ھەرێم لەبەردەم ھەڕەشەی مافیاکانی تاڵانیدا

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-08-21     639


لە ساڵی ۲٠٠۸ لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی وەزیراندا، سەرنجم بۆ ئەوە راکێشا کە ئەوەی لە عێراق و ھەرێمدا دەگوزەرێ گەندەلی ئاسایی نیەو ئەو پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاری داناوە نایگرێتە خۆ، چونکە مەسەلەکە کاربەدەستی گەندەڵی تێپەڕاندووە بۆ حیزب و مەنزومەو بەگشتی نوخبەی گەندەڵ، بەتایبەتیش لە ئاستە سیاسی و ئابووری و ئیداری و سەربازییەکەدا.
 دوای ئەویش و پێش چەند ساڵێك وتارێکی درێژم لە ھەفتەنامەی ئاوێنەدا بە ناونیشانی (لە گەندەڵییەوە بۆ تاڵانی.. سەبارەت بە داڕووخانی ئەخلاقی حوکمڕانی لە ھەرێمدا) بڵاوکردەوە بە مەبەستی نیشاندانی گەورەیی کێشەکەو گۆڕانی بۆ ھەرەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر سەقامگیری و ئاییندەی کۆمەڵگاو قەوارەی ھەرێم و ئاسایشی نیشتیمانی (ئەگەر بوونی ھەبێت). بەڵام، جێی داخە لەو کاتەوە تاکو ئێستا دۆخەکە ئەگەر بەرەو خراپتر نەچووبێت، باشبوونێکی شایانی باسی بەخۆوە نەبینیوە و ھەڵپەکردن بۆ دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا وەك بەرەنجامی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات بەردەوامە. 
جەوھەری ئەم کێشەش ئەخلاقی و دامەزراوەییە. ڕەگ و ڕیشەکەی بە چاوی غەنیمەت سەیرکردنی دەسەڵاتە.
 کە دەشڵێین بەشێ لەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت لە گەندەڵی دەرچووەو بووە بەتاڵانی و ڕاو و ڕووت، ھەروا لە خۆڕا قسە ناکەین، بەڵکو لە بەرەنجامی گەڕانەوەیەکی زمانەوانی و یاسایی بۆ ھەردوو چەمکەکە ئەم حوکمە دەدەین.
گەندەڵی بە پلەی یەکەم خراپ سوود وەرگرتنی فەرمانبەری گشتیە لە پلەو پایەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بە شێوەیەکی نھێنی، بەڵام ھەرچی گەندەڵی و ڕاو و ڕووتە، باس لە ڕێی دزی و ڕاو و ڕووتێکی ئاشکراوەیە، لە ڕێی پەنابردنە بەر ھێز و زۆرلێکردن و دەست بەسەردا گرتنی بەزۆرەو کە بە سروشتی حاڵ لە کاتی ھەندێ سەرکەوتنی سەربازی و سیاسی و ڕوودانی کارەساتی سروشتیدا ڕوودەدات. بەشێ لەوەی لە ھەرێمدا دەگوزەرێت بێ سێ و دوو ڕێك ئەمەیە.
مافیاکان (بە دانپیانانی خودی بەرپرسان لە ساڵانی ڕابردوودا ھەر لە سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتەوە تا شارەوانی سلێمانی) لە ڕێی سوود وەرگرتن لەو ھێز و نفوز و دەسەڵاتەی بە ناڕەوا لە سەرو یاساوە بەدەستیانەوەیە، دەست بەسەر ھەزاران دۆنم زەوی و زاری گشتیدا دەگرن و بە ناڕاستەوخۆو ھەندێ جاریش بە ناوی ھەندێ کۆمپانیاو ڕوو پۆشێکی یاسایی ساختەوە خەریکی سەرانە وەرگرتن و قاچاخچێتی و دەستگرتنن بەسەر بەشێ لە داھاتی سروشتی و ناوخۆیی ئەم وڵاتە. 
لەم ڕووەوە بۆ ھەندێکیان کار گەیشتۆتە ھەڕاجکردنی ئاییندەی نەوەکانی ئەم وڵاتە لە ڕێی بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و پەرەدان بە بازرگانی جنسی و کۆیلایەتی سپییەوە!!
ئەوەی سەیریشە لە دوای شەڕی ناوخۆوە، کە شەڕبوو دژ بە ئەخلاقی مرۆڤی کورد و پەرەدان بە فەرھەنگی شڕەخۆری و ڕاو و ڕووت، ھەروەھا شەڕ دژی داعش کە بەشێ لە بەھاکەی بەھۆیەوە لەدەستدرا، ئەو شەڕەی مافیا تاڵانکەرەکان تیایدا سەرکەوتوون سەرکەوتنە بەسەر کۆمەڵگای خۆیاندا لە سۆنگەی ناڕێکخراویی و لاوازیی تواناکانی بەرگری لەخۆکردن، کە بە دیوەکەی تردا یەکسانە بە بەزینێکی ئەخلاقی ھەموو ئەو نوخبەو مافیایانەی لەم تاوانەوە گلاون. کێشەکەش لەوەدایە، ئەگەر تاڵانی لە دۆخی سەرکەوتنی سەربازی و کارەساتی سروشتی بە تێپەڕینی دۆخەکە کۆتایی بێت، لە دۆخی حوکمڕانی مافیاکانی ناو دەسەڵاتدا و مانەوەی ھەل و مەرج و فۆرمی حومڕانی ئێستادا لە بەرگی جۆراوجۆردا درێژەی دەبێت!
ئەوەش سەرچاوە ڕاستەقینەکەی ھەڕەشە مەزنەکەیە لەسەر ئێستاو ئاییندەمان.
بە خوێندنەوەی یاداشتەکانی ئەندامانی بنەماڵەی موحەمەد ڕەزا شای پەھلەوی ئێرانیش (کە ئەز ھەموویانم خوێندۆتەوە)، چاودێر دەگات بەو قەناعەتەی لەم ڕووەوە لە زیاد لە بوارێکدا لێکچوون لە نێوان دۆخی ھەرێم و کۆتاییەکانی حوکمڕانی ئەو بنەماڵەدا بەدیدەکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×