ئۆکرانیا.. قوربانیی سەرەپێچێکی نوێی مێژوو

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-03-09     608

بەراوردێك لە نێوان جەنگی ئۆکرانیاو جەنگی سۆڤییەت دژ بە گەلی ئەفغانستان

زۆر جار سەرە پێچە مێژووییە گەورەکان بۆ ھەندێ گەل و وڵات، دەبن بە دەرفەت و بۆ ھەندێکی تریش، مایەی نەھامەتی و ماڵوێرانی. لە مێژووی نوێ و ھاوچەرخی جیھانیشدا، گۆڕانکاریە مێژووییە گەورەکان، بەھۆی جەنگ و ململانێ گەورەکانەوە ھاتوونەدی.

لە جەنگی جیھانی یەکەمدا، ئیمپراتۆریەتیەتی عوسمانی ڕووخا، چەندین دەوڵەتی نوێ لەسەر دارەپەردووەکەی دامەزران. ھەندێ لە گەلان و لەوانەش کورد، لە مافی سەربەخۆیی بێبەشکران و دووچاری جۆرەھا شێوازی چەوساندنەوەو سەرکوت ھاتن.

ھەر لەسەرو بەندی ئەم جەنگەدا، شۆڕشی بەلشەڤی سەرکەوت و ئیمراتۆریەتی قەیسەریی ڕوسیا ڕووخا و سیمای مێژووی قۆناغەکە گۆرانێکی گەورەی بەسەردا ھات. لە پێناوی ھەڵنەگیرسانی جەنگێکی نوێی جیھانیش کۆمەڵەی گەلان پێکھێنرا. بەڵام، زۆر لەوە لاوازتربوو بتوانێت ململانێی وڵاتە کۆلۆنیالیست و خاوەن بەرژوەندییە گەورەو دژبەیەکەکان دابنێت و ڕێگری لە ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی دووەم بکات.

لە دوای جەنگی جیھانی دووەمیشەوە دیسان کۆمەڵێ گەل و نەتەوە ڕزگاربوون و کۆمەڵکێکیش خاکەکەیان دابەشکراو کەوتنە ژێر ھەژموونی سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئایدۆلۆژی زلھێزەکانەوە. جیھان بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوو. نەتەوە یەکگرتووەکان، لەپێناو ڕێگری لە جەنگێکی نوێی جیھانی و پارێزگاریکردن لە ئاشتی و ئاسایشی جیھان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆو ئاشتی دامەزرا. بەڵام، ئەمیش بەتەواوی لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو.

پێکھاتەی ئەنجومەنی ئاسایش و ڤیتۆی زلھێزەکانی براوەی جەنگی جیھانی دووەم و نەبوونی ئامرازی پێویست بۆ سەپاندنی بڕیارەکان و بەرژەوەندی دەوڵەتان و مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتە خاوەن سەروەریە توندەکان، کارێکیان کرد، نەتوانێت ڕێگە بە ھەڵگیرسانی چەندین جەنگ و خوێنڕێژی ناوچەیی بگرێت. تەنھا ئەوەندە ھەیە جەنگەکە لە نێوان ئەوروپی و خۆرئاواییەکان و بلۆکبەندییەکانیان، جەنگی ساردو و ململانێی خۆپڕچەککردن بوو. ھەرچی جەنگە گەرمەکانە لە شوێنەکانی تری جیھان بە بریکاری یاخود ھاوبەرژوەندی بەرێوە دەبران. لە کۆتایی ھەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکانیشدا، ھەرەسھێنانی بلۆکی خۆرھەڵات و ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت، گەرچی بەرەنجامی جەنگێکی جیھانی ڕاگەیەنراو نەبوو، بەڵام جەنگی کەنداوی یەکەم کرا بە ژانی لە داییکبوونی سیستمێکی نوێی جیھانی و سەرەپێچێکی مێژووی ھاوچەرخی جیھان.

پێشتیریش و لە کۆتایی ھەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکاندا، ئەفغانستان گۆڕەپانێکی ململانێی نێوان دوو بلۆکەکە بوو، تا ڕاددەیەكیش، ڕۆڵێکی ھاوشێوەی ئێستای ئۆکرانیای دەبینی. لەم سەرەپێچەشدا چەندین گەل سەربەخۆییان وەرگرت، سەبارەت بە ئێمەش قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی جەنگی کەنداو و ئەو ئاڵوگۆرە بوو کە بەشێ لە دیمەنەکانی لە ناوچەکەی ئێمەدا روویان دا. لەم قۆناغەدا لە سۆنگەی نەبوونی جەنگێکی جیھانی و ھەرەسھێنانی ناوخۆیی بلۆکی ڕۆژھەڵات و کۆمۆنیزم، ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی نوێ نەھاتە کایەوە. بەڵکو نەتەوە یەکگرتووەکان بە ھەندێ چالاکبوونەوە، کەڕەنگدانەوەی ھەژموونی تاک جەمسەریی ئەمریکاو ئەو ڕۆڵە نوێیە بوو کە لە جیھاندا دەیگێڕا. ھەر ئەمەش، واتە مانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێکھاتە کۆنەکەیەوە وایکرد، ئەمەریکا لە دوای ماوەیەك و شکستی لە عێراق و ئەفغانستان و سەرقاڵبوونی بە جەنگی جیھانی دژ بە ترۆرو کێشەو دابەشبوونە ناوخۆییەکانیەوە، کێشەی بۆ دروست ببێت. ڕوسیاو چین سەر لە نوێ ھەوڵدەن وەک زلێزو جەمسەر ڕەفتاربکەن. لە ئێستاشدا ئەوەی بەسەر گەلی ستەملێکراوی ئۆکرانیادا دێت لە کوشت و بڕو ماڵوێرانی، ئاماژەیە بە ژان و بەسەرەپێچێکی تری مێژووی جیھان

کە ھەندێ دەخوازن سیستمی ئێستای جیھان بگۆڕن، کە ئەمەریکا ھەژموونی بەسەردا کردووە یاخود دەیەوێت بەو جۆرەبێت، ھەندێکی تریش دەخوازن پارێزگاری لە دۆخی باو بکەن و توانای بەرامبەر بۆ جەنگ و ململانێ تا ئاستێکی گەورە داببەزێنن.

ئەو چارەنوسەی سۆڤیەت دوای داگیرکردنی ئەفغانستان بەسەریدا ھات، ڕوسیای فدڕاڵیش بەھۆی ھێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەسەریدا بێت و باجێکی گەورەو گران بدات و دووچاری داتەپینی دارایی و داروخانی ناوخۆیی ببێت. بەڵام مەترسی ئەم جارە لە جەنگی ئەفغانستان لە چەندین ڕووەوە گەورەترو مەیرسیدارترە لەوانەش:

١- ھێرشکردن بۆسەر ئەفغانستان، لەسەر داوای ڕژێمی سیاسی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە بوو، واتە سۆڤیەت بەبڕیاری پێش وەختە بڕیاری جەنگەکەی نەدابوو،لە کاتێکدا ئۆکرانیا وانیە ، چونکە حکومەت وگەل وسوپا لەیەک سەنگەردان دژ بەداگیرکاری ڕوسی وپاساوەکانیش لەھەندێ روەوە جیاوازن.

٢- ڕژێمی ئەفغانستان بە کودەتا ھاتبووە سەر کارو کۆمۆنیست و نادیموکرات بوو، خۆرئاوا دژی بوو، لەکاتێکدا ڕژێمی ئۆکرانیا لە خانەی ڕژێمە دیموکراسیەکان حسابی بۆ دەکرێت و پشتیوانی خۆرئاوای ھەیە.

٣- پشتیوانی جیھادی ئەفغانستان لە ڕێی دەزگا ھەواڵگریەکان و ھەندێ وڵاتی ناوچەکەوە بوو، لەکاتێکدا بۆئۆکرانیا خۆرئاوا جەنگەکە بەھی خۆی دەزانێت وبەئاشکرا پشتیوانی دەکات و حسابی سۆڤیەت و زلھێزیش بۆ ڕوسیا ناکات و دەیەوێت خەونی بوونەوە بە زلھێزی لەناوبەرێت.

٤- ئەفغانستان وڵاتێکی ئاسیایی دوورە دەست و ھەژارو موسوڵمان بوو، لە کاتێکدا ئۆکرانیا وڵاتێکی ئەورروپی و مەسیحی و گەشەکردوو و سەنگەری پێشەوەی ململانێی ناتۆیە.

٥- خۆرئاوا موجاھیدە ئەفغانییەکانی تەنھا وەك وەرەقەیەکی فشارو شەکەتکەر دژ بە سۆڤییەت بەکاردەھێناو پشتیوانی ھاتنە سەرکاری حکومەتێکی ئیسلامیی ڕادیکال نەبوو، لە کاتێکدا پشتیوانی ڕژێمی ئێستای ئۆکرانیایەو دەخوازێت بمێنێتەوەو خۆی بگرێت و بەردەوام بێت.

٦- خۆرئاوا بە تایبەتیش ئەوروپا ھاوشێوەی ئێستا لە جەنگی ئەفغانستاندا یەکگرتوو لەسەر ھێل نەبوو، بەوجۆرەی ئێستا سزای سۆڤیەتیان نەداو ئابڵۆقەیان نەخستە سەر،بەحوکمی ئەوەی جەنگی ئۆکرانیا راستەوخۆ ھەرەشە لە ئاسایشی خۆیان دەکات و بە پێچەوانەی ئەفغانستانیشەوە، مەترسی گەورەبوونی بۆ جەنگێکی جیھانی کاولکەری لێدەکرێت بەبەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیشەوە.

٧- لە سەروبەندی ھێرش بۆسەر ئەفغانستاندا، کۆمۆنیزم وەك ئایدۆلۆژیای فەرمی سۆڤییەت و وڵاتانی پەیمانی وارشۆ، گەرمی و تاو و توانای سازدانی خۆی لەدەستدابوو، نیشانەی پیری و کەوتنی لێدەرکەوتبوو، بووبووە بار بەسەر شانی ئەو گەل و وڵاتانەوە، سەرکردە سۆڤییەتەکانیش لە بیری چاکسازیی ئایدۆلۆژی و سیاسیدا بوون بە قازانجی کرانەوەی زۆرتر، لە کاتێکدا، ناسیونالیزمی ئێستای ڕوسی، گەرم و گوڕەو خەون بە گێڕانەوەی شکۆی ئیمپراتۆریەتە لەدەستچووەکەیەوە دەبینێت، کۆمەڵێک تیۆرسینی دەمارگیرو کۆنەپارێز ڕابەرایەتی فیکریی قۆناغەکەی بۆ دەکەن و پیاوێکی توندو ترسناکی وەکو پوتینیش سەرۆکەو تەکنەلۆژیای سەربازیشی زۆر پێشخستووە.

٨- لەجەنگی ئەفغانستاندا ھێزەکانی سۆڤییەت ھەرلەسەرەتاوە لەگەڵ بزوتنەوەیەکی بەرھەڵستی پارتیزانی ڕوبەڕوبوونەوە کە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەریدا ئاسان نیە، لەکاتێکدا جەنگی ئۆکرانیا لەنێوان دوو سوپادایە و دەگونجێت لەحاڵەتی بەردەوامبونیدا لەقۆناغی دووەمدا فۆرمی بزوتنەوەی بەرھەڵستکاری نیشتیمانی بەخۆوە بگرێت.

٩- لەئەزموونی ئەفغانستان لەڕووی مێژوییەوە ئەو وڵاتە بەشێ نەبووە لەقەڵەمڕەوی ڕوسەکان، تاسۆڤیەت دوای زەوی و دابڕاندنی بەشێ لەخاکەکەی ھەبێت،

لەڕوی دینی و نەژادیشەوە لێکجیاواز بوون، ھەربۆیە بزوتنەوە بەرھەڵستکاریەکە مۆرکێکی ئیسلامی نیشتیمانی بەخۆوە بینی و دین ڕۆڵێکی گەورەی تێدا ھەبوو، ھەزاران خۆبەخشی جیھادی بەجیھادی ئەفغانستان بەخشی، لەکاتێکدا ڕوس و ئۆکرانییەکان بەشێوەیەکی گشتی ھاو نەژادو ئاینن و ڕوسیا چاوی تەماحی بڕیوەتە بەشێ لەخاکەکەی و بەرگریکردن لەڕوس نەژادەکان و گەلی ئەوھەرێمانەشی کردۆتە بیانویەکی داگیرکارانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×