بۆ بارزانی

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-05-30     645
ساڵی ٢٠١٥ لە دوای ھەندێ قسەو بەڵێنی بەڕێزتان، دەربارەی یەکخستنەوەو دووبارە بیناکردنەوەی ھێزی پێشمەرگە، وتارێکی درێژم بڵاوکردەوەو تیایدا نویسیبووم: ئەم بەڵێنانە لە داھاتوودا جددیەتی ئێوە لەم پرسەدا دەخاتە بەردەم سەنگی مەحەك. ئێستاش کە گوێبیستی ئەوە دەبین، بڕیارتانداوە، ھێزەکانی (پشتیوانی یەک)ی سەر بە ھێزەکانی (ھەشتا) بگەڕێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، گەرچی زۆر دواکەوت و نەدەبوو وابوایە، ھەست دەکەین ھەنگاوێك لەسەر ڕێگە ڕاستەکە دەھاوێژرێت. بەڵام، بە تەنھا ئەمە بەس نیە، ئەرکی ئێوەش وەك بارەگای بارزانی و سەرۆکی پارتیش، بەمە کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو دەبێت سەربەخۆ بڕیارە نەتەوەیی و مێژووییەکە بدەن و سەرجەم ھێزەکانی ھەشتاو ھەر ھێزێکی تری دەرەوەی وەزارەتی سەر بە پارتی بخەنەوە سەر وەزارەتی ناوبراو. چونکە لە ماوەی ڕابردوودا جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری سەربازی، زیاد لە جارێك رایگەیاندووە: ھاوپەیمانان لەمەڕ سست بەرێوەچوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزەکان لە ھەرێم نیگەرانن! ھەروەھا سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی ئیرادەی یەکگرتنەوەی ئەو ھێزانەیان نیە؟
ئەمەش لە چەند ئەگەرێك بەدەر نیە:
١- ھەردوو لا وەك یەك خواستی یەکگرتنەوەیان نیە.
٢- یەکێتی ھەیەتی و پارتی نیەتی.
٣ پارتی ھەیەتی و یەکێتی نیەتی.
خاڵی یەکەم و دووەم لەگەڵ وابوونیان، کۆی دروشمەکانی پارتی دەربارەی ھەندێ پرس و لاف لێدانەکانی دەخاتە ژێر پرسیارەوەو دەیانکات بە موزایەدە.
خۆ ئەگەر ئەگەری سێھەمیش ڕاست بێت، لە سۆنگەی دروشمە بەرزکراوەکان و ئەرکە مێژوییەکان و وێناتان بۆ خۆتان و بەرامبەرەکانتان، پاساوی پەکخستنی ئەم پرۆسە نەتەوەییەتان پێنابەخشێت. ئەگەر یەکێتیش ڕێگرە لەم ئەرکە، (کە تا ئێستا بۆ ئێمە ڕوون نیە، ھەر بۆیە وەك یەك لێپرسراون چونکە ھەڵوێستی جیاوازی خۆتان ڕانەگەیاندووە) نابێت دۆخەکە بەدیار ئەوانەوە دابنرێت. چونکە تاوانێکی گەورەیە، چوار وڵاتی خاوەن سەنگی دونیا، مامەڵەی نیمچە دەوڵەت لەگەڵمان بکەن، بەکردەوە ئامادەیی دەربڕن بۆ چاکسازی لە ھێزی پێشمەرگەو یەکگرتنەوەو ڕێکخستنەوەی، کەچی خۆمان ڕێگربین و تەگەرە دروست بکەین و ئەو دەرفەتە گرنگە لە کیس خۆمان بدەین و ئەو دەوڵەتانەش لە خۆمان نیگەران بکەین.؟!!
بە ھیچ پێوەرێکی نەتەوەیی، نیشتیمانی، سیاسی و دینیی و ئەخلاقی، ھەڵوێستێکی لەو جۆرە قابیلی تێگەیشتن و قبوڵکردن نیە.
بۆیە دەرفەتێکی ڕاستەقینە لە بەردەمی ئێوەدایە، بە بڕیارێکی بارەگاکەتان و لە ھەنگاوێکی بوێرانەدا، بێ چاوەڕوانی زیاتر، ھێزەکانی ھەشتاش ھەڵبووەشێنەوەو بیخەنەوە سەر وەزارەت، چونکە ئامادەنەبوونی لایەنی بەرامبەر بۆ ئەو ھەنگاوە، بیانو نادات بەدەست ئێوەوە بۆ درێژەدان بە دۆخێك دژ بە بەرژوەندی نەتەوەییە، ناڕەواو نایاساییە، لەبەر ئەوەی بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ھیچ پارتێك نیە ھێزی چەکداری ھەبێت و بەپێچەوانەوە بە پارتی نایاسایی دەدرێتە قەڵەم.
ھەنگاوێکی لەم جۆرە لانی کەم لە ئاستی دۆسیەیەکدا، ئەم چەقبەستووییە ھەمەلایەنەی بەسەر دۆخەکەدا زاڵە دەشکێنێت، دەبێتە ھاندەر بۆ کرانەوە بە ڕووی ھەندێ پرسی تریشدا.
لە باریشیایەتی ھەندێ ئیعتیبار بۆ ئیرادەی سیاسی ھەرێم بگەڕێنێتەوە لە نیگەرانی دۆستەکانمان کەم بێتەوە! دەوروبەرو ناحەزانیش، حسابێکی زۆرترمان بۆ بکەن !
ھیوادارم ھیچ شتێك نەکەن بەڕێگر لەم پێناوەدا، چونکە بەرژوەندی گەلی کوردستان، ھەرێم، پارتی و شەخسی خۆشتانی تێدایە. ئیتر بۆ ھەنگاوێکی سیاسی چ پێوەرێکی تر ھەیە بۆ ھەڵسەنگاندن و گەیشتنە بڕیار؟!
لەگەڵ ڕێزم

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×