پیربوونی دەوڵەت و مردنی دەسەڵات

غازی حەسەن
  2026-06-01     292

دەوڵەت وەکو کیان و بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لەدایک دەبێت و گەشەدەکات و  پیر دەبێت و لە دیماهیشدا قیڕەی لێ دەبڕێت و دەمرێت، جۆری مردنی دەوڵەت وەکو مردنی سروشتی گیانەوەر و بوونەوەرەکانی نێو سروشت نییە، بەڵام ئەویش وەکو هەر بەشێک لەپێکهاتە و بوونەوەرە سروشتییەکان و هزر و ئیرادەی مرۆڤ و گروپە جیاوازەکانی مرۆکرد، لەدایک دەبێت و پێ دەگات و گەشە دەکات و لە دیماهیشدا تووشی نەخۆشی و پەککەوتەیی و سڕبوون و ئینجا مردن و نەمان دێت. دەیان نموونەی لەم جۆرە لەمێژووی مرۆڤایەتی هەیە.

دەسەڵات لەنێو دەوڵەتدا خێراتر و کتوپڕتر لەتەک دەرکەوتن و لەدایکبوون، گەشە دەکات و فراوان دەبێت و تووشی نەخۆشی و سڕبوون و ئینجا ئاوابوون و مردن دەبێت. ئەگەر دەوڵەت لە چەند سەدەیەک، یان زیاتر تووشی لەناوچوون ببێتەوە، دەسەڵات لە هەر بیست و پێنج  تاکو چل ساڵ جارێک پێویستی بە (وەستان و پێداچوونەوە و گۆڕانکاری و چاکسازی و نوێبوونەوە) هەیە، ئەگەر نا لەکتوپرێک وەکو نەخۆشیی قورس و شێرپەنجە و جەلتە تووشی ئیفلیجووب و ئینجا کەوتن دەبێت و دوای ئەمە چارەسەری کێشەکان هیچ سوودێکی نابێت.

دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئێران تووشی شێرپەنجەی سەرکوت و گوێ نەدان بە فشار و بەسەرچوون و ئێکسپایەر بوون بووە، ئەگەر هیچ هێزێکیش نەبێت لەرێگەی فشار و جەنگ کۆتایی پێ بهێنێت، ئەوە خۆی خۆی لەنێو دەبات. هەموو دەسەڵاتێک لەنێو دەوڵەت دوای بیست و پێنج ساڵ بێ گۆڕانکاریی بنەرەتی و سەرەکی تووشی نەخۆشی پیربوون و بەرەو داڕزان و پووچانەوە دێت. بۆیە دەسەڵاتی ئێران بەشێوەیەکی سروشتی بەرەو ئەم کۆتاییە دەچێت، کە کەسێکی نەخۆشی پیری هەزار و یەک دەرد تووشی دێت.

ئێرانیش وەکو دەوڵەت لای هەندێک لایەنی زلهێزی دونیا پێیان وایە شارستانیەکەی کۆتایی پێ دەهێنرێت، ئەمە بەمانای کۆتایی هاتن و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەیە، یان دەوڵەتەکە چی دیکە توانای مانەوەی وەکو کیانێکی سەپێنراو نەماوە. لە عێراق سیستەمی فیدرالی سەپێنرا، تاکو دەوڵەتی ناوەندیی خۆسەپێنی تاکڕەوانە نەمێنێت، ئەمەش بەجۆرێک لەجۆرەکان مردنی دەوڵەت دەگەیەنێت. لەڕاستیدا ئەم جۆرە مردنە سوریا و تورکیایش دەگرێتەوە.

دەسەڵاتی کوردستانی لە هەرێمـی کوردستان پتر لە سی ساڵە بەهەمان تەکنیک و شێواز و پێکهاتە و سیاسەتی کۆنی دەستکاری نەکراو بەڕێوەدەچێت. پێویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیە، ئەگەر نا دەردی نەخۆشیی دەسەڵات ئەم دەسەڵاتە تووشی دۆخێکی مەترسیدار دەکات، کە توانای چارەسەری تێدا نەمێنێت. کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە لەنێو عێراقی فیدرالی، کیانێکە، بەڵام دەوڵەت نییە. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی خراپتر لە دەسەڵاتێکی خودان دەوڵەت تووشی نەخۆشی و پەککەوتن دێت.

لەم سی ساڵە دەیان نەخۆشی سیاسی و ئیداری و دارایی و ئابووری و ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان هەبووە و هەیە، ئەم نەخۆشیانەش لەهەندێک بواردا یەکجار قورسن، کاتی چارەسەریان بەسەرچووە، بۆیە پێویستە ئیرادەیەکی بەهێزی ناوەندگیر و یەکلاکەرەوە بۆ چارەسەر و دەرمانی ئەو نەخۆشیانە هەبێت، کە دوورنییە ئەم کێشانەی هەن دەسەڵاتەکە بکوژێت، کوژران و مردنی دەسەڵاتی کوردی بەمانای کۆتایی پێهێنانی خەون و بوون و ئیرادەی کوردییە تاکو سەد ساڵی دیکە. لەبەر ئەوە مردنی دەسەڵاتی کوردی وەکو مردنی هیچ نەتەوە و  کیان و پێکهاتەیەکی دیکەی دونیا نابێت.

گەندەڵی شێرپەنجەیە، ناکۆی و یەکترسڕینەوە و نەبوونی تەبایی پەتایەکی کوشندەی لە مێژینەی بکوژە، دەسەڵاتی کوردی چۆن دەتوانێت بەهێز بمێنێتەوە، ئەگەر دەنگی بێگانەپەرستی بەهێزتر بێت لە دەنگی نیشتمانپەروەریی؟. گەندەڵکاران و گەندەڵی شەرعیەتی پێدرابێت، چۆن دادپەروەریی و یەکسانی و پێکەوەیی بەرهەم دێت؟. نەتوانرێت پەرلەمان کۆبێتەوە و حکوومەت دروست بکرێت، کەچی بەگەرمی بەشداری لەپێکهێنانی حکوومەتی بەغدا بکەن؟. بەئاشکرا بانگەشەی نەهێشتنی کیانی کوردی لە هەرێمی کوردستان بکرێت و پێشمەرگە یەکنەخرێت، دەىێت چ پەتا و نەخۆشییەک تووشی هەرێم بووبێت؟ ئیدارە دووجۆر و ئیرادە و هێز بێت، چۆن خۆ لەبەردەم جەلتەی سیاسی و فشاری دوژمنەکان دەگیرێت؟.  

ئەم سەردەمە زۆر لە سەردەمی تەپین و هەڵوەشانەوە و مردنی هەندێک دەوڵەت لەمێژووی کۆن دەچێت. دەیان ئیمپراتۆریەتی مەزن و  دونیاهاژۆی داگیرکەری فراوانخوازچی مردن و لەنێوچوون، مێژوو تەنیا بە گۆڕەکانیان ئەم ئیمپراتۆرە مەزنانە دەناسێتەوە. ئەم سەردەمەش بەشێوەیەک لەشێوەکان بۆنی مردنی هەندێک دەوڵەت و دەسەڵاتی لێ دێت.         

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×