ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی باشوورو شێواندنی ناوەڕۆکی چەمكی سیاسەت

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-07-25     365

ڕۆڵی هەستیاری سیاسەت لە ڕێکخستن و ئاراستەکردنی کۆمەڵگەکان . دابەشکردنی سەرمایە ماددی و ڕەمزییەکان و ژیانی هەر وڵات و نەتەوەیەکدا گەورەو یەکلاکەرەوەیە.

هەربۆیە بوونی سیاسەتێکی ڕاست و سیاسەتمەداری دڵسۆزو ڕاستگۆ، بەیەکێ لە ئاماژە گرنگەکانی دەستنیشانکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگە پێشکەوتوو دواکەوتوەکان دادەنرێت.

یەکێ لەکێشە بونیادییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەئاستی جیاواز شێواندنی ناوەرۆکە مەدەنییەکەی چەمکی سیاسەتە. بەجۆرێك چەمكی سیاسەت لە مێژووی دوور‌و درێژی ناوچەكەدا دووچاری شێواندنێكی ترسناك بۆتەوە.

درێژەكێشانی فۆرمە حوكمڕانیە خراپەكان، زۆرداری نوخبە فەرمانڕەواكان، شەڕ‌وشۆڕە خوێناویەكان لەسەر حسابی چارەنووس‌و ژیان‌و گوزەرانی خەڵك و وڵات و میللەتان، كارێكیان كردووە، سیاسەت لای بەشێكی زۆری خەڵك یەكسان بێت بە فڕوفێڵ و گەڕان بەدوای دەستکەوتی تاکەکەسی و گرووپیەکان و دەوڵەمەندبوونی نارەوا، نەك چالاكیەكی مەدەنی لەپێناو چاكەی گشتی‌و چەسپاندنی دادپەروەری و چارەسەركردنی كێشەكان‌و كەمتر كردنەوەی ئازار‌و ناڕەحەتیەكان و پێشکەشکردنی چوارچێوەی دامەزراوەیی پێکەوە ژیان و ڕێز گرتن لە جیاوازییەکان و جوان بەڕێوە بردنیان!

لەگەڵ بڵاو بوونەوەی مۆدێرنە‌ی سیاسی و موژدەدان بە دەوڵەتی نوێ و سنووردانان بۆ دەسەڵاتی رەهای دەسەڵاتداران و بەدەستوور کردنی ژیانی سیاسی، جۆرێ‌ لە ئومێد‌و گەشبینی بە هاتنە کایەی فۆرمێکی نوێی دادپەروەرانەو قانون سالارانەی حوکومڕانی سەری هەڵدا، بەڵام دوای ئەزموونكردنی چەندین ئایدۆلۆژیا‌و فۆرمی نوێی حوکومڕانی‌، سەرلەنوێ پاشخانە كۆنەكە بەهێزتر بۆوە ‌و گیانی نەفرەتکردن لە سیاسەت پەرەی سەندەوە و بەهێز بۆوە.

لە كوردستانی باشووریش لە (70) ساڵی رابردوودا ، (سیاسەت) وەك چەمك‌و (سیاسەت كردن) وەك كردەی سیاسی، دووچاری شێوانێكی زۆر هاتوون. ئەوەی لە پشت ئەم دۆخەشەوەیە بە پلەی یەكەم ناكۆكی‌و دووبەرەكی‌و شەڕی ناوخۆیی نێوان باڵە تەقلیدیەكانی كوردایەتیە. چونكە ئەگەر سیاسەت (بەشدارییەكی بەردەوام، گرەوكردن لەسەر دواڕۆژ، بڕیاردان بێت بۆ گەیشتن بەو مەبەستانەی هێشتا بەدی نەهاتوون) لای ئێمە لە سۆنگەی داخراوی‌و قانگدراوی پەیوەندی هەردوولایەنی كێشە‌و ناكۆكی و شەرەکەی باشوور ، بەشی زۆری ماناكانی لەدەستداوە. زۆرینەی خەڵك لە بەشداریكردنی سیاسی ساربوونەتەوە ‌و نائومێدبوون.

ناكۆكی‌و نیمچە هەڵوەشاوەیی دۆخی هەرێم‌و دابەشبوونی بەسەر زۆن‌و دەسەڵاتە حیزبیە ناوچەییەكان‌و رێكەوتن لەسەر رێكنەكەوتن بە گوتەی (جەمالە دینی ئەفغانی) كە بە ماكی نەخۆشیەكانی گەلانی خۆرهەڵات دەزانێ‌، تەم‌ومژێكی گەورەی خستۆتە سەر ئاسۆی ئایندە، دۆخەكەش بە گشتی بە عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناكاو بەڕێوە دەبرێت! رێكەوتن لەسەر ئامانجەكانی ئایندە لە گۆڕێدا نیە، گەر هەشبێت دۆخی ناكۆكی كە گەندەڵی‌و ناعەدالەتی تەواوكەر‌و پاشكۆیەتی، هەندێ‌ جاریش دەبنە هۆكاری، رێگە بەوە نادەن، بە شێنەیی‌و نیشتمانیانە ‌و پێكەوە لە چوارچێوەی جیهانبینی‌و خوێندنەوەیەكی زانستیانەی رووداوەكاندا، هەوڵی وێناكردن‌و دواتر بەدیهێنانیان بدەین. چونكە سیاسیەكان بیرۆكە‌و ئیرادەی ئەوەیان وەك پێویست لا نیە.

(سیاسەتیش پێش هەر شتێك مەسەلەی بیرۆكە‌و ئیرادەیە ) . دەبێت ئاوات‌و ئامانجەكان وەك بیرۆكە لە بیركردنەوە‌و زەینی سیاسەتمەداردا روون بن، هەوڵ بدات بیانكات بە قەناعەت، ئیرادەی بڕیار‌و كاركردن بۆ بەدیهاتنیشیان لە ئارادا بێت، ئەو شتەی تاكو ئێستا، لەسەر ئاستی هاوبەش لە باشووری كوردستانی دابەشكراودا بوونی نیە و هەستی پێناکرێت! ئەگەر واتایەكی گرنگی تری سیاسەتیش توانای پێكەوە قسەكردن‌و گفتوگۆكردن بێت، لەپێناو لێكتێگەیشتن‌و رەواندنەوەی تەمی گرژیەكان‌و گەیشتن بە رێكەوتن‌و دوورخستنەوەی شەڕ‌و خوێنڕێژی‌و بەدیهێنانی ئامانجەكانی كۆمەڵگە‌و خزمەتكردنی گەل‌و وڵات‌و هاووڵاتی، ئەوا لە ئەزموونی كوردستانی باشووردا، لە زۆربەی كاتدا پێچەوانەكەی دەبینین! واتە لەبەردەم دۆخێكی ناسیاسی یاخود سیاسەتێكی نەخۆشكەوتووی لاوازدا بووین! چونكە سیاسەت لەڕابردووی ئێمەدا واتە لە (70) ساڵی رابردوودا، نەیتوانیوە گفتوگۆیەكی راستەقینە لەنێوان تەوژم وهێزو پنتە جیاوازەکاندا بێنێتەكایەوە، بۆئەوەی سنورێك‌ بۆ كەرتبوون‌و دابەشبوونەكان دابنێت، كە هەڕەشە لە بوونی نەتەوەییمان دەكەن. هەروەها توانای ئەوەی هەبێت لایەنەكانی قەیرانی باشوور، واتە لایەنە ناكۆك‌و شەڕكەرەكان، وا لێبكات، بگەن بە سازشێكی مێژوویی، تاکو ناكۆكی لە فۆرمە كۆنەكەیدا بخەنە لاوە‌و بگەن بە رێكەوتنێكی وا، ببێتە بەردی بناغەی قۆناغێكی نوێ‌ی کاری هاوبەش‌و دامەزراندنی دامەزراوە‌و دەزگای ناوبژیوانی چەسپاو‌و قبوڵكردنی مەرجەعیەتی خەڵك‌و ناسیونالیزمی كوردی.

سیاسەت لە فۆرمە کوردییەکەی باشووردا، لەسۆنگەی لەدەستدانی بەشێکی بەرچاو لەناوەرۆك و ئاماژەکانی،كاتێ‌ توانیبێتیشی بەڕوواڵەت گفتوگۆ‌و رێكەوتنێك بێنێتە كایەوە، هێندەی پێ‌ نەچووە، لەژێر فشاری یەكتر قبوڵنەكردن، كۆنەقین‌و خۆپەرستی سیاسی‌و لاوازی دەزگا نیشتمانیەكان‌و هێزی سێهەمدا، پشتگوێیان خستوە ‌و پێشێلیان كردووە!

ئەوەش دەریدەخات، یەکێ لە کێشەکانی سیاسەت لە باشووردا میانەرەو نەبوونە، بەتایبەتیش لەپەیوەندی بە ئیدارەدانی پەیوەندی و جیاوازە ناوخۆییەکاندا، بەرامبەر یەكتر میانەڕەو نەبوون.چونكە هەروەك خاوەنی كتێبی (جوهر السیاسە) دەڵێت :پێودانگی میانەڕەوی چەند شتێكە، لەوانەش:

1.​قبوڵكردنی لۆژیكی دەوڵەت.

2.​توانای پەیوەندی کردن لەگەڵ بەرامبەری فیكری‌و سیاسی .

3.​ پەرۆشبوون بۆ مەسەلەی ئافرەت .

كاتێك لە واقیعی باشوور وورد دەبینەوە، دەبینین، نوخبەی حیزبی بڕیار بەدەستی هەردوولا، لە پێگەی سیاسەتمەداردا، لەگەڵ یەکتردا میانەڕەو نەبوون، تێڕوانینیان بۆ ئەزموونی حوكمڕانی هەرێم پڕ لە كێشەیە‌ ناتوانن دیدێکی سیاسی نیشتیمانی ڕاستەقینەو چەسپاوو بەدامەزراوەیکراوی سەرو حیزبی ‌و بەرژەوەندییە گروپیەكان گەڵاڵە بکەن و بیکەن بە چوارچێوەیەك بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان و کۆمەڵگەی سیاسی! تێكەڵبوونی حیزب‌و حكومەت، بوونی ناوچەی كۆنترۆڵكراوی حیزبی، نانیشتمانی بوون‌و بە حیزبی مانەوەی بڕبڕەی پشتی حكومەت كە هێزە چەكدار‌و ئاسایشەكەیەتی، بوونی ڕق و کینەیەکی زۆر و ، ئاماژەن بۆ لێڵی‌و شێواوی تێڕوانیان بۆ دام‌و دەزگا نیشتمانیەكان و شێواوی چەمکی سیاسەت لە کوردستانی باشوورو هەرێمدا.

پەیوەندی بەوی تری فیکری و سیاسیش وەك پێوەرێکی دیاریکەری میانەرەوی سیاسی ، كە باس لە سروشتی پەیوەندی نێوان خۆیانە، پێویستی بە قسە لەسەرکردنی زۆر نییە، چونکە واقیعە سیاسییە تاڵەکە گوزارشتێکی ڕاستەقینەی لێدەداتەوەو ڕۆژانە بەهەموو دزێوی و ئازارەکانییەوە ، دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەین و بەئاگرەکەی داخ دەبین.

هەموو ئەوەش وایكردووە ، سیاسەت لە ئەزموونی ئێمەدا ، بە پێچەوانەی دنیاوە درێژەكراوەی شەڕ بێت، هەركاتێك گەڕێكی شەڕی ناوخۆ تەواو بووە، سیاسەت بە میكانیزمە سەقەتەكانی و هەناسە بۆگەنەکانی لەبەرگێکی نوێد درێژەی پێ داوە! هێندەی موجامەلە، كات بەڕێكردن، وەڵامدانەوە بۆ فشاری دەرەكی، بوونی بەرژەوەندی هاوبەشی كاتیش لە پشت کۆبوونەوەو دانووستان و ڕێکەوتنە کاتیەکانەوە بووە، بەرهەمی بەخۆداچوونەوەیەكی فیكری ‌و خۆبیناكردنەوەیەكی ئەخلاقی‌و خوێندنەوەیەكی زانستی‌و بوژاندنەوەی بەها‌و پێوەرە مەدەنی و ئەخلاقی و نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانی سیاسەت نەبووە.

بۆیە یەكێ‌ لە بەرهەمەكانی درێژەكێشانی ناكۆكی‌و شەڕی باشوور، رەگەکانی لە شێوان و ناكارایی‌و فۆرمە سیاسیە باڵادەستە کێشەدارەکەدا حەشاردراوە.. بیناكردنەوەی ئەم چەمكەش پێشمەرجێكی هەرچارەسەرێکی ڕاستەقینەو قووڵ و هەمەلایەنەو دوورمەودا و پایەدارە.

بۆ ئەوەی بتوانین بچینە قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆوە، ناكۆكیەكان بكەین بە جیاوازی، جیاوازبوون بە ماف بزانین ،هەموو ئەوەش بەدەستوور و یاسا رێكی بخەین‌و بیپارێزین‌و رێزی لێ بگرین‌و جوان ئیدارەی بكەین.

واتە رێز لە سیاسەت‌و لۆژیكەكەی بگرین. وانەزانین هەر هێندەی توانای بەكارهێنانی هێز‌و چۆنیەتی خەرجكردنی سامان‌و بڕیاری شەڕ‌و ئاشتیمان هەبوو، بەواتای وشە سیاسەت دەكەین و شایستەی ئەوەین نازناوی سیاسەتمەدار هەڵبگرین و دەرگای مێژووی نەمریمان بەڕوودا واڵایە، لە ناوەرۆكە مەدەنیەكەی سیاسەت تێگەیشتووین‌و دەیناسین‌و پیادەی دەكەین‌و لە بەرەكەی دەخۆین.

لێرەشەوە سەرەتای ڕێگەیەکی نوێی کاری پێکەوەیی و بەدامەزراوەیی کردنی ژیانی سیاسی وزاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکان، لەبیناکردنەوەی ناوەرۆکی چەمکی سیاسەتەوە دەست پێدەکات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×