ڕەھەندە فیکریەکەی جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-04-01     625

سیاسەت و سەرکێشی یەکانی پۆتین و لەوانەش تاودانی ئۆکرانیاو ھێرشکردنە سەری، ڕەنگدانەوەی پاشخانێکی فیکری و بیری چەند بیرمەندێکی نوێی ڕوسین، لەپێش ھەمووشیانەوە، دۆگین کەبەعەقڵی پۆتین لەقەڵەم دەدرێت.

دۆگین سەرسەختانە پشتیوانی لەپۆتین و ھێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا دەکات!
پێی وایە پۆتین ئەوکەسە بەھێزەیە کەمێژووی سروشتیی حوکمڕانی ڕوسەکان لەبەرگی قەیسەریدا بەرجەستەدەکات.

ئەگەر ئەو تێک بشکێ و لەسەر شانۆی سیاسەتی  ونبێت، ڕوسیا دووچاری کارەسات دەبێت و لەئێستادا کەس نیە جێگەی بگرێتەوە. ئەوەش مەترسی  و خەمە گەورەکەی دۆگینە.

دۆگین لەکاتێکدا پێی وایە پۆتین تەنھا نوێنەرایەتی دۆخێکی ڕاگوزەری دەکات لە سەرەڕێی دەرچوون لە پاشکۆیەتی فیکری و سیاسی و شارستانی بۆ خۆرئاوا، بەرەوە سەروەری و ڕەسەنایەتی ڕووسی و ئۆراسیایی،  ڕۆڵێکی گەورە بۆ مەزنێتی  ڕوسیا دەگێڕێت. بۆیە دەبێت بەھەموو شێوەیەك پشتی بگیرێت،  تەنانەت تا ئاستی ھەڕەشە کردن لە تیابردنی جیھان و مرۆڤایەتی؟!

ھەروەك دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا دەڵێت: جیھان لەم جەنگەدا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: سەرکەوتنی ڕووسیا یاخود جەنگی ئەتۆمی و تیاچونی جیھان! کە ڕەنگە فاشیترین کەس لەم ڕۆی جیھاندا بوێری ئەوە بەخۆی نەدات، لێدوانێکی لەوجۆرە بدات.

فیکری (دۆگین) و ئیۆر داڕێژەرەکەی پۆتینیش، لەسەر کۆمەڵێ بنەما بنیاتنراوە لەوانەش:

١- دژایەتی توندی خۆرئاواو دانانی بە مەڵبەندی شەڕو تاوان و خراپەکاری و دەستدرێژی .

٢- دژایەتی جیھانگیری وەك ڕووی دووەمی خۆرئاواگەرایی.

٣- دابەشکردنی جیھان بەسەر خۆرھەڵات و خۆرئاوادا، یاخود خۆرئاواو دەرەوەی خۆرئاواو ھاوپەیمانی شارستانی و ناوچەی جیۆپۆلۆتیکی.

٤- بەسەنتەرکردنی ڕوسیا وەك دەوڵەت و کەلتوری( ناوك)، لەحەوزەی جیۆپۆلۆتیکی ئۆراسیا بەھاوپەیمانیەتی لەگەڵ  چین.

٥- ڕەتکردنەوەی ھەرسێ تیۆری:  لیبرالیزم( بەڕەھەندەسیاسیەکەشیەوە کەتاکگەرایی ودیموکراسی پێکیدەھێنن)، کۆمۆنیزم و فاشیزم و ناسیۆنالیزم و تەرحکردنی تیۆری چوارەمی سیاسی کەبانگەشەیە بۆدۆخی بێتیۆری جیھانی و مافی چارەنوسی شارستانی و فەرھەنگەکان لەدیاری کردنی فۆرمی حوکمڕانی تایبەت بەخۆیان و گونجاو لەگەڵ کەلتورو واقیعی خۆیاندا .

٦- بانگەشەکردن بۆ ئامادەکردنەوەی ئاین کەلێرەدا مەسیحیەتی ئەرسەدۆکسیە بۆ مەیدانی سیاسی بەم جۆرەش کەلتوری ڕوسی، ئەرسەدۆکسیەت و ئۆراسیاگەرایی ناسنامەی نوێی ڕوسەکان پێکدەھێنن.

٧- دەرچوون لەدەوڵەتی نەتەوەییەوە بۆ دەوڵەتی شارستانی.

٨- گەڕانەوە بۆ قەیەسەرێتی وپادشایەتی دینی و گێڕانەوەی شکۆو مەزنی ئیمپراتۆریەتی ڕووسی، لەڕێی دەرچون لە ژێر ھەژموونی خۆرئاواو پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری ڕوسیاو ھوشیاربوون بەپەیامە شارستانییەکەی و بانگەشەکردن بۆ جیھانێکی فرە جەمسەری.

٩- ڕوسیا لەجیاتی گەلانی ئەوروپاو موسوڵمانیش شەڕدەکات.
چونکە ئەوروپییەکان پاشکۆی ئەمەریکان و ئامانج ناڕۆشن و لاوازو ڕاران. 
نوێنەری دنیای ئیسلامیش توند ئاژۆیی و گروپە تیرۆریستەکان بوون بەڵام تێکشکان و لەئێستادا ئەم جیھانە بێ نوێنەرە؟!

١٠- ئۆکرانیا  ھیچ کام لەپێناسەی گەل و دەوڵەتی بەسەردا ناچەسپێت، کۆمۆنیستە سۆڤیەتیەکان بەھەڵەو بێبنەما ناوی کۆماریان لێنا، چونکە لەبنەرەتدا بەشێکە لەکەلتورو دەوڵەت و نەژادی ڕوسی و ناسنامەی گەورەی سلاڤی! لەئێستاشدا جگەلە بوکەڵەیەکی خۆرئاواو مەڵبەندێکی نازیە نوێکان ھیچی ترنیە؟!

ئەم چەند خاڵەی پێشەوە کۆمەڵێ بنەماو ھێڵی گشتی ئەلەکسەندەر دۆگین ناسراو بەعەقڵی (پۆتین)نن. لەڕوانگەی ئەوانیشەوە دەتوانین لەئاستێکیشدا بێت، ڕەھەندە فیکریەکەی جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا تێبگەین ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×