ھاوڵاتیانی ھەرێم.. قوربانیانی دەستی گەندەڵی و لێپرسراوێتی لە ئەستۆ نەگرتنی نوخبەی حوکمران ...

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-05-16     529

پێشتر کە باسی نەبون و کەمی موچەو ماف و شایستە داراییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکرا، شەڕو نزمی نرخی نەوت و ھاوشێوەکانیان، دەکرانە بیانوی پاشەکەوت کردن و بێ موچەیی و نەھامەتی و وەستانی پڕۆژەکان و کەمی و خراپی خزمەتگوزارییەکان.

کەچی ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، دوای نەمانی ھیچ کام لەو بیانوانەی پێشوو یاخود زۆربەیان، دۆخەکە گۆرانێکی چۆنایەتی بەسەردا نەھاتووە!

ئەوەش دەزگای ئایدۆلۆژی و پروپاگەندەی حیزبە حوکمرانەکانی، کەکاریان جوانکردن، پەردەپۆشکردن و پاساو ھێنانەوەیە، دووچاری ئیحراجی و ناکارایی و سەرگێژە کردووە.

بەحوکمی ئەوەی بەگوێرەی خودی پاساوەکانی رابردووی بۆ پاساودانی دۆخی قەیرانی ئابوری، ھەل ومەرج و واقیعەکەی ئێستا، قابیلی شاردنەوەو پاساو بۆھێنانەوەو بەرگری لێکردن نیە. بەتایبەتیش دوای چەندین دانپیانان لەناو ماڵی خودی حیزبە حوکمڕانەکاندا، کەدواھەمینیان داننانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیە بەوەدا، کەئەگەر، پارتی و یەکێتی واز لەداھات بھێنن، ئەو دەتوانێ بێ سازشکردن بۆ بەغدا، کێشەی موچەو رەوشی دارایی چاك بکات و دۆخەکە بەم شێوەی ئێستا درێژە نەکێشێت و بەردەوام نەبێت.

ئەم لێدوانە و ھاوشێوەکانی لەڕابردوودا و ڕاپۆرت و زانیاری یە بڵاوکراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چەندین پەڕلەمانتارو ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و دام و دەزگای فەرمی و نێودەوڵەتی و میدیایی، گومانیان لەوەدا نەھێشتۆتەوە، کەھۆکاری بنەرەتی و یەکلاکەرەوەو پلە یەکی قەیرانی دارایی و رەوشی ئێستای ھەرێم و خراپی گوزەرانی بەشێکی بەرچاو لەھاوڵاتیان و نائومێدبوونیان، بەغداو بازاڕی نەوت و پیلانگێڕی ئەملاولا نیە، بەڵکو بەتەعبیری شێرکۆ بێکەسی شاعیر: خۆمانین خۆمان! پارتی و یەکیەتین.

ناکۆکی ناعەقڵانی و پوچگەرایانەی نێوان ئەوان و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و نەبوونی حوکمی دامەزراوەکانە.

دواکەوتوویی مۆدێلی حوکمڕانی و کەمی پیاوی دەوڵەت و سیاسەتمەداری لێپرسراوە،

کەلە پێناوژیان و سەربەرزی و کەرامەتی ھاوڵاتیان و ئێستاو ئایندەی گەل وولاتەکەی، ئامادەبێت بەشەھامەتەوە لێپرسراوێتی بگرێتە ئەستۆ، ھەوڵبدات، سەرجەم تواناکان، لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی چارەسەری و ھەڵسانەوەو خۆبیناکردنەوەو بەدەستھێنانەوەی سەرچاوەکانی ھێزو زیندوێتی نیشتیمانی بخاتە گەڕوو، ئاسۆیەکی نوێی موژدەبەخش بەڕووی میللەتەکەیدا بکاتەوە.

دان بەھەڵەکاندا بنێ و خۆی بەرامبەر قەیرانەکان بەلێپرسراو بزانێت و پەیمانی چارەسەرکردنیان لەماوەیەکی دیاریکراودا بدات.

خۆئەگەر نەیتوانی ئەمەبکات، لەسۆنگەی لێپرسراو لەئەستۆگرتنیەوە وەك سیاسەتمەدارێکی ڕاستگۆو نیشتیمانی، داوای لێبوردن لەگەلەکەی بکات و دەست لەکار بکێشێتەوە.

چۆمسکیش جوانی وتووە، کاتێ دەڵێت: ھاووڵاتیانی ھیچ وڵاتێ ھەژاری دەستی کەمی سەرچاوەو کەرەسە خاوەکانی ولاتەکەیان نین، بەڵکو قوربانیی مۆدێلێکی خراپی حوکومڕانی و بەنازانستی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتن.

ھەربۆیە کێشەو قەیرانەکانی ھەرێمیش چیدی بەخۆ جوانکردن و پاساو ھێنانەوەو پەردە پۆشکردنی راستیەکانی واقیع و تۆمەت بەخشینەوەو لێپرسراوێتی خستنە ئەستۆی ئەم و ئەو چارەسەر نابن و پاساو نادرێن .

چونکە زۆر بەکورتی: زۆرینەی ھاوڵاتیان بڕوایان بەنوخبەی حوکمڕان و لۆژیك و پاساوو ڕاستگۆییان نەماوە یاخود زۆر کەم بۆتەوە.

بەنیمچە دڵنییای گەیشتوون بەو ڕاستیەی، کەئەوان بەشێوەیەکی سەرەکی قوربانی دەستی ناکۆکی قێزەونی حیزبیی، گەندەڵی، ناعەدالەتی و خراپی جۆری حوکمڕانی و بەڕێوەبردنن.

چارەسەری دۆخێکی لەوجۆرەش، وا لێپرسراویی لە ئەستۆگرتنی، سیاسی و قانونی و نیشتیمانی و ئەخلاقی نوخبەی حوکمڕان، بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوە ھەیە کێشەکان قوڵتر ببنەوەو ناڕەزایەتیەکان لەسەرەپێچێکدا ڕووداوی نەخوازراویان بەدوادا بێت، خودی قەوارەکەش ھێندەیتر بکەوێتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی تیاچونەوە.

اللهم هل بلغت اللهم فاشهد..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×