لەئیسرائیلەوە دوژمنایەتی سەربەخۆیی کوردستانی باشور دەکرێت؟

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2021-06-13     961

سەبارەت بەسروشتی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل‌و کوردو باشوری کوردستان
بەگوێرەی پێگەی ستاندار- کورد، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، وتارێکی بڵاوکردۆتەوەو تیایدا ھاتووە:
ئەگەر ڕیفراندۆم سەری بگرتایەو دەوڵەتی کوردستان لەباشور ی کوردستان دابمەزارایە، دووسەد ھەزار جولەکە دەگەڕانەوە کوردستان؟!!  بەگوێرەی ئەوەی لە وتارەکەشدا ھاتووە، گوایە پەیوەندی کوردو ئیسرائیل، لەپەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ ھەریەك لە ئەمەریکاو ئەوروپا بەھێزترە؟! لەگەڵ ھەندێ باس وخواسی تر.   ھەوڵدەدەین بیروڕای خۆمان دەربارەی ناوەڕۆکی وتارەکەو سروشتی پەیوەندییەکانی کورد - ئیسرائیل لەمیانەی ئەم سێ خاڵەی خوارەوە بخەمە ڕوو:
یەکەم: دژایەتی نوسینەکە بۆ مەسەلەی کوردو ناواقیعی بونی ناوەڕۆکەکەی:
 نوسینە گەرچی بەڕواڵەت ھاوسۆزی کوردی پێوەدیارە،
بەبڕوای ئێمە سەرلەبەری دەڕژێتە خانەی دژایەتی کردنی کوردو بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستانی باشورەوە. 
بەدوریشی نابینم دەستی دەزگایەکی ھەواڵگری ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، لەپشت وتارەکەوە بێت، چونکە:
١- پشتڕاستی ئەوتۆمەت و پڕوپاگەندە کۆنەی ناحەزانی ناسیۆنالیزمی کورد لەناوچەکەدا دەکاتەوە، کە دامەزراندنی دەوڵەتی باشوری کوردستان بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەد دەکات!
٢- ڕیفراندۆم و ھەر ھەوڵ و ھەنگاو قۆستنەوەی دەرفەت لەپێناو باشوری کوردستاندا،  لەناوەڕۆکە مافخوازی و ئەخلاقی و نەتەوەیی و یاسایی و سیاسیەکەی بەتاڵدەکاتەوە و دەیکات بەئامرازی پیادەکردنی پیلانەکانی ئیسرائیل بۆ تێکدان و ئاژاوە نانەوەو لاوازکردنی ناوچەکە! بەوەش پاساوی دژایەتیکردنی رەھەندێکی ئاینی، میللی و نەتەوەیی پێ دەبەخشرێت.
 گەلانی ناوچەکەش  سەرەڕای پەیوەندی زۆربەی حکومەتەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئامادەی ئەم جۆرە بەکارھێنانەن دژ بەکورد. ڕژێمەکانیش بەکاری دەھێنن بۆ لادانی ھەستی دژایەتیکردنی ئیسرائیل لەخۆیان و ئاراستەکردنی دژ بەکورد! جێگەی وەبیر ھێنانەوەیە،
دوو مانگ دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢.١٧ بەشداری کۆنگرەیەکم لەوڵاتێکی دراوسێ کرد، کەبەناونیشانی( مەسەلەی کورد لە گەمەی ھەرێمایەتیدا) ڕێکخرابوو.
 چەندین ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەش ئامادەبوون. یەکێ لەڕاوێژکارەکان وتی: ڕیفراندۆم پیلانێکی ئەمریکی- ئیسراێیلی بوو دژ بەئێمەو تێکمان شکاند؟!  ٢٠٠/٠٠٠ ھەزار جولەکەی کوردی ئیسرائیلیش ھاتبون بۆبەشداریکردنی ڕیفراندۆمەکە؟! ( سەرنج لە دوسەد ھەزارەکە  لێرەو لەوتارەکەدا بدەن)منیش وتم:  جارێ ئێوە بۆتان نیە موزایەدەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەسەرئێمەدا بکەن، چونکە خۆتان پەیوەندی دیبلۆماسیتان  لەگەڵیدا ھەیەو قەبارەی بازرگانی ساڵانەی نێوانتان، چەندین ملیار دۆلارە، دوای ئەوە خۆزگە وابوایەو ئەمەریکاو ئیسرائیل بەجدی پشتیوانی سەربەخۆیی باشوری کوردستان بونایە و لەومەسەلەدا راستگۆ بونایە، بەڵام بەداخەوە بەوجۆرەنیە.
 ئەمەریکا بەئاشکرا دژایەتی ڕیفراندۆمەکەی کردو چرای سەوزی بۆھێزە عێراقی و ھاوپەیمانەکانیشی ھەڵکرد، ھێرش بکەنە سەر کوردستان. خۆشتان ئەمە باش دەزانن. وتی ئەی ئەوە نەبوو ئاڵای ئیسرائیلیان لە ھەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمدا ھەڵکرد.؟ منیش وتم: ئەوەی ڕویدا گەمژەیی لایەنی کوردی دەردەخات، کەھوشیار نەبوون دەزگایەکی ھەواڵگری ناوچەکە، ئەوکەسەی ئامادە کردبوو، کە ئاڵاکەی بەرزکردبۆوە، بەشی ئاینێکی لەوەزارەتێك بەحکومەت کردبۆوەو کردبووی بەبەرپرسی بەشەکەو دوایش ئەم ڕۆڵەی پێبینی و ئاڵای ئیسرائیلی پێ بەرزکردەوە؟! تاببێت بە کەرەسەی پڕوپاگەندە بە دەست ئێوەوە. وەڵامیدایەوەو وتی: گرنگ ئەوەیە ئێمە رای گشتی خۆمان قەناعەت پێکرد کە ڕیفراندۆم پیلانی ئەمەریکاو ئیسرائیلە بۆلاوازکردنی ئێمەو دوسەد ھەزار ئیسرائیلیش بەشداری ڕیفراندۆمەکەیان کردووە!! ئەم  وتارە ساغ کرنەوەی ئەم تۆمەتەیە بەجۆرێکی تر.
 دووەم:  ئەوەی  دەربارەی سروشتی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کوردیش نوسراوە، ناڕاست و پێچەوانەی واقیعە، لەبەرئەوەی:
١-ئیسرائیل جولەکەکان لە  سەرتاسەری جیھانەوە  ھاندەدات کۆچ بۆ ئیسرائیل بکەن، خێرە لێرەدا لەگەڵ کۆچی پێچەوانەیە؟ ئەگەر گریمانەی ئەوەش  دانێین ھاندانێکی لەوجۆرەش ھەبێت، داخۆ چەندێ لەجولەکەکانی ئیسرائیل ئامادەن واز لەبەرژوەندی یەکانییان و ژیانی ئێستایان بھێنن و بگەڕێنەوە  ھەرێمی کوردستان؟  جگەلەوەی ئیسلام لەکوردستاندا ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی ھەیە، ئەوەش وادەکات دوای سەربەخۆبوون گرەوکردن لەسەر ھەندێ شت کە ھەستیاری ئاینی و ناسنامەگەرایانەی ھەیە، ئاسان نەبێت.
٢- ئیسرائیل لەڕابردودا بەگشتی لەڕێی وروژاندنی ناوبەناوی مەسەلەی کوردستانەوە، قسە لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات کەکوردیان بەسەردا دابەشکراوە، واتە زیاتر وەك کارتێکی فشار سەیری مەسەلەکەی کردووە نەك مەسەلەیەکی ناوەندیی سیاسەتی دەرەکیی ئیسرائیل. دەنا دەیتوانی رێگربێت لەوەی چارەنوسی شۆڕشی ئەیلول بەوجۆرە نەبێت. لە چەندین وێستگەی تریشدا، دەیتوانی لۆبییە بەھێزەکەی خۆی لەخۆرئاوادا بەکاربھنێت و بەقازانجی ناسیونالیزمی کوردی دەستکاری ھاوکێشەکان بکات. یارمەتیدانی شۆرشی کورد لەھەندێ بڕگەدا نابێتە بەڵگەی ئەو ئاستە لەدۆستیایەتی کەلە وتارەکەدا باسکراوە، چونکە ھەندێ ڕژێمی وەکو سوریاش یارمەتی زۆری ھەندێ ھێزی کوردیان داوە. خودی ئێران لەقۆناغی دوای شۆڕشیشدا لەچەندین بڕگەدا یارمەتی زۆر ھێزی کوردستانی باشوری داوە. بۆیە بەراوردکردنی ئاست وسروشتی  پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپا بە پەیوەندی ئیسرائیل بە کوردەوە، کارێکی نازانستی و گەمژانەیە. چونکە: 
 أ-پەیوەندی ئەم وڵاتە 
بەخۆرئاواوە، پەیوەندییەکی قوڵ و ھەمەلایەنە و وجودیی  و ژیاریی، کلتوری و شارستانی و تاڕاددەیەك دینیشە. بەحوکمی ئەوپێگە بەھێزەی مەسیحیە زایۆنستەکان، لە ئەمڕۆی ئەمەریکادا  ھەیانە.
 ب- بەرژەوەندی سەرەکی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتاندایە نەك میللەتی بێ دەوڵەتی وەکو کورد.
زەقکردنەوەی مەسەلەی کوردستانیش زۆر جار پەیوەست بووە بەو کێشانەی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا بۆی دروست بووە.
ج- بەرژەوەندی ئیسرائیل لەپەیوەندی بەمەسەلەی کوردستانەوە تەنھا بە سەربەخۆیی و چارەسەر بوونی مەسەلەی کورد نایەتەدی، بەڵکو مانەوەی مەسەلەکە بەچارەسەرنەکراویش خزمەتی دەکات و بواری مانۆڕی لەبەردەمدا بەکراوەیی دەھێڵێتەوە، ڕەنگە ئەمەیان پڕ بەرژەوەندیترو ماوە درێژتریش بێت؟ لەوسۆنگەوە کە چارەسەری مەسەلەی کوردستان، ئەم نەتەوە لەگەڵ چواردەورە ئیسلامییەکەی ئاشت دەکاتەوە. ئەوەش وادەکات زۆرتر ئاوێزانی ژینگە شارستانێتی یە مێژویەکەی ببێت. 
 ئەگەر دەوڵەتەکەش دیموکراسی بێت مەرج نیە ھەمیشە دۆستەکانی ئیسرائیل لەسەر حوکوم بن. ھەرچەندە ئەگەر ئیسرائیل ڕۆڵێکی ڕاستەقینە لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردستان بگێڕێت، کاریگەری بەسەر سیاسەتی دەرەکی و ناوچەیی دەوڵەتی کوردستانی گریمانەکراوەوە جێدەھێڵێت.
د- لەئێستادا زۆرینەی دەوڵەتانی ناوچەکە کێبڕکێیانە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندی یەکانیان لەگەڵ  ئیسرائیلدا، ئەوەش سەبارەت، لانی کەم لەم قۆناغەدا بێنیازتری دەکات . گەرمەسەلە  بازرگانی و قەوارەی بازاڕو ئامادەگی نێودەوڵەتیش بێت، ئیسرائیل وەك دەوڵەت، کەبەدوای بەرژەوەندیدا دەگەڕێت، ئەوشانسانە ناکات بەقوربانی کوردو دەوڵەتە گریمانە کراوەکەی. بۆیە دەکرێت بایەخ بەمەسەلەی کوردستان بدات، بەڵام لەسنورێکی دیاریکراودا.
ھ- دیاریکردنی پەیوەندیی ئیسرائیل بەدەرەوەی خۆیەوە، پشت بە ڕوانگەو پێوەری دینی و سیاسی و پراگماتی جیاواز دەبەستێت. چونکە لەئەزمونی ئیسرائیلدا، دین و ناسیۆنالیزم بەیەکدا چون و جیاکردنەوەیان ئاسان نیە. ئیسرائیل و ناسینالیزمی جولەکە، وەك ھەر دەوڵەت و ناسیۆنالیزمێکی تر، بەدوای بەرژوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیانەوەن.  بۆیە دەبێت باوەڕ بەوە بێنن،  ھەژماردنی کورد وەك ھاوپەیمانی پلە یەك، ئەم بەرژوەندیانە زۆرتر دێنێتە دی. ھەرچی پەیوەندی بەڕوانگە دینییەکەشەوە ھەیە، نەتەوایەتی دیاریکەری نییەو ئاین ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی تیادەبینێت. واتە بەگوێرەەی ئەوە، ڕەچاوی ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی کوردو گەلی کوردستان دەکرێت. ئەوپەری ئەوەیە، فۆرمە ئیسلامیەکەی کورد ھەندێ بەمیانەڕەوتر دەزانن، کەزۆر کار لەجەوھەری ڕوانگە دینییەکە ناکات. بەتایبەتیش لای بزوتنەوە دینیە توندەکان، کەلەئێستادا ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی ئیسرائیلدا ھەیە.
سێھەم: دیارنەبونی سەنتەری نیشتیمانی جەنگی دەرونی لەھەرێم و باشوری کوردستاندا
بەھۆی زیاد لەھۆکارێك، لەوانەش:
٭ ناکۆکی و دابەشبون و سەرقاڵبون بەیەکترو کێشمەکێشی ناوخۆییەوە. 
٭ کەم ئەزموونی لەبەڕێوەبردنی دەسەڵات و ئیدارەی ململانێکاندا.
٭ لاوازی ناسیۆنالیزمی کوردی و نەبون یان لاوازی و ناڕۆشنی ستراتیژی دورمەودای نەتەوەیی.
تاکو ئێستاش ھەست ناکرێت ناوەندێکی نیشتمانی ھەبێت بۆ قەڵاچۆکردنی شایعەو پڕوپاگەندەی ناحەزەکان، کەئاراستەی قەوارەی ھەرێم و گەلەکەی و کوردو مەسەلەی کوردستان دەکرێت، بەمەبەستی شێواندن، دوبەرەکی نانەوە وورە ڕوخاندن و ئامانجەکانی تری جەنگی دەرونیی ئاراستەکراو؟!
دەنادەبوو کەشتێکی لەم جۆرە بڵاو دەکرێتەوە پشتگوێ نەخرێت و ڕەتبدرێتەوە، بەحوکمی ئەوەی زەخیرەخستنی دور مەودای دوژمن و دەستەبەرکردنی کەرەسەی پڕوپاگەندەو شێواندن و پاساودانە، لەھەرکاتێك پێویستیان پێی بوو.
 دیارە ئەمە تەنھا نمونەیەکە، دەنا جۆرەھا شتی ھاوچەشن ھەبوەو ھەن و دەبن، کەپێویستیان بەمامەڵەی زانستی و نەتەوەیی و ھوشیارانە ھەیە.ش

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×