لە کۆبانێوە بۆ ئێستا چیرۆکی بچوكبوونەوەی خەونەکان؟
ئهبوبهكر عەلی
2021-01-27   948
لە سەر کەلی ساڵیادی ڕگارکردنی ستالینگرادی کورد، (کۆبانێ)وە، دەڕوانینە دۆخی کوردان لە نێوان ئەویکاتێ و ئێستاداو زۆر بەکورتی دەڵێین:
ئەوی کاتێ:
١- کورد لەساتەوەختێکی مێژوویدا وەك نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادە خۆی بۆ جیھان نمایش دەکردو سەرقاڵی دڕاندنی وێنە مێژووییە نەمەتی و چەقبەستووەکانی خۆی بوو.
٢- خوێنی ڕۆڵەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە کوچەو کۆڵانەکانی کۆبانێدا تێکەڵبەیەك دەبوو. وێنای نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامەی ھاوبەش و دابەشکراوو نەمردووی بۆ ناوەو دەرەوە دەنارد.
٣- ھەست بە سەربەرزی و شانازی نەتەوەیی و ھاوچارەنوسیی، لە دڵ و دەرونەکاندا شەپۆلی دەدا.
٤- پەرلەمانی کوردستان وێنای دەزگایەکی نەتەوەیی لە خۆی نیشاندەداو بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگەی بۆ پشتیوانی پارچەیەکی تری کوردستانی دەدا. بەوەش کوردانی ھەموو دنیا دەبوون بە دەنگدەری روحی و سەرچاوەیەکی تری ڕەوایەتی مەعنەوی ئەم دەزگایە.
٥- تورکیا مامەڵەی نیمچە دەوڵەتی لەگەڵ ھەرێمدا دەکرد. لە ساتەوەختێکی مێژوویی خەون ئامێزدا، تێپەڕین ی پێشمەرگە بە ئاڵای کوردستانەوە بەناو خاکەکەیدا، خەونی مرۆڤی کوردی ھێند گەورە دەکرد، لەخەیاڵیدا، بە پاساپۆرتی کوردستانی گەورەوە گەشتێکی خێرای مەعنەویی جیھاندا بکات.
٦- ھەرێمی کوردستان چاوی بڕیبووە بەرز کردنەوەی داخوازییەکانی و خۆی بۆ ریفراندۆم ئامادە دەکرد. ڕۆژئاواش پانتایی چاوەروانیەکانی بۆ پاداشتدانەوەی جەنگ دژ بە تیرۆر گەورە دەکردو پارچەی چوارەمیشی بۆ کوردستان دەکرد بە واقیع و سەرگەرمی نیشتیمانسازی بوو.
٧- بەھۆی جەنگی دژ بە داعش و ڕۆڵی گەورەی کورد تیایدا، کورد وەك کاراکتەرێکی نادەوڵەتی و ھێزێکی بەرچاوی خۆرھەڵات دەردەکەوت و ھەولێر بوبووە سەنتەرێکی دیبلۆماسی گرنگ و دەنگ و باسی ڕۆژئاواش ڕۆژەڤی زۆر ناوەندو دام و دەزگای ڕاگەیاندنی جیھانی.
کەچی ئێستا:
١- ئەوەی بەخوێن لە جەنگی دژ بە تیرۆردا دەستمان کەوت، بەھۆی خراپ ئیدارەدانی سیاسی و ناکۆکی نێو خۆییەوە، لە دەست درا!!.
٢- کەوتنی داعش بوو بەھۆی کەوتنی عەفرین و کەرکوك و زۆر شوێنی تر، وێناشمان لەبەرچاوی ھەندێ لەوانەی تا دوێنێ بە پاڵەوان وەسفیان دەکردین، لەسەربازی کرێگرتە نزیکبۆوە؟!
٣- لەجیاتی چاوبڕینە گەورەترکردنی دەستکەوتەکان، ھەناسە بڕکێمانه بۆ لەدەست نەچوونی ئەوانەی ماون!
٤- لە جیاتی ھاوسۆزی نەتەوەیی و پشتی یەکگرتن، ھێزەکان بەرامبەر یەکتر وەستاون، لە بری یەکتر تەواو کردنی نەتەوەیی، یەکتر بڕینی نانەتەوەیی فۆرمی باڵادەست ی پەیوەندی نێوان ھێزە کاریگەرەکانە؟!
٥- ھەست بەشانازی نەتەوەیی لەناو کوردستانیانێکی بەرچاودا، جێگەی خۆی بۆ نائومێدی وخۆبە نەفرەت کردن چۆڵ کردووە..
٦- کورد لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و دنیادا، ئەو سەنگ و قورساییەی جارانی لەدەست داوەو زیاد لە جارێكی
خستمانەروو نەتەوە نین؟!
٧- پەڕلەمان دوای ئەوە، بوویەوە مەیدانی فرکان فڕکانی سیاسی عەبەسیانەو دەرگاکەی بۆ ماوەیەکی زۆر قوفڵی لێ دراو ئیرادەی ھاوڵاتیانی تێدا زیندانی کراو لە ئێستاشدا ڕۆژ بە ڕۆژ وێنای زیاتر دەشێوێنرێ و لە رەمزبوونی زۆرت خاڵی دەبێتەوە.!!
دەزانن بۆ؟
چونکە: بێ ھەست و ناسنامەو ئامانجی ھاوبەشین. پێش ئەوەی دوژمن بێت سەرمان و ماڵمان بڕوخێنێ، خۆمان ماڵی خۆمان دەروخێنین! هاووێنەی ئەوانەی قورئان دەربارەیان دەفەرموێت: ( يخربون بيوتهم بايديهم) بەدەستی خۆیان ماڵی خۆیان خاپورووێران دەکەن؟!
لەبەر ئەوەی ھوشیاریەکی مێژوویی ئاسۆییمان ھەیەو ئەزمونەکانمان کەڵەکە نابن و یەکتری تەواوناکەن و پچڕ پچرن! لەبەر ئەوەی نوخبەی سیاسی و حیزبیمان بە گشتی خەیاڵی سنوردارەو بەکردەوە خەمی گەورەی نیە، ھەر ئەوەش وای کردووە، نەتوانێ لە دەست گرێ دەرونیە مێژووییەکانی ڕزگاری ببێت، لەبەردەم دەسەڵات و پارەو جنس دا، چۆك دانەداو پاکێتی و ئامانج بەرزی و شەرەفی نیشتمانی لەدەست نەدا.
لە کۆتایدا لەبەر ئەوەی تاکو ئێستا کۆبانێ و کەرکوکی دواکەوتوویی کەسێتیمان لە بیرکردنەوەو ناخماندا، ئازاد نەکردووە. ئەوەی لە ناخیشیدا ئازاد نەبێت، ئاسان نیە تاسەر جەنگاوەری ڕاستەقینەی ئازادی بێت.