دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، سیاسییە تازەکانی عێراق وەکو نەدیتکە و بەقۆزتنەوەی دۆخی ئاژاوەدار و ناجێگر دەستیان بەفڕکان فڕکانێی کرد و ململانێی نێوان هێز و گروپەکان بووە هۆکارێکی کاریگەر بۆ ئەوەی ئەم لایەن و گروپانە لەیەکەم هەنگاویان دەست بە گەندەڵی بکەن و شەرعیەت بە دزی و بەکارهێنانی هەموو جومگە سیاسی و ئابووری و ئیدارەییەکان بدەن. گەندەڵی هەنووکە مێژووێکی ترسناکی هەیە، چونکە وەکو جۆرێک لەڕێککەوتن لەنێوان بەرپرسە باڵا و یەکەمەکانی عێراق و بەرپرسە ناوەندی و بچووکەکان بەڕیوەدەچێت و بەئاشکرا دەستکراوە بە تاڵانی دارایی و گەندەڵی بەشێوازی هەمەجۆری ئاشکرا و نهێنی ئەنجام دەدرێت. چەندین ڕێگەی یاسایی و نایاسایی و بەهەزاران پڕۆژەی وەهمی و هەقیقی بیناکراوە.
گەندەڵی ئەو گاڤە دەستی پێکرد، کە لەپێنگاڤی یەکەمدا حزبەکان دەسەڵاتیان برا بەش و هاوبەش و هاوسەنگ لەنێوان شیعە خۆ بەخۆیان و دواتریش سونە لەنگەڵ سونە دابەش کرد و ئەوانیش لەڕێگەی دابەشکردنی سەرچاوە داراییەکان بەپاساوی پڕۆژە، یان دەستکەوت، یان قۆنتەرات، یان کڕینەوە و دەستبەرداربوونی پڕۆژەکان و ئەو کەسانەی دەڵالیان بۆ کردوون، بە سەدان ملیار دۆلاریان دزیوە، یان هەندێک لەوانە کە ڕەچاو دەکرێت ژمارەکەیان زۆرتر بێت لە چەند هەزار کەسێک (بەرپرس) سوودمەندی گەندەڵی و دزی و بەکارهێنانی پێگەی حزبی و سیاسی و ئیداری بووبن لەپێناو کۆکردنەوەی ناشەرعی پارە.
حکوومەتی نوێی عێراق لەئاکامی فشاری جددی ئەمەریکا، لەچەند بوارێک دەستی بە جێبەجێکردنی چاکسازی و ئاشکراکرندی گەندەڵکاران و گرتنی هەندێکیان کردووە، لەکردەوەدا ئەمە بە داوا و فشاری ئەمەریکا ئەنجام دراوە، لەوانە:
یەکەم: داماڵینی چەکی گروپە نایاساییەکانی سەر بە ئێران و گروپە تووندڕەوەکانی سەر بەحەشد.
دووەم: دەستکردن بەگرتنی لیستێکی هەزار کەسی، کە تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق عەلی زەیدی کردووە. ئەویش لەهەنگاوی یەکەمدا دەستی بە گرتنی ژمارەیەک گومانلێکراو کردووە، کە مەزەندە کراوە ئەمانە لەگروپەکانی ژێری ژێرەوەن، نەک باڵا دەستە یەکەمەکانی عێراق.
سێیەم: ئەمەریکا ئامانجی ئەوەیە عێراق خۆی لە ئێران جیا بکاتەوە و کێشەی سپی کردنەوەی پارە و هەناردەکردنی نەوت و پەیوەندییە گومانلێکراوەکانی نێونیان چارەسەر بکات. لەهەمان گاڤدا لەگەرمەی دەستپێلی ڕاونانی گەندەڵکاران وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و گوایە داوای لە (زەیدی) کردووە تووند نەبێت و ماڵی شیعە دانەڕمێنێت و دەست بۆ گەندەڵکارە مەزن و یەکەمە باڵادەستەکان نەبات و پرۆسەکە لەدژی ئێران بەڕێوە نەچێت.
چوارەم: دادگای باڵا لە عێراق پاڵپشتیکەر و هاندەری یەکەم و هەرە بەهێزی ناوەخۆیە بۆ ڕاوکردنی گەندەڵکاران. لەکاتێکدا ئێمە دەزانین دادوەری باڵا (فایق زەیدان) ڕۆڵی سەرەکی لە دەستنیشانکردنی (زەیدی) هەبووە و هەنووکەش لەڕووی یاساییەوە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ بڕیاری گرتن و دادگایی کردنی ئەو کەسانە دەکات، کە دەگیرێن و پەرلەمانیش پارێزبەندی ئەندامەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵدەگرێت.
پێنجەم: چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە داواین لە (زەیدی) کردووە بڕیارەکانی بۆ ڕاوکردنی گەندەڵکاران سنووردار بکات و نەبێتە هۆکار بۆ تێكشاکدانی ناوماڵی شیعی و دەستبردن بۆ بەرپرسە یەکەمەکانی ئەم چوارچێوەیە، کە لەڕاستیدا ئەمانە هەموویان بەرپرسن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و دزینی پارە و موڵک و ماڵی گشتی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ کۆکردنەوەی داهات و دزی بەشێوەی نایاسایی.
بێگومان ئەم هەنگاوانەی هەنووکە دەنرێت بێ کێشە و گرفت و ناکۆکی و کاردانەوەی نەرێنی و پێشوازی میللی نابن، چونکە:
یەکەم: خەڵکی ئاسایی و هەندێک لە حزبە سیاسییەکان بەخۆشی بێت، یان لەترسان بێت پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەکەن.
دووەم: لەڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا ئاماژە بەڕێژە و ژمارەی یەکجار گەورەی دزی و تاڵان و لرف کردنی پارە و ئیستغلالی پێگەی ئیداری و پەرلەمان و سیاسی کراوە، کە زانیارییەکان بەڕاستی نیشانی دەدەن، ئەوەی لەدوای ٢٠٠٥ ڕوویداوە تاکو ئەمڕۆ زۆر خەمناک و مەترسیدار و گەورەیە.
سێیەم: هەندێک نایشارنەوە دوور نییە ئەم هەنگاوانە وەکو تۆڵەی سیاسی و پاکتاوی سیاسی بەکاربهێنرێت.
چوارەم: هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێشوازی لێکراو بۆ گرتن و ئاشکراکردنی گەندەڵكاران لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە، ئەمەش بە کارێکی ئەرێنی دادەنرێت.
پێنجەم: گروپی بەناو ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە بەغدا و هەندێک لەنوێنەرە کوردەکان داوا دەکەن ئەمە لە هەرێمی کوردستانیش بکرێت. لەکاتێکدا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەریم لەسەرەتای پێکهێنانی ویستی چارەسەری بەشێکی گرنگی گەندەڵی بکات، بەڵام هەندێک حزب بەتایبەی یەکێتی دیوارێکی بەهێزیان بەدەوری خۆیان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کێشا، تاکو حکوومەت نەتوانێت هیچ هەنگاوێکی ئاشکرا و کارا و کاریگەر بۆ ئەم مەبەستە بنێت و فەشەل بهێنێت.
شەشەم: ئەم هەنگاوە سەرکەوتنێکی مێژووی کاریگەر و یەکلاکەرەوە بەرهەم ناهێنێت، ئەگەر بەرپرسە گەورەکان کە لەگەندەڵی گەورە و بێ سنوور گڵاون، یان بەرپرسن لە گەندەڵی نەگیرێن و بەئاشکرا دادگایی نەکرێن. واتە نابێت هەڵمەتەکە تەنیا گەندەڵکارە بچووک و مام ناوەندییەکان بگرێتەوە.
گریمانە
ئەوەی لەعێراق ڕوویداوە دروستکردنی ئیمپراتۆریەتێكی بەهێزی گەندەڵییە لەلایەن سیاسیی و بازرگان و ژمارەیەکی یەکجار زۆری گەندەڵکارەکانەوە، بۆیە وەکو لەهەموو دونیا چاکسازی باجی قورسی دەوێت و ئەوانەی دەیانەوێت مافیا و گەندەڵکارە گەورەکان بگرن و سزایان بدەن پێویستیان بە هێزێکی بەهێز و ئامادەکاری یاسایی و سەربازی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازیی و پاککردنەوەی وڵات لە گەندەڵکاران و دەرچووان لەیاسا و بنەبڕکردنی گروپە چەکدارە نایاسییەکان. لەبەر ئەوە من پێم وانییە حکوومەت بتوانێت سەرتاپا، یان زۆرینەی گەندەڵکارە مەزنەکان بگرێت، بەپێچەوانە دوور نییە دیوارێکی سەخت و بەهێزی لەبەردەم دروست بکەن و بیانەێت فەشەل بە چاکسازی بهێنن.
پێ ناچێت بەپێی ئەزموونی لەوە پێش و بەهۆی فراوانی کاری یاساشکێنی و زۆری ژمارەی گەندەڵکاران و بەهێزی دەسەڵاتدارە پلە یەکەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بتوانێت هەموو ئەم هەنگاوانە بنێت کە پێویستین و سەرکەوتوو بێت لە بنەبڕکردنی گەندەڵی و داڕماندنی ئیمپراتۆریەتی بەهێزی گەندەڵکاران.
ئەم هەنگاوە پێویستی بەکودەتایەکی پشت ئەستوور بە هێزێکی یەکلاکەرەوەی نێوەخۆیی و پاڵپشتی بەهێزی دەوڵەتێکی وەکو ئەمەریکا بە کردەوە و بەردەوامبوونەوە دەبێت، ئەگەر نا دوور نییە هەنگاوەکان پێچەوانە ببنەوە و پاکتاوی ئەم ئەنجوومەنی وەزیرانەیە بکرێت، کە هەنووکە دامەزراوە و هێشتا بەشێک لە وەزیرەکانی سوێندی یاساییان نەخواردەوە.
دیاردەی گەندەڵی بۆتە پرۆسەیەکی سەرتاسەری و هەموو لایەنە سیاسی و ئیداری و تەنیا پەرلەمان و کۆمپانیاکان و بانک و گروپە چەکدارەکان و هێزی سوپا و ئاسایش و ئەمن و سەرتاپای وەزارەتەکان و دائیرەکانی حکوومەتی گرتۆتەوە.
ئێمە دەزانین چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی پرۆسەیەکی یەکجار ئاڵۆزە، ئەگەر دەسەڵاتی نوێی بەغدا و ئەمەریکا هەتا کۆتایی بەردەوام نەبن لەگرتنی گومانلێکراوەکان و گێڕانەوەی داهاتە دزاوەکان لەنێوەخۆ و دەرەوەی عێراق بۆ خەزێنەی وڵات، ئەوە ئەزموونێکی خراپ و زەمینەیەکی مەترسیدار بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی ئیمپراتۆریەتی گەندەڵی دروست دەکەن. لەئێستاڕا (زەیدی) سیاسەتی سازش لەگەڵ ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت، کە ئارەزوومەندانە بەشێکی پارە و کەرەستە و داهاتە دزاوەکان بۆ حکوومەت دەگێڕنەوە. ئەگەر بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدرێت، ئاساییە گەندەڵی بەردەوام بێت، یان شێوازێکی نوێی گەندەڵی سەرهەڵبدات.
دز و گەندەڵکار لەهەر کوێیەک هەبێت، پێویستە سزا بدرێن و ئاشکرا بکرێن. گوایە لەم هەنگاوە تازەدا جیاوازی لەنێوان عەرەب و کورد و مەسیحی و سونە و شیعە ناکرێت، لەدزی و ڕێژە و ئاست و ژمارەی گەندەڵییەکان پێکهاتەکان وەکو یەک و یەکسان نین، لەنێو هەموویانیشدا بەشێواز و رێژەی جیاواز گەندەڵی کراوە، بۆیە دادپەروەریی لە سزادان زۆر گرنگە، کە جیاوازی و ڕەگەزپەرستی و پاکتاوی سیاسی و مەزهەبی رەچاو نەکرێت، بەڵکو بەکردەوە گەندەڵکارە هەقیقییەکان سزا بدرێن.
ئەو چیرۆکانەی هەنووکە و لەم ڕۆژانە لەبارەی گەندەڵی دەگێڕدرێنەوە، نیشانی دەدەن ئەوەی لە عێراقی عەرەبی کراوە زۆر لە (دزی سەدە) مەزنترە، بەدەیان دۆسیە وەکو تۆڕێکی چالاک و گەورەی دزی و بەیەک بەستراوی تووند و هەملایەن و هەمە ناسنامە لەزۆر بوار و دەزگا و دامەزراوەکانی حکوومەت کاریان کردووە و دەستیان بۆ هەموو شتێک بردووە، لەوانە دۆسیە مەزنەکانی وەکو کارەبا و وزە و بەرهەمهێنان و خانوبەرە و گەشەپیدان و کەرتی تەندروستی و هاوردەی دەرمان و گرێبەستەکانی هاتوچۆی وشکانی و دەریایی، فرۆشتنی نەوت و هێلی شەمەندەفەر و گرێبەستی چەک کڕینی کەلوپەلی سەربازی لەوەزارەتی نێوەخۆ و بەرگری. سەرباری سپیکردنەوەی پارە و ئەو ملیارەها دۆلارەی دراوەتە ئێران، یان ئەو کەسانەی شیعەن و لە وڵاتەکانی دیکەوە هاتوونەتە عێراق.
حیکمەت لەگرتنی ئەو کەسانە نییە، کە ئەمەریکا فایلی هەموو گەندەڵکارانی داوەتە دەست عێراق، سەرباری بەڵگەنامەی پشتڕاستکراوە لەبارەی هەر کەسێک و هەر دۆسییەکی گەندەڵی، بەڵکو حیکمەت لەوەیە دادپەروەریی هەبێت، دامەزراوەکانی دەوڵەت پاک بکرێنەوە، چارەسەی گەندەڵی بکرێت و ڕێگەش نەدرێت ئەم ئیمپراتۆریەتە فراوانەی دزی و تاڵان و بڕۆیەی هەیە، دووبارە بکرێنەوە.
لەڕاستیدا هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی ناکرێت، ئەگەر دەسەڵات سزای ئەو گرووپ و لایەنە سیاسیانە نەدات، کە ئەو کەسانەیان گەیاندۆتە ئەم پلە و پایانە و دەرفەتی دزی و گەندەڵیان بۆ دروستکردوون و گەندەڵیان وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و شەرەفێکی یاسایی و لێهاتووی خودی حیساب کردووە. ئەمەش لەڕاستیدا کارێکی ئاسان نییە و بەپێی هەڵومەرجی ئاڵۆزی سیاسی و تایبەتمەندی و پێگەی پێکهاتەکان و پلەی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکان ڕەچاوی ئەوە ناکرێت لەم بوارە حکوومەت سەرکەتوو بێت، بەمەش بۆ هەمیشە دەرگای گەندەڵی بەکراوەیی دەمێنێتەوە.