پەندەکانی دۆڕانی یەڵدرمو ئەکەپە
ئهبوبهكر عەلی
2019-06-24   1678
سەرەنجام هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەنجام دراو یەڵدرم کاندیدی ئەکەپە بەشکستێکی زۆر گەورەتر لەجاری پێشو، دۆڕاندی. ئەم جیاوازییە گەورەیەی ئەمجارە لەنێوان ڕێژەی دەنگی یەڵدرمو پاڵوراوەکەی جەهەپەو دژبەرانی، ئازاری شکستەکەی بۆ ئاك پارتیو سەرۆکەکەی چەند قات کردەوە. بەبڕوای ئێمەش دۆڕاندنەکە چەندین وانەو پەندی بۆناوخۆو دەرەوەو لەوانەش بۆئێمەی تێدایە لەوانەش:
١-گەل تاسەر کارتی سەرکەوتن بەهیچ پارتو هێزێ نابەخشێ،لەسایەی ئاستێکیش لەدیموکراسییدا، چۆن پشتیوانی دەکات ئاواش سزای دەدات، ئەوەش حیکمەتی دیموکراسیە.
٢-هەڕاڵی وغروری سیاسی گەرهەندێ دەسکەوتی کاتیشی هەبێت،بەتایبەتیش هەڕاڵی سەرۆك وسەرکردە،دەبێتە هۆی شڵەژانی پرۆسەی دروستکردنی بڕیارو لەکۆتایشدا بەباجدانی گەورە بۆ ئەو لایەن ووڵاتە تەواو دەبێت.
٣-هێزێك تائەو کاتە بەهێزە، پاساوی بوون وبەهێزی لەبەرچاوی ڕای گشتییدا بەهێزبێت وپێچەوانەی فەلسەفەی بوو نی و سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی خۆی نەجوڵێتەوە.سەرچاوەی هێزو پاساوی بەهێزی ئاك پارتی:باشترکردنی ژیان وگوزەرانی هاووڵاتیان،گەشەپێدانی ئابوری،چاکسازی سیاسی لەپێناو دیموکراسی وئازادیەکی زۆرتر،چارەسەری کێشەی کوردو سفرکردنی کێشەکان ووەلانانی نەریتەکانی دەوڵەتی کەمالیستی لەچارەسەرکردنی کێشەکان بوو،کەبەداخەوە لەئێستادا لەهەموو ئەوبوارانەدا پاشەکشەی کردووە.
٤-هەرحیزبێ ماوەیەکی بەرچاوی بەسەردا ڕۆیشت وبەتایبەتیش ئەگەر لەدەسەڵاتدابوو،بەتایبەتی تریش ئەگەر لەوڵاتێکدا بوو ئاستێکی ماقوڵ لەدیموکراسی تیدابوو، چاکسازیی نێو خۆیی نەکردو خۆی نوێ نەکردەوەوردە وردە لەناوەوە بەرەو داهێزران وناکارایی دەڕوات ولاوازی ڕووی تێدەکات، چ جای ئیرادەیەکی دەرەکیش هەبێت کارلەسەر لاوازکردنی بکات ،هاوشێوەی تورکیاو ئەکەپە،کەزیاد لەدەوڵەتێك بەم ئاقارەدا لەهەوڵدان.
٥-هەرحیزبێ کەوتە پەراوێزخستنی ڕۆڵە بەتواناکانی وکوشتنی عەقڵەکانی، سەرۆکی حیزب لێیان بێ منەت بوو هێزێکی دامەزراوەیی ناوخۆش نەبوو ڕێی لێ بگرێت،سەرەنجام بەرەو کێشەی ناوخۆیی ودڵساردی بەشێ لە کادرو ئەندامەکانی دەچێت وحەماسەتی کارکردن تیایدا کەم دەبێتەوە ودەکەوێتە بەردەم ئایندەیەکی نادیارەوە.یەکێ لەکێشە کانی ئاك پارتییش ئەمەیە، جەنابی سەرۆك لەچەندەها کەسێتی گرنگی حیزبەکەی لە وێنەی گوڵ وداود ئۆغڵۆو بڵند ئەرنج بێ نیازەو گوێ بەڕاو پێشنارەکانیان نادات!!!.
٥-تائەم ساتە وەختە(چونکە دەبێت ماوەیەك چاوەڕێ بکرێت)دیموکراسی تورکی بەتایبەتیش لەپەیوەندی بەدەستکارینەکردنی دەنگی دەنگدەران وسندوقی هەڵبژاردن وساختەنەکردنی ئیرادەی خەڵك،پەندێکی گەورەی تیایە بۆهەموو ناوچەکەو هەرێمی کوردستانیش کەخەون بەوەوە دەبینین ڕۆژێ لەڕۆژان دیمواسیەکەی لەم ڕوەوە بگات بەو ئاستەو هەڵبژاردن نەکرێت بەشانۆگەری وپۆز بەتوانای ساختەکردنی دەنگ وئیرادەی خەڵکەوە لێنەدرێت.دەستکاری نەکردنی سندوقەکان لەلایەن حکومەت وپارتی دەسەڵاتدارو ودەستێوەر نەدانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەڕۆژی هەڵبژاردن وڕاگەیاندنی بەرەنجامەکان، ئاماژەیە بەبوونی ئەخلاقی سیاسی لەم ڕوەوە و سەبارەت بەم پرسە.
هەر خودی ئەمە گەر تاسەرڕێزی لێ بگیرێت، بەسەرکەوتنێکی ئەخلاقی بۆ پارتی دەسەڵاتدارلەقەڵەم دەدرێت.ماوەتەوە بڵێین وەك چەندەها جاری تریش وتومانە ئەکەپە لەساڵی ٢٠١٥ دووچاری جۆرێ لەلادانی فیکری وسیاسی هاتووە، هاوپەیمانیشی لەگەڵ نەتەوە پەرستە تورکەکان ئاماژەیەکی ئەم لادانەیە، ئێستاش ئەوەی لەبەردەم ئەم پارتەدا ماوە ڕاستکردنەوەی لادان وهەڵەکان وخۆنوێکردنەوەو ڕێزگرتن لەپەیامی گەل وگەڕانەوەیە بۆ ئەو بەهایانەی ئەکەپەیان مەزن کردو پشتیوانی وخۆشەویستیی زۆرینەی گەلی بۆمسۆگەر کرد، گەربڕیاری دامەزراندنی ئەکەپەش لەبەرەەنجای شکست وپاشەکشەی پارتی فەزیلە بووبێت لەهەڵبژاردنەکاندا، ئەوا دەکرێت ئەم دۆڕان وپاشەکشە بکرێتە دەرفەتێ بۆدووبارە بیناکردنەوەی پارتەکەو ڕەخنە گرتنێکی جددی لەئەدای سەرکردەو سەرکردایەتیەکەی،دەرگای هەڵسانەوەییەکێ لەدەرگا ستراتیژیەکانیش بەبڕوای ئێمە، ڕاستگۆبوون وتائەوسەر ڕۆیشتنە لەگەڵ چارەسەری کێشەی کوردا، چونکە ئەوەی ئەمجارە ئەکەپەی خست بەپێچەوانەی جارانی پێشوەوە دەنگی کوردبو، ڕەنگە هاوپەیمانی مەهەپە ئیتر بارگرانی بێت بەسەر شانی حیزبەکەوە، وگۆڕینی مامەڵە لەگەڵ کورد هەندێ لەپارسەنگەکان ڕاست بکاتەوەجگە لەچارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ئاماژەمان پێکردن.