ئەو پرسیارانەی پێویستە کوردلەئێستادا لە خۆی بکات

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-01-25     566

ئەگەر کورد زانکۆو ناوەندی بیرکردنەوەو توێژینەوەی ھەبێت، کاتی ئەوەیە چەندین کۆنفرانس و سمینارو مێزگرد دەربارەی کۆی بارودۆخی عێراق و ھەرێم و ناوچەکەو ئەگەرو گۆڕاوەکان ببەسترێت و بگیرێت. لە ڕووی زانستیەوە شیکردنەوەیان بۆ بکرێت و چەندین پرسیاری جدی لە خۆی بکات لەوانەش:

پێکھێنەرە فیکری و سیاسی و دەرونییەکانی سەدرو ڕەوتەکەی چین؟ پشتیوانانی کێن و دەیانەوێت چ وەزیفەیەك لە ئێستای عێراقدا بگێڕێت و گەر لەوە دەرچوو ھەڵوێستیان بەرامبەری چی دەبێت؟ گرەوی ستراتیژی لەسەر دەکەن یاخود تەکتیکی؟ کێشەو پێکھاتەی ناو ماڵی شیعە لە ئێستادا چۆنەو چیەو چاوەڕێی چی لێدەکرێت و ھەموو ئەمەش پەیوەندی بە دواڕۆژی سەدرو رەوتەکەی و دواڕۆژی عێراق و کوردستانەوە چیە؟ چ چاوەڕوانیەک لە سوننەکان ھەیەو لە ئەگەری ھەوڵدانی سەدر بۆ پاکتاوکردنییان ھەڵوێستی خۆیان و پشتیوانانیان چی دەبێت؟ شپرزی سیاسی ناو ماڵی کوردو نائومێدی قوڵی بەشێکی بەرچاوی گەلی ھەرێمەکە بەرامبەر نوخبەی فەرمانڕەواو ئایندەی خۆی، چ کاریگەرییەك دەکاتە سەر ڕۆڵ و ستراتیژی وێناکراوی سەدر لە پەیوەندی بە ھەرێمەوە؟

ئایا ئەگەری ئەوە نیە لە حاڵەتی سەرکەوتنی ستراتیژەکەی و کۆنتڕۆڵکردنی گرینمانەکراوی بۆ عێراق، داوای ھەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگەو لە قاڵبدانی ھەرێم بکات و لە ھەرێمیش لە سۆنگەی ناکۆکی سیاسی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و لاوازبوونی ھەستی نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانی و نائومێدی خەڵك لە چاکسازی، بە چەپڵە پێشوازی لێبکرێت؟ لە ڕوویەکی ترەوە، ئایا ئەوەی چاوەڕوانی سەدر دەکات ھەمووی ئەرێنی و بەھێزبوونە یاخود ئەگەری کەوتنە چاڵ و شکستیشی لەپێشە؟ تا چەند پێشبینی کراوە کوردو سوننە لە بەرامبەر ھەندێ دۆخ لە ئاییندەدا ببنە ھاوپەیمانێکی نوێ بە پشتیوانییەکی ھەرێمییەوە؟

ئایا ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی عێراقێکی ناوەند گەرای بەھێزو گێڕانەوەی دکتاتۆرییەت، سەرکەوتنی حەتمییە؟

یاخود ئەگەری ئەوە ھەیە سەری لە لەبەریەکھەڵوەشان و دابەشبوونی زۆرترەوە دەربچێت؟ ھەر لە بنەرەتەوەو لە ڕووی تیۆریی ڕووتەوە پێویستی و ژێرخانەکانی دیکتاتۆرییەت چین و چەندیان لە عێراقی ھەنوکەدا ھەن؟ ڕۆڵی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی و ھەندێ جار دژ بەیەك لە عێراقدا چی دەبێت؟ ھەوڵەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر لە ئاستی پێکھاتەکان و دواتر نێوان پێکھاتەکاندا تا چەند لەباریاندایە ئاگری گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆشبکەن؟ بژاردەو جێگرەوەکانی کوردو ھەرێم لە بەرامبەر سیناریۆ جۆراوجۆرەکاندا چین؟ لە ئەگەرە جۆراوجۆرەکاندا تاچەند ئەگەری دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکی لە ئارادایە؟ ئەگەر لە ئارادایە، ئەگەری ھەیە لە لایەن کێوەو بە چ ئامانج و پاساوێك بێت و ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆی دۆخی عێراق و کوردستانی باشوردا چیبێت؟

ئەمە تەنھا بەشێکن لەو پرسیارانەی پێویستە کورد لە خۆی بکات و ھەوڵبدات وەڵامی زانستی و بابەتیان پێبداتەوە. بۆ ئەوەی بزانێت لە چ ھەل و مەرجێکدا ململانێ دەکات؟ تواناکانی چەندن و بژاردەکانی بەردەمی چین؟ لاوازییە ستراتیژییەکانی چین و چۆن دەتوانێت لە کاریگەریان کەم بکاتەوە؟ کە گەورەترین و سەرەکیترینییان، نەبوونی ھاوئامانجی نیشتیمانی و نەخشە رێگاو دیدو بەرنامەی تەوافوق لەسەرکراوو قوڵایی و ترسناکیی ئەو نائومێدییە جەماوەریە بەربڵاوەیە، لە ھەرێمدا ھەیەو پەنگی خواردۆتەوەو ھیچ ئیرادەیەکیش بۆ کەمکردنەوەی تاکو ئێستا لە ئارادا نیە؟!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×