پارەکەی بەغداو کێشەی حوکمڕانانی ھەرێم، شانازی بەچیەوە دەکەن؟

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-06-16     596
ھەرھێندەی ڕاگەیەنرا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ناردنی بڕێك پارەی بۆھەرێم داوە، دەستبەجێ چەندین بەرپرسی حیزبی و حکومی کەوتنە کێبڕکێکردن، بۆ ڕاگەیاندنی و مزگێنی دان و باسکردن لەوەی کە ئەوەی وەدیھاتووە بەرھەمی ھەوڵ و تێکۆشانی حیزب و سەرکردەکانی ئەوان بووە.؟!! لەکاتێکدا ئەگەر دەسەڵات بەکردەوە لەحکومەتدا بەرجەستە بوایە، وە ھاوپەیمانی حکومی و بەرپرسارێتی ھاوبەش واتای خۆی وەربگرتیایە، جوان و وەك ئەوەی پێویستە، لەحوکمڕانی تێبگەیشتینایە، دەبوو قسەکەر بەناوی حکومەتەوە ، یاخود ئەوپەڕی لەگەڵ قسەکەرێك بەناوی وەفدی گفتوگۆکارەوە، ھەواڵەکەیان بەناوی حکومەت وەك دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن ڕابگەیەندایە، نەك ھەرکەسەو لای خۆیەوە دەستبکات بەلێدوان و مافێکی سادەمان لێبکەن بە دەستکەوتێکی گەورە! چونکە ئەم ھەموو لێدوانە بەوجۆرە، ھەرێم بێ ھەیبەتتر دەکات، پرسیاری زۆرتر دەخاتە سەر عەقڵی حوکومڕانیمان، سەرۆك وەزیرانی بەغدا لەبەردەم خەنیمەکانی ، ڕوداماوتر دەکات ؟! شایانی وەبیر ھێنانەوەیە، ھەموو ئەمە لەکاتێکدایە کە:
١- ئەز موونی رابردوە پێمان دەڵێت: کە دەستەبەری جێبەجێکردن و تا سەربڕکردنی ئەم جۆرە بڕیارانە تاسەر لەئارادا نیە، ھێزە نارازییەکان ھەرکاتێك ویستیان، دەتوانن لەڕێی پەڕلەمان و دادگاو میکانیزمی ترەوە، کێشەی بۆ دروستبکەن.
٢- بڕیارێکی لەوجۆرە جێگەی ئەو ھەموو شانازی و ھەلھەلە بۆکێشانە نیە. چونکە:
ا- ئاماژەیە بەبچوککردنەوەی خەونی مرۆڤی کوردو قەتیسدانی لەئاستی موچەو ھێنانی ھەندێ پارە لەبەغدا بۆھەرێم بۆئەوەی حکومەت بتوانێت موچە لەکاتی خۆیدا بدات؟!!
ب- ئەم دۆخی ھەست بەزەلیلی خۆبچوککردنەوە، دیارنەبونی چوارچێوەی چەسپاوو درێژمەودای کارکردن و ڕێکەوتن و گیرخواردنی ھاوکێشەکە لەنێوان سازشکردنی گرەنتینەکراو بۆ بەغداو قەیرانی دارایی و موچە، بەرەنجامی بێ پارەیی نیە، ھەروەك لەلوتکەی دەسەڵاتەوە گوزارشتی لێدەکرێتەوە، بەڵکو بەرەنجامی ناکۆکی سیاسی و گەندەڵی و حەرام خۆری و رووننەبونی سەرچاوەکانی داھاتە. مادام بێموچەیی و قەیرانی ئابوری و خۆ بچوککردنەوەی سیاسیشمان بە پلەی یەکەم، بەھۆی ئەو ھۆکارانەی سەرەوەیە، بۆکەس جێی شانازی نیە خۆی بەبڕیارێك و دڵخۆشکردن بەناردنی ھەندێ پارە لە بەغداوە ھەڵبکێشێ و شانەخڕێی بێت بۆوەی بەناوی ئەو یاخود حیزبەکەیەوە تۆماربکرێت. لەبەرئەوەی ڕاستی سەرەوە پێمان دەڵێت: دڵخۆشکردنەکە لەقوڵایدا بۆ باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و کەمکردنەوەی قەیرانی ئابوری و چاکەی گشتی نیە، بەڵکو بۆئەوەیە ئەو گەندەڵیەی دەیکەن و ئەوپارەی لە سنورەکان و ناوخۆو نەوت دەیبەن، لەسایەی دانی موچەو دابەزینی ئاستی چاوەڕوانی ھاوڵاتی لەنوخبەی حوکمڕان، بێکێشەتر بیخۆن و بیخەنە سەر حسابە بانکییەکانیان!!! بۆئەوەی دواتر وەك ماڵی سیاسی و شێوازی تر گەندەڵە سیاسیەکەشی پێ قوڵتر بکەنەوە.
بەڕێزان شانازی بەچیەوە دەکەن کە ناکۆکی و گەندەڵی ئێوەو حیزبەکانتان ھۆکاری پشت نەدانی موچەیە؟
تەنانەت پەیوەندی لەرزۆك و ناجێگیر لەگەڵ بەغداش لەناکۆکی نێوانتان و ئیدارەکردنی بەشێك لەملمانێکانتان دژبەیەك لەوێوە، بەدەر نیە.
بۆیە ھیچی تر بەم زمانە، کەسوکایەتی بۆ ھاوڵاتیان تێدایە قسەمەکەن، ئەرکی ئێوە وەك نوخبەی حیزبی بەتایبەتیش ھی دوو حیزبەکە دیارە.
٭ پارە تاڵانکراوەکانی خەڵك بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. سنورێك بۆگەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات دابنێن.
٭ کۆتایی بەناکۆکیە نانیشتیمانیەکانتان بێنن.
٭ کۆتایی بەدابەشبوونی کوردستان، فرەدەسەڵاتی، زۆنی حیزبی و دووبەرەکی و لەشکرو ھێزی حیزبی بێنن.
٭ دەستورێکی ھاوچەرخ بۆھەرێم گەڵاڵە بکەن، سازانی نیشتیمانی لەسەر دروست بکەن، ژیانی سیاسی لەم بێ حەوشەییە ڕزگاربکەن.
٭ بڕوابەبێ لایەنی و سەربەخۆیی دەسەڵاتی داوەری و دادگاو سەروەری یاسا بێنن.
٭ ستراتیژێکی ھاوبەشی نیشتیمانی دابڕژن و تەوافوقی لەسەربکەن، بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەسەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم کەخەریکە لەدەست دەچن، بەغدا، دەرو دراوسێ، پارچەکانی کوردستان، مەسەلەی کوردستان لەسەر ئاستی خۆر ھەڵاتی ناوەراست و جیھان بەگشتی.
٭ زۆرینەی گەلەکەتان ئاشت بکەنەوە، کەگەندەڵی سیاسی و دارایی، ساختەکردنی ھەڵبژاردن، ناکۆکی ھەوانتەو جاڕسکەر، قەیرانی ئابوری، نائومێدیان کردووەو متمانەیان بەپرۆسەی سیاسی و دەستەبژێری حیزبیی حوکمڕان نەھێشتووە.
شەھامەتی ئەوەتان تێدا بێت، واز لە ساختەکاری لەھەڵبژاردنەکاندا بێنن، کۆتایی بەفۆڕمێ لە ئەخلاقی سیاسی و حوکمڕانی بێنن، کە ناکارایی، خراپی و داروخاویی سەلما.
بیرکردنەوەو بەرەو پیرچوونی ئەم ئەرکانەو دوبارە بیناکردنەوەی سیستم و ھەرێمێکی یەکگرتوو، بەھێز، دیموکرات و خاوەن ستراتیژ و ھوشیار بەئەرکە نەتەوەیی، سیاسی و ژیارییەکانی، شایستەی کەسانێکە بەخۆیان ڕەوا دەبینن پێیان بوترێت: سیاسەتمەتدار، لێپرسراو، پیاوی دەوڵەت و نیشتیمان پەروەری مەزن لەناو گەلێکی گەورەی جەزرەبە چەشتوی نێو مێژووی نوێی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی تراژیدیای ئەنفال و ھەڵەبجەو کیمیاباران و سەدان ھەز ار شەھیدو ملێۆنان مرۆڤی پێخوستکراوو بێ بەشکراو لە کەرامەتی مرۆیی خوا پێدراو.
ئەمە ئەرکتانە، نەك خەریکبوون بەکێبڕکێوە بۆشانازیکردن بەھەندێ شتی بچوك چارەسەری کاتیەوە، کەخۆتان بەدانپیانانی خۆتان سەبەبکاری سەرەکی کێشەکەن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×