ڕاگەیاندن وەکو هەر دیاردە و بابەت و شێواز و بوارێکی دیکەی نێو کۆمەڵگە زانستە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە پتر وەکو پیشەسازیی و بەرهەمهێنانی توانای دارایی و نمایشێکی بازرگانی سەیر دەکرێت، چەمک و ئەرک و شێوازی ڕاپەڕاندنی گوتار و ڕەفتارەکانیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەبیری نەکەین ڕاگەیاندن هەنووکە گەمەیەکی قێزەوەن بە عەقڵی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان دەکات.
ڕاگەیاندنی کوردی لەتەکنیک و خێرایی و جوگرافیای کار و پەیوەندییەکانی و شێوازی بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی هەواڵ و بڵاوکردنەوەی زانیاریی و کردەی پەیوەندیکردن و کارتێکردن هەنگاوی گرنگ و سوودبەخشی ناوە، بەڵام مەرج نییە ئەم لایەنە باشانە یەکسان و هاوسەنگ بن لەگەڵ ئامانج و بیرۆکە و ڕەفتار و توانای پێشکەشکردنی هەواڵ و دروستکردنی ڕای گشتی و بەهێزکردنی متمانە و پابەستبوون بە بنەما پیشەییەکان و خۆدوورگرتن لە چەواشەکاری و شێواندن و هەواڵ و زانیاری ساختە. ئەوەی لەم ساڵانەی دوایی دەیبینین ڕاگەیاندن گەمەیەکی خراپ بە عەقڵ دەکات. لەم سەردەمە جەنجاڵ و خێرا و سنوور بەزێنەدا، ئەم دیاردانە لە زۆر ڕاگەیاندنی دیکەی جیهان و دەزگا پێشکەوتووە کاریگەرە جگەورەکانی جیهانیش هەیە.
هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی کوردی بەکردەوە لەقاڵبدانی حزبی تێپەڕاندووە، ئەمەش وایکردووە بانگەشەی بەپیشەیی کارکردن بە بنەمایەکی سەرەکی سەیر بکەن، تەنیا ئایدیۆلۆژیا و هەندێک فکری سیاسی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتیشیان بەجۆرێک خاو کردۆتەوە، کە ئافەرینیان لێ بکرێت. لەگاڤێکدا ئەمە لەکوردستان ڕوودەدات، لە جیهانی دیموکراسی و پێشکەوتوو لەهەندێک دۆخدا دەسەڵات و دامەزراوە سیاسییەکان و حزب و ئایدیۆلۆژیاش فشار دەکەن و نەخشەڕێگا و شێوازی بەکارهێنانی زمان و زانیاریی دیار دەکەن. هەندێک بوار لە ڕاگەیاندنی کوردی وەکو نەخۆشی دەردەکەون، ڤایرۆس ئاسا ڕەفتار دەکەن.
لەزۆر کەناڵی تی ڤی بانگەشەیەکی زۆر بۆ بێژەرەکان دەکرێت و ناوی بەرنامەکان بەناوی بێژەرەکان کراوە، لە ڕاستیدا ئەمە هەندێک جار دەبێتە مایەی سەرسوڕمان و ڕەخنە، چونکە ئەگەر بێژەرێک لەنێو ماڵەکەی خۆی نەناسراو بێت و تواناکانی دیارکراو بن، چۆن وەکو ئەستێرەیەکی کاریگەر و خودان ڕێچکە و شێواز و بیرۆکەی تایبەتی ڕاگەیاندن نمایش دەکرێن. کار گەیشتۆتە ئەوەی لەیەک کەناڵدا بە گروپ و پتر لەیەک ئەستێرە و بێژەر بەم جۆرە گەورە بکرێن، لەسایەی ئەم بێ منەتی و فشە پڕۆفشینالییە سەپێنراوە، بێژەر بۆتە شڕۆڤەکار و خودانی بڕیار و سەرچاوەی دەسەڵاتیش، لە ئاخاوتنەکانیان بێ سنوور و بێ هۆکار ناوی خۆیان و لەڕێگەی بەکارهێنانی وشەی (من و خۆم و پەیوەندی تایبەتیم لەگەڵ بەرپرسان و سەرچاوەکانم) هەواڵ پێشکەش دەکەن، لێتان ناشارمەوە هەندێکیان وا دەئاخڤن کە خودی خۆیان لەسەرەوەی سەرەوە بن و خودی چیرۆکە هەواڵەکان بن، بۆیە کە بێژەر دەبێتە شۆڤەکار، ئەم دیاردانە زال دەبن:
حەز دەکات ڕاو و بۆچوونی تایبەتی خۆی تێکەڵی بابەتەکان بکات.
قسەی میوانەکانی دەبڕێت و خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە.
لە میوانەکەی پتر دەئاخڤێت.
لەجیاتی کارکردن بۆ دەرهێنانی زانیاری لە میوانەکانی، کەچی خۆی نهێنییەکان لە قەپێلکی هێلکە پیسبووەکان دەردەهێنێت.
خەریکی تەمسیلی و جووڵە و نووکتەیە.
بەشێوەیەک دەئاخڤێت کە ئەو (حاکم و بڕیاردەر و دەسەڵات و سەرچاوەیە).
هەواڵ و دەنگوباس وەکو هەقایەتێکی ئاسایی کۆمەڵایەتی لێکراوە، بێژەر ڕۆڵی هەقایەتخوان دەگێڕێت، ئەمەش وایکردووە بەرنامەی (ڕابواردن و کات بەسەربردن و پێکەنیناوی) تێکەڵی بەرنامەی هەواڵ و ڕێسا باوەکانی پێشکەشکردنی هەواڵ و دەنگوباس بکرێت. بێژەر هەیە وەکو ئەوەی لە دیوەخان، یان چایخانە دانیشتبێت و دەست بە گێڕانەوەی هەواڵ وەکو چیرۆک دەکات و دەیان جار گوێمان لێ دەبێت بێژەر هەن دەبێژن "با بۆتان بگێڕمەوە، گوێم لێبگرن، من دەزانم چی ڕوودەدات، فلانە هاوکارم پێمان دەڵێت... تاد".
بێژەر هەس لە دەقی نووسراو دەردەچێت و دەست بە گێڕانەوەی وردەکاری شتەکان دەکات، وەکو ئەوەی خۆی لەشوێنی ڕووداوەکە بێت، ئەگەر شوێنەکە هەزارەها کیلۆمەتریش لەو دوور بن.
ئەو دیاردانەی جێگەی سەرنج و ڕەخنەن:
هاتوهاوار، وەکو ئەوەی هەواڵی جەنگ بخوێنێتەوە، یان خۆی لە کۆشکە بڕیار بەدەستەکانی جەنگ بێت.
جووڵە و زمانی جەستە و نمایش.
خۆدەرخستن لەسایەی هەواڵەکە، وەکو ئەوەی ئەو بەشێک بێت لە هەقیقەتی بابەت و ڕووداوەکە، لەکاڤێکدا ئەو تەنێ و تەنێ هەواڵ دەخوێنێتەوە.
هەندێک وا نیشان دەدەن لەنێو پەخشی زیندوو، تەلەفۆنەکەی خۆی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت "هەر ئێستا لە سەرچاوەیەکی تایبەتی خۆم هەواڵیان بۆ ناردووم"، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کۆنترۆل و ناوەندی دروستکردنی هەواڵی کەناڵەکەی. ئەمەش لەڕاستیدا یاریکردنە بە عەقڵی بینەری هەژار. بێژەرەئاغا دەیەوێت بڵێت "من گرنگم، پەیوەندیم بە بەرپرسەکان بەهێزە". لەکاتێکدا ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشنال و کەناڵی گەورە و پیشەیی دەیانەویت خۆ لە ئاشکرانی ئەم جۆرە پەیوەندی و سەرچاوانە بەدوور بگرن و بیشارنەوە، ئەم پەیوەندیانە گومان دەخەنە سەر پیشەیی بوونی ڕۆژنامەنووس.
خۆ گەورەکردن و خۆکردنە پاڵەوان و سوپەرمانی هەواڵەکان، لەکاتێکدا بێژەر نابێت بەشێک بێت لەم هەست و بەشداری و خاوەنداریەتییەی بابەتەکان.
ئەو خۆی بەیەکەم و بێ هاوشان دادەنێت، ئەم پێناسەیە دەبێت خەڵک بیدات، نەک خودی ڕۆژنامەنووسەکە.
کاوێژکردنەوەی زۆری بابەتەکە.
دووبارەکردنەوەی وشەکان و شێوازی ئاخاوتن.
خۆی پاڵەوانی نێو ڕۆمانی چیرۆکە هەواڵەکەیە.
چۆن بینەر لە بینین و گوێگرتن لە شڕۆڤەکارەکان بێزار دەبێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر متمانە و بەدواداچوون و پەیوەندی نێوان کەناڵەکان و بینەرەکانیان و سەرچاوەکانی ڕۆژنامەنووسی دەبێت. بۆیە کە سەرنج دەدرێت، هەندێک لەجیاتی کەرێتی خۆیان، بینەرەکان و خەڵک بە گەمژە و کەر دەزانن، ئەمەش لە نیەت و شێوازی ئاخاوتنەکانیان بەڕوونی بەدیار دەکەێت، ژبەر هەندێ شڕۆڤەکارەکان ئەم تێڕوانین و ڕەخنە و شتانەیان بەسەردا ساخ دەبێتەوە، لەوانە:
قسەکانیان دووبارەیە و لەشوێنی دیکە بیستراون، یان قسەی سەرپێین.
نمایشەکەیان ئەوە دەسەلمێنێت، کە حەز لە خۆبادان و خۆدەرخستن و خودپەرستی دەکەن.
هەموو خراپەکاری و هەڵە و لادان و کۆیلایەتییەکی خۆی و حزبەکەی بە باش وەسف دەکات و باشی و گونجاوی بەرانبەرەکەشی بە خراپ دەچووێنێت.
زۆر شت بۆ ئەوی دیکە بە ناڕەوا دەبینێت و بەپێداگرییەوە هەمان شت بۆ خۆی بە ڕەوا وەسف دەکات. چاوقایمانەش گوزارشت لەم هەڵگەڕاندنەوەیە دەکات.
پێیان ئاساییە بەناوی ئازادی و کرانەوە پەیڕەوی سوکایەتی و هەڕەشە و بێڕێزی و شێواندن و چەواشەکاری بکەن، ڕەچاوی تەمەن و ئاستی ڕۆشنبیری و دۆخی کۆمەڵایەتی و کەسایەتی بینەرەکان و بەکارهێنەرانی ڕاگەیاندن و هەقیەتی مێژوویی و ڕەوایەتی زانیارییەکان نەکەن.
ڕق و تووڕەیی و هەڵچوونێکی ئاشکرا بەدی دەکرێت.
بەئاسایی درۆ دەکەن، ڕاستییەکان دەشوێنن.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ پڕکردنەوەی کات، بایەخ بە هەندێک هەواڵ و کەس و بوار و شڕۆڤە دەدەن، نەک لەبەر هەقیقەت و پێویستی و دروستی بابەتەکان، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەیانە.
نیشانی دەدەن لەهەموو شتێک دەزانن بۆیە ئاساییە هیچ نەڵێن.
بەڕەهایی قسەکردن و لێکدانەوەی شتەکان جۆرێک لە گەمژەیی نیشان دەدات.
بەکارهێنانی زمانی ناوچەگەریی و خێزان، دوور کەوتنە لە زمانی ستاندارد.
بێگومان لەهەموو شتێک و بابەتێک دەکرێت بە (ئەرێنی و نەرێنی) بەرجەست ببێت. بۆیە ئەگەر دەزگاکان بیانەوێت ئەرێنی بن، دەیانەوێت باسی دیاردە و هەواڵ و شتە نەرێنییەکان ئەوانی دیکە بکەن، هەمیشە لە ڕاگەیاندنی کوردی (شتە خراپەکان و هەواڵە ناخۆش و بۆگەنبووەکان و بایەخان بە هێرش و قسەی ڕزیو) مانشێت و هەواڵی سەرەکین. بۆیە بینەر کە بێژەرەکان دەبینن، هەندێک جار نەرێنی هەڵسەنگاندن لەبارەیان دەکەن.
بێژەر وەکو ململانێ دەیەوێت نیشانی بدات، کە ئەو لەهەمووان باشترە، نەک هەواڵەکەی ئەو لەهەموو هەواڵەکانی گشت کەناڵەکانی دیکە باشترە و گونجاوتر و متمانەدارترە و ڕاستگۆیانەیە. بە مانایەکی دیکە ئەو خۆی لا گرنگە، نەک جۆر و نێوەڕۆکی هەواڵەکان.
پەنا وەبەر زمانێکی تایبەت بەخۆیان دەبەن لە (فۆرم و شێواز و گێڕانەوە و پێشکەشکردن). نابێت لەبیری بکەین بەهۆی زمانی نوێ، هەندێک جار بابەتی نوێش، یان شێوازی نوێ هەست پێ دەکرێت. هەندێک جار بێژەر لەجیاتی بابەتێکی نووکتە ئامێز، گێڕانەوە و شێوازی پێشکەشکردنی هەواڵەکە خۆی دەکاتە نووکتە، بۆ ئەوەی بینەرەکانی پێی پێ بکەن و ژمارەی لایک بباتە سەرەوە.
لەم سەردەمەدا کرانەوە بەشێوەیەکە، ئاساییە لەزۆر بواردا ڕاستەوخۆ زانیارییەکان بگوازرێنە و ناوی سەرچاوە و کارەکتەرەکان بهێنرێت و کەسانی تاوانکار و تاوانلێکراو بەئاشکرا ناویان بهێنرێت، دیارە ئەمە لەلایەک ئەرێنییە و لە ئالەکی دیکەش نەرێنییە.
دیاردەی نەرێنی لەنێو جیهانی ڕاگەیاندنی کوردی لەم سەردەمەدا ئەوەیە، کە (ئاژاوەیەکی گەورەیان دروست کردووە)، (کەسانی جوێندەر و چەواشەکار و دەرچوو لە بنەما نیشتمانییەکان) دەهێننە قسە، (گاڵتە بە عەقڵی خەڵک دەکەن) تەنیا بۆ ئەوەی بێژن ئێمە پیشەیین و ئازاد و دوور لە هەژموون و دەسەڵاتی حزب و دەسەڵاتین. هەندێک جار بەهۆی هەواڵە بێزارکەرەکانیان بینەر و بەکارهێنەرانی دەزگا هەواڵییەکان تووشی نەخۆشی و هەڵچوون و بێزاری و تووڕەیی و تۆڵە و ڕەتکردنەوە و ڕق دەکەن. من دەزانم دەزگای ڕاگەیاندن نەخۆشخانە نییە تاکو چارەسەری نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بکات، لەهەمان کاتیشدا بەرپرسە و پێویستە ڕەچاوی بنەما گشتییەکانی یاسا و دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و ژینگەی سیاسی و هەتا ئەخلاقیش بکات، نەبێتە سەرچاوەی تووندوتیژی و ئاژاوە و بێ هیواکردنی خەڵک.
دیماهی و کورتەی قسە
ڕاگەیاندن ناکرێت گەمە بە عەقڵی بەکارهێنەران و کۆمەڵگە بکات، زۆر بەکورتی و پووختی هیچ پێشکەوتنێک بێ ئازار و کێشە نییە، ململانێ و ڕکابەری دژەکان سەرچاوەی گەشەکردنە، مرۆڤ پێویستی بە بەدەستهێنانی ئازادانەی هەواڵ و زانیارییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئاژاوە کارێکی باش بێت.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێویستیان بە دروستکردنەوەی متمانە و بەهێزکردنی پەیوەندی بەکارهێنەران و سەرچاوەکان و خودی خۆیان هەیە. بێژەرەکان لەجیاتی تەمسیلی دەبێت بایەخ بە هەست و ژینگە و دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەکارهێنەرەکانیان بدەن. ژاوەژاوی شاشە و کوشتنی متمانە بێهێزی ڕاگەیاندنە، نەک پێچەوانە.
ڕاستییەکی بچووک، زۆر باشترە لە درۆیەکی گەورەی بەردەوام و چەواشەکار، ڕاگەیاندن بەرپرسە و دامەزراوەیەکی یەکجار هەستیارە بۆ کارتێکردن و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە.
کارێکی گونجاو نییە، نەک لەهەموو کوردستان بەڵکو لەهەر کەناڵێک و دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئەم هەموو ئەستێرە هەبێت و بەرنامەکان بەناوی بێژەرەکان بکرێت و ئەوانیش وا نیشانی بدەن، کە گەورە ڕاگەیاندنکارن، خۆیان لە دەزگاکان مەزنتر ببین و دوور نییە هەر یەکێکیشیان خۆی بە بەچکە داینەسۆرێک و سوپەرمانێک و بێ هاوتایەک دابنێت. بەرنامەی هەواڵ، بەرنامەی پێکەنیناوی و درەنگانی شەو نییە. بەکارهێنانی زمانی ستاندار لە هەواڵ پێویستە.
پێشکەوتنە گەورەکانی ڕاگەیاندنی کوردی لە فۆرم و شێواز و پێشکەشکردن و بەجیهانیبوون، مانای گەورەیی پەیامنێر و بێژەرەکان نییە، بەڵکو ئەمە دەزگاکانن ئەم پێگە بەهێزەیان دروستکردووە. لێدوانی هەندێک بێژەر و پەیامنێرەکان لە ئاخاوتنی خێلەکی و عەشایری دەچن، کاریان پفدانی خۆیانە نەک، دەزگا و دامەزراوەکانیان.
گاڵتە بەعەقڵی خەڵک لەوە دەست پێ دەکات، کە هەندێکیان هەواڵ ناگوازنەوە، بەڵکو بڕیار و بیروڕا دەگوازنەوە.