چۆن لە مەسەلەی فەلەستین تێبگەین؟ دیدێکی ئیسلامیی کوردستانی
ئهبوبهكر عەلی
2021-05-17   674
مەسەلەی فەلەستین ھاوشێوەی مەسەلەی کوردستان و زیاتریش، بۆتە جێگەی چەندین مشتومڕو ھەڵوێستگیریی نێوخۆیی و ڤھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. ئەوەی ئەم مەسەلەشی ھەستیارتر کردووە، ڕەھەندە ئاینییەکەیەتی، لە سۆنگەی تێکەڵبوونی مەسەلەی خاك و ڕزگاری بە قودس و مزگەوتی ئەقسا. ئەمەش وریا نەبین دەبێتە سەرچاوەی کێشمەکێش و ھەستیاری نێوخۆیی. لە کاتێکدا ڕەواو ڕێپێدراو نیە، مەسەلەیەکی لەو جۆرە بۆ ئێمە لە کوردستاندا ببێتە مەسەلەیەکی نێوخۆیی و بەرامبەر یەکدی بەکاری بێنین.
بەڵام ئەمە ھەر بە قسەو ئامۆژگاری و دروشمی نەتەوەیی ڕوت نابێت، بەڵکو پێویستی بەخستنەڕووی تێگەیشتنێکی ھاوسەنگە، کە لە دیدێکی ئیسلامیی کوردستانیەوە، ھاوسەنگی لە نێوان ھەردوو ھەستی ئیسلامی و ئینسانی و بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکانی ئێمەدا دروست بکات. ئەوەش ئەوەیە لەم وتارەداو بەشێوەیەکی کورت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا، ھەوڵی رونکردنەوەی دەدەین:
١- ھاوپێناسەیی بۆ سروشت و ناوەڕۆکی مەسەلەی فەلەستین. کە مەسەلەیەکی ڕەواو دادپەروەرانەیە، پرسی داگیرکاری و بێبەشکردنی گەلێکە لە ماف و ڕزگاری و پێکھێنانی قەوارەی سەربەخۆ. پرسیار خستنە سەر ئەم ڕاستیە، لە سۆنگەی کێشەی ئێمە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەب لە عێراق و سوریا و کاردانەوەی حساب بۆنەکراو خزمەت ناکاو کێشەکە بە ناوخۆیی دەکات. لە بەرامبەرەوە وێناکردنی کێشەکە وەك کێشەیەکی دینیی ڕووت ناڕاستە، لە شرۆڤەکردن و ھەڵوێستگرتنی سیاسیدا دوچاری ھەڵەمان دەکات، بەحوکمی ڕەھەندە سیاسی، نەتەوەیی، ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە بەیەکداچووەکانی.
٢- جیاکردنەوەی ھاوسۆزی لەگەڵ ھەڵوێستی سیاسی. ھاوسۆزی بەشدارییەکی دەرونیە لەگەڵ مەسەلەکەداو ھەڵقوڵاوی ھەستی موسوڵمانێتی و ئینسانی و ویژدانی ئەخلاقیی ئێمەیە. واتە ئێمە لە سۆنگەی ھاوبەشی ئیسلامی و ئینسانی و ئەخلاقیبونمانەوە، ھاوخەمی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین، نزای سەرکەوتن و کۆتایھاتنی ستەمی سەریان دەکەین. ئەم ھەستە کە دەربڕینی لە ئاستی تاکەکەسی و میللییەکەیدا بەشێوەیەکی میانەڕەو سروشتیەو دەتوانرێت خزمەتیشی پێبکرێت و لە کاتی خۆیدا کەم و کورتیی سیاسیشی پێ پڕبکرێتەوە، جیاوازە لە ھەڵوێستی فەرمی و سیاسی کە تواناو بوون و نەبوونی بەرژەوەندی و ڕێکەوتنی لەوەو پێشتر، ئاراستەی دەکەن. لانی کەمیشی پشتیوانی نەکردنە لە ستەمی سەر فەلەستینییەکان و لانی زۆری تواناو ھەڵسەنگاندن و شرۆڤەو بەرژەوەندی و زانیارییەکان دیاری دەکەن. لە دۆخێکی وەکو گەلانی ناوچەکەو کوردستاندا، سیاسەتمەداری ژیر ھاوسەنگی لە نێوان ھەست و ڕای گشتی و بەرژوەندییەکاندا دێنێتە دی. یەکێ لە ھەڵەی چەپ و ئیسلامییەکان لە کاتی خۆیدا لەوەدا بوو، ھێندەی کاریان بۆ مەسەلە ئایدۆلۆژی و نێونەتەوەییەکان دەکرد، بەو ئەندازە ڕەچاوی بەرژەوەنی نیشتیمانی و ڕێسای (الاقربون اولي بالمعروف)یان نه دەکرد؟!
لە کاتێکدا دیدە فقھیە مێژووییەکەش لە دابەشکردنی زەکاتدا لە بازنەی نزیکەوە دەست پێدەکات، دوای پڕکردنەوەی پێویستیەکانی بازنە نزیکەکە ڕێگە بە فراوانبوونی دەدات. چونکە نزیکترینەکان لە ڕووی شەرعیشەوە مافیان بەسەرمانەوە زۆرترە. ڕەنگە لە کاتی کارەساتی زۆر گەورەدا بەکاتی ئەم بنەمایە دەستکاری بکرێت.
٣- ھەست بەکەمی نەکردن لە بەرامبەر گەلانی دراوسێ و دەرو بەردا. پێویستە ئیسلامی و گەلی موسوڵمانی ئێمە لەوە ھوشیارتربن، بکەونە ژێر کاریگەری جەنگی دەرونی دەروبەرو ھەست بەکەمی کردن بەرامبەر مەسەلەی فەلەستین و پیرۆزیە ئاینییەکان. چونکە ھەر لە سەردەمی سەڵاحەدینی مەزنەوە تاکو ئێستا، کورد بێ مەرام و ڕاستگۆیانە لە ئاستێکی بەربڵاودا، یارمەتی فەلەستینیەکانی داوە، تەنانەت چەپێکی وەك ئۆجالان لەساڵی ١٩٨٢ لە بەیروت شانبەشانی چەکدارە فەلەستینییەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، دژ بە سوپای ئیسرائیل جەنگاوە. بەھات و ھاواری دەوڵەت و ڕژێمەکانی ناوچەکە تێنەکەوین، چونکە ڕابردوو سەلماندویەتی، بەشی زۆری ئەم ھاوارە چەواشەکاری و بازرگانیکردنە بە ئازاری فەلەستینییەکانەوە. زۆربەیان پەیوەندی دیبلۆماسی و قەوارەی بازرگانی چەند ملیاری و ھاوپەیمانێتی جۆراوجۆریان لەگەڵ ئیسرائیلدا ھەیە. ئەوانەی پەیوەندی فەرمی و ئاشکراشیان نیە، چەندین جار ژێربەژێر لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا دانیشتوون. بۆیە دەبێت ئێمەش بەدرێژەدان بەڕێبازی ڕاستگۆبوونی مێژوویمان وەك نەتەوەیەکی زەبرلێدراوی ئابڵۆقەدراو، بزانین، چۆنا لەگەڵ ڕێزگرتن لە کەسێتی و ھەستی بەرزی ئیسلامیمان، پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەین،؟ لە ڕووی سیاسیەوە کارێك ناکەین لە کاتێکدالە ڕووی مەیدانیەوە ھیچ سودێ بە فەلەستینەکان ناگەیەنین، بەزیان بەسەر خۆماندا بشکێتەوە.
٤- دەوڵەمەندیی زمان و دەربڕینی سیاسی، خزمەتمان دەکات. زمان وەزیفەی گەورەی ھەیە، ھەندێجار دەتوانێت جێگەی ھەڵوێستی کردەیی بگرێتەوە. بۆیە، لەکاتێکدا ھەرێم و سەرۆکایەتی و حکومەتەکەی ئەرکیانە ڕەچاوی بەرژەوەندی و ھەستیاری و ھاوکێشەکان بکەن، وە لە سنوری توانای خۆیاندا ھەڵوێستبگرن، دەیانتوانی لەھەمان چوارچێوەدا، بە زمانێکی بەھێزتر ، ھەڵوێستی خۆیان ڕابگەینن، لەسۆنگەی نوێنەرایەتیکرنێکی باشتری ھەستی ھاودەردییەکە، کە تاڕاددەیەك بۆتە پرسێکی ڕای گشتی و ڕوێکی تری بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکە پێکدەھێنێت. بۆ نمونە ئەگەر ئێمە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ھەرێممان دابڕشتایە، دەماننوسی: ئەم مەسەلەیە دەیان ساڵە درێژەی ھەیە، ماکەکانی شەڕو توندوتیژی و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ئەمجارەش دەچنەوە سەر ئەو، مەسەلەکەش لە جەوھەردا سیاسیەو ئەستەمە بە شەڕو خوێنڕێژی چارەسەر بکرێت و ڕابردووش ئەوەی خستۆتەڕوو، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی وا لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سیاسی ھەمیشەییدا، ھەر لەم چوارچێوەدا، ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندا، داواکارین ھەرچی زووە کردە سەربازییەکان و شەرو خوێنڕێژی ڕابگیرێن، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاع نەبنە قوربانی و کێشەکە ئاڵۆزترو چارەسەرەکان پڕخەرجیتر نەبن. ھەروەھا چارەسەرنەکردنی کێشەی فەلەستین نەبێتە سەرچاوەیەکی گەورەی ھەست بەبێبەشیکردن و توندڕەوی و ترۆر لە دەڤەرەکەدا، ھەر بۆیە دوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لەچوار چێوەی مەرجەعیەتی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان و دروستبونی دەوڵەتی فەلەستین و کۆتایھێنان بەم دۆخەی ئێستاو ئەم ململانێ خوێناویە دەکەین، کە زیاتر لە سەدەیە کە درێژەی ھەیە و گەلانی ناوچەکە باجێکی قورسیان لە پێناودا داوە، بە ھەموو شێوەیەکیش ئیدانەی بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و خانەو لانەی ھاوڵاتیان دەکەین. ھیوادارین تێکرای دەوڵەتو گەلانی ناوچەکەش یارمەتیدەربن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەو عادیلانە بۆ مەسەلەی فەلەستین و کوردستان و تێکڕای کێشەکانی تر، بۆ ئەوەی تواناکانمان بۆ گەشەپێدان و خێرو خۆشی کۆمەڵگەکانمان بەکاربێن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بکێشێ.
٥- فەلەستینییەکان لە مێژووی نوێیاندا سەرەڕای مەینەتی خۆیان، لە مەسەلەی کورد نزیکبوون. ڕێکخراوە چەپە فەلەستینیەکان لە ھەفتاو ھەشتاکاندا، لە نزیکەوەو لە ھەرسێ ڕووی سیاسی و سەربازی و ئیدۆلۆژیەوە، یارمەتی یەکێتی نیشتیمانی و پەکەکە و ھەندێ ھێزی تریان داوە. لەم دوواییانەشدا (خالید مەشعەل) وەك یەکێ لە دیارترین سەرکردە سیاسیە ئیسلامییەکانی فەلەستین، داوای لە ھەرسێ نەتەوەی فارس و عەرەب و تورك کرد، دەستپێشخەربن لە چارەسەرکردنی کێشەی کوردو مەسەلەی کوردستان، چونکە مەسەلەیەکی عادیلانەیە، ھەروەھا لەبەر ئەوەی خۆتان لە چارەسەرەکەدا بەشدار بن و بەسەرتانا نەسەپێنرێت و لە سۆنگەی ھەست بە لاوازییەوە ناچار بەقبوڵکردنی نەبن. لەو لاوەش ئیسرائیل لە ئێستادا واقیعێکە، دەوڵەت و نەتەوە بەھێزەکانی ناوچەکە ناتوانن نادیدەی بگرن چ جای نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەك کوردو ھەرێمی کوردستان. خۆزگە ناوچەکە بە جۆرێکی تر بوایەو گەلانی موسوڵمان توانای چارەسەری کێشەکانی خۆیان ھەبوایە. ئەوکاتە ھەڵوێست و چارەسەرەکان بە جۆرێکی تر دەبوون.
٦- خزمەتکردنی مەسەلەی کوردستان خزمەتکردنێکی ڕاستەقینەی موسوڵمانی کوردستانیە بە مەسەلەی فەلەستین و دادپەروەری ئیسلامی. لە پاڵ ھاوسۆزی و لە ڕووە سیاسیەکەیەوە، ھەر کەس و ھێزێك دەیەوەێت، بەکردەوە خزمەت بە قودس و ئەقساو مەسەلە ڕەواکانی ناوچەکە بکات، با بەدڵ وبەگیان خزمەت بەمەسەلەی کوردوستان وچارەسەری کێشەی کوردو ڕزگاری وھاتنە کایەی زلھێزیی کوردیی لەناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەراستدا بکات. چونکە مێژوو سەلماندویەتی، ئامادەیی کورد وەك ھێز، گەورەترین خزمەت بەکۆکردنەوەی تواناکانی نەتەوە موسوڵمانەکانی ناوچەکەو چارەسەری کێشەکانی دەکات. ھەربۆیە، سەرکوتکردنی کورد وکردنەدەرەوەی وەك ھێزی سیاسی وسربازی وئەخلاقی، لەمێژوی نوێی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بێبەشکردنی لەدامەزراندنی دەوڵەتی کوردوستان، گەورەترین خیانەت بوو لەئیسلام وتێکڕای نەتەوە موسوڵمانەکان وپێکھاتەو ناسنامەکانی ترو چارەسەرکردنی کێشەکانی.
بە بڕوای ئێمە بەم جۆرە تێگەیشتنە لە مەسەلەکە بەو شێوەی ئاماژەمان پێکرد، دەتوانێت دیدێکی ڕون و ھاوسەنگمان پێشکەش بکات. لە یەك کاتدا ڕێز لە ھەستی پاکی ئیسلامی و ئەخلاقی و ئینسانیمان بگرین، لەولاشەوە لە دیدێکی ئیسلامیانەی کوردستانیانەوە ھەڵسەنگاندن، بۆ دیاریکردنی ھەڵوێستەکان بکەین، وەك نەتەوەیەکی خاوەن دۆزو بەرژەوەندی، خزمەت بە پرس و بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی نێوان خۆمان و میللەتانی ناوچەکە بکەین.