سەد ساڵ مێژووی خوێناوی عێراق و سی ساڵ دەرفەت لەدەستدانی مێژوویی کورد

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2020-08-23     860
ئەمڕۆ سەد ساڵی ڕێك بەسەر دروستکردنی عێراقدا تێدەپەڕێت. دوای ئەو ماوە زۆرودورو درێژە، ئێسادا لەھەر کاتێکی تر، ھەڵوەشاوەترو بێ ئاسۆترە. سەد ساڵ بەسە بۆئەوەی بگەینە ئەو قەناعەتەو بسەلمێت، ئەم قەوارە دەستکردە بەزۆر پێکەوە نراوە نابێت بەدەوڵەت و ئەو چوارچێوە قانونی وسیاسی وکارگێڕی و دەستورییەی، ڕۆڵەکانی بێ جیاوازی لەسایەیدا ھەست بە ماف و ئازادی وکەرامەتی وەك یەك بکەن. سەد ساڵ بەسە بۆئەوەی بسەلمێت، عێراق وپێکھاتەو مێژوەکەی لە باریدا نیە ببێت بە نیشتمانێك بۆ ھەموان، چەمکی ھاوڵاتی ئازادو یەکسان شکڵ بگرێت و ناسنامەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو بخەمڵێت و گەلی عێراقی مانا پەیدا بکات.ئەم واقیعە مێژووکردە ھی ئەوە نیە بەھەندێ دروشم و ئاوات خواستن وڕێ وشوێن گرتنەبەری کاتی بگۆڕێت . چونکە کێشەکانی بونیادین و تاڕاددەیەك بونەتە جەوھەر، چونکە لەم وڵاتەدا جۆر ڕژێم و ئایدۆلۆژیاو نوخبەی سیاسی ھاتن و مژدەیان بڵاو کردەوەو دەسە ڵاتیان گرتە دەست، کەچی نەیان توانی دەست بۆ کێشە جەوھەریەکان بەرن، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی تێپەڕینی کات لەجیاتی ئەوەی چارەسەر بێت کێشەکانی قوڵتر کردەوە؟! بۆیە بەغدا ئاسان نیە ببێتەوە بە چەقی مەنزومەیەکی شارستانی وا خەون وئاواتەکانی ئێمە بە دیبێنێت. لە باشترین حاڵەتدا تەنھا دەتوانێ ھەندێ لەکێشەکانمان لەگەڵ چارەسەر بکات.لەبەر کاریگەری قوڵی و فرە ڕەھەندی کێشەکان. بیریشمان نەچێت ،بەکارھێنانی بەغدا وەك قامچی سزادانی ھەندێ لەھێزە گەندەڵەکانی لای خۆمان،ناچێتە چوار چێوەی چارەسەرەوە، چونکە کاردانەوەیەکی نائومێدانەیە بەرامبە ر دۆخێکی نە خوزراو.بەڵام لەبەرامبەرەوە و ئەوەی جێی داخەو پرسیاریش دەخاتە سەر چەندین ھێزو دروشم و بانگەشە ئەوەیە کە زۆربەی نەخۆشیەکانی عێراق کوردستانیشی گرتۆتەوە،خوداو مێژوو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دەرفەتێکی دەگمەنی «٣٠»ساڵەیان پێداین.دەمانتوانی بەکاری بێنین بۆ پرۆسەیەکی مێژوویی نەتەوەو گەل ونیشتمانسازی، کەچی بەداخەوە نەك ھەر ئەوەمان نەکردولەدەستماندا ا بەڵکو پێچەوانەکەیمان ئەنجام دا. بە ناسۆرەوە دەڵێین :لێرەش شتێ نیە بەناوی گەلی کوردستان، ھاوڵاتی کوددستانی، لانی کەم بەماناسیاسی و ئەخلاقیەکەی، ناسنامەی نیشتمانی کوردستانی یەکگرتوو،گیانی ھاو چارەنوسی وستراتیژی ھاوبەش وحکومەت ودام ودەزگایەکی نیشتمانی تۆکمەو یەکگرتوو. بەداخەوە کاتێك دەتوانین لەعێراق جیاوازبین کە بەشەکەی تر وێرانە و نوقمی شەڕو توندو تیژی و داروخاوی بێت. واتە لەسایەی بارکەوتوویی ئەودا ئێمە ھەین؟!! ئەوەش ئەوە دە سەلمێنێت کە ھەرێم مەرجی کێ بڕکێی تێدا نیە ،لەسەر پێی خۆی نەوەستاوەو ھەروەکو ئەوێ نوخبە دەسەڵات دارەکەی بوێری دەست بردنی ڕاستە قینەی بۆ کێشەگەورەکان نیە:کێشەی ھەڵوەشاوی ولێکترازان و ناکۆکی و دابەشبون و گەندەڵی و ناعەدالەتی ونەبوونی سەروەری یاسا...ھتد. بەڵام ھەموو ئەوە مانای ئەوە نیە پشت بکەینە ھەرێم وڕوو لە بەغدا، چونکە ڕیشە قوڵە فەرھەنگی وسیاسیەکانی کئشەکان عێراقین. بۆیە ڕاست وایە ئێمە ھەوڵی وەدەرنان و پاشەکشە پێکردنی ئەو فەرھەنگە نەگریسە بدەین،ڕوومان لە ھەرێم بێت و لە پێناو چارەسەرکردنی ھەندێ کێشە ئاورێکی دەستوری ھاوسەنگ لە بە غدا بدەینەوە. لەسەر ئاستی کۆی ئەزمونەکەش بۆ ھەرێم خۆی ھەوڵی تێپەڕاندنی بەغداو ھەولێریش بدەین. لە پێناو ھەرێمێکی لەسەر پێی خۆ وەستاوی دووبارە بیناکراوەی بەھێزو گەشاوەو جیاوازو روو لە ئایندە. دزانم ئەمە قورسەو ڕەنج و پشو درێژی دەوێت، بەڵام پێم وایە ڕێگە ڕاستە کەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×