شێخی پیران‌و ھەڵوێست بەرامبەر قڕکردنی ئەرمەن وەك نمونە

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-04-24     826

روحی کوردی و تێگەیشتنی ئەخلاقیانە بۆ ئیسلام
شێخ سەعیدی پیران لە بەرامبەر ھەوڵەکانی حکومەتی (ئیتیحادو تەرەقی) بۆ قڕکردنی ئەرمەنەکان لە سەروبەندی جەنگی جیھانی یەکەمدا، فتوایەکی مێژویی دەردەکات و بەوەش خزمەتێکی گەورە بە ئیسلام و کوردو ھەق و دادپەروەری دەکات. لە دەقی فتواکەی شێخی پیراند ھاتووە؛ (هەركەسێك ئەرمەنيەك بكوژێت وەك ئەوەيە موسوڵمانێكی كوشتبێت، داواتان لێدەكەم بيانشارنەوەو رزگاريان بكەن لە دەست دوژمنكارانى توركيا، هەردەست درێژيەك بۆيان حەرامە).
—مەوسوعەی جودی مەسعود عەبدولخالیق—
ئەم فتوایە، کە جوانترین نوێنەرایەتی روحی ئیسلامیی کوردیی دەکات، جێگەی شانازی ھەتاھەتایی میللەتەکەمان و ئەم گەلە زۆرینە موسوڵمانەیە.
گرنگی ئەم تێگەیشتنە ئەخلاقیە بۆ ئیسلام بۆ ڕابەرێکی میللی نەقشبەندی کورد، لەوەدا دەردەکەوێت کە؛ ئەرمەنەکان مەسیحی بوون، لە پاڵ ھێزەکانی روسیادا لە قەتڵ و عامی ھەزان کوردەوە گلابوون، ھەندێ لە کوردەکانی ناو دامەزراوە عوسمانیەکان، لە کوشتاری دەستەجەمعیی ئەرمەنەکاندا بەشداربوون، تاوانەکە ڕووپۆشێکی دینی بۆ دەستەبەرکرابوو، کەچی سەرەرای ھەموو ئەو ئەوشتانە، گیانە عەدالەتخوازە ئیسلامیە میللیە کوردیەکە، ھوشیاری و ھاوسەنگی و ھەستی ئەخلاقی لە دەست نادات. نەك ھەر بە چاو و ڕاو پڕوپاگەندەی حکومەتەکەی ئیتیحادو تەرەقی ھەڵناخڵەتێ و پشتوانی لێناکات، بەڵکو قبوڵی بێ دەنگی و چاوپۆشیش ناکات و بەم فتوایە ئیسلام و کورد بێبەری دەکات لە تاوانەکەو کوشتنی ئەرمەنی یەکسان دەکات بە کوشتنی موسوڵمان و داوا لە کوردەکان دەکات، بە ھانای لێقەوماو و ڕاوەدونراوانی ئەرمەنەوە بچن، لە مەرگ رزگاریان بکەن.
ئەمەش پێمان دەڵێت شێخی مەزن و شەھیدی سەرکردەمان، جوان ھوشیاربووە بەوەی کە ئەو کوشتوبڕو تاوانە گەورەی دژ بە ئەرمەنەکان دەکرێت، پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیەو دژ بەسەرەتاکانیەتی. (ئیتیحادو تەرەقی) گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکن و تاوانەکە مۆدێرنەو خەونی نەتەوەسازیی تورکیی نوێی لە پشتە. ئیمپراتۆریەتی فرەنەتەوەیی و دینی عوسمانی دەمێکە کۆتایی پێھاتووە. لە ئێستادا ھەستی دینی لە خزمەتێکی سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەی دژە ئیسلامیدا بەکاردێت و سودی خراپی لێ وەردەگیرێت.
ھەر بۆیە، پەردەھەڵماڵین و لابردنی ماسکی خڵەتێنەری ئاینیی لە ستراتیژی قڕکردنی گروپێکی نەتەوەیی دیاریکراو، بەشێکە لە ئەرکی ئەم گوتارە ئیسلامیە عەدالەتخوازە ئەخلاقیە کوردیە.
مەبەستیشمان لە تێگەیشتنی ئەخلاقیی لە ئیسلام لەم گوتارەدا ئەوەیە کە، ھەروەك چۆن ئەخلاق ناسنامەی دینی و نەتەوەیی و مەزھەبیی و چینایەتی ناناسێت، ستەم دەرھەق بە ھەر کام لەو ناسنامانەو شوێنکەوتوانیان ئەنجام بدرێت ستەمەو جەوھەرو پێناسەکەی ناگۆڕێت، ئەم گوتارەش ناموسوڵمانی ئەرمەنەکان و موسوڵمانێتی ڕواڵەتی پەلاماردەرانیان ناکاتە پاساوی ڕەوایەتی دان بە تاوانەکەو تەنانەت بێدەنگبوونیش بەرامبەری، چونکە ستەم و ناھەقی بەرامبەر ناموسوڵمانێ یەکسانە بە ستەم کردن لە موسوڵمانێك، بەحوکمی ئەوەی لە روانگەی ئیسلام و ئەخلاق و مرۆڤایەتیەوە، حەرام و قەدەغەکردنی ستەم دەرھەق بە مرۆڤ و گروپی بێ تاوان، ھیچ ناسنامەو ناونیشانێك ناناسێت. ھەمووان لە بەرامبەر عەدالەتی خوایی و قانونی ئەخلاقیەوە یەکسانن، بە گوێرەی بنەما ئیسلامی و ئەخلاقیەکان، ستەمی بەشێك لە ئەرمەنیەکان لە کورد یاخود دەزگاو لایەنێکی تر، پاساوی بەشداری کردن لە تاوانبارکردنی کۆی ئەم گروپە نەتەوەیی و دینیە و ھەوڵی قرکردنیان نادات، چونکە کەسانی بێ تاوان، لە سۆنگەی ھاوبەشیی لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی و ھەر جۆرە ھاوبەشیەکی تردا، ئۆباڵی تاوان و خراپەی ھاونەژادو ئاینەکانیان ھەڵناگرن و بە تاوانبار لە قەڵەم نادرێن.
ماوەتەوە بڵێین، پێویستە ئەم جۆرە فتوایانە وەك ھەڵوێستێکی ڕاگوزەر سەیر نەکەین، چونکە ئاماژەیە بە ڕێبازێکی دیاریکراو لە تێگەیشتن لە ئیسلام و کارلێکی ڕوحی کوردی لەگەڵ ئەم ئاینە مەزنەدا. دەبێت بەشێك بێت لە ئاراستەکردنی ھەوڵەکانی خەمڵاندنی مەرجەعیەتێکی فیکریی، کوردیی، ئیسلامیی ھاوچەرخ، کە ناونیشانە گەورەکەی تێگەیشتنی عەدالەتخوازانەو لێبوردانەو بە گشتی ئەخلاقیانەیە بۆ ئیسلام. تێگەیشتنێك، سازگارە لەگەڵ مەبەست لە رەوانەکردنی کۆی پێغەمبەرانی خوا لە قورئاندا کە ناکۆکە لەگەڵ تێگەیشتنی فقھیانەو سەلەفیانەو مێژوییانەی ڕوکەش و دابڕاو لە بەھا مەزنەکانی ئیسلام و قانونی ئەخلاقیی گەردونیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×