زەمانی تاڵی دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمیمان لەبیرە، کە بەرەنجامەکەی شەڕی خۆکوژی نێوەخۆیی هەرێمی کوردستان بوو، وەکو دەڵێن نەخشە و سنووری دابەشبوونەکەش ئەو کات ئێران دایڕشت و ئاشتییەکەش ئۆلبرایەت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای چەندین دانیشتن لە دەرەوەی کوردستان و نێوەخۆ مۆری کرد.
ئەو شەڕەی ڕوویدا هۆکاری جیاوازی هەبوو، بەشێکی دەرەکی و بەشێکی خودی لایەنە کوردییەکان بوو، گرنگ دوای زیانێکی یەکجاری زۆری مرۆیی و ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دیماهیدا ئاشتەوایی گشتی هاتە دی و یەک حکوومەت ڕاگەیەندرا و ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەری بەشێکی زۆری کێشەکانی دەسەڵات و داهات و ناکۆکی نێوان هێزەکانی کرد. دابەشبوون و بەدەستهێنانی پلە و پایە لە عێراق کوردستان وەکو چارەسەر و ئەمری واقیع سەپا.
یەکێتی لەدوای ڕاپەڕینەوە شەڕ لەپێناو دەستکەوت بۆ خۆی دەکات و گوتاری هەنووکەی باشترین گوزارشتە لەوەی کە ئەوان لەپێناو خۆیان ئامادەن سەرکێشی بەهەموو شتێک بکەن. پارتیش لەپێناو دەسەڵات هەموو هێز و توانایەک بەکار دەهێنێت. لەبیرمە لەسەڕی خۆکوژی یەكێتی جەختی لەسەر داهاتی گومرگ دەکردەوە و پارتیش بانگەشەی ململانێ لەپێناو دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەکرد. پێکهاتە و عەقڵیەت و تەکنیک و گوتاری ناکۆکییەکان گۆڕانێکی بنەڕەتیان بەسەردا نەهاتووە.
هەنووکە واقیعی سیاسی و خودی هێزەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دەڤەری ژێر هەژموون و کۆنترۆلی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەتی گەلێک ڕووداو، لەوانە درووستبوونی گروپ و هێزی نوێ دەرکەوتوون، یەکێتی کە هەستی بە ئازاری ئەم ڕووداوانە کردووە، بۆ ئەوەی ژانی سیاسی ئەم گروپانە لەبیرخۆی بباتەوە، وەکو بەنجکردن بانگەشەی دیموکراسی و زۆنی ئازاد و ڕەنگاوڕەنگی کرد. زیندانەکانی پڕ کرد لە ڕکابەرە سیاسییەکانی و بەکۆمەڵ خەڵکی گرت و چیرۆکی ناخهەژێنیش لەبارەی زیندانییەکان بڵاو دەبێتەوە. کە لەکردەوەدا تەنیا بە بەکارهێنانی هێز توانی گروپە تازە دەرکەوتووەکان سنووردار بکات، یان بیانگێڕێتەوە ئەو فۆرمەی کە خۆی مەبەستیەتی، تاکو چی دیکە نەبنە هەڕەشە دژی خۆی. نەک هەر ئەوە دابەشبوونی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش هاتە ئاراوە، کە ئەوانیش بە بەرەی ئێران و تورکیا و ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ناوبران. ئەم دابەشبوونەش ئاشکرایە یەکێتی لەبەرەی ئێران و شیعە و گروپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمەیە و پارتیش لەبەرەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوایە. خۆزیا ئەم دوو لایەنە بەرێککەوتن دابەشی سەر ئەم دوو بەرەیە دەبوون، بۆ پاراستنی دۆخ و پێکهاتەی هەرێمی کوردستان.
دەمەوێت یەک ڕاستی بیر هەموو لایەک بهێنمەوە یەکێتی لە دوو ئیدارەیی سەرکەوتوو نەبوو، هەروەها لە ڕێککەوتنی ستراتیژیش خۆیان بە پاشکۆبووی ئیرادە و سیاسەتی پارتی هاتە بەرچاو و لەئاکامدا وێنەیەکی زهینی سیاسیان لای خۆیان دروستکرد، وایان وێناکرد ئەوەی لەگەڵ پارتی نزیک بێت، لاواز دەبێت و مەترسی لەناوچوونیشی دەبێت. بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان وەکو کاردانەوە لەسەر واقیعی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی دەرکەوت.
دوای پترلە ٥٥٠ ڕۆژ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نەتوانراوە پەرلەمان کۆببێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم دروست بکرێت. یەکێتی دەڵێت ئێمە غەدرمان لێکراوە، بۆیە ناهێلین پەرلەمان کۆبێتەوە و حکوومەت پێکبێت و تەنیا لەبانگەشەی هەڵبژاردن و لەم ماوەیەشەدا ڕاشکاوانە دەبێژن (مەسرور بارزانی) نابێتەوە سەرۆک وەزیران، تەنیا بە بڕیاری ئێمە نەبێت. پارتیش لەپێناو هێشتنەوەی دەڤەری ژێر دەسەڵاتی خۆی دوور لە ئاژاوەی سیاسی، نەیهێشتووە هیچ چەشنە گروپێکی نوێ، ئاژاوەیەکی سیاسی دروست ببێت، ئەمەش لەلایەک پتەوی هێزی ئەم حزبەی سەلماندووە و لەلایەکی دیکەشدا جۆرێک لە ئارامی سیاسی و گەشەکردنی ئابووری و بێدەنگی باڵادەستبووە، لەهەمبەر ئەوەشدا هەندێک لایەن پارتی بەوە تاوانبار دەکەن، کە "منەتی بەکەس نییە و نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ کەس بکات".
دواین شت ئەوەیە لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ (بافل تاڵەبانی) لە یادی دامەزراندنی حزبەکەی گوتی "ئێمە بە ڕەقەم قسە دەکەین و ئیدی ٣٩ بە ٣٩ین و ئێمە نیوەی حکوومەتمان دەوێت" بەواتای ئەوەی لەمە کەمتر ڕازی نابن. پارتیش گوتی "ئەم مەسەلەیە لە کۆبوونەوە باس دەکەین". ئایا بانگەشە و تێکەڵبوونی نەوەی نوێ و یەکێتی و کورسییەکەی گۆڕان دەتوانێت ئارامی و ئاسایش و بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان و ژیانی هاووڵاتیان باشتر بکات؟ یان بەکردەوە ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی ڕەش و ململانێی سیاسی و حزبی بەرەو ئاڵۆزی و خراپتر دەبات؟ بەم جۆرە دەتوانن پارتی ناچاری هەموو شتێک بکەن؟. من پێم وایە دەبێت گریمانەی هەموو شتێک بکرێت و سیناریۆ و واقیعێکی چاوەڕوان نەکراو بێتە ئاراوە.
لەم ڕۆژانە پڕۆژە لێکۆڵینەوەیەک کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێست و بیروباوەڕی سیاسی هەنووکەی یەکێتی نیشتمانی بەرجەستە دەکات، داوای چەند چارەسەرێکی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان کردووە، لە بەشێکی پێداگریی لەسەر دابەشبوون بەسەر دوو ئیدارە و لەکردەوەشدا پێکهێنانی جارێکی دیکەی ئیماراتێکە، یان چەند ئیماراتێکە.
پڕۆژەکە پێی وایە بەبوونی ئیدارەی جیاواز دەتوانرێت حکوومەتێکی هاوبەش لە هەولێر دروست بکرێت، لەکاتێکدا هەنووکە یەک حکوومەت هەیە، کەچی بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان و پێگەی سیاسی و مافە حزبییەکانی خۆیانی دەزانن. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەگەر بەیەکەوە بەهێز و کاریگەر و یەکسان و هاوبەش و تەبا و گونجاو نەبن، چۆن بەدابەشبوون و دوو هەرێمی ئەم شتانە بەدی دێت؟. ئەم لێکۆڵینەوەیە هاوکاتە لەگەڵ بانگەشە نافەرمییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت لەڕێگەی کۆکردنەوە و زامنکردنی پەنجاو یەک کورسی پەرلەمانی کوردستان.
ئەم بیرۆکانە وەکو لەگۆڕنانی قەوارەی فەرمی هەرێمی کوردستان دێت، بیرۆکەی دوو ئیدارەیی هەرچییەک بێت، دابەشبوون و لەتکردنی هەرێم بۆ ئیماراتی بچووکی لاواز و ناشەرعی کارێکی گونجاو و چارەسەرێکی لەبار نابێت. یەکێتی هەنووکە لەسایەی نەوەی نوێ هەرەشەی یەکسانبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لەگەڵ پارتی دەکات، تەنیا لەڕێگەی ئەم گروپە بانگەشە و هەڕەشەی پێکهێنانی حکوومەت و فتکردنی پارتی لەدەسەڵاتیش دەکەن. هیچ لۆژیکێک لەگەڵ ئەم دوو بیرۆکەیە تەبا نابێت، چونکە پێ ناچێت ئەمە دۆخی ئاڵۆزی هەرێم چارەسەر بکات. پێشتر دوو حکوومەت و ئیدارەمان بینی، ئەنجامەکەشی فەشەل و دواتر یەکگرتنەوەی ئیدارەکان بوو. ئایا بەڕاستی دوو ئیدارەیی بۆ داهات و دەست بەسەرداگرتنی نەوت و غازی هەرێمە، یان پەرەپێدانی مافە دەستووریی و یاسایی و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە؟. دابەشبوون بۆ دوو هەرێم بەکردەوە دابەشکردن و لەتکردنی هاووڵاتی و ناسنامە و کەسایەتی و ئینجا هاڕینی ئیرادەی تاکی کورد و بەناشەرعی بردنی داهات و توانای دارایی هەرێمە.
یەکێتی هیچ هیوایەکی بە هەولێر و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی نەماوە، پارتیش پێ ناچێت بتوانێت بەفشار و پێداگری لەسەر ئەو بەرنامەی هەیەتی یەكێتی قایل بکات و بەشداری پێکهێنانی کابینەی نوێ بکات. بۆیە یەکێتی دەمێکە و بە شانازیی و جۆرێک لە خۆبادانەوە دوو ستراتیژ پەیڕەو دەکات:
یەکەم: پشت بەستن بە بەغدا و دادگای فیدرالی و وەرگرتنی پۆست لەبەغدا و کارکردنە لەگەڵ لایەنە شیعییەکان لە بەغدا و پشتکردنە یەکتریشە لە هەرێمی کوردستان. ڕاشکاوانە ئاماژە بەسەرکەتن لە کەرکووک و بەغدا دەکەن و نایشارنەوە پشتی پارتیان لەم دوو پرۆسەیە بەتووندی و خراپ لە عاردی داوە.
دووەم: زیندووکردنەوەی گەڕانەوەی جارێکی دیکەیە بۆ دوو ئیدارەیی و چەند هەرێمێک.
گوتم یەکێتی داوای دەکات و پارتی بەرپرسیارە. مەبەستم ئەوەیە یەکێتی نایشارێتەوە داوای پەنجا بە پەنجا لەهەموو شتێک دەکات، ئەگەر نا ڕازی نابن بەهیچ شتێک. پارتیش دەڵێت من براوەی یەکەمم و مافەکانم لە پێکهێنانی دەسەڵات و حکوومەت و پلە و کورسی و دەستکەوتەکان دەبێت زیاتر بێت، بەپێی گوتاری لایەنە سیاسییەکانیش بێت "پارتی پرس بەکەس ناکات و گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات". نازانم ئەوە چەند ڕاستە، ئایا پارتی پرس بەکەس ناکات؟، ئایا پارتی دوای هەڵبژاردن بەکردەوە سەردانی هیچ لایەنێکی سیاسی بۆ ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی هەنووکەی هەرێمی کوردستان نەکردووە؟ یان بەکردەوە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی پتر لە سلێمانی هەیە و بەردەوام و بێ وەستان قسە دەکات، بەڕاشکاوی نەیانگووتە، "ئێمە بەشداری دەسەڵات لە هەرێم ناکەین و ئۆپۆزسیۆن دەبین و لەبەغدا سێ لایەنی هاوپەیمان و هاوفکری نافەرمی یەکێتی نین و لەوێ بەشداری حکوومەت دەکەن؟".
هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێت، پارتی و یەکێتیش دەتوانن ڕێککەوتن بکەن، تەنیا بە ڕێککەوتن دەتوانن شکۆی خۆیان و هەرێم و دابینکردنی دواڕۆژێکی متمانەدار بۆ هەرێم دابین بکەن. نەک سەپاندنی واقیعی دابەشبوونی ئیدارە و لەتکردنی هەرێم، نەک پڕۆژەی تێکشکاندنی یەکتر. گوتاری یەکێتی ڕەنگدانەوەی پەرچەکردار و کاردانەوەیە، گوزارشت لە زولمێکراوی و دژەفشار و ماف لێ زەوتکراوی خۆی وەکو حزب دەکات. گوتاری پارتیش ئاسۆیی و چەسپیووە، کەم قسە دەکەن و هەندێکجار گوتارەکەیان وا نیشان دەدات، کە ئەوەی هەیە کێشەیەکی مەترسیدار نییە و گلەیشیان لێ دەکرێت کە قسە لەبارەی ڕووداوەکان ناکەن. بەشێوەیەک ڕەفتار دەکەن ئەو هێمنییەی هەیانە بە خەمساردی وەسف بکرێت.
ڕاستە هەندێک کەس، کەسانی ئاسایی دەبێژن خۆزیا هەرێمی کوردستان دەکرایەوە دوو ئیدارەیی و لەم کێشە و فشار و ئاژاوەیە دەربازمان دەبوو، بابزانن هەر لایەنە و چۆن خزمەتی دەڤەرەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکات. پێویستە یەک دەسەڵات هەبێت و دەرفەت بە دەسەڵات بدرێت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن حووکمڕانی بکات و لە پەرلەمان ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی حکوومەت بکرێت و هەر لە پەرلەمانیش لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بکرێت.
لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و بە یەکێتیشەوە نەیانتوانی هەرێم تەسلیمی بەغدا بکەنەوە، هەموو شتێک لەژێر دەستی پارتی دەربهێنن وەکو هەندێکیان دەڵێن پارتی بخەنە بازنەییەکی داخراو، پارتیش بەتەنیا نەیتوانی پەرلەمان و حکوومەت کارا بکاتەوە، ئەمەش بۆتە مەترسییەکی جددی لەسەر دواڕۆژی یاسایی و دەستووری قەوارە و پێگەی سیاسی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
لەدیماهیدا دەبێژم یەکێتی داوای نیوەی حکوومەت دەکات، پتر لەساڵ نیوێکە ئامادە نەبووە پەرلەمان کۆبێتە و حکوومەت پێکبهێنرێت، هەنووکە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەرەتای ١٩٩١ و داوای پەنجا بە پەنجای هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵات و ئابووری و کەسایەتی و ئیرادەی کوردستان کەرت و پەرت و لەت بکەن. هەروەسا ئەم پڕۆژە لێکۆڵینەوەیەی لەبارەی دوو ئیدارەیی لەم ڕۆژانە کراوە، پێویستی بە دادگایی کردن هەیە، نەک پێشوازی. نابێت شەرعیەت بە دوو ئیدارەیی بدرێت، هەرێمێکی لاوازی یەکگرتوو زۆر باشترە لە دابەشبوون بەسەر ئیماراتی بەهێزی خۆسەپێن و خودحووکمڕانی تاکڕەوانەی حزبیی.
من دەزانم یەکێتی وەکو لایەنێکی بەرپرسیار ڕەفتار ناکات، بەڵکو خۆی وەکو هێزێکی پەڕوباڵکراو نمایش دەکات، پارتیش هەمیشە لە پێگەی دەسەڵات و متمانە بەخۆبوونەوە ڕەفتار دەکات، ئەم دۆخەی ئاماژەم پێکرد لەڕووی دەروونییەوە دوو پێکهاتەی جیاوازیان دروستکردووە. بۆیە تاکە دەرفەت و ئومێد (سەرۆک بارزانی)ییە، کە بتوانێت ئاوێک بە ئاگری ناکۆکییەکاندا بکات و لایەنەکان کۆ بکاتەوە و وەکو تاکە سەرکردەی بەهێز و متمانەداری ئەم سەردەمەی هەموو کوردستان سنوورێک بۆ ناکۆکییەکان دابنێت و بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەموو شتێک بدات. لایەنە ڕەسەنە ناڕازییەکانیش دان بەم ڕاستییە دەنێن، کە (سەرۆک بارزانی) دەتوانێت کێشەکان یەکلایی بکاتەوە و کوردستان بگێڕێتەوە قۆناغێکی باش و شکۆدار. بۆیە داوا دەکرێت پارتی و یەکێتی ڕازی بکات و لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان لە مەترسی و هەڕەشەکان دەرباز بکات. ئێمە دەزانین لە چارەسەری نەخؤش، ئەرک و بڕیاری دکتۆر زۆر لە هی نەخۆشەکە گرنگتر و چارەنووسساز و قورسترە، بەڵام چارەسەرەکە تەنیا سوودی بۆ نەخۆشەکە دەبێت.