خۆپیشاندانەکەی دهۆكو گوتارو شرۆڤەی دوبارەی پارتی
ئهبوبهكر عەلی
2020-05-19   1233
پارتی کە بەوە ڕانەهاتووە پێش شارەکانی تر خۆپیشاندانو ناڕەزایی لەدهۆکەوە دەستپێبکات، وە وێنایەکی بۆ شارو پارێزگاکە هەیە کە ناوچەیەکی داخراوی پارتیەو هەرکەس شتێك بکات دەبێت بەمۆڵەتی ئەو بیکات، شرۆڤەی بۆ ڕوداوەکان گەرچی دوبارەکردنەوەی گوتاری چەسپاوو باوی پارتی بو، شڵە ژاوی پێوە دیاربو.
بەشێ لەشڵە ژاویەکەش لەتۆمەتبارکردنی لایەنەکانەوە دەرکەوت، چونکە سەرەتا یەکگرتوویان تاوانبارکرد بە وەی لەپشت خۆپیشاندانەکەوەیە. وەناڕاستەوخۆ هەڕەشەی دووبارە کردنەوەی سیناریۆکانی ڕابردوویان لە بادینان لێکرد بەوەی دەشێ دووچاری کاردانەوەی ناسروشتی بێن!!
دواتر بازنەی تۆمەتبارکردنەکەیان بۆ چەندین هێزی تر فراوان کرد..؟ گوتاری تۆمەتبارکرنەکەش وابوو، کە لایەنەکان تاوانیان ئەنجام داوە. فراوانکردنی بازنەکەش وێناکردنی دۆخەکە بوو بۆ پارتیەکان کەحیزبەکەیان گەلەکۆمەی لەسەرە. ئەم دۆخەش لە ئەدەبیاتی پارتیدا لەڕابردوودا یەکسان بووە بە بەدوژمنکردنی بەرامبەرو کۆکردنەوەی سەرجەم تواناکان وبەڕەوابینینی هەموو ڕێ وشوێنێك بۆ بەرگری لە خۆکردن.
پارتی هەڵەیە گەرپێی بێت،ڕیزکردنی سەرجەم هێزەکان لەبەرامبەر خۆیەوە هێزی ئەو دەردەخات، چونکە لە ڕاستیدا بێ توانایی دەردەخات لە توانای لە خۆ گرتن وقەناعەتپێکردن وڕێکەوتن. پارتی واباشە لەبیری بێت لەسۆنگەی دەستبردنی هەڵە بۆ هەندێ دۆسیە لەسەردەمی قەیرانی قوڵی ئابوری و ،ڕقەبەرایەتی نێوخۆیدا،لەئێستادا پەڕلەمان لەقەیراندایەوبەرەیەکی ڕانەگەیەنراوی باکاتیش بێت، بەرامبەر خۆی دروست کردووە. خەڵك لە دۆخی خۆیان ناڕازین و وێنای نوخبەی حوکومڕان هێندەی تر شێواوە، بەجۆرێك وەك سیاسی وهێزی لێپرسراو بەرامبەر هاوڵاتیان زۆر مەترەح نەماون.کوردستانی باشوور بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێپەڕ دەبێت ومەترسی لە سەر ئایندە دروست بووە.دۆخی لەم جۆرەش، پێش هەرشتێك، گێڕانەوەی ئاستێکی ماقوڵ لە تەوافوقی سیاسی دەخوازێت،بۆئەوەی بەر بە داڕوخانی دۆخەکە بگیرێت.
کەچی هەنگاوو گوتارەکانی پارتی لەماوەی ڕابردوو لەم خۆپیشاندانەشدا، ئەوەیان لێ ناخوێنرێتەوە خزمەت بەم ئامانجە بکەن وزۆر پەرۆشی تێپەڕاندنی دۆخەکەی پێوە دیار نیە! . پارتی دەبێت خوێندنەوەی نوێی بۆ دۆخەکە هەبێت، قورسایی دۆخەکەو بێ منەتی سیاسەتەکانی خۆشی لەبەرچاوبێت وحساب بۆشکاندنی دیواری ترس ونائومێدی خەڵکێکی زۆر لە واقیعی هەرێم وهەستیاری هێزەکانی تر بکات. دەنا دووچاری هەڵەی گەورە دەبێت و خۆیی و هەرێم وگەلەکەیشی باجی گەورە دەدە ن.
گوتاری نەتەوەیش لەسۆنگەی تێکەڵبوونی بە ناکارایی وململانێی نێو خۆیی بەشێ لە کاریگەریە کەی لە دەستداوەو ناتوانێ وەڵام گۆی دۆخێك بێت کە کە لە خودی خۆیدا دژبە بەهاو پێوەرە تەوەییەکانە. سەبارەت بە یەکگرتووش، حەزەکەم دڵسۆزانە بڵێم ، بنکە حیزبیەکە لە بادینان بەشێوەیەکی گشتی ناڕازی ئۆپۆزیسیۆنە، وەك ڕونیشە پاشخان برینداریشە، ئەوش وادەکات دووبارە کردنەوەی هەندێ هەڵە، ئەگەری ئەوە بێنێتە پێشەوە سەرکردایەتیەکەیان تێپەڕێنن، یاخود خودی سەرکردایەتی چی دی نەتوانێ وەك ڕابردوو مامەڵە بکات.
دواقسەشم ئەوەیە بۆ ناوخۆی هەرێم بۆخۆتان وگەلی کوردستانیش واباشترە، لە مە بەدوا، ئاسایش و ئەمانی ڕاستە قینەو درێژمەودا ی خۆتان، لە تەوافوقی سیاسی وچاکسازیەکی ڕاستەقیەو خزمەتکردنی خەڵك وڕێزگرتن لە ماف وئازادی هاوڵاتیاندا ببیننەوە، نەك هێزو ناوچەی کۆنتڕۆڵکراوی حیزبی.