دابڕان و دانپێدانانەکانی کاك مەلا بەختیار
ئهبوبهكر عەلی
2021-11-29   899
لە ڕێی شاشەی کوردساتەوە جگە لە پانێڵی کۆتایی، سەرجەم چالاکی و پانێڵەکانی کۆنفرانسی دابڕان و فیمینستی ڕۆشنگەریم بینی و بیست. بەگشتی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بابەتەکان زانستیتر، کەمتر ئیستیفزازی و وروژێنتربوون. ئەویش بەرھەمی ئەو بەخۆدا چونەوەی کاك بەختیارە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێوەی دەبینرێت و گوتاری بەرامبەر مەسەلە ئاینییەکان نەرمترو واقیعی تر کردۆتەوە ھەوڵی زۆری ئەوە دەدات گوتارەکەی نەخرێتە خانەی دژایەتیکردنی ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگەوە، بەو ئەندازەش چووە، ئەوەندەی پێی دەکرێت تەم و مژەکەی لەسەر بڕەوێنێتەوە، چونکە پێدەچێت زۆرتر لەوە تێگەیشتبێت کە، وێنایەکی لەو جۆرە، بەسە بۆ شێواندنی و لەباربردنی. بەتایبەتیش، کە ھاوکات توڕەییەکی زۆر لە ئەزمونی حوکمڕانی ھەرێم لەئارادایەو شکستە ئەخلاقیەکە بەواتا فراوانەکە لەم ڕووەوە زۆرەو کاردانەوەی زۆریشی لێکەوتۆتەوە. بەڵام، بەدەر لەمە، پێم وایە کێشە قوڵەکانی گوتاری دابڕان (ئەگەر ڕاست بێت ناوی گوتاری لێبنێین) وەك خۆیان ماون. بەجۆرێك مرۆڤ دەتوانێت کتێبێکی گەورەیان لەسەر بنوسێت.
ویستیشم زنجیرە وتارێك لەسەر ھەندێ لە بەشدارییەکەی ھەردوو کۆنفرانسەکە بنوسم، بەڵام دۆخەکە ھی ئەوە نییە، بۆیە بەم وتارەو کورتە وتارێکی تر وازدەھێنم. ئەم وتارەش تایبەت دەکەم بە ھەندێك دانپیانانی کاك مەلابەختیار لە کۆنفرانسی چوارەمی فیمینیزمی ڕۆشنگەری، کە لە میانەی بەشداریکردنێکیدا خستیە ڕوو. دەشتوانرێت ھەر لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئاماژە بەھەندێ لە کێشەکانی کۆی گوتاری دابڕان و ئامانجەکانی پشتی و ئامرازەکانی و ئاسۆکانی بەردەمی بکەین، ئەویش بەم جۆرەی خوارەوە:
یەکەم/ کاك بەختیار دانی بە مەرجەعیەتی کۆماری کوردستانیدا نا وەك نمونەی گەشترین لە پەیوەندی بە جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆڵ و تواناکانی ئافرەتاندا. نمونەشی بە کۆمیتەی پەروەردەو فێرکاری کۆمار ھێنایەوە، کە لەسەر شانی ئافرەتان دامەزرابوو. لەمەشدا ھاوڕام لەگەڵیدا. بەڵام پێم وایە بەم قسەی دەرگای چەندین پرسی تری بەڕووی خۆیدا کردۆتەوە، کۆی گوتاری دابڕانیش لە ساڵانی رابردوودا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەھەمان کاتدا ئاسۆی بەخۆداچوونەوەو خۆنوێکردنەوەی ڕاستەقینەی دەخاتە بەردەم.
چونکە ژێر خانی کۆماری مھاباد( ژ.ک)ە.
(ژ.ک)یش ڕێکخراوێکی ئیسلامی میللی دیموکرات بوو.
دروشمی ژ.ک: کوردایەتی و مەدەنییەت و ئیسلامەتی و ئاشتی بوو. سەرۆکی کۆمارو سەرۆك وەزیران دوو کەسایەتی ئایینی میللی بوون. ئیسلام لە ئەزمونی کۆماردا ڕەھەندێکی ناسنامەی نەتەوەیی، سەرچاوەی ئیلھامی ئەخلاقی سیاسی و داپەروەری و سفرەی پیرۆزی کۆبوونەوەی جڤاکی پێکدەھێنا. سەرکردەکانی کۆمار بەشێوەیەکی گشتی موسوڵمانی پابەندبوون، لەیەك کاتدا شانازیان بە ناسنامەی دینی و نەتەوەیی و مەدەنی بوونی خۆیانەوە دەکرد. ئەم ناسنامانە لەنێوخۆیاندا یەکتریان تەواو دەکردو پێکیشەوە ناسنامەی کەسێتی نیشتیمانی کوردستانیانیان دەخەمڵاند. ھیچ شەڕێکی دەستکرد لەنێویاندا نەبوو، بەڵکو تواناکانیان خرابوونە خزمەت پێکەوەنانی ئەزمونێکی سیاسی و نیشتیمانی و شارستانی جیاواز.
بەواتایەکی تر، ئیسلام لە ئەزمونی مھابادا موجامەلەی نەکراوە، بە بەربەست دانەنراوە، بەڵکو ئامادەبووەو خوازراوە، تەنانەت ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ڕەسەنسازی (تاصيل) کردن و بەخۆماڵیکردنی: ناسیونالیزم و زانستی نوێ و مەدەنییەت. ئەمەش ئەو ڕاستیەکمان پێ دەڵێت، کە دواتر لەلای سکیولارە کوردەکان و بەشێ لە ئیسلامییەکانیش لە ھەندێ قۆناخدا ونکرا، کە ئەویش ئەوەیە:
ئامادەبوونی ئەخلاقی و بەھایی و قانونی و مەدەنیانەی ئیسلام لە فەزای گشتی و چڤاکی نوێی کوردیدا، بەیەکەوە سازانی ڕەھەندەکانی ناسنامەی نیشتیمانی کە کوردبوون، ئیسلام، کوردستانی بوون و مەدەنییەت و دیموکراسیبوون پێکی دەھێنن، باشترین ژینگەیە، نەك ھەر بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژنان و دەستەبەرکردنی ڕۆڵ و ئامادەییان لە بواری گشتیدا، بەڵکو بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی و یاسا سەروەری و یەکێتی ناوخۆیی و کەوتنە سەر ڕەوتی سروشتیی گەشەی شارستانی.
بەپێچەوانەشەوە، پشتگوێخستنی ڕۆڵی ئیسلام وەك پێکھێنەرێکی سەرەکی ناسنامەی مێژوویی و ھەنوکەی نەتەوەو جڤاکی ئێمە، چ جای شەڕ لەگەڵکردن و بە دوژمن سەیرکردن و ناوناتۆرە لێنان و سوکایەتیپێکردنی، وە تەرحکردنی پرسەکان لە دەرەوەی ئەوەوە، لەوانەش پرسی ژن و وێناکردنی وەك دژو تێپەڕاندنی ناسنامەی دینی، زەبری گەورەیان لێدەدات و بە نیمچە بەردەوامی لە دۆخی قەیرانی ناسنامەو ڕەوایەتی ئایینی و لەوێشەوە کۆمەڵایەتیەوە دەیانھێڵێتەوە. بەتایبەتیش ئەو پرسانەی وەکو پرسی ژن مۆرکێکی کۆمەڵایەتیان ھەیەو بەتوندی تێکەڵ بە ململانێ و جەنگی ناسنامە لە مێژووی نوێی ناوچەکەو کوردستاندا بوون.
لێرەشەوە گرنگە کۆماری کوردستان وەك نمونەیەکی مەرجەعی بۆ مەسەلەی ئامادەگی چالاکی ژنان لە بواری گشتیدا وەربگرین. بۆ ئەوەی ئەگەر کەس و گروپێك وەك ھەندێك لە سەلەفیەکان دژی ئەمەبوون، پێیان بڵێین ئێوە نوێنەرایەتی تێگەیشتن و پیادەکردنی ئوسوڵیانەو ئیسڵاحیانەو مەقاسیدیانەو کوردانە بۆ ئیسلام، بەتایبەتیش لە دونیای نوێدا ناکەن چونکە ناسنامەی نیشتیمانی موسوڵمانی کوردستانی پەرت دەکەن و لەگەڵ دونیای نوێدا ھەڵناکەن و فشار دەخەنە سەر ژنان و لە بەشێك لە مافەکانیان بێبەشیان دەکەن.
بەھەمان شێوە بە ھێزو گروپە عەلمانییەکانیش بڵێن، کە دەیانەوێت لە بەرگە توندڕەویەتیەکەیاندا لە دروستبوونی خستنەڕوی پرسی ئافرەت ئیسلام وەك دوژمن وێنابکەن، یاخود لە تایپە پراگماتیە نەرمەکەدا ھەمان شت بکەن لەگەڵ موجامەلەیەکی میدییانەو پشتگوێخستنێکی کردەیی، چیتر کات بەفیڕۆ مەدەن، ئەزمونی سەد ساڵ زیاتر ئامادەبوونی مۆدێرنەو دەیان ساڵیش بیرکردنەوە لە ئیسلام وەك نەبوویەك یان بوونێکی ناکاریگەرو سەر ب ەدونیای کۆن، لە کاتی بیرکردنەوە لە پرسی ژنان و پرسەکانی تردا، بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەی تێپەڕاندنی ئیسلام بەزۆر و نادیدەگرتنی چارەسەر نیەو لە تواناشدا نیە. نەك ناشچێتە خزمەت بەرەوپێشبردنی پرسەکانەوە، بەڵکو دەیانشێوێنێت و دوایان دەخات و لە ڕەوت و ئامانجی سروشتی خۆشیان لایان دەدات.
دووەم/ داننان بە دابڕاویی گوتاری دابڕان و کەمینەبوونی فیمینستە ڕۆشنگەرەکان و مانەوەیان لەسەر ئاستی دەستەیەکی چالاکوانی سنوردار، تەنانەت دوورەپەرێزی خودی ڕێکخراوە ئافرەتانی و ژنانیەکانی حیزبە عەلمانییەکان و لەوانەش حیزبەکەی کاك بەختیار خۆی. ئەمەش ھەروەك خۆی وتی گەر دۆخەکە بەم جۆرە درێژە بکێشێت، وەرچەرخان ڕونادات و ھەر ئەم دەستە دەبین کە ھەین. واتە دوای چەندین ساڵ ھەوڵدان، مەنەلۆج دەکەن، خۆیان قسە لەگەڵ خۆیاندا دەکەن. یاخود چالاکی دەکەن و کارناکەن، واتە ناتوانن لە بەدیھێنانی ئامانجەکانیان نزیك ببنەوە؟! کۆمەڵگەو لەوانەش زۆرینەی ڕەھای ژنان باکیان بەم گوتارە نیەو خۆیان بە خاوەنی نازانن و بەشداری تێدا ناکەن و پشتیوانی لێناکەن؟
ئەمەش ڕاستەو دانپیانانێکی ڕاستگۆیانەشە. بەڵام ئایا ئەم دانپیانانە سەردەکێشێ بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوەیەکی زانستی مەیدانی لەسەر ھۆکارەکان، تا لەو ڕێگەوە دیاریبکرێن؟ لە ڕوانگەی ئەویشەوە بڕیار لە درێژەدان، وەستان یا خود دەستکاریکردنی گوتارەکە بدرێت؟
یاخود درێژەدان بە ڕەوتەکە بەم جۆرەی ئێستا و بەھەمان گوتارەوە، لە خودی خۆیدا ئامانجە؟ گرنگ بەردەوامی پێدانیەتی بەدەر لەو ئاسەوارانەی لێیدەکەوێتەوە؟ ھەروەھا بیرکردنەوە بەو جۆرەی کە کێشەی نەگەیشتنی پەیامەکەو کاریگەرنەبوونی بەرامبەر پێی، لە ئامرازو شێوازدا کورتدەبێتەوە نەك ناوەرۆك و پاڵنەرو نەفەس؟
لە ڕاستیدا بە بۆچوونی ئێمە کێشەی ئەم گوتارە، ئامرازو شێوە کارنیە، بەڵکو پەیوەندی بە خودی پپێکھاتەی وتارەکەو ئاماژەو باکگراوندو مێژوو زۆر شتی ترەوە ھەیە. کە دەکرێت گرنگترینیان لەم خاڵانەوەی خوارەوەدا کورتبکەینەوە:
١- تەرحکردنی گوتارەکە لە دەرەوەی ڕەوایەتی ئاینی کۆمەڵگەوە، ھەر لە سەرەتاوە وەك گوتارێکی دژە دینی وێنای کراو دوژمنی بۆ پەیدابوو. ھەر لە بەرەنجامی کاردانەوەکان لەم ڕووەشەوە، ناچاربوون ھەندێ دەستکاری گوتارەکەو تۆنی دەربڕینی بکەن و ھێڵی سوری بۆ بخەنەڕوو، کە ئەگەرچی ھەستیارەکانی کەمترکردۆتەوە، بەڵام کێشەی دەرەوەی دینی و دژەدینییەکەی چارەسەر نەکردوە. ھۆکارێکیشی ئەوەیە لە ڕوانگەی ناوەندو ڕێ گشتیە ئیسلامییەکەی کۆمەڵگەوە ھەڵگرانی لە ھەرسێ ڕووی ئەھلیەت و متمانەو ڕەوایەتیەوە، مەرجی چاکسازیی مەعریفەو فیکری دینیان تێدا نیە. باگراوندی فیکری و ھەندێ لە شەڕە فیکرییەکانی کاك بەختیاریش لە ڕابردوودا، ھێندەی تر قەناعەتەکانیان لەم ڕووەوە تۆختر کردۆتەوە.
گوتارێکیش لە کۆمەڵگەیەکدا دین تێیدا بەھێز بوو، تۆمەتبارکرا بەوەی کێشەی لەگەڵ دیندا ھەیە، ئەگەر لە دەرفەتێکیشدا گەشە بکات ھێندەی پێناچێت دوچاری پاشەکشەو گرمۆڵەبوون دێت و پاشەکشەی پێدەکرێت. ھەڵبەت لە کۆمەڵگەی کوردستانی دوای ڕاپەڕیندا زۆرکەس ڕەخنەی لە ئیسلام گرتووە، لەوانەش ڕەھەندییەکان، کەچی ھیچ کاردانەوەیەکی وای بەدوای خۆیدا نەھێناوە.
بەسەرنجدان لە واقیع بۆمان دەردەکەوێت، ئە و شتەی کاردانەوەی توند بەدوای خۆیدا دەھێنێ، سوکایەتیە بە پیرۆزییەکان و ئەو پرسانەی بوون بە بەشێك لە ناسنامەی دەستە جەمعی و مرۆڤی موسوڵمانی ئاسایی. ھەندێ لە قسەکردنەکانش لە سەکۆی دابڕانەوە لەسەر ئیسلام لەبەرچاوی ڕای گشتی مۆرکی ئایدۆلۆژیاو سوکایەتی و شکاندنی ھێڵە سورەکانیان بەخۆوە گرتبوو.
٢- ئەم گوتارە، واتە گوتاری دابڕان، و مەترەحکردنی پرسی ژنان لە مەرجەعیەتێکی ڕۆشنگەریەوە، شتێکی نوێ نیەو مێژوویەکی دەیان ساڵەی لە کوردستان و ناوچەکەدا ھەیە. واتە گوتارێکی تاقینەکراوە نیە موژدەی پێبدەی و خەڵکی بۆلا بانگ بکەی. بەڵکو خاوەنی ئەزمونی خۆیەتی و بەشێ لە ئەزمونەکەش شێواویەو لە بەرژەوەندی ئەم گوتارەی ئێستا نیە، بەڵکو تەم و مژی گومانێکی خەستیشی دەخاتە سەر. کۆمەڵگەی ئێمە لە حەفتاکاندا زۆر قۆناغی لەوبارەوە بڕیبوو. وەك شایەتحاڵێكیش دەڵێم: لە حەفتاکانداو لە سلێمانی وای لێھاتبوو لەکەبوو خۆت بە گەنج و ھوشیار بزانیت و نوێژ بکەیت و نەخۆیتەوەو تەنانەت مارکسیست نەبیت و بەگاڵتە ئامێزەوەوە سەیری ئایین نەکەی؟! بەدەگمەن بە واتا سومبولیە نوێکەی، ئافرەتێکی سەرپۆش بەسەر دەبینرا. ئەم دۆخەش بەگشتی و بە پلەی یەکەم چەپ بەرجەستەی دەکرد. بەتایبەتیش لە ڕووە فیکرییەکەیەوە. چەپیش لە زۆر ڕووەوە لە ناوچەکەدا خاوەن ئەزمونێکی نیمچە شکستخواردووە. لە ھەندێ تایپ و ئەزمونیشدا، ئاماژەشە بە ئیشکالیەتێکی گەورە لەگەڵ ناسنامەی دینی و فەرھەنگی و مێژووی گەلانی ناوچەکە.
٣- بەستنەوەی گوتاری دابڕان و فیمینیستی ڕۆشنگەری وەك ئاماژە بۆ کایەیەکی ئەو دابرانە، بە چەمکی ڕۆشنگەری سەدەی حەڤدەو ھەژدەی خۆرئاواوە، لەبەر زیاد لە ھۆکارێك، کێشەی گەورەو جۆراوجۆری لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. لەوانەش:
أ- کەلەپوری ڕۆشنگەری وفۆرمە عەقڵانییەتە وشکەکەی، لەخودی خۆرئاوادا ڕوبەڕوی ڕەخنەی زۆر بۆوەو خرایە ژێر پرسیارەوە. ھەر لە بزوتنەوەی ڕۆمانسیزمەوە بگرە تا دەگاتە قوتابخانەی فرانکفۆرت و دوای مۆدێرنە، ڕەخنەکان درێژەیان ھەیە. لە پاڵ دەستکەوتەکانیدا، بەسەرچاوەی چەندین نەھامـەتی و لەوانەش جەنگە جیھانییەکان لە قەڵەمدراوە. بۆیە ڕۆشنگەری چەمکێکی بێبەری نیە، چەندەش ئاماژەیە بە ڕۆشنکردنەوە ئاماژەیە بە گومرایی فیکری و تاریکی و ھەڕەشە.
ب- ڕۆشنگەری خۆرئاوایی بەوە ناسراوە کە یەکێ لە شەڕە گەورەکانی لەگەڵ ئاییندا بووە، ھەندێ لە خۆ بەڕۆشنگەرزانەکانی لای خۆشمان، بەبێ گوێدانە جیاوازی واقیعی مێژوویی، ئاین، قۆناغ و سروشتی پەیوەندی نێوان دین و دەوڵەت و دین و زانست، لە مێژوو و ئەزمونی خۆرھەڵات و خۆرئاوادا، لە سایەی بڕوابوون بە ناوەندگەرایی خۆرئاوایی و جیھانی بوونی سەرجەم ئەزمون و چەمکەکانی، پێیان وابوو دەبێت ھەمان شەڕ لە دونیای ئیسلامیشدا ئەنجام بدرێت؟! بێئاگا لەوەی ئەوانەی لە دونیای ئیسلامدا لە پشت شەڕکردن دژ بە چەقبەستوویی خەرافەی ئایینی و ستەمکاری سیاسی و سیستمی سوڵتانی و مژدەدان بە بەھاو ئەزمونە شارستانیە تاقیکراوەکانی ژیاری نوێوە بوو وەك دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی، زاناو بیرمەندە ڕیفۆرمخوازە ئیسلامییەکانی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەم بوون. ھەر لەڕەفاعە ڕەفیع تەھتاویەوە بگرە تا خەیرەدینی تونسی و ئەفغانی و عەبدەو کەواکیبی و نائیبی و نەورەسی و ئیقباڵ، ھەموویان ڕەمزی ئیسلامی گەورەی کۆمەڵگەبوون، لە ھەمانکاتدا نەك ھەر داوای ھەڵسانەوەی زانستیی جیھانی ئیسلامیان دەکرد، بەڵکو بانگەشەکەری دەوڵەتی نیشتیمانی نوێ و دەستورسالاری بوون و ناویان نابوو دەوڵەتی ئازادی و دادپەروەری چونکە بەپێچەوانەی ھەندێ ڕەوتی تری ئیسلامی دواتر، پێیان وابوو، کێشەی سەرەکی دونیای ئیسلام ئیستیبدادە، چارەسەری ئەویش، مەشروتەو دیموکراسی و دەستورسالاریە. ڕازی پێشکەوتنی شارستانی خۆرئاواش زانستە سروشتیەکەی نیە بەڵکو سیستمە سیاسیەکەیەتی.
٤- کێشەی نمونەی ئەخلاقی. بەربەستێکی تری بەردەم ئەم گوتارە کێشەی لاوازیە لە کێبرکێی ئەخلاقیدا چونکە کێشەی جەوھەریی عەلمانییەتی خۆرھەڵات بە گشتی نادیموکراسیبونییەتی. بە جۆرێك ئەگەر سەیری مێژووی خوێناوی سەدەی بیستەمی ناوچەکە بکەین، بە تایبەتیش لەدوای پەنجاکانی سەدەی رابردوو زاڵبوونی ئایدۆلۆژیا مۆدێرنە شۆڕشگێڕەکان بەسەر ناوەندە فیکری و سیاسیەکەدا، زۆر بەدەگمەن بەیەکەوە ھەڵکردنی عەلمانیەت و دیموکراسیمان بەرچاو دەکەوێت.
ئەمەش وایکردووە، ڕۆشنگەری و عەلمانییەت و تەنانەت خودی مۆدێرنەش، لە ئاستێکی ترسناکدا تێکەڵ بە دکتاتۆریەت و سەرکوت و گەندەڵی و خوێنڕێژی ببن.
لە ھەرێمی خۆشماندا بە چاوخشاندنەوە بە نوسین و کۆمەڵێ چالاکوانی خودی ژنان لەوە تێدەگەین، کەفەزای سیاسی وجحیزبیی وجتەنانەت میدییایی باڵادەست، سەبارەت بەوان پڕکێشەیەو زۆر ھوشیار نەبن دەبن بەقوربانی.
لێرەشەوە، کێشەی نمونە بۆ ئەم گوتارە دروست دەبێت.
چونکە ئەگەر ئەمەی لاناپەسندە، بێتوانایی گوتارەکە دەردەخات لەوەی توانای پێشبرکێی ئەخلاقی و بەسەنتەرکردنی ئینسانیبونی ژنی ھەبێت، بە حوکمی ئەوەی بکەرەکانی ئەوژینگەیە لەڕوی مێژویی ناسنامەی ئاشکراو حیزبی وسیاسیەوە لەسەر ئەو حسابن.
ئەگەر پێشی ئاساییەو دەیخاتە بواری ئازادی تاکەکەسی و خاوەنداربوونی ژن بۆ جەستەی خۆی، لەگەڵ ڕەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو ڕوبەڕوو دەبێتەوەو ڕاستگۆیی خۆی لەدەست دەدات. ئەوەی ئەم کێشەش قوڵتر دەکاتەوە، شێوانی گوتاری مێژوویی ئازادی ژنان و تێکەڵبوونییەتی بەبێ بەندو باوی و لاسایکردنەوەی کوێرانەی خۆرئاوا. لانی کەم لەبەرچاوی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە. توندڕەوی بەشێ لە ھەڵگرانی ئەم گوتارەو گوێ نەدانیا بە ھەستیاریە دینی و کۆمەڵایەتیەکان و لە بەرەنجامی کۆتایشدا مامەڵەی ھەندێکیان وەك نێچیری جنسی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، بەھۆکارێکی سەرەکی ئەو دۆخە دادەنرێت.
سێیەم/ لە چوارچێوەی کۆمێنتدان لەسەر ئامادەیی سیاسی زۆرتری ئافرەتان لەنێو ھەندێ لەلایەنە ئیسلامییەکان بەرامبەر بە پارت وھێزە عەلمانییەکانی ھەرێم لەدوای ڕاپەڕینەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە لێرەدا واقیع وژمارەی سەرکردایەتی وکادری ژن وبەرپرس پێوەرنیە بۆ دیاریکردنی ھەڵوێستی لایە نێکی سیاسی دەربارەی پرسی ژن وئامادەبوونیان لەبواری گشتی ولەوانەش کایەی سیاسیدا، بەڵکو ئایدۆلۆژیای ئەوھێزە پێوەرە؟!!
لەڕاستیدا ئەم گەورەکردنی ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا لەسەر حسابی واقیع ودانپیانەنانیدا جێگەی سەر سورمانم بوو، چونکە لەگەڵ بوونی ھەندێ کێشەش، بەبۆچونێکی ئایدۆلۆژی ونازانستی دەزانم. ئەویش لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- کردار پشتڕاستکەرەوەی گوفتارە نەك بەپێچەوانەوە. بۆیە حیزبێکی خاوەن ئایدۆلۆژی عەلمانی بالەڕوی ئایدۆلۆژی ڕوتەوە پشتیوانی مەسەلەی ئافرەتان ودژ بەھەڵاواردنی جێندەری بێت، گەربەکردەوە پێچەوانەی ئەوە جوڵایەوە ، ھەڵوێستە ئایدۆلۆژیە ڕوتەکە ی تکای بۆناکات وبەوە لێکدەدرێتەوە بۆ مەکیاژکردنی سیاسی بەکاری دەھێنێت.
٢- کێشەی دیاریکردنی ناوەرۆك وچوارچێوەکانی ئایدۆلۆژیمان بۆ پەیدا دەبێت. چونکە حیزبە ئیسلامییەکان بۆنمونە یەکگرتوو ئەوەی بەکرداری دەیکات لەپرۆگرامەکەشیدا جێگەی کردۆتەوە. لێرەشەوە دەپرسین: ئایە پڕۆگرام نابێتە لەخۆگری دیدی ئایدۆلۆژی بەرامبەر حیزبەکە؟ یاخود قسەکەلەوێوە سەرچاوە دەگرێت، بەحوکمی ئیسلامیبون، کۆی ئسلام لەسەری ماڵەو لەوێوە حوکم بەسەر دیدگاکانیدا دەدرێت؟ خۆئەگەر واش بێت( کەبۆ حیزب ڕاست نیەو پێوەری ھەڵسەنگاندنی پڕۆگرامەو ئیسلام زۆر لەوە گەورەترە ببێتە پڕۆگرامی حیزبێك یاخود نوێنەری فەرمی بۆ پەیدابێت) لەکاتێکدا چەندین تێگەیشتن ومۆدیلی پیادەکردنی جیاوازو جۆراوجۆرمان لە بازنەی ئیسلامـدا ھەیە، چۆن بسەلمێنرێت تێگەیشتنە ئیسلامییەکەی ئەو لەجەوھەردا دژبە پڕۆگرام وئەزمونەکردارییەکەیەتی؟
٣- ئاماژەکانی ئەم قسە پێمان دەڵێت کە ھەر ئایدۆلۆژیایەك خۆی بەعەلمانی پێناسەنەکرد، ناکرێت توانای لەخۆگرتنی پرسەکانی ژنی سەردەمی ھەبێت؟! چونکە ئەگەر تێگەیشتنەکە بەم جۆرە نەبووایە گومان لەواقیعە کردارییەکە پێویست نەبوو. لەکاتێکدا واقیع بەکۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە، وەك نمونەیەکی زەقی خۆبەدەوڵەتی ئیسلامی پێناسەکردوو، لەپەیوەندی بەئامادەگی ژنانەوە، پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت. بەشداری ئافرەتی ئێرانی لەبواری گشتیدا، ھەرلە ھونەرەوە بیگرە تاسیاسەت، لەگەڵ سەردەمی شادا، بەدەرلەھەندێ کۆتی کۆمەڵایەتی لەوێنەی سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێ، (کە من لەگەڵیدا نیم و دژیمی )بەراورد ناکرێت. ئەوەش ئاساییە، چونکە جگە لەھەندێ مۆدێلی داخراو ی ئیسلامی وتایپی دینداری، کەپێش ئەوەی ئاینی بن، کولتوری وکۆمەڵایەتین، لەوێنەی ھەندێ لەسەلەفی وسوننەتیەکان، ئیسلامی بوونی بانگەشەی کرانەوەو بەشداری ئافرەت لەژیانی گشتی وئامادە بوونی وەك ژنێکی مۆدێرنی موسوڵمان، بەشێکی زۆر لەوبەربەستانە دەشکێنێت، کە موحافیزەکاریی دینی وکۆمەڵایەتی، لەژێر ئەوترسەی گوتاری تەقلیدی عەلمانی مافەکانی ژنان دروستیکردووە. بەحوکمی ئەوەی جۆرێك لەدڵنییایی ناسنامەگەرانە بەکۆمەڵگەو بەتایبەتیش توێژە موحافیزەکارەکان دەبەخشێت، ئەو کێشەیان بۆچارەسەردەکات، کەدەکرێت ژنی موسوڵمان لەیەککاتدا چالاکوان وھەڵسوراوێکی فەزای گشتی وموحافیزەکارێکی کۆمەڵایەتی بێت. واتە مەسەلەکە بۆو بەشە لەکۆمەڵگە لەوە دەردەچێت پێی وابێت، دەبێت لەنێوان ئیسلام وپابەندی وھاوچەرخێتی وچالاکبون لەفەزای گشتیدا یەکیان ھەڵبژێرێت.نابێت بیریشمان بچێت کە تەوژمی ئیسلامی نوێ، لەگەڵ کێشەکانیشی لەگەڵ ھەندێ لەرەھەندەکانی مۆدێرنە لەمێژویدا،لەروی زانستیەوە ڕەوت و دیاردەیەکی مۆدێرنە.
زۆربەی سەرکردەو کادرو چالاکوانەکانی دەرچوی زانکۆ مۆدێرنەکانن. تازەترین شێوازی خۆڕێکخستن و پروپاگەندەو تەکنەلۆژیا ی ھاوچەرخ بەکاردەھێنن. کاریگەرن بەسەردەمەکەی خۆیان وزۆر بەھای نوێیان بەبیرکردنەوەیان متوربە کردووە. خودی کاك بەختیاریش کۆماری کوردستانی کرد بەنمونەیەکی مەرجەعیی بۆمامەڵە لەگەڵ پرسی ژن، واتە بەکردەوە پشتراستی ئەوەی کردەوە کەلەفەزایەکدا ئیسلام ئاماددەیەکی یاسایی وئەخلاقی وکولتوری گەورەی تێدایە، دەتوانین، نمونەیەکی گەشاوەی ئامادەیی ژنمان ھەبێت. ئەوەش نەك دووبارەبوونەوەی ئەستەم نیە، بەڵکو پێچەوانەکەی بەڵگەی دەوێت. نمونەی پەکەکەش ئەو ڕێسایە ھەڵناوەشێنێتەوە، چونکە لەکاتێکدا بەش بەحاڵی خۆم دان بەتوانای گەورەی پەکەکەدا لەم روەوە دەنێم، دەخوازم سەرنج بۆئەوە رابکێشم کە نمونەکە ھی دۆخی ئاوارتەیە نەك سروشتی چونکە ئەو دیسپلینەی لەنێوپەکەکەدا لەم روەوە ھەیە، لەوانەش، قەدەغەکردنی شوکردن وژنھێنان لەنێوان گەریلاکانی، ھی دۆخی ئاسایی نیە. تەنانەت لە بەرگی ھەدەپەشدا پێم وایە ئەگەر ئەزمونی پەکەکە بەم جۆرەی ئێستا نەمێنێت وبەجۆرێك لەجۆرەکان کێشەی کوردستان بێتە چارەسەرکردن ودیموکراسیەتێکی فراوانتر ھەبێت، دەشێت گۆڕان بەسەر شێوازو قەوارە و فۆرمی ئامادەبوونی ئێستادا بێت. ئەمە جگەلەوەی گەرنمونەکە بۆبەشێك لەچاڤاکی کوردی باکور سەرنجڕاکێش بێت، بۆبەشەکەی تری لەسۆنگەی شێوازی کارو ئایدۆلۆژیەوە سەرنج ڕاکێش نیە . واتە نەبۆتە مۆدێلێکی نیشتیمانی ولەسەرئاستی تەوژمدا ماوەتەوە.