شەڕی ناوخۆ ئەگەرێك لە پێشمانەوە؟
ئهبوبهكر عەلی
2020-11-02   1103
جارێکی تر مەترسی گەڕێکی تری شەڕ لەنێو ماڵی کوردان،سەری ھەڵداوەتەوە!! ئەمەش دەیسەلمێنێت، کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی، ھێشتا قۆناغی خۆ وێرانکردن و نەھێڵیزم و شەڕی ناوخۆیان تێنەپەڕاندووە!! لەم ڕووەشەوە دەبێت متمانەمان بە عەقڵی سیاسی کوردی و قەول و بەڵێنی ھیچ سەرکردەیەك و تەنانەت بە تاواندانان و قەدەغەکردنی شەڕی ناوخۆ لەلایەن پەڕلەمانیشەوە نەبێت، مادام زەمینەی دەرونی و کۆمەڵایەتی ماددی و مەعنەوی و ھۆکارەکانی شەڕێکی لەم جۆرە لەئارادا مابن.
تا ئەو کاتەی ھێزە کوردییەکان لە بەرەنجامی ئەزموندا، نەگەن بە سازشێکی مێژوویی لە نێوان خۆیان و ڕازی نەبن بە دامەزراندنی دام و دەزگای نیشتمانیی ناوبژیوان و سەرو حیزبی، چەکی حیزبی و بژاردەی پەنابردنە بەر ھێز لە بەردەم حزبەکاندا مابێت، شەری نێوخۆی ماڵی کوردی ئەگەرێکی کراوە دەبێت و پێویستە ھێز و نوخبەو کەسە نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزەکان، ئەوانەی لەسەر ئاستی بیرکردنەوەی سیاسی و ئەخلاقی، قاڵبی زھنیەتی شەڕی ناو خۆیان شکاندووەو بە ھۆکاری داروخانی ئەخلاقی نەتەوەیی دەزانن، حسابی جدی بۆ ئەم ئەگەرە بکەن و لەم رووەوە چیان لە دەست دێت درێغی نەکەن. ئەوەی شەری ناوخۆی کوردیشی مەترسیدارتر کردووەو ناوەرۆکێکی تەواو کۆنە پەرستانەی پێ بەخشیوە ئەوەیە کە، شانسی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکیەکان بە شەرو سەرکەوتنی لایەك بەسەر لایەکی تردا، لەبەر چەندین ھۆکاری ناوخۆیی دەرەکی، زۆر کەمە ئەگەر نەشڵێین ھەر نیە!! ئەمەش وادەکات شەری ناوخۆ لە واقیعی کوردیدا، قۆناغێك نەبێت بۆ تێپەڕاندن و دەستتپێکردنی قۆناغی راگوزەری، بەڵکو زۆربەی پانتایی مێژووی نوێمان بگرێتەوەو ئەگەرێکی کراوەو خورپەیەکی مین ئاسای ناو زەمەنی کوردی بێت!!
بەڵکو لەوەش زیاتر، ئەو کاتانەی شەڕیش نیە ڕوحیەت و ئەخلاقی شەڕی ناوخۆ، لە بەرگی شەری سارد و لاوازی دامەزراوەو باڵادەستی بێ متمانەیی و درێژەکێشانی نەفرەت و کینەی شاراوە، درێژەی ھەبێت!! بەوەش ئاشتی، بەواتا ئەخلاقی و فیکری و دەرونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دامەزراوەیی و مافخوازییەکەی، ببێتە ئاواتێکی بەدینەھاتوو؟! راستیەکی لەم جۆرەش، کۆمەڵگە بە نیمچە بەردەوامی لە دۆخی لە ناکاوو باڵادەستی کارو کاردانەوەدا دەھێڵێتەوە، کە وادەکات ناسیۆنالیزمی کوردستان نەبێت بە خاوەنی ستراتیژی خۆی و کەڵەکەبوونی دەستکەوت و ئەزمونی مێژوویی ڕوونەدات و لە بازنەیەکی نیمچە داخراودا بێت و بچێت. ماوەتەوە بڵێین: کاتی ئەوە ھاتوەو درەنگیش کەوتووە، شەڕی نێو خۆو نێو ماڵی کوردی، ببێتە
بابەتی قسە لەسەرکردنی فیکری و ئەکادیمی و سیاسی قوڵ و جدی.