لە کۆتایی سوپاوە بۆ کۆتایی دەوڵەت؟
ئهبوبهكر عەلی
2021-01-05   671
سەد ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراقدا تێدەپەڕێت. لە دایکبوونی سوپا لە ئەزموونی عێراقدا، چەند مانگێك پێش دامەزراندنی دەوڵەت کەوت؟! ئەمەش ئاماژەبوو بۆنەبوونی ھیچ ناسنامەو ھەست وچوار چێوەیەکی ھاوبەشی راستەقینە، بۆ ئەوەی عێراقیەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوەو گەلێکی یەکگرتوویان لێپێکبێنێت. تەناتەت دوای دە ساڵ زیاتریش لە دامەزراندنی ئەم سوپایە، شای عێراق
سکاڵاو دادو فیغانی بوو، بەدەست نەبوونی ناسنامەو گەلێکی لەو جۆرە؟!
دەوترێت لە ئەم ئەزموونەدا، دەوڵەت بۆ گەل دانەمەزراوە، بەڵکو گەل بۆ دەوڵەت دۆزراوەتەوەو پێناسە کراوە! ھەر بۆیە پێویست بووە دامەزراندنی سوپا پێش لەداکبوونی دەوڵەت بکەوێت! عێراق گەل و خاکێکی بەزۆر و لەروانگەی بەرژوەندی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیەوە بەیەکەوە لکێنراوبوو. ئەمەش لە ئارادا نەبوونی ھیچ فۆرمێ لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەخاتە روو. نەبوونی گرێبەستێکی لەو جۆرەش، سەقامگیری و بەیەکەوە ژیانی نێوخۆیی، بەنەگەشانەوەیی تەواوو بە سیاسی نەبوونی ناسنامە نەتەوەیی و تایەفیەکانی ناویەوە گرێ دەدات. دوای ئەم قۆناغەش، دۆخەکە دەکەوێتە نێوان دوو بژاردەی: سەرکوت و پێکەوە ژیانی بەزۆر سەپاو لەگەڵ ناسەقامگیری و پەشێوی و سەرەنجام لە ئەگەری بێ چارەسەرمانەوەی ململانێکان، لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی. ئەم ساتەوەختەش کە لە کودەتای ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ەوە زیاتر بەدەر دەکەوێت و لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی بەعس بە لوتکەی خۆی دەگات، لەیەك کاتدا لەڕێی گەورەکردنی ڕۆڵی سوپاو دەوڵەت وەك دەزگایەکی کۆنتڕۆڵ و سەرکوت، کۆتایی بەھەردووکیان دێت و ھاوکێشەو بازنەو بەرژەوەندییەکانیش گۆڕانی گەورەیان بەسەردا دێت.
لێرەوە گەل و بەرواڵەت دوڵەت و سوپاو ھەموو شتێ دەچنە خزمەت حیزب و ئایدۆلۆژیاوە، حیزبیش دەچێتە خزمەت بنەماڵەو سەرکردەی مێژوویی و بتەوە! فۆرمی پەیوەندیی نێوان پارتی فەرماندەو دەوڵەتیش ھەر ئەمەمان پێ دەڵێت، کە دەوڵەت تەنھا ئامرازێکە بەدەست حیزبەوە، حیزبیش ئامرازێكە بەدەست سەرکردەی رەمزەوە! سوپای عێراقیش ھەر لە سەرەتاوە تۆوی بەمیلیشیابوونی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتبوو، بەحوکمی ئەوەی بەو ئەندازەی سوپایەك لە شەرو ململانێی ناوخۆوە بگلێت، مۆرکی میلیشابوونی زەقتر دەبێتەوە. جگە لەوەی بەدرێژەکێشانی ململانێکان، لە پاڵیدا میلیشیا دروست دەکرێت، بەو جۆرەی لە پەنجاکانەوە بەزەقی دەرکەوت، لە قۆناغێکی تری لە سوپاخستنی تەواویشدا، تەنھا قاوغەکەی بەسوپایی دەمێنێتەوەو لە جەوھەردا دەگۆرێت بە میلیشا!
واتە لە دەرەوەی شەرەفی سەربازی و مافی ھاوڵاتی و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و سەرەتاکانی ئەخلاق و دەوڵەتداری بەکاردەھێنرێت! ئەمەش ئەوکاتە بەجوانی ساغ بۆوە، کەبەعس رێکخستنی خۆی بردە ناوییەوەو ناڵێم بەسیاسی کرد، بەڵکو بەحیزبیی کردو لەسیاسیبونی خست؟! چونکە بەسیاسی بوون ئاماژەیە بە بوونی دیدێکی سیاسی تایبەت بەسەرکردە سەربازییەکان سەبارەت بەو رۆڵەی سوپا دەبێت لەژیانی سیاسیدا بیگێڕێت. لەکاتێکدا بەحیزبی کردن، بەتەواوی کۆتایی بەم دیدو نوخبە دێنێ و سەرکردەی سوپا دەکاتە کائینێکی بیر نەکەرەوە و فەرمانبەری بەردەستی کاربەدەستی حیزبیی!! کە بەداخەوە لە ئێستای ھەرێمیشدا ھەمان تاس و حەمامە و ئەم ئەزموونە شکستخواردوو قێزەونە دووپات دەکرێتەوە؟!
سوپاش لە سایەی ئەم دۆخەدا، کاتێك زۆر بەھێز دەردەکەوێت، ئەنجا خۆرەی داروخانی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. ھەروەھا کاتێ وەك ئامرازێکی سەرکوتکەر بۆ بەدیھێنانی یەکێتی ناوخۆیی بەکاردەھێنرێت، پایەکانی بەیەکەوە بوونی ئارەزومەندانەو بێ خوێنڕێژی ئایندە دەروخێنێ و ھەموو ئەگەرێکی لەو جۆرە دەسرێتەوە، یاخود زۆر لاوازی دەکات. ھەر ئەمەش داستانی پر لە تراژیدیاو ناسۆری سوپای عێراقمان بۆ دەگێڕێتەوە. بەجۆرێك دوای سەد ساڵ لە دامەزراندنی، لە ئێستادا بەدەست جۆرەھا لاوازی بونیادی و لێکھەڵوەشاییەوە دەناڵێنێت، ئامرازە بەدەست عەقڵێکی تایەفەگەری و ئەسیری بەردەستی میلیشیاکانە!
دۆخی عێراقیش زۆر کەم داری بەسەر بەردیەوە ماوە. ئەوەی ناشھێڵێ ھەڵبوەشێتەوە، بەرژەوەنی دەرەکیە، ئەو بەرژەوەندییەی ھەر لە سەرەتاوە لە پشت دامەزراندنیەوە بوو. لەم دۆخەشدا، گەل لە رابردوو ئێستادا دەبێت بە ئامراز. ئەمەش ئەو دۆخەیە کانت بە نائەخلاقی ناوی دەبات و دیدی ئیسلامی و دیموکراسیش، پشتیوانی لێ دەکات.