ململانێکانی پارتی و یەکێتی بەرەو کوێ؟

هاوڕێ جەمال
  2026-11-07   

تاک لەم ھەرێمە لەبەر ئەوەی تاکێکی پاسیڤە لەسەر ئاستی سیاسی، یاخود ڕاسترە بڵێین پاسیڤکراوە، بەو مانایەی ھیچ بوارێک بۆ جێکردنەوەی بیروڕاکانی لەمەڕ پرسە سیاسیەکان و گۆڕانکاریەکان نەھێڵراوەتەوە، بۆیە ناچار یا بێدەنگی ھەڵدەبژێرێ، یاخود تێکڕا ئەبینە شیکرەوەی دۆخەکان و ھەریەکەمان بە ویست و ئارەزووی خۆی تاو دەداتە مقەستێک و دۆخەکە بەکاڵای باڵای لێکدانەوەو خەیاڵەکانی ئەبڕێ.
 گەرنا بە چ لۆژیکێک ململانێی دەیان ساڵەی یەکێتی و پارتی بۆ وتەیەکی سەرۆکی یەکێک لە حزبەکان لە دیداری مێری دەگەڕێنیتەوە؟! یاخود بۆ ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەبنە کاروانی یەکێک لە سەرۆکەکان،! یاخود و یاخود....
 ئەم دۆخەی ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتی دەگوزەرێ، تاکی ئێمە ھەرچەندە بارگاویە بە دۆخەکەو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی دروستکردووە، بەڵام بێ چارە ماوەتەوەو ھیچی پێناکرێ جگە لە کۆڕ و مەجلیس پێ گەرمکردن و پۆستکردنی شیکردنەوەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
ئەم دۆخە پەیوەست بەتاک لە ژینگەی کۆمەڵایەتی - سیاسیدا لە ڕووی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە چەند ڕەھەندێکی قووڵی ھەیە.
١. بێدەسەڵاتیی تاک (Powerlessness)
کاتێک مرۆڤ دەبینێت ڕووداوەکانی دەوروبەری کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ھەیە، بەڵام نە توانای گۆڕینی ھەیە و نە دەنگی کاریگەرە، ھەست بە بێدەسەڵاتی دەکات.
٢. بێگانەبوون لە کۆمەڵگا (Social Alienation)
چەمکێکی گرنگە لە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا. مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دەژی، بەڵام ھەست ناکات بەشێکی کاریگەر و خاوەن ڕۆڵی ئەو کۆمەڵگایەیە.
٣. بێدەنگیی سیاسی (Political Alienation)
کاتێک ھاووڵاتی ھەست دەکات دامەزراوەکان و بڕیارە سیاسییەکان لە ژیانی ئەو جیاوازن و خواست و بەرژەوەندییەکانی لە بڕیارەکاندا ڕەنگ ناداتەوە.
٤. پووچەڵبوونی ھیوای کۆمەڵایەتی
ئەمە دۆخێکە کە مرۆڤ چیتر تەنھا بە ئەنجامی خراپی ڕووداوەکان ناڕەحەت نابێت، بەڵکو لە توانای گۆڕانی دۆخەکەش نائومێد دەبێت.
٥. بەستنەوە بە چەمکێکی فەلسەفی
لە بیرکردنەوەی ھانا ئارێنتدا، بە تایبەتی لە باسەکانی سەبارەت بە کردەوەی سیاسی و ھاوبەشیی گشتی، مرۆڤ کاتێک دەرفەتی بەشداری لە چارەنووسی ھاوبەشدا لەدەست دەدات، ئەو توانایەی لە ڕێگەی کردەوە و گفتوگۆوە جیھان بگۆڕێت لاواز دەبێت.
ھەر لەبەر ئەو بێ دەرەتانیەی تاک ئێمەش ئەوەی بۆمانماوەتەوە لێکدانەوەی دۆخەکەیە بەپێی مەزەندەی خۆمان، کە کورتکراوەکەی ئەمەی خوارەوەیە:
ئەوەی ئێستالە نێوان پارتی و یەکێتی ڕووئەدا بەلاداخستنی باڵانسێکە، ئەتوانم بڵێم ئەم باڵانسە ، لەوکاتەوە گۆڕا کە مام جەلالی ڕەحمەتی بە کاک مەسعودی وت نەخێر، لەسەر  وەختێکدا کە داوای گۆڕینی نوری مالیکی کرد لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
 ئەوەش کە ئەم باڵانسەی ڕاگرتووە بە پلەی یەکەم ئەمریکاو بە پلەی دووەمیش عێراقە، ھەر لەبەر ئەوە لە ئێستایا، نە یەکێتی و پارتی پەنا بۆ چەکی شەڕی ناوخۆ ئەبەن، نە ھەرێمیش ئەبێ بە دووکەرتەوە. ئەوەی ھەیە تەنھا ئەوەیە، ھەریەک لەو دوو ھێزە ئەیانەوێ تای تەرازووی باڵانسی ھێزبەلای خۆیانا بشکێننەوە..
 جا ئیتر لەھەر قۆناغێکی ململانێکاندا ئەم باڵانسە بەلای یەکێکیاندا دەکەوێت، بۆ نموونە لە ململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باڵانسەکەی لە بەرژەوەندی یەکێتی بەلاداخست، لە ئێستاشدا پێموایە ڕاستە پارتی دەستپێکرد، بەڵام بە یەکێتی و سەرۆکەکەی کۆتایی پێ نایە، بەڵکو دادگای ئیتیحادی ئەو باڵانسە ڕادەگرێ، ھەروەک چۆن لە دانیشتنی پێشوودا دانی بە پەرلەمانی کوردستاندا ناو ھەڵوەشاندنەوەی ڕەتکردەوە، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی باڵانسی پارتی بوو، پێموایە لە دانیشتنی ١٤ ی ئەم مانگەی ئەو دادگایە، کە تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی داوای ناساندنی حکومەتی ھەرێم وەک حکومەتی کاربەڕێکەر، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەوە یەکلادەکاتەوە کە حکومەت کاربەڕێکەرەو بەمەش باڵانسەکە بەلای یەکێتیدا دەشکێنێتەوە.
 دەرئەنجام ھەردوو حیزب ناچار ئەبن ھەنگاوی ھاوبەش بنێن بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەتی ھەرێم، بەڵام ئەم پرۆسەیە بە لەبەرچاوگرتنی ھەمان ئەو تێگەیشتنە دەچێتە پێش کە باسمان لێوەکرد، واتە ڕاگرتنی باڵانس لە نێوانیاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×