دیموکراسی وەك پێشمەرجی ئیسلامیبوونی دەوڵەت، لە دنیای ئەمڕۆدا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-10-20     443

خەبات بۆ گێڕانەوەی ئەوەی ناونرابوو حوکمڕانی ودەوڵەتی ئیسلامی، بەشێکی گەورەی بیرکردنەوەی ناوەندە ئیسلامییەکەی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا داگیر کردبوو.

ئەوەی شارەزای ئەدەبییاتی ئیسلامی نوێ بێت لەم بارەوە، دەزانێت، کەچۆن کێشەی گەورەی گەلانی موسوڵمان بەوە دەستنیشان کرابوو، موسوڵمانان ئیمپراتۆریەتە مێژووییە ئیسلامییەکەیان لەدەستداوە ونەتەوایەتی بڵاوبۆتەوەو شەریعەت پیادە ناکرێت. چارەسەریش والە ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی وپیادەکردنی فقھی ئیسلامی لەڕێی ئەودەوڵەتە وپاوانکردنی دەسەڵات وکارکردن بۆ گێڕانەوەی خەلافەتی ڕوخێنراوی بەرجەستە لەسەڵتەنەتی نەخۆشی عوسمانیدا؟!

ئەم فیکرە ئیسلامییە حەرەکییە، بەحوکمی سروشتی کاردانەوە وئامانج وقەیرانی جیھانی ئیسلامی لەسەرو بەندی سەرھەڵدانی وکاریگەر بوونی بەھەندێ ئایدۆلۆژیای زاڵی ئەو قۆناغە بەوجۆرەی غەننوشی بۆ ئەمەی دواییان چووە، دانووی لەگەڵ دیموکراسی وفرەیی وناسیۆنالیزم ودەوڵەتی نوێ و بنەمای ھاوڵاتێتی یەکسان وبەشداری سیاسی وکۆمەلایەتی ئافرەتدا نەدەکوڵا!

کەمتر قسەی لەسەر سروشتی دەسەڵات ھەبوو، دەوڵەتی بەچەشنی ئامرازێکی بێلایەن سەیر دەکرد وپێی وابوو، ھەرئەوەندەی بزافی ئیسلامی نوێ بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات ولەڕێی ئەوەوە شەریعەتە مێژووییەکە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ، لەباریا دەبێت، نموونەیەکی جیاواز پێشکەش بکات وشکۆی لەدەستچووی نەتەوەی ئیسلامی بگێڕێتەوە!

بەڵام بەتێپەڕینی ڕۆژگارو ھاتنە سەرکاری ھەندێ ڕژێم لەچوارچێوەی ئەو ئەدەبیاتەدا، لەوانەش بە گوتەی د قەرزاوی ھەردوو ڕژێمی خۆ بەئیسلامی پێناسەکردوو لە ئێران وسوداندا( کتێبی برایانی موسوڵمان ٧٠ ساڵ لەسەرە ڕئی بانگەوازو تێکۆشان و) دەرکەوت, ئەوجۆرە بیرکردنەوانە, لەڕووی سیاسییەوە تاڕادەیەکی زۆر سادەن. تێگەیشتنێکی کاڵ وکرچییشیان دەربارەی سروشتی سیاسەت ودەسەڵات ولۆژیکی دەوڵەتی نوێ لەپشتەوەیە.

ھەربۆیە ئەودەوڵەت وڕژێمەی لەچوارچێوەیاندا سەرھەڵدەدەن وسەریان ھەڵدا، تەنھا بەڕوواڵەت ئیسلامی دەبن، چونکە لەجەوھەردا دووبارە بەرھەمھێنانەوەی ھەمان دەوڵەتی عەلمانی شکستخواردووی نوێی ناوچەکەو ڕژێمی سوڵتانی ستەمکاری مێژووی چاخی پاشەکشەی ژیاری موسوڵمانانن، بەناوو بەرگێکی نوێوە.

لەو سۆنگەوەی، ئەوەی دەوڵەت ڕژێمێك دەکات بەئیسلامی، موسوڵمانی حوکمڕانەکان وپیادەکردن وسەپاندنی فقھی ئیسلامی نییە بەسەر کۆمەڵگەدا، بەوجۆرەی لەڕژێمی سوڵتانی مێژووی ئیسلامی کاریگەر بە کەلتوری ساسانی پێش ئیسلام وبزاڤی ئیسلامی نوێی درێژەدەر بەوکەلتورە بۆمان ماوەتەوە، بەڵکو پابەندبوونی ڕژێم وحوکمڕانانە بە بەھا باڵا سیاسی ودەستورییە ئیسلامییەکان ودادپەروەری سیاسیەوە. لەپێش ھەمووشیانەوە بەھای شوراو ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان حاکم ومەحکوم بەگوێرەی عەقدێکی ئازاد، کەبەگوێرەی ئەو، گەل وھاوڵاتیانی ئازادو یەکسان، سەرچاوەی دەسەڵات ڕەوایەتی سیاسی پێکدەھێنن، حوکمڕانەکانیش جگەلە بریکاری( وکیل) ی ئەوان، ھیچی تر نین.

ئەمەش ئەو ڕژێمەیە بەھا سیاسییە ئیسلامییەکان، ڕۆحی ئەزموونی ڕاشیدین وبیری ئیسلامیی ئیسڵاحیی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەم، بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەم ئیسڵاحخوازانەی دوایی، لەوێنەی جەمالەدینی ئەفغانی وعەبدەو کەواکبی، کەبانگەشەی مەشروتەو دەستور سالاریی نوێیان لەدنیای ئیسلامدا بڵاوکردەوە، پێیان وابوو ڕازی پێشکەوتنی خۆرئاوا سیستمە سیاسییەکەیەتی، بۆیە دەبێت دنییای ئیسلام لەگەل شانازیکردن بەناسنامە ئیسلامییەکەی خۆیەوە، ھەوڵبدات لەژینگەی فیکری وکەلتوری خۆیدا بیڕوێنێ. بەم دەوڵەتە شیان ناونابوو بە دەوڵەتی( ئازادی ودادپەروەریی)

ھەربەمەش دەتوانرێت ماکی لادان وستەم ودوواکەوتوویی، لەدنیای ئیسلامدا لە ڕەگدەربکێشرێت، کە ئیستیبداد وزۆرداری سیاسی بەرجەستەی دەکات.

ئەم ئامانجەش کەیەکسانە بەدووبارە زیندووکردنەوەی ڕۆحییەتی ڕاشیدین لەبەرگێکی نوێدا، بەبێ دیموکراسی وادامەزراوەو میکانیزم ودەستە بەرییەکانی نایەتە دی.

لێرەشەوە بە گوتەی بیرمەندی لاوی ئیسلامی، دوکتۆر موحەمەد شەنقیتی، دەوڵەت لەم سەردەمەدا، دەکرێت دیموکراسی بێت وئیسلامی نەبێت، واتە لە مەرجەعییەتیدا ئیسلامی نەبێت، بەلام ناکرێت ئیسلامی بێت ودیموکراتی نەبێت.

ئەویش ھەروەك ئەودەڵێت لەبەرئەوەی دیموکراسی لەگەڵ کۆی بەھا ئیسلامییە سیاسیەکاندا سازگارە. بۆیە ھەرکەس وگروپێك بەرھەڵستی ئیستیبدا بکات ودژایەتی دیموکراسی بکات، جگە لەجەنگێکی بێ ھودەو عەبەسی ھیچی دی ناکا( وەك چەندین گروپی بەڕواڵەت جیھادی وسەلەفی سوریا)

چونکە لەئێستادا ئیستیبدادو ستەمکاری سیاسی جگە لەدیموکراسی جێگرەوەیەکی تریان نییە( الازمة الدستورية في الحضارة الاسلامية، لا ٥٣٠، ٥٣١)

لەچوارچێوەی دەوڵەتی نوێدا، ھەموو ھەوڵێ بۆ ڕوو خاندنی سیستمە موستە بیدو سەرکوتکارەکان، لەدەرەوەی باوە ڕبوون بە جێگرەوەی دیموکراسی،( بەواتای بڕوابوون بە دەستورێكی تەوافوق لەسەرکراو، سنوور بۆ دەسەڵاتی دەسەڵاتداران دابنێت، گەل سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بێت، تاکەکان بەحوکمی ھاوڵاتی بوونییان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن، ماف وئازادییە گشتیەکان فەراھەم بن وئاڵ وگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە دەستەبەر بێ) مەسەلەکە گۆڕینی ستەمکارێکە بە ستەمکارێکی تر، ئیسلامییبوونی دووەمیش ھیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە لە دیدی ئیسلامییەوە ستەم ھەرستەمە، موسوڵمان وئیسلامییەك بیکات یاخود بوزی وعەلمانییەك.

لێرەشەوە دەبێت لەبواری سیاسیدا بەتەواوی واز لەبیرکردنەوەیەکی کۆنی نێو ناوەندە ئیسلامییەکە بھێنرێت، کەپێی وابوو، ئیسلام تایبەتمەندی خۆی ھەیەو لەیەك کاتدا لە دیموکراسی ودکتاتۆرییەتیش وەك دوو فۆرمی نوێی حومڕانی جیاوازە، چونکە گەڕان بەدوای دەستەبەرکردنی خۆپاراستن لە ئینحراف وستەم وسەرکوتی سیستم ودەسەڵات،لەچوارچێوەی دەوڵەت وسیستمی سیاسیدا، باس لە دامەزراوەو میکانیزم ودەستە بەرییەکانە، کە کاری عەڵ وئەزموونی ژیان وگەلانە، نەك بەھاو بنەماکان.

لەدنییای نوێ وچوارچێوەی دەوڵەتی نوێدا، ئەو دامەزراوەو میکانیزمانەی دەتوانن سنور بۆ خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات ونادادپەروەریی سیاسی وخۆسەپاندنی بەزۆری حوکمڕانەکان دابنێن،( کە ھەمووئەو ئامانج وداخوازییانە ئیسلامی وشەرعین وجەوھەری بەھا سیاسییە ئیسلامییەکان پێکدەھێنن) دامەزراوکان و فۆرمی حوکومڕانی دیموکراسین، بەحوکمی ئەوەی بەدیلی دیموکراسی ئیستیبداد وخۆسەپاندنەو ئەویش دژبەیەکی قوڵی لەگەڵ بەھائیسلامییەکان ووەحیدا ھەیە.

بەڵام لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، داخۆ واتای جیاوازبوون و ئیسلامییبوون لەژێر سایەی ھاوئامانج بوون لەگەڵ رەوتە دیموکراتە کانی تری کۆمەڵگەدا چی دەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ھاوڕا لەگەڵ ئیسڵاحخوازە موسوڵمانەکانی سەدەی نۆزدەو دوکتۆر شەنقیتی وھاوبیرەکانی دەڵێین: جیاوازبوونەکە لەوەدا دەبێت، ئیسلامییە دیموکراتەکان بەدوای سیستمێکی دیموکراسی پاشخان ئیسلامییەوەن. بەومانایەی بەھا سیاسیە ئیسلامییەکان ژینگەی رەسەنسازی و لەخۆگرتن وبەخۆماڵیکردنی دیموکراسی وبەھاکانی پێکدەھێنن، ھەووەھا دەخوازن یاسا دەرچوو بەرکارەکان لەگەڵ بنەماو مەبەست وبەھا باڵا ئیسلامییەکان دژبەیەك نەبن.

لەحاڵەتی ناڕازیبوونی تەوژم و ھێزەکانی تر لەسەر ئەم داخوازییە، تێکۆشانی ئاشتیخوازانە دەکەن لەپێناو وەناعەتتپێکردنی ئەوانی دیدا، نەك بەناوی بەئیسلامیکردن وحوکمی ئیسلامییەوە، قوربانی بەدیموکراسی بدەن،

بەحوکمی ئەوەی بەھا ئیسلامییەکان ڕێگە بەوە نادەن ھیچ کەس وتەوژم وگروپێك لەدەرەوەی ڕەزامەندی کۆمەڵگەو ھاووڵاتیانەوە، ھەوڵی سەپاندنی خۆی وتایپێك لەتێگەیشتن لەئیسلام بەسەر کۆمەڵگەدا بدات.

چونکە زۆر بەکورتی، خەڵك نەیکردوون بەوە کیل، تائەو مافەیان ھەبێت بەناوی ئەوان وکۆمەڵگەوە حوکم بکەن. کەسیش لەدرەوەی وەکالەتی خەڵك خوای گەورە مافێکی تایبەتی لەم ڕوەوە پێنەداوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×