لەهەموو جەنگێک و قەیران و گرفتێکی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی لەنێو ئەمەریکا گوتاری ڕەخنەگرتن وەکو یەکێک لە چەکە کاریگەرەکانی فشار و دژەفشار بەکاردەهێنرێت. لەم ماوەیەدا لەنێوەخۆی ئەمەریکا خۆپیشاندان دژی جەنگ ئەنجام دەدرێت، لەڕاستیدا پەیامی خۆیشاندانەکان دژی (سیاسەتی خودی ترەمپ)ە نەک خودی جەنگ، ئەگەر نا ئەمەریکییەکان لە بیران نەچۆتەوە و بێ ئاگا نین لەوەی ڕژێمی مەلاکانی ئێران، چەندە مەترسیدارە و چ جۆرە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خودی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و چی دژی ئەمەریکا کردووە.
بەشێکی دیکەی گوتاری ڕەخنەفشار پەیوەندی بە هەڵوێستی دیموکراتەکانەوە هەیە دژی سیاسەتی ترەمپ لەنێوەخۆ و لە دونیا. جەنگ هیچ کاتێک جێگەی رەزامەندی سەرتاپای وڵاتێک، یان پتر لەوڵاتێک نەبووە و ناشبێت، هەمیشە کەسانێک و گروپی سیاسی و فشار هەن، ڕەخنەگرن و دژی سیاسەتی جەنگ دەئاخڤن و نایانەوێت نمایشی گونجاون لەگەڵ دۆخی سەختی سیاسی و شەڕ بکەن.
لەتەک نیگەرانی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەنێوەخۆی ئەمەریکا، دیموکراتەکان (فشار و گوتاری نووکتەئامێزی سەرۆکی وڵات و فشارەکانی و شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگ لەدژی ئێران و پەرەپێدانی ململانێ نێوەخۆییەکان و فشار و بەکارهێنانی پەیڤی گاڵتەئامێز دژی ناتۆ) بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردنی پێگەی (ترەمپ) و جەماوەری کۆمارییەکان و پێیان وایە جەنگ پێویستی بە توانایەکی دارایی زۆر هەیە و ئێرانیش سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا نییە.
هەرچەندە هەندێک لە ڕاپرسییەکان باسی دابەزینی ئاستی پاڵپشتی و ڕێژەی جەماوەری (ترەمپ) دەکەن، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنی ئیدارەی ترەمپ و سوپای ئەمەریکا لە ڕزگارکردنی دوومین فڕۆکەوان لەنێو جەرگەی ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا هەست بە سەرکەوتنێکی گەورە دەکات و لەهەمان کاتیشدا ئەمە دەری دەخات سوپای ئەمەریکا هێزێکی کەموێنەی بێ هاوتایە لە جیهان و دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی گەورە و پڕ مەترسی و هەستیار ئەنجام بدات، ئەم هێزە دەبێتە مایەی بەهێزبوونی گوتاری سیاسی (ترەمپ)یش لەهەمان کاتدا.
بۆیە ئەم کردە سەربازییە دوور نییە خواستی ئەمەریکا بۆ گرتنی کۆشکی دەسەڵات و هەروەها ئەگەرەکانی درێژەکێشانی ئەم جەنگە پێ ناچێت لەخزمەتی دەسەڵاتی پیربووی داهێزراوی هەنووکەی ئێران بێت، بەپێچەوانەوە، گریمانەی ئەوە دەکرێت:
یەکەم: دوور نییە ئەو دۆزەخەی (ترەمپ) ئاماژەی پێ دەکات بریتی بێت لە بەکارهێنانی سوپا و "بەهێز گەرووی هورمز بکاتەوە و هەندێک لە دوورگە ستراتیژییە ئابوورییەکان داگیر بکات و سەرچاوەی نەوتی ئێران ببڕێت".
دووەم: ئەمەریکا لەقازانجی نییە شەڕ زۆر درێژە بکێشێت و لەهەمان کاتیشدا نابێت بێ سەرکەوتن کۆتایی بە جەنگ بهێنێت. واتە دەبێت پێشبینی کردەی سەربازیی و ڕووداوی یەکلاکەرەوەی خێرا بێت، یان ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ بەرهەم بهێنێت.
سێیەم: لەگەڵ گروپە میناڕەوەکانی ئێران کە هەندێکیان لەنێو خودی دەسەڵاتی ئێستان، سیستەمێکی جیاوازتر لەوەی هەیە ڕابگەیەنن و پەیڕوەی ئەوە بکەن زەرە لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە.
چوارەم: ترەمپ دەبێت سەربکەوێت و کاریزما و کەسایەتی ئەم سەرۆکەی ئەمەریکا بریتییە لە گوتاری "سەرکەوتن و بەردەوام سەرکەوتن" و ئەو نایشارێتەوە لەنیوەی ڕێگا خەڵکی ئێران بە جێ ناهێلن. هەرچەندە لەسیاسەتی (ترەمپ)دا پاکانە بۆ ئەخلاق ناکرێت، بەڵکو پاکانە هەمیشە بۆ دەستکەوت و بەدەستهێنانی قازانج و سەرچاوەی نەوت و داراییە.
پێنجەم: (ترەمپ) لە گوتارەکانی زۆر ڕوونە و بێ پەنا و پەردە دەئاخڤێت، کە بە سەرکردەیەکی پرگماتیکی ناو دەبرێت و هەمیشە ئەم بەڕوونی ئاخاوتنانەی بۆتە سەرچاوەی ترس و نیگەرانی و دروستبوونی دژە ڕا. ئەو دەڵێت یان دەبێت "گەمژە شێتەکانی ئێران" گەرووی هورمز بکەنەوە، یان نەوتەکەتان دەست بەسەردا دەگرین و ئەو دۆخەی کە قەت بیرتان لێی نەکردۆتەوە ڕوودەدات و دۆزەختان بەسەردا دەکەینەوە.
شەشەم: ئەمەریکا هەڕەشەی لەنێوبردنی سەرچاوەی وزە و هاتوچۆ و شوێنە هەستیارەکان دەکات و ئێرانیش بەرانبەر ئەوە هەرەشەی "سووتاندنی ناوچەکە تێکڕا" واتە وڵاتە عەرەبییەکان دەکات.
حەوتەم: ئیمارات دەیەوێت لەڕێگەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێک بۆ بەرکاهێنانی هێز بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەدەست بهێنێت، روسیا دژی ئەم پڕۆژەیەی ئیماراتە و باش دەزانێت ئەو زیانلێکەوتووی یەکەم دەبێت لە بچووکردنەوە، یان نەهێشتنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، لەکردەوەدا هەڕەشەکانی ئێران دژی وڵاتەکاننی کەنداو خزمەتێکی گەورەی ئەمەریکا – ئیسرائیل دەکات. بۆیە هەنووکە بیر لە دروستکردنی ڕێڕەوێکی دیکەی دەریایی وەکو جێگرەوەی گەرووی هورمزیش لەئارایە.
جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە سەر گوتاری سەرکەوتن و چۆنیەتی بیرکردنەوەی (ترەمپ) لەم جەنگە، ئەو بەپێداگریی و تووندڕەویشەوە ستراتیژی بردنەوەی ئەمەریکا بە بەدەستهێنانی دەستکەوتی نەوت و دارایی و بازرگانی دەبەستێتەوە، (ترەمپ) ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، بەهەموو هێز و توانایەوە کاری بۆ دەکات، وەکو چۆن ئامادە نییە لە پڕؤژەی پیشەسازی و بازرگانی و کاردا بدۆرێت و هەمیشە دەبێت شت بەدەست بهێنێت، بۆیە لە سیاسەت و ململانێ گەورەکانیش هەمان یاسا و ڕێسا و گوتار پەیڕوە دەکات.
هەنووکە هیچ ئاماژەیەک بۆ خۆبەدەستەودانی ئێران نییە و ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانییەکانەوە بەکارێکی نەکردە دادەنرێت، چونکە "سەرکەوتن و ئەم هەموو سەرکەوتنانە" یەکسانە بە"دۆڕان و ئەم هەموو دۆڕانانەی دوژمنەکانی".
زۆر بەزەحمەت خەڵک و دەوڵەت و لایەنەکان لە گوتاری (ترەمپ) دەگەن، ئەمەش وایکردووە زەحمەت بێت بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە نیەت و بیرکردنەوەی و شێوازی بڕیار و حووکم و ڕەفتار و چۆنیەتی بیرکردنەوە و بیرۆکەکان و کردەکانی ئەم سەرۆکەی ئەمەریکا بگەین.
لەبەر ئەوە گرنگە ئەم گوتارە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە (ترەمپ) دەڵێت:
# پێویستم بە ناتۆ نەبوو، تەنیا ویستم تاقیان بکەمەوە، ئەوە کرد و بینیمان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ بەرەو ئاڵؤزی دەچن، هەندێک پێشبینی ئەوە دەکەن و بە دووری نازانن لەئایندەدا ناتۆ هەڵبوەشێتەوە.
# ئەو لە ململانێکان یاسایەکی تایبەت بەخۆی لە گوتارەکانیدا ڕادەپەرێنێت و بەردەوام دەبێژێت ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، هەموو شتێک لە ئێران دەتەقێنینەوە، ئەمە گوتارە تووندەکەی سەرۆکی ئەمەریکایە وکە بەتەنیشت ئەم تووندییە دەبێژێت "ڕێککەوتن نزیکە".
لەبیرکردنەوە و لێکدانەوەی ناکۆکییە نێوەخۆییەکان و ئاکامی ئەم جەنگە و مەترسییەکانی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گاڤی مانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە حووکم، چی دەقەومێت؟ دیموکراتەکان براوەی یەکەم دەبن، ئەگەر (دۆنالد ترەمپ) جەنگەکە بدۆرێنێت و ئەمەریکاش دۆڕاوی یەکەم دەبێت. بۆیە سەرۆکی وڵات و کۆمارییەکان هزر لە زەمانکردنی ئەم هەنگاوانە دەکەنەوە کە بەرەو سەرکەوتنیان دەبات.
وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەترسن و دەپرسن مانەوەی ئەم ڕژێمەی ئێران دەڤەرەکە بەکراوەی لەبەردەم هەڕەشە و خۆسەپاندنی میلیشاکان و خودی شیعەی ئێران جێ دەهێلێت و بەمە ئەم دەسەڵاتە بەرەو بەکردەوە بە ئیمپراتۆر بوونی ترسناک دەچێت. لەبەر ئەوە پاشەکشە بێ گەیاندنی دۆخەکە بە خاڵێکی دڵنیاکەر یەکجار مەترسیدار دەبێت و ئیدارەی ئێستا باجەکەی دەدات. ئەمەریکا کار لەسەر شەڕێکی کورت و یەکلاکەرە و سەرکەوتنێکی مسۆگەر دەکات و ئێران و هاوپەیمانەکانیشی دەیانەوێت جەنگەکە درێژە بکێشێت و ئەمەریکا بشکێت و لەم پێگە جیهانییە بەهێزە نەمێنێتەوە، تاکو، وەک خاوەن دەسەڵات و تاکە هێزی دونیا بڕیار نەدات. خەیاڵی شکاندنی هێز و پێگەی ئەمەریکا وەکو کۆکردنەوەی ئاردە لەنێو ڕەشەبادا، چونکە لەبیرمانە (ترەمپ) لە پێشوازی ژاپۆنییەکان گوتی: ئەمەریکا چەکی ئەتۆمی لە ژاپۆن بەکارهێنا و دوای ئەوەش ڕێککەوتنێکی دریژخایەنیان مۆرکرد، کە تاکو ئێستا بەردەوامە. دوور نییە لەهەر کاتێک هەستی شکان سەرهەڵبدات، بەهێز ئاشتی و بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕێککەوتنی درێژخایەنی ستراتیژیش بە ئێران مۆر بکەن.