیمانی یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانە،

س.ع: ئەو دژی یەكێکیانە نازانم ڕەنگە ئەوە خۆی نیەتەکەی؟

م.آ: جا کورە  لە کوردستانا کەی ئەم دابەشبوونانە خۆ لەهیچ کاتێک دابەشبوونێکی تەندروست نەبوونە، بەرهە حال ئێمە  مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەکەین کە ئەو کەسە دەیڵێت، مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەکەین، کارمان بە نیەتەکانی نییە، چونکە ئێمە ناتوانین ئەو نیەتە  بخوێنیینەوە بەئاسانی.  

بەشی یەکەم لایەنی تیۆری

 

نیەت/ نیاز

پێناسەی ئەم زاراوەیە لە ڕوانگەی زمانەوە لێکدانەوەی جیا لەخۆ دەگرێت،

لە فەرهەنگی فسیۆلۆجیدا بەم شێوەیە پێناسە کراوە: بڕیارێکی هۆشیارانەی پێشوەختە بۆ ئەنجامدانی ڕەفتارێک. لە تاقیکردنەوەکان زۆرجار نیەت هاوتا دەکرێت لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە لەلایەن ئەرکە ڕێنمایی کراوەکان دیاریکراون.  بەشێوەیەکی گشتی، هەر ئاراستەکردنێکی کە تایبەتە بە بیرکردنەوە، یان خودی ڕەفتارەکانی مرۆڤ، جا ئەمە بڕیاردانی هۆشیارانەی تێدابێت، یان نا، مەبەست و نیاز دەگەیەنێت. (https://dictionary.apa.org/intention).

لە فەرهەنگی  (merriam webst) ئینگلیزی بەم شێوەیە پێناسەی نیەت/ نیاز کراوە:

ئەو شتانەیە کە نوێژ، جەماوەر، یان کردەی تەقوا دەگرێتەوە. ئیرادەیەک بۆ مامەڵەکردن بەشێوەیەکی دیارکراو، بڕیاردانیش دەگرێتەوە، پرۆسەیەکە، یان شێوازێکە بۆ چاکبوونەوەی برینەکان. ( webster.com/dictionary/intention   https://www.merriam )                         

لە فەرهەنگی (Cambridge Dictionary) یشدا بەم شێوەیە پێناسەی ئەم زاراوەیە کراوە: شتێک، کە دەتەوێت بیکەیت، یان پلانت هەیە بیکەیت. بۆ نموونە " من هیچ نیازێکم نییە پلانەکانم بگۆڕم بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەودا بگونجێت".

پێش ئەوەی ئەنجامێک هەبێت، کردارێک هەیە و پێش کرداریش مرۆڤ ئیرادەی هەیە و پێش ویستی مرۆڤیش، مرۆڤ نیەتی هەیە. (https://www.embodiedphilosophy.com/the-meaning-of-intention/ ).

لەماڵپەڕی (Vocobulary.com) بەم شێوەیەی خوارەوە نیەت پێناسەکراوە:

 مەبەست ئەو بیرۆکەیە، کە بەرنامەت هەیە، یان نیازت هەیە جێبەجێی بکەیت، ئەگەر مەبەستت شتێک بێت ئەوە واتە نیەتت هەیە. ئامانج، یان ئامانجەکەت مەبەستە، ئەمەش شتێکە، کە دەخوازی بیکەت. ڕەنگە باشترین نیازت هەبێت بۆ لێنانی ژەمێک خواردن کە باوەڕ ناکرێت ئەم کارە بکەیت، ئەگەر تەباغەکە بەکراوەی جێبهێلیت و ماڵەکەت بسووتێت، ئەوە وەکو چێشلێنەرێکی نایاب قەت لەبیرت ناچێتەوە. (https://www.vocabulary.com/dictionary/intention).  

لەفەرهەنگی (معجم عربی) هاتووە: ئاراستەکردنی نەفس بەرەو کار دەگرێتەوە، یان مەبەست، پێویستی دەگرێتەوە. یاخود دەڵێن نیەت بریتییە لە ئیرادە و ئیرادەی دڵ بۆ کردارێک. وەکو (کار/ فعل)یشە و دەڵێن: نیەت ئەوە دەگرێتەوە "کە کەسێک مەبەستی بووە و بڕیاری لەبارەی کردەیەک داوە، کردارەکان بە نیەت حووکم دەدرێن. بۆ نموونە کەسێک مەبەستی چاکە بوو، ئامانجی بوو پێی گەیشت".  (https://www.almaany.com/ar/dict/ar-ar/%D9%86%D9%8A%D8%A9/).

پێناسەی  نیەت/ نیاز لای هەندێک لە توێژەرانی عەرەب بەم شێوەیە ئاماژەی پێکراوە و نیەتیان وابەستە بە حیکمەت کردووە و دابەشی سەر سێ بواریان کردوە:

یەکەم: جیاکردنەوەی عیبادەت و خوو. عیبادەت بۆ خوای گەورەیە، بەڵام مەرج نییە خوو وابێت. بۆ نموونە شووشتن و پاکبوونەوە وەکو پەرستنێک جیاوازە، لەوەی وەکو خووێک بیەوێت خۆی پاکوخاوێن بشوات.

دووەم: جیاکردنەوەی ئاستەکانی عیبادەت. ئەمەش جیاوازی لەنێوان نوێژی سوونەت و زیادە نوێژ دەردەخات. وەکو چۆن جیاوازی لەنێوان مونافقین و ئیماندار دەکات.

سێیەم:  جیاکردنەوەی ئامانجی کردارەکە. لێرەدا جیاوازی لەنێوان نیەت و دڵسۆزی دەکرێت. نیەت لە دڵسۆزی فراوانترە، دڵسۆزیش کاکلی کردارەکەیە.

https://www.alukah.net/sharia/0/141293/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%

لەم پێناسانە دەگەینە ئەوەی کە (نیەت) بەستراوەتەوە بە مەبەست و نیاز و بەرنامە و بیرۆکەی ئەو کردارانەی مرۆڤ دەیەوێت ئەنجامی بدات. بەشێوەیەکی دیکە فەرهەنگەکان ئەوەیان وا پێناسە کردووە، کە کردار بێ نیەت نییە. پتر لەوەش ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئیرادەیەک بۆ مامەڵەکردن بەشێوەیەکی دیارکراو، بڕیاردانیش دەگرێتەوە. لەتەک ئەوەشدا پێناسەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن ڕەفتاری مرۆڤەکانیش دەگرێتەوە، ئەمە سەرچاوەکەی کردارێکی هوشیاریانە بێت، یاخود نا. لە دیماهیدا سەرچاوەی گوتار و گوتن و ڕەفتارەکانی مرۆڤ نیەتە (مەبەست و نیازە).

 

گوتار

بەکورتی و پوختی ئاماژە بەهەندێک پێناسەی گوتار دەکەم، کە بیرۆکەی باسکردن و بەکارهێنانی گوتارمان لا ڕوونتر دەکاتەوە. (فردیناند دی سوسیر) ئاماژە بە پەیوەندی نێوان زمان و گوتار لەسەر بنەما سەرەکییەکانی زمانەوانی بۆ جیاکردنەوەی هێما و هێمابۆکراو دەکات. زمان وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و قسەکردنیش وەکو دیاردەیەکی کەسی ئەنجام دەدرێت و بۆیە (سوسێر) پێی وایە "گوتار یەکسانە بە قسەکردن". (دێڤید کریستال)یش لەبارەی گوتار پێی وایە زمانی قسەکردن گەورەتر و فراوانترە لە ڕستە. (فێرکلاف)یش پێی وایە گوتار بەکارهێنانی زمانە وەکو بابەتێکی کۆمەڵایەتی. (ڤان دایکی)یش دەیبەستێتەوە بە چەند لایەنێک لەوانە: ١- زمان بەکارهێنان. ٢- دامەزراندنی پێوەندی لەنێوان باوەڕەکاندا لە ڕووداوێکی گەیاندندا. ٣-  کارلێککردن لەبارێکی کۆمەڵایەتی تایبەتدا. (هاریس)یش کە پێی وایە گوتار ڕستەیە و لەیەکەیەکی زمانی پێکدێت، لەشیکردنەوەی گوتاردا بایەخ بە لایەنی ڕێزمانی گوتار دەدات.

ئەمە پەیوەندی بەبواری فەلسەفەشەوە هەیە، ئەوانەی بیریان لەو کردەوە کردەی گوتار چۆن شی بکرێتەوە و ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان لۆژیک و زمان و (پاساو) یان لۆژیکی پاساو لەلایەک و کاریگەری گوتاری بیستراویش کرد. (ئۆستن و سێرل) لە شەستەکانی سەدەی رابردوو لەڕوانگەی شیکردنەوەی لۆژیکی گوتار باسی تیۆری کردە قسەیان کرد. (بانفێست)یش مەسەلەکە وابەستەی قسەکردن دەکات و پێی وایە پێویستە لەچوارچێوەی دوورییە بەرفرەکەدا سەیری گوتار بکرێت، یان قسەکردن/ گوتن بوونی قسەکەر و گوێر دەچەسپێنێت، یەکەم نیەتی ئەوەی هەیە بەشێوەیەک لەشێوەکان کاریگەری لەسەر دووەم دروست بکات. (فۆکۆ)ش لەمە بۆچوونەکان چڕ دەکاتەوە، کە بەکارهێنانی قسەکردن چاکتر ڕۆڵی گوتار دەردەخات. گوتار ژمارەیەک قسەی گوتراوە و دەچنە سەر هەمان پێکهاتەی گوتار و یەکەیەکی ڕەوانبێژی و وێناکردن نین، بەڵکو دەتوانرێت بەشێوەیەکی بێ کۆتایی دووبارە بکرێنەوە. بۆیە وای لێکداتەوە کە "گوتار و ڕەوشت، گوتاری چاکە و خراپە لەبەکارهێنان و دەرخستنی مەبەستەکان دەردەکەوێت ئەمانەش پەیوەستن بە هەلسوکەوت و کاردانەوە و بؤچوونەکان. (غازی حەسەن، گوتاری سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا شیکردنەوەی پراگماتیکی، خانەی موکریانی، هەولێر، ٢٠٢٢   ، ١١-١٢)

واتە دەتوانین لەڕێگەی شیکردنەوەی زمانەوانی و پێکهاتەی گوتار لەڕێگەی قسەکردنی ئاخێوەرەکان (نەیەت و مەبەست و پەیام ئاشکراو و شاراوەکان) لێک بدرێنەوە. ئەمەش هەندێک قووڵتر دەڕۆن و دەیبەستنەوە بە ڕەفتار و ڕەوشت و کاردانەوە و بؤچوونەکان و نیەتی قسەکەرەوە. لەبەر ئەوە شیکردنەوەی گوتار ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ دروست دەکات، لە لایەنە نادیارە ناڕاستەوخۆکانیش بگەین.  

 

ئایدۆلۆژیا و پاساو

دەپرسم ئایا ئاخاوتنە سیاسییەکان، کە لە ئایدیۆلۆژیا جیا بکرێتەوە چی لێ دەمێنێتەوە؟ بەهۆی دابەشبوونی سیاسی، ئایدیۆلۆژیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نێوەڕۆک و شێوە و شێواز و مەبەستی ئاخاوتن و خودی گوتارەکەش دەبێت. بۆیە هەر کاتێک ئاخێوەر بیەوێت پاساوێکی لۆژیکی بهێنێتەوە، بەر لەزاڵبوونی ئایدیۆلۆژیای سیاسی، ئەگەر هەموو پاساوەکەش نەبێت، بەشێک لەبنەما بنەڕەتییەکانی کردەی پاساوەکە لەدەست دەدات.

نموونەیەکی واقیعی بڕاوپێهێنەر لە پاساو پێشکەش دەکرێت، ئەمەش بەزۆری شێوەی حیکایەت و کورتە چیرۆکی دەبێت و قسەکەر بیرۆکە گشتییەکانی خۆی پێ ڕوون دەکاتەوە، یان وای لێ دەکات بەرگرییەکی گونجاو بێت. (تون.آ. فان دایک، الایدیولوجیا والخطاب مقدمة متعددة التخصصات، ترجمة سعید بکار، لحسن بوتکلای، المرکز العربیبیروت، طبعة الاولی، ٢٠٢٣، ٩٦).

(ڤان دایک) ئەوەمان بۆ ساخ دەکاتەوە، کە گوتار و ئایدیۆلۆژیا کار لەیەکتر دەکەن و ئایدیۆلۆژیا کاریگەری لەسەر گوتنەکان و چۆنیەتی گوتنیان دەبێت. (هەمان سەرچاوە، ١٢٢).

 بەشێکی زۆری گوتارە سیاسییە فەرمییەکان لەپێناو شاردنەوەی نیەتە بنەڕەتییەکانیان، پەنا وەبەر پاساو، یان پاساوێکی ئایدیۆلۆژی دەبەن. ئەم پاساوانە بەشێوەیەک دەردەکەون، کە دەیانەوێت شەرعیەت بە نیەتە بنەڕەتییەکە (ئاشکرا/ یان نائاشکرا بدەن.

بەشی دووەم : شیکردنەوەی دەق

لەم گوتارە ڕۆژنامەوانییەی وەکو گفتوگۆیەکی کەناڵی (ڕووداو) لەنێوان پێشکەشکار (سەنگەر عەبدولڕەحمان) و مێوانی بەرنامە (د. موسەننا ئەمین) لەبارەی دۆخی سیاسی و باسکردنی کۆبوونەوەیەک لە ماڵی (رەیان کلدانی) بڵاوکرایەوە، ئاماژە بە بەشداری (یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەڵوێست) لەکۆبوونەوەکە دەکرێت، لێرەدا وەکو دەقێک شیکاری گوتاری گفتوگۆیە ڕۆژنامەنووسییەکە دەکەین.

س. ع: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە کوردستانەوە ڕەخنەی زۆرتان لێگیرا، لایەنی کەم لەلایەن کادر و لایەنگرانی پارتییەوە؟

م. آ: ئەوەیان دەقیقترە بڵێی...

س.ع: لەماڵی بەڕێز ڕەیان کلدانی کۆبوونەوەیەکتان هەبوو، یانی سی کورسی چۆتە  لای یەکێک، کە سێ کورسی هەیە، جارێ پێم خۆشە بزانم کۆبوونەوەکە لەسەر چی بوو، وە ڕات چییە لەسەر ئەو ڕەخنانەی لێتان دەگیرێت؟  

م. آ: ئەو ڕەخنانە هیچ مەنتق و شتێکی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە بچین کەسێک دەعوتت بکات، کورسییەکی هەیە، دووانی هەیە،  سیانی هەیە، سی هەیە، دەرەنجام هێزێکی سیاسییە بانگت دەکات بۆچی؟ خۆ ئێمە نەچووین بۆ پیلانگێڕی دژی خەڵکی نیشتمانی خۆمان. بانگی کردووین بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک بکەین. وەڵاممان یاوەتەوە و گفتوگۆیەکمان کردووە.

پێشکەشکار: ئاماژە بە (ڕەخنە لە کوردستانەوە) لە (چەند ڕۆژی ڕابردوو) لەلایەن (کادیر و لایەنگرانی پارتی) دەکات، (زانیارییەکان ئارستەی میوانەکە ئەو/ موسەننا ئەمین) کراوە. (لەماڵی بەڕێز رەیان کلدانی)، (سی کورسی چۆتە لای یەکێک تەنیا سێ کورسی هەیە)، (پێم خۆشە بزانم)، (کۆبوونەوەکە لەسەر چی بوو)، (ڕات لەسەر ئەو ڕەخنانەی لێت دەگیرێت). ئەمانە کۆدەکانی نێو پرسیارەکەیە. جۆرێک لە (بەد نیشاندانی شتەکانی تێدایە).

گوتارەکە لەدوو بەش پێکدێت، بەشێکی بریتییە لە گوتاری پێشکەشکاری بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکە و ئەوی دیکەش بەشی دووەمی گوتارەکەیە گوتن و قسەکانی میوانەکەیە. هەر یەکەیان دەیەوێت شتێک بە ئەوی دیکە بڵێت و بسەلمێنێت و ساخ بکاتەوە، لەهەمان کاتدا زۆر شتیش بە گوێگر و بینەری کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکە بڵێن.

لەشێوەی پرسیاردا لەیەکەم ئاخاوتندا (نۆ بابەتی) جیاواز و لەهەمان کاتدا بەیکەوەستراوی بەکارهێناوە. لەنێو هەر بابەتێکیشدا کە لەنێو یەک پرسیار هەن، چەندین کەرەستە و شت بەکارهێنراوە وەکو (ڕەخنە)، (کوردستان)، (چەند، ڕۆژ)، (ڕابردوو)، (کادیر)، (لایەنگرانی)، (پارتی)، (تۆ)، (د. موسەنا ئەمین)، (ماڵی)، (بەڕێز)، (ڕەیان کلدانی)، (سی کورسی)، (سێ کورسی)، (لای یەکێک)، (هەیە)، (پێـخۆشە)، (بزانم)، (کۆبوونەوەکە)، (لەسەر چی بوو)، (ڕاست)، (لەسەر) (ئەو)، (ڕەخنانەی) (لێت) دەگیرێت)، (چییە). بەم شێوەیە ڕستەکان دەکرێت دابەشبکرێن و پۆلێن بکرێن بۆ سەر چەندین کەرەستەی وردتر و بچووکتر. ڕستەیەک لەنێو گوتارەکە لەچەندین کەرەستەی بچووک، بچووک پێکهاتووە. هەر یەکێکیش لەم کەرەستانە لەڕووی مانا و مەبەست و پەیام و زانیاری و ئەرک ئەرکێکی جیاوازی ڕاپەڕاندووە و نیەت و مەبەستێکی جیاواز، یان تەواوکاری یەکتر لە گوتندا بەپێی دەوروبەرەکەی پێک دەهێنن. بەشەکانی دیکەی گوتارەکە دەکرێت بەهەمان شێوە دابەش بکرێت و لێکجیا بکرێنەوە.

پێشکەشکار نیەتی لە گوتنەکەی ئەوەیە بە وەرگر و بینەرەکانی بڵێت (من میوانێکم هەیە، بەهۆی کردارێک و کۆبوونەوەیەک ڕەخنەی لەلایەن لایەنگرانی پارتییەوە لێگیراوە)، زانیاریمان هەیە لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە لە ماڵی (ڕەیان کلدانی) کۆبوونەتەوە. ئەو نیشانی دەدات (زانیارییان لەسەر کۆبوونەوەکە هەر هێندەیە، بەڵام نازانن لەکۆبوونەوەکە باسی چیان کردووە، لە نیەتی گوتنەکەدا دەردەکەوێت شتی دیکە باسکراوە، بەڵام ئەو نایزانێت، یان دەیزانێت و دەیەوێت میوانەکەی باسی بکات). دەیەوێت بە بینەرەکانی بڵێت: ئاگاداربن، ئەم کۆبوونەوەیە شتی نهێنی تێدا بووە، هێشتا نازانرێت باسی چی کراوە، بەپێی ئاوازی گوتن و جووڵەی پێشکەشکار کۆبوونەوەکە جێگەی گومانە!. ئەم نیەتە لە گوتنەکانی پێشکەشکارەکەدا ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵام لە گوێگرتن و لێکدانەوەی قسە گوتراوەکاندا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە نیەتی لە پرسیارەکان ئەو (گومان و گریمانە)ەیە، کە لەبارەی کۆبوونەوەکە دروست بووە، نیەتی ڕەخنەکانیش هەر ئەو (گومانەیە)، یان (گومان خستنە سەر کۆبوونەوەکەیە). مەبەستم ئەوەیە وەرگری گوتارەکە بەپێی دەوروبەری گوتن و ئاخاوتنەوەکە و ئەو زانیاریانەی هەیەتی، یان ئەو هەست و نەست و ئاوازەی لە گوتنەکەدا بەدی دەکرێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان نیەتێک، یان پتر لە نیەتیك لە قسەکانی نیشان بدرێت.

میوان / د. موسەننا ئەمین:  (ئەمە دەقیقترە)، (ڕەخنەکان هیچ مەنیق و شتێکی تێدا نییە)، (دەعوەت بووین)، (کەسێک کورسییەک، دوو، سێی هەبێت، دەرەنجام هێزێکی سیاسی بانگت دەکات)، (خۆ ئێمە نەچووین بۆ پیلانگێڕی)، (دژی خەڵکی نیشتمانی خۆمان)، (بانگی کردووین بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین)، (وەڵاممان یاوەتەوە) و (گفتوگۆیەکمان کردووە).  

میوانەکەش لە چوارچێوەی قسەکانی بە ناڕاستەوخۆ گەڕانەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای (ڕەتکردنەوەی گومان و تۆمەت)، لە گوتارەکەیدا دەیەوێت لەگێڕانەوەی چیرۆکی بەسەرهاتەکە، پاساوی ئەوە بهێنێتەوە کە (کۆبوونەوەکەیان پیلانگێری) نەبووە.  بەکارهێنانی وشەی (پیلانگێڕی) کە پێشکەشکار بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی پێ نەکردووە، ئەوە دەسەلمێنێت ئایدیۆلۆژیای گومان و ململانێی حزبایەتی و کۆبوونەوەکە لەماڵی کەسێک کە (جێگەی گومانی پارتیی و ڕەنگە خودی پێشکەشکارەکەش بێت) ئاماژە بە (نیەتی شاراوە و نادیاری پێشکەشکار دەکات)، واتە (د. موسەننا ئەمین) ناڕاستەوخۆ  (نیەتی ئاماژە پێ نەکراوی پێشکەشکار ئاشکرا دەکات و شی دەکاتەوە و بۆچوونی خۆشی بەرانبەر نیەتە نەگوتراوەکەی پێشکەشکار ئاشکرا دەکات و ڕەتی دەکاتەوە).

گومان/ یەکسانە بە بەد و خراپ و پێشوازی لێ نەکراوە و پاساویشە بۆ نیشاندانی نیەتێکی باش و کۆبوونەوەیەکی باش.

نەچووین/ هاوتایە لەگەڵ بەد و خراپ و پێشوازی لێ نەکراو.

لێرەدا مەبەستم ئەوەیە میوانەکە (گومانی بەد و خراپی ئەو/ پێشکەشکارەکە بە پاساوێکی سیاسی دەگۆڕێت بۆ نیشاندانی نیەتێکی باشی خودی خۆی واتە / من). لێرەدا (بەدباشی من) دەگۆڕێت بۆ (باشبەدی ئەو).

(ڕەخنەکان بە نامەنتقی و هیچ شتێک تێدا نییە) وەسف دەکات، بەم وەسفە پاساوێکی بەهێز دەهێنێتەوە، کە ڕەخنەکان (هیج) نین، جێگەی (بایەخ نین) و (مەنتقیترە بە ڕەخنەی پارتی وەسف بکرێت). لەم گوتنەدا گوتارەکە دەپەرێتەوە بۆ نمایشی نیەتی قسەکەرەکە، بەوەی ئەو متمانەی بەخۆی هەیە و ڕەخنەکان لەئاستی گومان و وەڵامدانەوە نین و تایبەتە بە لایەنێکی سیاسی (پارتی). (نیەتی) وایە ڕەخنەکان بە ئایدیۆلۆژی حزبێکی سیاسی ببەستێتەوە و نیەتیش لەم بەیەک بەستنەوەیە پاساوهێنانەوەیە بۆ بەهێزکردن و باشکردنی پێغەی خودی خۆی و ئایدیۆلۆژیا و حزبەکانیان.

لە وەڵامدا (د. موسەننا ئەمین) بەشێوەیەکی هێمن وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە و :

یەکەم: ژمارەی کورسییەکان پێوانە نین بۆ شەرعیەت دان بە گومان لەکۆبوونەوەکە، بەڵکو دەرەنجام خاوەنی کۆبوونەوەکە هێزێکی سیاسییە. ئەمەش ئەوەمان بیر دەخاتەوە شەرعیەت بە ڕێژەی کورسی و هێز نییە. واتا پاساوێک دەهێنێتەوە کە (باشبەدی ئەو) پیادە دەکات. (سی) لێرەدا کە زۆرترە لە (سێی ڕەیان کلدانی) باشتر نییە لەو ژمارە کەمەی کۆبوونەوەکەی ئەنجام داوە. ئێمە دەزانین (سێ خراپترە لە سێ) بەپێی لۆژیکی پێوانە و هێز و زۆری ژمارەکە. کەچی میوانەکە پاساوی "هێزێکی سیاسییە" بەکار دەهێنێت و (باشی زۆرینە) دەگۆڕێت بۆ (بەدی کەمینە).  

لەلێکدانەوەی مانای ئەم دەربڕین و گوتنە (نیەتی قسەکەر) بەناڕاستەوخۆ ئاشکرا دەبێت، کە پرسیاری پێشکەشکار هەڵگری گومانە، بێ ئەوەی هیچ یەکێکیان ئاماژە بە نیەتی گومانکردن بکەن، بەڵام یەکەمیان گومان دروست دەکات و دووەمیش گومان ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش بەپاساوی (باشبەدی و بەدباشکردن) ئەنجام دراوە.

دووەم: پیلانگێری دژی خەڵکی نیشتمانی خۆمان نین. لەم دەربڕینە ئاشکرا دەبێت، کە کەسانێک، یان ڕەخنەگران دەبێت بەشداربووەکانیان بە (پیلانگێڕ و دژ بوون) تۆمەتبار کردبێت. واتە نیەتی وەڵامەکە ڕەتکردنەوەی ئەو گومان و شتانەیە، کە جۆرێک لە تۆمەتبارکردنی تێدا بووە.

سێیەم: بانگکراون بۆ گفتوگۆ. لێرەدا ئاشکرای دەکات (نیەتیان) گفتوگۆ بووە، نەک (بڕیار) و (حووکم). ئەم گوتنەش بۆ چەند مەبەستێک بەکارهێنراوە (دڵنیایی بداتە بینەران و ڕەخنەگران و خودی پێشکەشکارەکەش). کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ ئاخاوتن و قسەکردن بووە نەک بڕیار و شتی دیکە. زانیارییەکی ڕاستگۆیانە دەبێژێت، دەربارەی گفتوگۆ نەک شتی دیکە. میوانەکە هێزی وشە بەکاردەهێنیت، گوتنەکە وەکو پاساوێکی لۆژیکیی دەربکەوێت و  کۆبوونەوەکە نەکرێتە جێگەی هیچ گومانێک، سەرنج لەسەر ئەوە چڕ دەکاتەوە کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ گفتوگۆ بووە.

لەشیکردنەوەی کردە قسەیی دەتوانین گوتنەکان بەشێوەیەک لێک بدەینەوە کاتێک قسەکەر ئاماژە بەشتێک دەکات، چەند مەبەستێکی دیکەی نادیاری هەبێت. بۆ نموونە کە دەڵێت: (پاشای بەریتانیا کەچەڵە)، واتە (بەریتانیا پاشایەکی هەیە). بڕوانە (اوستن، نظریة  افعال الکلام، ترجمة عبدالقدر قیتنی،  افریقیا الشرق،  بیروت، لوبنان، ١٩٩١). لێرەشدا کە میوانەکە دەبێژێت "پیلانگێریی نەبوو" واتە (لێرەدا کردە و ئایدیۆلۆژیای پیلانگێڕێ) هەیە. گاڤێک قسەکەر دەبێژێت (گفتوگۆ کراوە) واتە (بابەتێک ‌هەبووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە بابەتەکە بکات، قسەی لەبارەوە کراوە). ئەمەش پاساوێکی بەهێز نییە، چونکە (گفتوگۆ لەبارەی شتێک دەکرێت، نەک هیچ شتێک گفتوگۆی لەبارە کرابێت). میوانەکە (گومانی بەدی پێشکەشکار و لایەنگرانی پارتی) دەگۆڕێت بۆ (نیەتێکی باشی خۆی و لایەنە بەشداربووەکان). میوانەکە بەدنیازیی دەگۆڕێت بۆ باشنیازی خودی خۆی و ئەو چەند لایەنەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. ناتوانم بڵێم لەمە سەرکەوتوو بووە، چونکە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەی وەکو بەڵگە نیشانی بینەران و وەرگرانی گوتارەکەی نەدا.    

چوارەم: وەڵاممان یاوەتەوە. لێرەدا کردەی (ڕازیبوون، ڕێککەوتن، بەشداری، حووکم، بڕیار) بەدی دەکرێت.

پێنجەم: گفتوگۆمان کردووە. بۆ جاری دووەم لەدوای یەکدا وەکو پاساوێک و کردەی جەختکردنەوە و کردەی دڵنیابوون و ڕوونکردنەوە گوزارشتی (گفتوگۆمان کردووە) بەکار دەهێنێتەوە. ئەمە ئەوە نیشان دەدات قسەکەر، کە لەم گوتارەدا (د. موسەننا ئەمین)ە دەیەوێت بینەران و بەکارهێنەرانی خودی گوتارە دڵنیا بکاتەوە، کە لە (گفتوگۆ) زیاتر هیچ شتێکی دیکە لەم کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدراوە. ئەمە لە ڕاستیدا پشتڕاستکردنەوەی ئەو پاساوەیە بۆ ئەوەی کردەی سەلماندن ئەنجام بدات و دڵنیایی لای وەرگرەکان دروست بکات.

مەرج نییە هەواڵ لەسر بنەمای ڕاستی و ڕاستگۆیی بینابکرێت، بەپێچەوانەوە سروشتییە هەواڵ درۆ و دوورکەوتنەوە لەڕاستی تێدا بێت. بەشێک لەم گفتوگۆیە ڕۆژنامەنووسییە، پەیڕوەی بنەماکانی هەواڵی تێدایە، بۆیە ناتوانین ڕاستی و درۆ ساخ بکەینەوە.  

 

ئەرکی پێشکەشکاری وریا

پێشکەشکاری وریا بەردەوام لەڕێگەی ورووژاندن و گومان و بەدواداچوون و ئابلووقەدانی میوانەکەی دەپرسێت: لێرەدا دەڵێت:  "گفتوگۆیەکە لەسەر چی بووە؟" و "بۆچی لەم تەوقیتە هەمووتانی بانگ کردبوو؟".  (بابەت و هەمووتان و ئەم کاتە) لێرەدا وەکو سێ کەرەستەی گفتوگۆکە کاری پێکراوە.  

گوتار پشت بە گفتوگۆ دەبەستێت، ئەم گوتارە بریتییە لە گفتوگۆ، نەک دروستکردنی گفتوگۆ، پێشکەشکار لەپێناو ئاشکراکردنی (نیەتی کۆبوونەوەکە) لەڕێگەی (بۆ ئەم تەوقیتە، بۆ هەمووتان، گفتوگۆکە لەسەر چی بوو؟) دەورووژینێت. کات ئەرک و ڕۆڵێکی گرنگ لە دەق دەبینێت، ئینجا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر گومان لە بەشداری (هەمووان!!) بەیەکەوە. بۆیە دەپرسێت وەڵامی ئەوم بدەوە (گفتوگۆکەتان لەسەر چی بوو).  واتە قسەکەر بابەتی گفتوگۆکەی ئاشکرا نەکردووە، ئەم ئاشکرا نەکردنە بەناڕاستەوخۆی (نهێنی) بوونی بابەتی کۆبوونەوەکە نیشان دەدات، یان پرسیارەکان پاساوێک لەپێناو نیشاندانی نیەتێک بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی قسەکەر نیەت و نیازی بوونی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات. لەکاتێکدا ئێمە لەشیکردنەوەی هەواڵ لەنێو گوتار بڕوامان بەوە هەیە (هەواڵ دەکرێت ڕاست، یان درۆ بێت).  واتە لەنێو هەواڵدا هەردوو رەگەز ئاساییە، یان ڕوونتر بڵێین هەواڵ دەکرێت پشت بە درۆ ببەستێت، یان ڕاستی.

میوانەکەش بەم جۆرە دەڵێت:  خاڵێکی تر... پێشکەشکار قسەکەی پێ دەبڕێت و دەپرسێت: بۆچی بانگی کردبوون؟ 

میوانەکە ئەمجارە جددیتر لە وەڵامەکانی پێشووی، دەڵێت: "بێگومان، هەموو هێزە سیاسییەکان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکتر ناکەن مەگەر،  بابەتەکەیان چییە؟ بابەتەکەیان پێکهێنانی حکوومەتە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، یەکخستنی جهودەکانە. ئەو بەڕێزەی باسی دەکەی نزیکە لە کاک بافڵ و برادەرانی یەکێتی. ئێمەش کە ڕۆیشتین وامان دەزانی برادەرانی یەكێتی لەێ نین، وامان دەزانی ڕای ئێمە، ئەم دە کورسییە وەردەگرێت، بەهیچ کامێکمانی نەگوتبوو، بەمنی نەگوتبوو، کاک ڕێبواریش گوتی بەمنی نەگوتووە، یانی برادەرانی یەکێتی، ئێمە نەچووین گەلەکۆمەکی لەهیچ کەسێک بکەین، با بەکوردییەکەی بیڵێم. بەڵام برادەرانی یەكێتی لەوێ بوون، گفتوگۆیەکەش چییە؟ هەر ئەوەبوو چۆن جوهدەکان ڕێکخرێن بۆ ئەو قۆناغە ڕاگوزەرەی، کە مەترسییە بۆ سەر عێراق، تێپەڕێ و سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێ. سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێ، حکوومەت پێکبهێرنێ".  

 

بابەتی پاساوەکانی نێو ئەم گوتارە

قسەکەر لە پێداگرتنی پێشکەشکار لەسەر ئەوەی چ بابەتێکیان باسکردووە، بەم شێوەیە بابەتەکان ئاماژە پێ دەکات، کە هەندێک لە بابەتەکان پاساون، هەندێکیش بابەتە سەرەکییە باسکراوەکانن، وەکو:

یەکەم: مەگەر حزبە سیاسییەکان کۆبوونەوە ناکەن. (ئەمە پاساوێکی ناڕاستەوخۆیە، کە ئاسایی و سروشتییە ئەگەر ئێمە وەکو حزبی سیاسی کۆبوونەوە بکەین). لێرەدا پاساوەکە گەڕانە بەدوای دروستکردنی شەرعیەت بۆ کۆبوونەوەکە. واتە (بوونی حزبەکان لەکۆبوونەوەکە، یان خودی کۆبوونەوەکە لای پێشکەشکار بەدە و خراپە، بەڵام بەپێی پاساوی سیاسی میوانەکە، باشە و چاکە). ئەمەش کردەی گۆڕینی بەدە بۆ باش.

دووەم: بابەتەکەیان پێکهێنانی حکوومەتە، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، یەکخستنی جهودەکانە. (ئەمە ئاماژەیە بە هەقیقەتی بابەتەکە). (دواکەوتنی ئەمانە بەد و خراپە)، لای قسەکەر دەگۆڕدرێت بۆ (بابەتێکی باش، کە لە پێناو چاککردنی دۆخەکە کۆبوونەوەتە). واتە (کۆبوونەوەیەکی خراپ، گوماناوی بەپێی تێڕوانینی پێشکەشکار) دەگۆڕێت بۆ کۆبوونەوەیەکی (باش و پێشوازی لێکراو بەپێی تێڕوانینی میوانەکە).

سێیەم: ئەو بەرێزەی باسی دەکەی نزیکە لە کاک بافڵ و برادەرانی یەکێتی. (ئەمە پاساوە، بۆ ئەوەی بڵێت هەر ئێمە نەبووین، بۆچی گومان دەکەی، ئەگەر گومانتان هەیە، گومانەکەتان یەکێتی و بافلیش دەگرێتەوە)، یان دەیەوێت لەڕێگەی بەکارهێنانی پاساوی بوونی یەکێتی لە کۆبوونەوەکە، گومان لەسەر خۆیان کەم بکاتەوە. ئەمەش دیسان (گۆڕینی بەدباشی ئەوانە بۆ باشبەدی خۆیان).

چوارەم: ئێمەش کە ڕۆیشتین وامان دەزانی برادەرانی یەكێتی لەێ نین، وامان دەزانی ڕای ئێمە، ئەم دە کورسییە وەردەگرێت، بەهیچ کامێکمانی نەگوتبوو، بەمنی نەگوتبوو، کاک ڕێبواریش گوتی بەمنی نەگوتووە، یانی برادەرانی یەکێتی. (ئەم پاساوە پەیوەندی بە گێڕانەوەی حیکایەتێکی دیکەوە هەیە، کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای پاساوهێنانەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان "بێ ئاگابوون لە بوونی یەکێتی لە ماڵەکە". لەڕاستیدا ئەمە پاساوێکی ئایدیۆلۆژییە لەنێو گوتارەکە. ئەگەر نا هەر کەسێک و لایەنێک لەم کۆبوونەوە بووبێت، هیچ لە (نیەت و شێواز و فۆرم و مەبەستی گفتوگۆکانی نێو کۆبوونەوەکە) ناگۆڕێت و نەیگۆڕێوە. قسەکەر ناڵێت (فێڵمان لێکراوە)، بەڵام وەرگر و بینەری گوتارەکە دەتوانێت بڵێت بەپێی نیەتی ئەم ئاخاوتن و زانیارییەی ئاماژەی پێ دەکات (فێڵیان لێکراوە)، (ئەمانە هەر سێ لایەن یەکگرتوو، کۆمەڵ، هەڵوێست) بەپێی گێڕانەوەی چیرۆکی چۆنیەتی چوونە کۆبوونەوەکە و نەبوونی زانیاری لەبارەی کێ و چ لایەنێک دەعوەتی کۆبوونەوەکە کراون، (فێڵیان لێکراوە). ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێت ئەمانە فێڵیان لێ ناکرێت و لێ نەکراوە، ئەوە نیەتی پاساوەکەی ڕاستگۆیانە نییە. بەرانبەر فیڵ لێکردنەکەش هیچ کاردانەوەیەکیان پیشان نەداوە. (کاردانەوە بە مانای ڕەتکردنەوە لەم کۆبوونەوە بەکار نەهێنراوە، کە تەپکەیان بۆ دانرابێتەوە).

 تەنیا پاساوێک و زانیارییەکی بەکارهێنراو بەدی دەکرێت، کە "کاک ڕێبواریش ئاگادار نەبووە". ئەمەش لە ڕاستیدا پاساوێکی لاواز و نالۆژیکی و گومانهەڵگرە. دواتر خودی قسەکەر بە دەربڕێنێکی چاوەڕوان نەکراو بە پێشکەشکارەکە دەڵێت "قابیلە من درۆ بکەم"، کە پێشکەشکار بەهیچ شێوەیەک پرسیارەکانی بەم ئاراستە و فۆرمە نییە بەمیوانەکەی بڵێت (شتەکانی تۆ ڕاست نین!!). بەڵام (د. موسەنا ئەمین) وەکو شارەزایەکی بواری زمان و گوتار و ئاخاوتن زیرەکانە گومان لەگومانی نێو پرسیارەکان دروست  دەکات و بە پێشکەشکار دەڵێت "من درۆ ناکەم، من ڕاستگۆم". ئەم جۆرە ئاخاوتنە لەکردەوەدا نیشانی دەدات هەندێک (شتی ناڕاست و جێگەی گومان و بڕواپێ نەکراو) لەنێو وەڵام و ئاخاوتن و گێڕانەوەی زانیارییەکاندا بەرجەستەیە.

پێنجەم: ئێمە نەچووین گەلەکۆمەکی لەهیچ کەسێک بکەین. (ئەم دەربڕینە جارێکی دیکە، خودی قسەکەری گوتارەکە دەخاتە نێو گێژاوێکی سەختی پاساوی سیاسی. (گەلە کۆمەکی بەد و خراپە) و میوانەکە لەڕێگەی گوتنی (نەچووین) دەیەوێت ئەم (بەدباشیە) بگۆرێت، بۆ بەشدارییەکی پێشوازی لێکراوی خۆیان) لەکاتێکدا ڕەخنەی لایەنگرانی پارتی بە لە (باشێ) دەگؤڕێت بۆ (خراپ و نامەنتیقی). لەهەمان کاتدا ئاماژە بە (نەبوونی گەلەکۆمەکی)، بەکردەوە نیشانی دەدات نیەت و نیازی (گەلەکۆمەکی) لەنێو کردەی سیاسی و لەنێو بیری لایەنەکان لەم سەردەمەدا هەیە و باوە.  

شەشەم: با بەکوردییەکەی بیڵێم. بەڵام برادەرانی یەكێتی لەوێ بوون، گفتوگۆیەکەش چییە؟ هەر ئەوەبوو چۆن جوهدەکان ڕێکخرێن بۆ ئەو قۆناغە ڕاگوزەرەی کە مەترسییە بۆ سەر عێراق، تێپەڕێ و سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێ. سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێ، حکوومەت پێکبهێنرێ. (بەشێوازێکی کوردانە و بەکوردییەکی ڕەوان دەگەڕێتەوە سەر بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە و هەندێک ڕوونتر خەمی ئەم لایەنانە بۆ قۆناغی ڕاگوزەری مەترسیداری عێراق دەردەبڕێت). لەم گوتنەدا ڕاستگۆیانە و ڕاستەوخۆ ئاماژە بە بابەتەکە دەکات.

وەکو (فۆکۆ) بڕوای وایە، کە "گوتار ئامراز نییە بەدەست دەسەڵاتەوە، هەروەها ڕەندانەوەی ئەویش نییە، بەڵکو لەنێو خودی خۆیدا دەسەڵات پێک دەهێنێت. گوتار دابەشی سەر مەقبووڵ و ڕەتکراوە نابێت، گوتار دابەشی سەر مەعریفە و دەسەڵات دەبێت". (الزواوی بغورە، بین اللغة والخطاب والمجتمع: مقاربة فلسفیة اجتماعیة،  http://insaniyat.rvues.org/86643).

واتە گوتار خۆی دەسەڵات و مەعریفەیە، ئێمە ناتوانین لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوە، یان پێشوازییەکی ڕەها شتەکان وەرگرین بک، گوتار دەتوانێت کاریگەریی لەسر بەکارهێنەران دروست بکات، بۆیە زۆر گرنگە لە ئاخاوتن و گوتندا ڕەچاوی توانا و ژینگە و دەوروبەری بەکارهێنەرانی گوتارەکە بکرێت. وەرگرەکان دەتوانن (نیەت و گوتن)، (مەبەست و نیاز و  خواستی دیار و نادیار) بدۆزنەوە و لێکی بدنەوە و بڕیاری لەبارەوە بدەن.

دڵنیام ئەوانەی خاوەنی گوتاری فەرمین بیر لە توانستی مەرعریفی دەکەنەوە بۆ چۆنیەتی گوتن و نیشاندانی نیەت و مەبەستەکانیان. گوتار دەتوانێت چەندین ئەرک و کردەیەک ڕاپەڕێنێت. گوتاری سیاسی نەتەوەیی، دیموکراسی، ئیسلامی، کۆمەڵایەتی پشت بە مەعریفە دەبەستێت. گوتار و گوتنەکانی (د. موسەننا ئەمین)یش دابەشی سەر مەعریفە و دەسەڵات بووە. لێرەدا مەعریفە خۆی لە ژیری دەربازکردن لە نیەت و وەڵامی ڕاستەوخۆ دەنوێنێت.

ئەوانەی لەبارەی بابەتێک دەئاخڤن چەند ئاراستەیەک بەرجەستە دەکەن: پاڵپشتی، ڕەتکردنەوە، یان بێلایەنبوون. ناتوانرێت لەیەک کاتدا دوو دۆز لەمانە بەیکەوە بن. قسەکەر بەشێوەیەک دەئاخڤێت کە خەمخۆری "دۆخی ڕاگوەزەر و مەترسیداری عێراق"ە، بۆیە ئامادەی گفتوگۆن لەبارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە چارەنووسی عێراقەوە هەیە. لەکاتێکدا ئەم لایەنانە وەکو لایەنی کوردی بەشداری کۆبوونەوە لە هەرێمی کوردستان نین و پەرلەمان کۆ نەبۆتەوە و  حکوومەت پێک نەهێنراوە و هیچ مەترسییەکیش نیشان نادەن.

من دڵنیا نیم گوتارەکە لەبارەی عێراق مەعریفەیەکی خەمخۆرانەی گونجاو بێت، کەچی لە هەرێمی کوردستانیش کە شوێنی یەکەم و نزیکتریان مەعریفەیەکی نەگونجاو، یان بەپێچەوانە پەیڕوە بکەن، چونکە قسەکەر جارێکی دیکە ئاماژە بە نەبوونی (نیەتی پیلانگێری) دەکات، مەبەستی (پیلانگێڕییە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستان). بەپێی گەڕانەوە بۆ مەعریفە بەشێک لەو لایەنانەی لەگەڵیان کۆبۆتەوە، بەرنامەی ئاشکرایان دژی هەرێم و پارتی هەیە. بەشداری ئەویش و پێناسەکردنی بە کۆبوونەوەیەکی جوان و عاقڵانە مەرعیرفەی هاوبەش و بەشدار و پاڵپشتی لەو بیروڕا و بۆچوونە دەکات، کە دژی پارتی هەن. (د.موسەننا ئەمین) لەوەڵامی (سەنگەر عەبدولڕەحمان) دەبێژێت: " برادەرانی  پارتی، یان جەماوەری پارتی ڕەنگە سازگار نین ئەو لەوێشدا لە ڕاستیدا گفتوگۆیەکەی گفتوگۆیەکی جوان بوو".

نیەت ونیازی ئەم ئاخاوتن و گوتنە پشت بە مەعریفەی (پاڵپشتی و جوانکردن و ڕەوایەتی پێدانی) کۆبوونەوەکەی (ڕەیان کلدانی) دەبەستێت و بە ئامانج بێت، یان دوور لە ئامانج لاوازکردن و لێ سەندنەوەی ڕەوایەتی و ناشیرنکردنی ئەوی دیکە، کە لێرە (پارتی و لایەنگرانی ئەم حزبەن). گوتار هەڵە ناکات، بەڵکو بەکارهێنەران و خودانی گوتارەکەن هەڵە دەکەن، یان دەیانەوێت شتەکان هەڵگێڕنەوە. گوتار نیەت ناشارێتەوە، بەڵکو خاوەن گوتارەکەیە نیەتەکانی دەشارێتەوە، یان زەقی دەکاتەوە.

 

گوتارێکی عاقڵانە و لۆژیکی

(فایرکلۆف) لەباری شیکردنەوەی گوتار دەبێژێت: "کە سەیری زمان وەکو گوتار دەکەم، دەبێت نەک هەر تەنیا شیکاری دەق و کردەکانی بەرهەمهێنانی بکەین، بەڵکو شیکاری پەیوەندییەکانی نێوان دەق و پێکهاتەکانی و وابەستەیی هەڵکەوتەی کۆمەڵایەتیش بکەین، کە پەیەوەستە بەقووڵی هەڵومەرجی دەوروبەر و ئەو هەڵومەرجە تایبەتە بەپێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەکانییەوە". (غازی حەسەن، ٢٠٢٢، ٢٧ ).

پێشکەشکار لە پرسیارەکەی ئەم جارە ڕاستەوخۆ پاز دەداتە سەر بابەتێکی دیکەی هەستیار، کە لەڕاستیدا بەشێکە لە هەقیقەتی پرسیار و بابەت و ڕووداوەکان و دەڵێت:  "ئەو هێزە کوردییەکانی بانگ کردبوو، کاک دکتۆر؟"

میوان:  بەڵێ بەڵێ.      

پێشکەشکار:  بۆ پارتی بانگ نەکردبوو؟

میوان: ئەو لەگەڵ برادەرانی پارتی کێشەی هەیە. بێگومان کێشەکەی مەعروفە،  هەر لەبەر ئەوەشە یعنی برادەرانی  پارتی، یان جەماوەری پارتی ڕەنگە سازگار نین لەگەڵ ئەم بابەتە و پێیان خۆش نییە، بەڵام  ئەو لەوێشدا لە ڕاستیدا گفتوگۆیەکەی گفتوگۆیەکی جوان بوو، خیتابەکەشی خیتابێکی مەنتقی عاقڵانە بوو، باسی دژایەتی پارتی و هیچ حزبێک نەبوو، باسی ئەوەبوو  کورد هەموی یەکگرتوو بێت.

پێشکەشکار:  "ڕەیان کلدانی حەز دەکات کورد یەکگرتوو بێت؟

میوان:   جا وەللا براکەم ئەوە قسەی ئەو بوو، خۆ من ئەوە لە هەواو لەسەر تەلەڤزیۆن قسە دەکەم،  کۆمەڵێک خەڵکی زۆر لەم کۆبوونەوە بەشداربوون، خۆ هەر من نەبووم تا بتوانم  درۆیەک لەم مەجلیسە بهێنمە ڕووی جەنابت .... هههاا ههها".

لۆژیک لە ڕاستگۆییە، یان لە چۆنیەتی بەدروستی گەیاندن و لێکدانەوە و ئاشکراکردنی هەقیقەتی زانیارییەکانە بەپێی دەوروبەر. (جوفری لیچ) پێی وایە پراگماتیک جیاکردنەوەی دوو مەبەستە بۆ هەر دەربڕینێک، یان باسێکی پەیوەندیکردنی زمانەوانییە. یەکەمیان مەبەستی هەواڵدانە، یان واتای ڕستەیە، دووەمیشیان مەبەستی پەیوەندیکردنە، یان ئەو واتایەی، کە قسەکەر مەبەستیەتی. (بێری یاسین حوسین، هەندێک لایەنی پراگماتیکی فراوان ماکروپراگماتیک، نامەی ماجستەر، زانکۆی سەلاحەدین، ٢٠١٢).

یەکەم: قسەکەر لەنێو گوتارەکەی ناڕزایبوونی پارتییەکان و ناسازگاریان دەبەستێتەوە بەبوونی کێشە. ئەمە دروستە، بێگومان ئەگەر کێسە نەبووایە ئەوانیش ڕەنگە داوەتی کۆبوونەوەکە دەکران. ئاماژە بەوە دەکات کێشەکە مەعروفە، بەڵام نایەوێت ئاماژە بەخود و جۆری کێشەکە و لەسەر هەقبوونی یەکێکیان بکات.   

دووەم:  میوانەکە بۆ سەلماندنی ڕاستی و پاکانە بۆ بەشداری خۆیان لەم کۆبوونەوە دەڵێت: "لە ڕاستیدا گفتوگۆیەکەی گفتوگۆیەکی جوان بوو، خیتابەکەشی خیتابێکی مەنتقی عاقڵانە بوو، باسی دژایەتی پارتی و هیچ حزبێک نەبوو، باسی ئەوەبوو  کورد هەموی یەکگرتوو بێت".

پرسیاری من لەم شێکردنەوەیە ئەوەیە، ئەگەر کۆبوونەوەکە جێی گومان نییە، پاکانەی بۆچییە؟. ئایا دەسەڵاتی ئەم گوتارە توانیویەتی هێز بە پاساو و پاکانە بۆ نەهێشتنی گومان و باشکردنی کۆبوونەوەکە بدات. من وای نابینم چونکە هەموومان دەزانین گوتاری (ڕەیان کلدانی) دژی هەرێمی کوردستان نە (جوانە و نە عەقڵانییە)، بەڵکو دوژمنکارانەیە، گوتارەکەی بەشێکە لە گوتاری حەشد و بەرەی مقاوەمە.

قسەکەر لەپێناو بەدروستی نیشاندانی نیەت و مەبەستی کۆبوونەوەکە و ڕەتکردنەوەی گومانەکان دەبێژێت لە کۆبوونەوەکە (ڕەیان کلدانی گوتارێکی مەنتقی عاقڵانەی هەبوو)، پاساوی دووەمیشی وەکو وەڵامی پێشکەشکارەکە، ئەوەیە کە لێی دەپرسێت: "دژایەتی پارتی و هیچ حزبێک نەبوو". گەورەترین مەبەست لەم کۆبوونەوە و لە خودی (ڕەیان کلدانی) "باسی ئەوەبوو کورد هەموو یەکگرتوو بێت".

مەبەست لەم قسانە یەکەم گەیاندنی هەواڵ و زانیارییە لەبارەی نیەتی ئاشکرای خاوەنی دەعوەتەکە.

سێیەم: (د. موسەننا ئەمین) کە خاوەنی گوتارەکەیە دەیەوێت پەیوەندی بە وەرگرەکانی بکات، لەڕێگەی دەسەڵاتی گوتار و مەعریفەوە بیسەلمێنێت نیازی (ڕەیان) زۆر باشبووە و داوای یەکگرتووی هەموو کوردی کردووە. ئەمەش پاساوێکی نالۆژیکییە، لەنێو گوتارێکی لۆژیکی عاقڵانەی ئاماژە بۆکراوی (ڕەیان کلدانی). لەڕاستیدا (ڕەیان) کارەکتەرێکی نەرێنییە، ئەوانەی هاوکاری دەکەن بەکاری دەهێنن بۆ تێکدانی یەکڕیزی کورد، ئەگەر ئەمە پەیوەندی بە نیەتەکانی و پاشخانی ئەم کەسەوە هەبێت، بەکردەوە دەردەکەوێت مەبەستێکی باشی لە کۆبوونەوەکە نییە. (ڕەیان کلدانی) پەیوەندی بە هەندێک لایەنی کوردییەوە دەکات، ئەم لایەنانەش لەڕێگەی میوانەکەی (ڕووداو) گەرەکییە پەیوەندی بە بینەران و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بکات، (پێشکەشکار)یش  دەیەوێت نیەتەکانی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات لەپێناو دروستکردنی پەیوەندییەکی متمانەدار لەگەڵ بینەرەکانی. ئەو پەیوەندیی بەلایەنەکان کردووە، لایەنەکانیش لەڕێگەی گوتارەکەیان پەیوەندی بە جەماوەری کورد دەکەن و  بەشێوەیەک وەسفی (ڕەیان کلدانی دەکات)، کە کەسێکە خاوەنی (لۆژیک و عەقلانییە و کار بۆ یەکگرتووی کورد)، نەک لایەنە کوردییەکان دەکات.

چوارەم:  پێشکەشکار بە گومان و پێچەوانەی ئەم وەسفە دەڵێت "ڕەیان کلدانی حەز دەکات کورد یەکگرتوو بێت؟" قسەکەر دەیەوێت (بەدباشی) بۆ وەسفی (ڕەیان کلدانی) بدۆزێتەوە.  

پێنجەم: میوانەکەش لە وەڵام و لەپێناو ڕاستاندنی وەسفەکەی دەڵێت:  "جا وەللا براکەم ئەوە قسەی ئەو بوو، خۆ من ئەوە لە هەواو لەسەر تەلەڤزیۆن قسە دەکەم،  کۆمەڵێک خەڵکی زۆر لەم کۆبوونەوە بەشداربوون، خۆ هەر من نەبووم تا بتوانم  درۆیەک لەم مەجلسیە بهێنمە ڕووی جەنابت .... هههاا ههها".

ئەم ئاماژەیە دەمانگەیەنێتە شوێنێکی دیکە، کە ئەو لە گونندا متمانەی بەقسەکانی خۆی هەیە و نایەوێت "درۆیەک لە مەجلیسکە بهێنێتە دەرەوە". پشتڕاستین پێشکەشکارەکە هیچ جۆرە ئاماژە و نیەتێکی نیشان نەداوە، کە قسەکانی ئەو ئاخێوەرە ناڕاستن نین و پێچەوانەی هەقیقەتن، نەمزانی بۆچی ئەو خۆی خستۆتە بەردەم گومانێکەوە و پەیوەندییەکان لە فۆرمی (درۆ نەکردن) چڕ دەکاتەوە، هیچ پێویستی بەوە نەبوو بە پێشکەشکارەکە بڵێت "من درۆم لە مەجلیسەکە نەهێناوەتە دەرەوە". بەکارهێنانی وشەی "درۆ" بەرانبەر (ڕاستی) و (گومان) و (لادان) و (بڕوا پێ نەکردنە). ئەو کە دەبێژێت "درۆ ناکەم واتە ڕاست دەکەم"، یان دەیەوێت بیسەلمێنێت کە درۆ ناکات و ئەو شتانەی دەیگێڕێتەوە ڕاست و هەقیقەتن.

منی وەرگری ئەم گوتارە پرسیار لە شتێک دەکەم، ئایا بەڕاستی (ڕەیان) نیەتی یەکبوونی گوتاری کوردییە، یان بەپێچەوانە کۆبوونەوەکە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە؟.

هەروەها (ههاا .. ههههاا) مەبەستم پێکەنینەکەی قسەکەرە، شتێکی دیکە دەخاتە سەر ئەم دۆخەی کە ناچاربووە بڵێت (درۆ ناکەم لە گێڕانەوەی ڕاستییەکان).

 

نیەت ناخوێندرێتەوە

بە کورتی ئاماژە بە هەندێک پێناسەی (نیەت/ نیاز) دەکەین، کە لەبەشی یەکەمی ئەم بابەتە شیکاریەدا ئاماژەی پێکراوە: لەوانە

# بڕیارێکی هوشیارانەیە بۆ ئەنجامدانی ڕەفتارێک.

# نیەت هاوتایە لەگەڵ ئامانج

# هەر ئاراستەکردنێک لە بیرکردنەوە، یان ڕەفتار هوشیارانە بێت، یاخود نا نیەتە.

# نوێژ، جەماوەر، یان کردەی تەقوا

# ئیرادەیەک بۆ مامەڵەکردن

# بڕیاردان دەگرێتەوە.

# پرۆسەیەکە بۆ چاکبوونەوەی برینەکان.

# شتێکە، کە دەتەوێت بیکەیت.

# پلانێکە هەتا بیکەیت.

# مەبەست ئەو بەرنامەیە کە نیازت هەیە بیکەیت.

# ئەگەر ئامانجت شتێک بێت ئەوە نیەتە، واتە ئامانجێکت هەیە.

# فەرهەنگی عەربیش دەبێژێت: ئاراستەکردنی نەفسە بەرەو کارێک، یان مەبەستی پێویست.

# بریتییە لەئیرادە و ئیرادەی دڵ بۆ کارێک.

# کردارەکان بە نیەت حووکم دەدرێن.

یان بەشێوەیەکی دیکە دەبێژن: پێش ئەنجام کردارێک هەیە، پیش کرداریش ئیرادەی مرۆڤ هەیە. پیش ویستی مرۆڤیش نیەتی مرۆڤ هەیە.

بەکورتی لەدوای سرنجدان لە شیکردنەوە و پێناسەی ئەم بابەتە لەڕێگەی فەرهەنگی جیاوازی ئینگلیزی و عەرەبی بەگشتی دەکرێت بۆچوونەکان لەمە چڕ بکەینەوە نیەت بەرنامە و مەبەست و پلانێکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک و ڕاپەراندنی ڕەفتار و کارێک ئینجا ئەمە هوشیارانە بێت، یان نا هوشیارانە.

پیشکەشکار: بۆ ئەوەی گومان بڕەوێنێتەوە و نەچێتە نێو خانەی تۆمەت و سوکایەتی دەبێژێت: "نا دوور لە جەنابت نا من مەبەستم ئەوەبوو دوور لە جەنابت ڕەیان کلدانی حەز دەکات کورد یەکگرتوو بێت؟"

میوان: "هاوپەیمانی کورد لێرە کێ دەیبات بەڕێوە هەر پارتی و یەکێتی نین".

لەم گفتوگۆیەدا یەکەمیان ڕاستەوخۆ ئاماژە بە خودی قسەکەر دەکات و مەبەستەکە لەوی دوور دەخاتەوە. دووەمیش ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ناوهێنان مەبەستی ئەوەیە بەرپرسیاریەتی یان هەر (بەدباشییەک)، یان (باشبەدیەکە) هەبێت بیخاتە ئەستۆی (پارتی و یەکێتی). لێرەدا نیاز و نیەت دەکرێت بە ناڕاستەوخۆیی لەڕێگەی ئاماژەکردن بە ناو لای پیشکەشکار و ناوەکان لای میوانەکە، نیەتی گفتوگۆ و پرسیار و وەڵامەکانیش باشتر بەدیار بکەوێت. پلان و بەرنامەی گوتن پەیوەندی بە نیەت و نیاز و  مەبەست و بەرنامەی ئاخاوتنەوە هەیە. کەسێک، کە گوتن بۆ گەیاندنی مەبەستێک بەکاردەهێنێت، واتە پلان و بەرنامەی هەیە ڕەفتارێک، یان کارێک لەڕێگەی بەکارهێنانی وشە ئەنجام بدات. وەکو چۆن (ئۆستن) لە تیۆری کردە قسەدا کار لەسەر ئەوە دەکات مرۆڤ "چۆن لەڕێگەی بەکارهێنانی وشە، کارێک ئەنجام دەدات". ئەمەش بەشێوەیەک لەشێوەکان پەیوەندی بە نیەت و ڕەفتار و ئاخاوتن و گوتنەوە هەیە، کە لەکردەوەدا ڕەفتار و کردار پەیوەندییان بە نیەت و مەبەست هەیە. بەشی یەکەم دەبینرێت و بەرجەستەیە، بەشی دووەم (نیەت و مەبەست) نادیار و نابەرجەستەیە.هیچ کارێک بێ نیەت بەرهەم نایەت.   

پێشکەشکار جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر ئاشکراکردنی نیەت و بەشداربوونی کۆبوونەوەکە، بۆیە لەپێناو هاندانی میوانەکە بۆ ئەوەی زانیاری باشتر و زۆرتر بە بینەرانی کەناڵەی بدات و پەیوەندییەکی بەهێزی متمانەدار دروست بکات، ئاماژە بە وشەی (نیەت) دەکات، ڕاشکاوانە دەبێژێت: "هاوپەیمانی یەکێکیانە، دژی یەکێکی تریان نازانم ئەوە هەر بۆ خۆی، نازانم ڕەنگە نیەتەکەی؟" ڕستە و شێوەی گوتنەکە هەندێک پچڕپجڕی تێدایە، بەڵام ئەم پچڕ پچڕییە لە قسەکردن و زمانی جەستە مانا و مەبەستی گوتنەکە تۆختر دەکەن.

میوانەکەش لەوەڵامی ئەم پرسیارە ڕاشکاوانە دەبێژێت: "هاوپەیمانی یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی کوردستان". ئەو نایەوێت نیەتەکە نیشان بدات، چونکە ئەم هاوپەیمانییە هاوسەنگی تێدا نییە، بەڵای کەمەوە لایەنێکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان پشتگوێ خستووە، ڕەنگە بەشێکی بینەران یەکسەر زەینیان بۆ ئەوە بچێت، (ئەم نەبوونی هاوسەنگییە، ڕەفتارێکی بەد و نەگونجاو بێت) بەڵام میوانەکە لەکاتی گوتندا مەسەلەکە بەهۆی بەشداری خۆی و حزبەکەی لەکۆبوونەوەکە!! وای وەسف دەکات کردەیەکی گونجاویان کردووە و  بابەتەکە لە (باشبەدی) گومانی پێشکەشکار و بەشێک لەبینەران و لایەنگرانی پارتی بگۆڕێت بۆ (بەدباشی). واتە (بەدی کۆبوونەوە بە ئەرێنی و باش) وەسف دەکات و (هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی)یش وەکو نیەتێكی نادیار و بە (خراپ و بەد) وەسف دەکات. لەکاتێکدا ئەو خۆی ئاماژە بەئامانج و بەرنامە و نیەتی (هاندانی کورد بۆ یەکگرتوویی) لەلایەن (ڕەیان کلدانی وەکو خاوەنی گوتارێکی لۆژیکی و عەقڵانی) دەکات. بەڵام کە دێتە سەر (پارتی و یەکێتی) دەیەوێت گومان بخاتە سەر هاوپەیمانی ئەوان، لەکاتێکدا ئێمە دەزانین بەکردەوە لە بەغدا و لە هەرێمیش ناکۆکییەکی تووند لەنێوان ئەم دوو لایەنە هەیە و لە هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەم سێ گروپە و یەکێتی بوونە هاوپەیمانێکی نافەرمی دژی کاندێدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەمەش بەکردەوە جێگۆڕیكی (باشبەدی) و (بەدباشییە).   

پێشکەشکار:  پێداگری لەسەر بەکارهێنانی وشەی "نیەت" دەکات و دەپرسێت "ئەو دژی یەكێکیانە نازانم ڕەنگە ئەوە خۆی نیەتەکەی؟"

میوان: (دکتۆر موسەننا ئەمین)یش وەکو شارەزایەک و بەوریایەوە دەیەوێت لەهەنگاوەکانی پێیەکانی لە شوێنێک دابنێت، هیچ تەقینەوەیەکی زانیاری و وشەی هێز پڕوکێنی بەدوا نەبێت و لە وەڵامی (سەنگەر عەبدولڕەحمانی پێشکەشکاری ڕووداو) دەڵێت "جا کورە لە کوردستانا کەی ئەم دابەشبوونانە خۆ لە هیچ کاتێک دابەشبوونێکی تەندروست نەبوونە، بەرهە حال ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەکەین کە ئەو کەسە دەیڵێت، مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەکەین، کارمان بە نیەتەکانی نییە، چونکە ئێمە ناتوانین ئەو نیەتە  بخوێنینەوە بەئاسانی".

لەم وەڵامەدا چەند شتێک بەرجەستە کراوە:

یەکەم: زمانی ئێمە نەک من بەکار دەهێنێت و دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە دوو مەبەست بەدی بهێنێت. یەکەمیان ئەو نایەوێت وەکو من/ خۆ قسەکان بکات و خۆ لە بەکارهێنانی وشەی من دەپارێزێت. دووەمیان ئێمە واتە گروپێک، ڕەنگە هەم وەکو گروپ و هەم وەکو حزب بیروڕایەکانی دەربڕێت.

دووەم: مامەڵە لەگەڵ گوتراوەکە دەکەن.

سێیەم: دابەشبوونەکانی کوردستان تەندروست نەبووە.

چوارەم:  کاریان بە نیەتەکانی ئەو نییە.

پێنجەم: ئێمە/ ئەو ناتوانن بە ئاسانی نیەتەکانی ئەو بخوێننەوە.

لەم گوزارشتانەدا دەگەینە ئەوەی دەبێت (دابەشبوونی تەندروستیش) بەرانبەر (دابەشبوونی نا تەندروست هەبێت). لەکاتێکدا دابەشبوونی سیاسی و نەتەوەیی و گروپەکان لەهەمبەر دۆزە گشتییە نەتەوەییەکان کارێکی گونجاوی پێشوازی لێکراو نییە.

ئەوان لەگەڵ واقیع، ئەو شتانەی گوتراون، لە (نیەت و نیاز و ناخ) تێپەڕیون و گوتراون، واتە لەشتێکی نابەرجەستەیی بوونەتە بەرجەستەی گوتراو. لەکاتێکدا ئەوانەی خودان گوتارن لەکردەوە بەردەوام دوو شت نیشان دەدەن: (شتە نادیارەکان و شاراوەکان و ئەوانەی پەیوەندییان بەلایەنی فکری و ڕۆحی و وێناکردنەوە) هەیە، لەگەڵ (شتی گوتراوی بەرجەستەی هەقیقی دوور لە خەیاڵ و وەهم و بیرۆکەی ڕانەگەیەنراو، یان نیاز و نیەتە شاراوەکان). بۆیە هەموو کەسێک لە گوتاری خۆی دەبێت، نیەتی ڕاپەڕاندن و بەدیهێنانی کردەیەک، یان پتری لەڕێگەی بەکارهێنانی وشە و زمان (گوتن، یان نووسراو، وێنە.. تاد) هەبێت. هیچ گوتارێک و ئاخاوتنێک بێ نیەت نابێت.  تەنیا زمانی جەستە و جووڵەی بەسێک لە جەستەش بێ نیەت و نیاز نییە.

لەهەر وشەیەکەدا دوو لایەن هەیە (نیەت/ خەیاڵ و بیرۆکە و وێناکردن و ئەو شتانەی هێشتا لەنێو مێشکن و گوتراوەکان ئاراستە دەکەن و ڕێڕەوی گوتن و دەربڕینەکان دەردەخەن)، یان (گوتراوی ڕاستەقینە ئەوەی دەبیسترێت، یان دەنووسرێت).

هەر مرۆڤێک کە (نیەتی) لا گرنگ نەبێت، واتە نیوەی بابەتەکە دەخاتە پەراوێزەوە، دروستکردنی پەراوێز، بۆ شاردنەوەی (نیەتەکانی قسەکەرە). لێرەدا دوو قسەکەر یان پتر دەبێت  لەم شیکردنەوەیەدا لەئاماژە بە نیتەکان (ڕەیان کلدانی) و (د. موسەننا ئەمین)مان هەیە، هەریەکەیان بەشێوەیەک لەشێوەکان نیەتەکانیان دەشاردرێتەوە.  ئەم شاردنەوەیە لەلایەن خودی قسەکەر (د موسەننا ئەمین) ئەنجام دەدرێت لەپێناو بەدیهێنانی چەند ئامانج و ئەنجامێک:

ئامانجی ئەوەیە بەرپرسیاریەتی و پرسیار و گریمانە و گومانەکانی ڕەخنەگرەکان لەبارەی ئەم کۆبوونەوەیە، سووک و کەم بکاتەوە، یان بێ بەهای بکات، کە دەڵێت (ڕەخنەکان هیچ نییە). سەرباری ئەوەش دەیەوێت سەرنجی خەڵک سەبارەت بە وەڵامەکەی خۆشی بەلایەکی دیکەدا ببات، کە دوورخستنەوەیانە لە (هەقیقەت و ڕاستگۆیی و ڕاستی) زانیارییەکان، یان بەشێکی زانیارییەکان.

ئەنجام ئەوەیە بەرجەستە دەبێت، کە خۆی دەڵێت "توانای خوێندنەوەی نیەتەکانی ئەویان نییە". دەپرسین، تەنیا پرسیارێکە و پرسیارەکە زۆر سادە و ڕوونە. ئەگەر کەسێک ئەندام پەرلەمان بێت و خۆی بۆ سەرۆک کۆماری وڵاتێک کاندێد بکات و بەرپرسی حزب بێت، یان سەرتاپای دەسەڵاتی هەرێمێک بە فاشیل و خراپ وەسف بکات و توانای خوێندنەوەی نیەتەکانی ئەو کەسەی نەبێت کە قسەی بۆ دەکات ولەگەڵی کۆبۆتەوە، یان خوێندنەوەی نیەتی قسەکەرەکانی بە گرنگ نەزانێت و بە لاوەکی و لاوازی دابنێت، ئایا خۆی ناخاتە ژێر پرسیارەوە. دەری ناخات کە وەرگرەکانی گوتارەکەی بە نەزان و کەم توانا دەزانێت. ئەمەش پەیوەندی بە چەند هۆکارێک هەیە:

یەکەم: نایەوێت بەئاشکرا باسی کۆبوونەوەیەک، بابەتێک بکات، کە ئەگەر هەقیقەتیشی گوت، هیچ مەترسییەک و هەڕەشەیەک دروست ناکات. بۆیە شاردنەوەی (نیەتەکان) پێگەی قسەکەر بەهێز ناکات.

دووەم: ڕاستگوتن بنەمایەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان قسەکەر و وەرگرەکانی.

سێیەم: لەنێو گێژاوە ترسناکەکانی ئەم سەردەمەدا، بەکارهێنەران و وەرگری گوتاری سیاسی پێویستیان بە بەهێزکردنی بنەماکانی متمانە و زانیاری ڕاستگۆیانە هەیە، نەک گۆشەگیرکردنیان لە بازنەی گومان و پەرواێز و هێشتنەوەیان لە دڵەڕاوکێ و گومان.     

 

 پوختەی گوتن

پاساوی نەخوێندنەوەی نیەتی ئەو لای (د. موسەننا ئەمین) ئەوە بەرجەستە دەکات، کە نایەوێت تەواوی زانیارییەکان و مەبەست و نیازی خاوەن بانگکردنی حزبە کوردییەکان ئاشکرا بکات. ئەمەش لەبەردوو هۆیە:

یەکەم: زانیارییەکان گرنگ و نهێنین و نابێت ئاشکرا بکرێن.

دووەم: زانیارییەکان خراپن و ئاشکراکردنیان دەبێتە مایەی گومان چاندن و خراپبوونی بابەتەکان. بۆیە پەنا وەبەر پاساوی "بەپێویست نەزانینی خوێندنەوەی نیەتی ڕەیان کلدانی" دەبات. لەکاتێکدا زانیارییە هەر بنەڕەتییەکە ئاشکراکردنی نیەتی ئەوە، نەک چۆنیەتی ئامادەبوونی ئەم لایەنانە لەکۆبوونەوەکەی ماڵی ڕەیان کلدانی.

لەم شیکردنەوەیەدا بۆمان دەردەکەوێت نیەت سەرەتا و دەستپێکە بۆ ئەنجامدانی هەندێک ڕەفتار و کردار و شت، گوتار ڕاپەڕاندنی چەند کردەیەکە، بۆیە گوتار بێ نیەت و مەبەست نابێت.

شتی ئەرێنی لای میوانەکە                         شتی نەرێنی لای پێشکەشکار

++++++++++++++++++++++++++++++++++++++++++++++++++

# کۆبوونەوەکە باش و چاکە                           # کۆبوونەوەکە خراپە

# عاقڵانە و لۆژیکی و جوانە                           # لایەنگرانی پارتی پێیان خراپە

# ڕەیان کلدانی باشە                                   # گومانیان لە نیەتی ڕەیان هەیە

# ڕەیان داوای یەکگوتاری کورد دەکات             # ڕەیان بە خراپ دەزانن

# درۆ ناکەم                                              # دوور لە ئێوە دکتۆر

# پیلانگێری نییە                                        # لەگەڵ یەکبوونی کورد نییە

گفتوگۆ لەگەڵ خوێندەوارەکان جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەوانەی نەخوێندەوارن. لای یەکەم قسەکردن ناگاتە تووندوتیژی، کەچی لای دووەم ستایشیش دەبێت پێوانەکراو بێت. واتە لایەنی یەکەم بڕوای بەتووندوتیژی و سووکایەتی و قسەی نادروست نییە و لێبوردەیی و تێگەیشتن بە بنەما دەزانێت. لای دووەمیش پێچەوانەیە.

دەتوانرێت ئەم بوارە بۆ لێکدانەوەی (کەسناسی و ڕەفتارناسی و شونناسی و واتاناسی)یش بەکاربهێنرێت، یان هاوواتایی لەنێو دەقدا شیکار بکات. مرۆڤ دوو شتە (بینراو و نەبینراو) لەنێو هەموو کەسێکدا لەڕێگەی لێکدانەوە و ناسین و ناساندنی نیەتەکان، دەتوانرێت کەسایەتی و ناسنامە و جۆری بیرکردنەوە و ڕەفتاری کەسەکە دیار بکرێت. هەمیشە کەسێکی نەبینراو لەناخی کەسێکدا هەیە. بۆیە ئەگەر نیەت و نیازەکان لەخودی مرۆڤێک داماڵرا، تەنیا لاشە و فۆرمە دەرەکییەکە دەمێنێتەوە ئەمەش لەشێوە و قسە و گوتراوەکانی دەردەکەوێت، ئەم لایەنە بینراوە زۆر پێویستی بە ئاشکراکردنی نییە، ئەوەی پتر لێکدانەوەی دەوێت نیەت و لایەنە نادیارەکەیە.   

ئەرکی سیاسییەکان خوێندنەوە و لێکدانەوە و بەراورد و دۆزینەوەی چارەسەر و دەرخستنی نیەت و نیازەکانە، کە ئامانج و کردارن. ئەرکی ڕاگەیاندنیش گەیاندنی زانیاری و پرسیار و ورووژاندن و بەدواداچوون و شیکردنەوەیە. لەم گوتارەدا (د. موسەننا ئەمین) کار دەکات خۆی لەلێکدانەوەی نیەت و مەبەستە نادیارەکان بدزێتەوە، ئامانجیش لەمە دەسەڵات دانە بەو پاساوانەی بۆ کۆبوونەوەکە بەکاری دەهێنێت. لای منی وەرگری گوتارەکە، لەم بابەتەدا پاساوێکی لۆژیکی  سەرکەوتوو بەدی ناکرێت.

لەلێکدانەوەی پاساوەکان ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت نەخوێندنەوەی نیەتەکان بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانە، یان پەراوێزخستنی بەشێکی ڕاستییەکانە.

قسەکەر (ڕەیان و کۆبوونەوەکە) بە ئەرێنی و باش وەسف دەکات

پێشکەشکار (گومان لە ڕەیان و کۆبوونەوەکە دەکات)، واتە نەرێنی و خراپ دەیبینێت.

لێرەدا دەردەکەوێت قسەکەر (شتە خراپەکانی خۆیان بەباش) دەبینێت و (باشیەکانی ئەوانی دیکەش بە خراپ). ئەمەش دەبێتە مایەی هەڵگێڕانەوە، یان خراپ بەکارهێنانی زانیارییەکان، یان پەراوێزخستنی نیەتە نادیارەکانە، کە سەرچاوەی ئامانج و کۆبوونەوەکەیە.

نیەت و گوتن تەواوکەری یەکترن و هیچ گوتنێک بێ نیەت و نیاز نییە، هیچ مەبەستێک بێ گوتن ناتوانرێت بگەیەنرێتە جەماوەر. پرسیاری یەکەمم لە کۆتایی و پوختەی ئەم بابەتەدا ئەوەیە ئایا، کە قسەکەر بیەوێت نیەتی کەسی ئاماژە بۆکراو باس نەکات، نەیخوێنێتەوە، ئەمە دەبێتە مایەی دروستکردنی گوتارێکی بەهێزی مەعریفی خودان دەسەڵاتی متمانەدار؟. ئایا ئەمە گومان لەنێو گومان بەهێز دەکات، یان زەمینەسازی بۆ گوتاری مەعریفی باڵا و متمانەدار دەکات؟ ئایا بەم پاساوانە توانیویەتی خۆی لە گوتاری ئایدیۆلۆژی حزبی و ڕکابەری و ململانێ و دابەشبوونی سیاسی بپارێزێت؟  ئایا لەم گوتارەدا (د. موسەننا ئەمین) لەلایەن (ڕەیان کلدانی) بەم شێوازەی داوەتکراوە و پێی نەگوتراوە کێ بەشدارە، فیڵی لێکراوە، یان بەتەواوی بە قەناعەت و متمانە و بڕیاری خۆی بەشداربوونی کۆبوونەوەکەی کردووە؟.

ئایا بەباش وەسفکردنی خراپ و بەدییەکانی خودی خۆی لەپێناو خۆی، یان حزب و ئایدیۆلۆژی و بۆچوونەکانی بە ئەرێنی وەسفکردن، لەهەمان کاتیشدا بە بەد نیشاندانی باشترەکانی ئەوان و تۆ بەشێوەیەکی نەرێنی، کارێکی شیاوە، یان جۆرێکە لە کەتنی سیاسی؟.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×