ھەژارو بێپشتەکان.. قوربانیانی نەبوونی سەروەری یاسا لەھەرێمدا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-05-07     448

بڵاوکردنەوەی ژمارەی کەسەڕاکردوو پەنادراوەکان لەدەست یاسا لەھەرێمدا، کەلە (٥٠٠٠) کەس تێدەپەڕن، سەر لەنوێ ھەموومانی لەبەردەم کێشەیەکی قوڵ و راستەقینەی ھەرێمەکەمان و یەکێ لەڕواڵەتە گەورەکانی ناعەدالەتیدا ڕاگرت، کەئەویش نەبوونی سەروەری یاساو حوکمی کەمینەیەکی سیاسی و یەکسانی ھاوڵاتیان و جیاکاریە لە نێوانیاندا. بەجۆرێك بەگوێرەی پێوەرەکانی سەروەری یاسا، یاساکانی ھەرێم بەشێوەیەکی بنەرەتی، تەنھا بەسەرخەڵکی ھەژارو بێ پشتدا جێبەجێ دەکرێ! بەمەش یاسا لە پێوەرەوە بۆ دادپەروەری بۆتە ئاماژەیەکی زەقی نادادپەروەری و نەبوونی حوکمی باش، کەسەروەری یاسا بەیەکێ لە پێوەرو توخمە ھەرە گرنگەکانی دەژمێردرێت.

مەبەستیش لەسەروەری یاسا زۆر بەسادەیی ئەوەیە:

سەرجەم ھاوڵاتیان بەنوخبەی فەرمانڕەواشەوە، ملکەچی ڕێسا یاساییە کارپێکراوەکان بن .

یاسا وەك یەك بەسەر ھەموواندا پیادە بکرێت و دەزگا تایبەتمەندەکانیش تۆمەتبارو تاوانباران ملکەچی حوکمە قەزاییە بێلایەنەکان بکەن. بەوەش کەس نەتوانێ بەھۆی ھیچ پلەو ناونیشانێکەوە کە ھەیەتی یاخود پێ ی دراوە بچێتە سەرو یاسا یاخود خۆی لە پابەندبوون بە ئەحکامەکانی و بڕیاری دادگاکان بدزێتەوە. کەئەوەش بێلایەنی و سەربەخۆی دادگاو دامەزراوە فەرمییەکان و بەکورتی دەوڵەتی یاسا دەخوازێت.

بەوواتایەی دەسەڵاتداران لەسەربناغەی دەستورو یاساکان پیادەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن و ھاوڵاتیان ھەست بەدادپەروەری بکەن و ماف و ئازادیەکانیان پارێزراوبێت ماف و ئیمتیازاتەکان لەدەرەوەی یاسا دادپەروەرەکانەوە دابەش نەکرێن.

ئەگەر لەم ڕوانگەشەوە سەیری ئەو دۆخە بکەین لەھەرێمدا دەگوزەرێت زوو لەوە تێدەگەین لەچ قەیرانێکی گەورەدا دەژین.

ھەروەھا چۆن سەرجەم ڕەگەزەکانی سەروەری و دەوڵەتی یاسا بەئاستی جیاواز لەلایەن ھێزو کەسە دەست ڕۆیشتووەکانەوە ژێر پێ دەدرێن!

ئەوەش وایکردووە متمانە بەیاسا و دادگاو دەزگا جێبەجێکارەکان بۆ ئاستێکی خراپ کەم ببێتەوەو واستەو بەرتیل و گوێنەدان بەیاسا بوێری بۆ تاوانکردن پەرە بستێنێ و خەڵکی لەم ڕوەوە سەرمەشقیان نەمێنێ و لەچەندین ڕوەوە ڕێساکانی ھێز نەك یاسا حوکمی پەیوەندییەکان بکات!

ڕواڵەتەکانی نەبوونی سەروەری یاساش لەھەرێمدا جۆراوجۆرن لەوانەش:

١- ئەوانەی بەکردەوە لەسەرو یاساکانەوەن و ڕێساو ئەحکامەکانی نایانگرێتەوەو پارێزبەندی مێژوو ھێزو نفوزو ھەژموونیان ھەیەو ھیچ سکاڵایەك دژیان وەرناگیرێت!

٢- ئەوانەی بەڕواڵەت سکاڵایان دژ دەکرێت، بەڵام لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت، جابەلەناو بردنی بەڵگەنامەکان بێت یاخود گۆڕینی دەقە یاساییە ھاوتاکانی تۆمەتەکان!

٣- دەستەی سێھەم دۆسیەکان دەگەنە دادگا بەڵام لەڕێی فشارو نابێلایەنی و ناسەربەخۆیی دادگاو بەرتیلەوە، دەخەوێنرێن، یاخود ئەستۆ پاکیان بۆدەردەکرێت یان ماددەکانیان بۆ دەگۆڕدرێ و حوکمە قەزاییەکان دەوەستێنرێن و بەبڕێ پارە کێشەکە چارەسەر دەکرێت!

٣- ئەوانەی کەیسەکانیان لەھەموو ئەو لەمپەرانەی پێشوو دەربازیان دەبێت و دادگا سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵام بەھۆی پێگەو ھێزی خۆیان، یاخودپەنادانیان لەلایەن بەھێزو خزم و سەروەرێکی خۆیانەوە، ناتوانرێت سزاو حوکمەکانیان بەسەردا جێبەجێبکرێت! ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی تاڵاوی دەرونی و ھەستکردن بەدەستدرێژیەکی تر لەلایەن ھاوبەشێکی نوێی تاوانبارە بنەرەتیەکەوە، بۆسەر خاوەن ماف و غەدرلێکراوەکان، کەئەویش ئەوکەسەیە پەنای داوە.

بەمەش ستەملێکراوەکان جارێکیتر ستەمیان لێدەکرێتەوەو برینەکانیان دەکولێنەوە واھەست دەکەن لەلایەن کەس و دەزگا گەلێکەوە سوکایەتیان پێدەکرێت، کەبڕیارە ڕەمزی سەروەری یاساو گێڕانەوەی مافن بۆ خاوەن مافەکان! بۆیە ئاساییە بەشێ لەوان لە دادگاکان نائومێد ببن و بیر لە تۆڵە کردنەوەی دەرەوەی یاسا بکەنەوە. ئەوانەشی توانای ئەوەیان نیە، سکاڵای بێنازی و مافخوراوی خۆیان ببەنە بەردەم بارەگای خوای گەورە.

ئەم دۆخەو درێژە پێدانیشی کەچیرۆکی نەبوونی دادپەروەریی یاسایی و جیاکاریی بەکردەوەی نێوان ھاوڵاتیان و بێکەسی خەڵکە ھەژارو بێ پشت و پاکەکەمان لەوڵاتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە،

زەنگێکی مەترسیدارە دەربارەی چارەنوس و دواڕۆژی قەوارەو گەلی ھەرێمەکەو نمونە حوکمڕانیەکەی.

چونکە ھەروەك پێغەمبەر ( دخ) فەرموویەتی: گەلانی پێش ئێوە بەوە لەناوچوون کاتێك ھەژارو کەسێکی سەر بەچینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە تاوانێکی ئەنجام بدایە یاسایان بەسەردا پیادەدەکرد، بەڵام بەسەر نەجیبزادەو بەدەستەکاندا جێبەجێیان نەدەکرد!

چونکە ئەم جیاکاریە ڕەمزی ناعەدالەتیە.

ھیچ شتێکیش بەئەندازەی ناعەدالەتی بناغەی فەرمانڕەوایەتیەکان ھەڵناوەشێنێت و لەتیاچوون نزیکیان ناکاتەوە.

بەتایبەتیش بۆھەرێمێکی پڕ لە ناکۆکی و لاوازی وەك ھەرێمی کوردستان کەنەك ھەردەوڵەت و بەھێز نیە، بەڵکو لەسەر ئاستی قەوارە ھەرێمیەکەش خاوەن دەسەڵاتێکی ناوەندی و ھێزێکی نیشتیمانی تۆکمەو ژێر خانێکی ئابووری بەھێزو و سەرکردایەتیەکی کۆکەرەوەی نەتەوەیی نیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×