دانپیانانە کەم و کورتەکانی کاربەدەستان و خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-05-22     404

لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، جارێکی تر سەرۆکی ھەرێم لە چوارچێوەی وەسفکردنی واقیعی سیاسی ئێستای ھەرێمدا، ئاماژەی بەوە کرد ناکۆکی حیزبیی نێوان یەکێتی و پارتی خەڵکی نیگەران و نائومێد کردووە، بازاڕی وەستاندووە، بەڕێگریشیان لە یەکگرتنەوەو دووبارە بیناکردنەوەو بەنیشتیمانیکردنی ھێزی پێشمەرگە، بوونە ھەڕەشە بەسەر ئاییندەی ھەرێم و ھەموو ئەو دەستکەوتانەی تاکو ئێستا بەدیھاتوون.

یەکەمجاریش نیە باس لەم پرسانە دەکات، ھەندێ بەرپرسی تریش لەنێو ماڵی دوو حیزبەکە، جگە لە ئاماژەکردن بەم خاڵانە، زیاد لە جارێك ئاماژەیان بە گەندەڵی، ناعەدالەتی، نەبوونی سەروەریی یاسا، واقیعی دوو ئیدارەیی و نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو لە ھەرێمدا کردووە. کەچی سەرەڕای ئەم وەسف و دانپیانانە، کە ھەموو ئەو ڕەخنانەی لەم ڕوەوە لە دوو حیزبە گیراون پشتڕاست دەکەنەوە، ھەستدەکرێت دۆخەکە بەچەقبەستوویی ماوەتەوە، دانپیانانەکان کاریگەریان نەبووە لە دەرکەوتنی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنێکی راستەقینەی کێشەکان و پێنانە ناو قۆناغێکی نوێی ئومێد بەخش و جیاوازەوە! نوخبەی حوکمڕان لە بازنەیەکی داخراوی وەسفێکی پچڕپچڕی واقیعەکەو ململانێی حیزبیی نەزۆكدا دەسوڕێتەوە.

ئەم دۆخ و بنبەستەش چەندین ھۆکاری لە پشتەوەیە لەوانەش:

١- تاکوئێستا دانپیانانەکان تاکەکەسی و پەرش و بڵاون و فەرمی نین.

٢- وەسف و دانپیانانەکان ھێندەی بۆ لێپرسراوێتی لەکۆڵ خۆکردنەوەن بۆ لێپرسراوێتی لەئەستۆگرتن نین، ھەربۆیە دەرەنجامی وایان لێناکەوێتەوە.

٣- دانپیانانەکان سیاسەتمەدارانە نین، چونکە سیاسەتمەدار فەیلەسوف و تیۆرسین نیە، بە وەسفکردن وازبێنێت، بەحوکمی ئەوەی ئەرکی ئەو گۆڕانکاری و بیناکردنەوەو پیادەکردنی تێزو چارەسەرەکانە.

٤- دانپیانان و وەسفکردنەکان لە ئاستی ڕووکەشی دیاردەو ڕووداوەکاندا دەوستن و شۆڕنابنەوە بۆ ئاستی دەستنیشانکردنی ھۆکارە راستەقینەکان چیەتی شتەکا.

٥- نەبوونی دیدو ئیرادەیەکی نیشتیمانی ڕاستەقینە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا و زاڵبوونی دیدگاو بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و ناوچەیی.

٦- کەڵەکەبوونی کێشەکان و بێتوانایی نوخبەی دەسەڵاتدارو لاوازی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و فرە دەسەڵات.

٧- ئامادەنەبوون بۆ ڕۆیشتن لەگەڵ پێویستیەکانی چارەسەر تا ئەوسەرو لە ئەستۆگرتنی بەرەنجامەکانی؛

لە پاڵ، دەردە تا ئێستا بێچارەکەی ڕق و کینەو ناکۆکی تاکەکەسی و حیزبیی و مێژوویی.

ھەموو ئەوەش وایکردووە، ھەرێم بە کردەوە لە دۆخی بنبەستی سیاسیدا بژیت. بەو واتایەی، نوخبەی دەسەڵاتدار توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و وەڵامدانەوە بە خواستەکانی نەماوەو جێگرەوەشی نیە و ڕێگەی پێنادات. چارەسەری کێشەو قەیرانەکانیش، یان لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەبێت، واتە لە ڕێی خودی دەسەڵاتدارانی حوکمڕانەوە، یان لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە ڕێی ھەڵبژاردنی بێگەرد و فۆرمی تری خەباتی مەدەنی و ھاتنە پێشەوەی نوخبەو چارەسەرو پڕۆژەی حوکمڕانیی نوێ و جێگرەوە.

تاکو ئێستا نوخبەی حوکمڕان سەلماندویەتی ھەڵگری ھیچ دیدو پڕۆژەیەکی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕاستەقینەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە نیە. شکستی خواردووە لە یەکگرتنەوەی ھەرێم و ھێزەکانی و بەدامەزراوەیکردن و خەمڵاندنی ناسنامەیەکی نیشتیمانی ھاوبەش و یەکگرتوو چارەسەری کێشەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوری بەھێز و ڕێگرتن لە نائومێدنەبوونی زۆرینەی گەلی باشور! لە سۆنگەی گەندەڵی سیاسی و نەبوونی ھەڵبژاردنی پاك و بێگەرد، بەرژوەندی و ئیمتیازی ناڕەوای زۆرو نەبوونی پێشمەرجە قانونی و دامەزراوەیی و سیاسییەکانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و عەقڵیەتێکی دەسەڵاتخوازی بەڕواڵەت دیموکراسەوە، ڕێگا نادات لە خوارەوە بۆ سەرەوە چارەسەرو جێگرەوە لەدایکببن! ئەوەش ھەرێمی خستۆتە بەردەم چەند ڕێیان و ئاییندەیەکی نادیارو ئەگەری جۆراوجۆرەوە.

ناشزانرێت نوخبەی دەسەڵاتدارو کاربەدەستان بۆ کێ قسەدەکەن لە کاتێکدا خۆیان سەبەبکاری کێشەکانن و کلیلی چارەسەریش لە سایەی دۆخی بنبەستدا لە دەست خۆیاندایە؟ نیشانە بچوکەکانی کۆتایی زەمانی ھەرێم بەدەرکەوتوون، دەستەو ئەژنۆ بەدیار مەرگی ویژدان و ئیرادەیانەوە دادەنیشن ھەتا نیشانە گەورەکانیش دەردەکەون وخۆر لە خۆرئاواوە ھەڵدێت ئەو کاتەی کە پەشیمانی دادی کەسنادات؟!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×