یەکیەتی نەك ھەر بەھێزە بەڵکو مەترسیداریشە

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2023-07-09     532

دانیشتە ھاوبەشەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی، دەریخستەوە سەرەڕای، مەترسی نائاسایی دۆخەکە، ھەناسەو زمانی قسەکردنی عەقڵییەتی زاڵی حیزبی، ھیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەھاتووە!

ھاوکات لەگەڵ دانیشتنەکەدا، لەجیاتی گەڕان بەدوای مانایەکی تر بۆ ھێز، گێرانەوەی ئەو کارتانەی ھێز کە ناکۆکی و گەندەڵی و پەروازەیی نێوماڵی کورد ،لەدەست ھەرێمیان ساندۆتەوە، جارێکی تر مەسەلەی کێ بەھێزەو دەبێت بێھێزتر چاوەڕوانی لەخۆی گەورەتری نەبێت، دۆخەکەی بەسەریەکدا دا.

بەداخەوە ھێز و بڕیار بەدەستەکانی ھەرێم، زۆر کەم سوود لە مێژوو وەردەگرن، ھێندەی ھەست و خۆزگە دەیانجوڵێنێت عەقڵ و واقیعبینی و دنیا وەك ئەوەی ھەیە مامەڵەکردن، دیدگایان لە ھەمبەر ھێز و کەس و ڕووداوەکان داناڕێژێت.

قسەکردن لەسەر بێھێزی یەکێتی، لەچوارچێوەی دۆخی ھەرێمدا کەژمارەی چەکدارو زۆن وپەیوەندی دەرەکی وپارە پێوەری بنەرەتی ھێزن نەك ژمارەی کورسی، کارێکی تەواو ھەڵەو ناڕاستە. بەپێوەرکردنی ژمارەی کورسیش لە دۆخێکی نیمچە ھەڵوەشاوی وەکو ھەرێم و لەسایەی زۆن و لەشکری حیزبی و فرە دەسەڵاتیدا، لە نوکتەیەك زیاتر ھیچی تر نییە. یەکێتی چۆنا بێھێزە لەکاتێکدا یەکسانە بە:

. دەیان ھەزار چەکدار

. زۆنی حیزبی تایبەت و ھەژموون بەسەرکراو

. دوو پایتەختی ناوچەکە

، ھێزێکی ئایدۆلۆژی مەزھەبیی چەکدار

. سەرچاوەی داھات و پەیوەندی سەربەخۆ؟

ھەر دوێنێ بوو سەرۆکی حکومەت وتی: گەر ڕێگەم بدرێت دەتوانم خزمەتی سلێمانییش بکەم. پەیامەکە ڕوونەو ئەوە دەگەیەنێت؛ یەکێتی دەتوانێ ڕێگە لە سەرۆکی حکومەت و ھەرێمیش بگرێت بێنە زۆنی سەوزەوە. دەتوانێ ئەوەی پارتی پیلانی بۆ دەکێشێ تێك و پێکی بدات و نەھێڵێ سەربکەوێت. مەگەر لە ڕیفراندۆم و مەسەلەی سەرۆک کۆمار و یاسای بودجەدا نەیکردو بۆشی نەچووەسەر؟ ھەربۆیە ئەگەر ھەوڵی گۆشەگیرکردنی بدرێت وگرەو لەسەر نێو ماڵە شپرزەکەی بکرێت ووەك ھێزێك لەڕابردوودا سەیر بکرێت، دەتوانێ خۆی و ئێوەو ھەموومان دووچاری ئیحراجیی مێژوویی وا گەورە بکات چارەسەرکردنی ھەروائاسان نەبێت.. ئەمەش پێمان دەڵێت یەکییەتی بە کەم گرتن بەدەر لەوەی ئەم حیزبە لەئێستادا ھەڵگری چ پەیام و ئاڕاستەو دیدگایەکە، نەك ھەر ھەڵەیە باجی قورسیشی بەدواوەیە.

بۆیە، کاتێك دەوترێت یەکێتی ھێزی جارانی نەماوە، یاخود وا قسەی لەگەڵ دەکرێت لە ھەندێ ڕووەوە خێری پێدەکرێت، دەبێت ئەگەری ئەوە دابنێیت ھەتا لێواری قڵپکردنەوەی دۆخەکە بەسەر ھەموواندا کاردانەوەی ھەبێت. بەتایبەتیش لەسایەی سەرۆکایەتی پاڤڵ تاڵەبانیدا، کە کەمتر ھێڵی سووری لەململانێکردندا ھەیەو ئاسانیش نییە پێشبینی ئەوە بکرێت سبەینێ چی لە مێشکیدایە بۆ کردن،لێرەشەوە، کاتێك دەخوازرێت پێی بوترێت ھێزی جارانت نەماوەو چاوەروانیت کەمکەرەوە، لەجیاتی ئەوەی ئەم داوایە وای لێبکات بەخۆیدا بچێتەوەو پێوەرەکەت بۆ دیاریکردنی بەھێزی و بێھێزی لێوەربگرێت، بیر لە قەرەبووکردنەوەی بێھێزییەکەی بە ھاوپەیمانیکردن لەگەڵ بەھێزەکان و ڕاکێشانیان بۆناو ململانێکە دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە، چۆن ئەوەی خۆی لا بەھێزە ئیحراجی بکات و پێیبسەلمێنێت ھێزی نادیدەگرتنی ئەوی نییە.

لەڕوویەکی ترەوە، یەکێتیەك ھەست بە بێھێزی تیابڕوێنرێت، دەبێتە مەترسیدارترین، لە ئێستاشدا تاڕاددەیەك بەو جۆرەیە! دەبێت بشزانرێت یەکییەتێکی بەھێز کەمتر مەترسیدارەو مامەڵە لەگەڵکردنییشی ئاسانترە.

بیریشمان نەچێت، ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی ھەفتا ساڵەی نێوان ئەم دوو ھێزە بەجۆرێك بەناو ناخ و نەستا ڕۆچووە، پەنا بە شەیتان دەبرێت و ئاڵای سپی بەرامبەر ئەویدی حیزبیی ھەڵناکرێت.

لەڕوویەکی ترەوە، باسکردن لە ھێز، لە بارودۆخێکی نەخوازراوی وەکو ھەرێمدا کە ھەموومان لاوازین، لەسۆنگەی ئەوەوە کە: زۆرینەی ھاووڵاتیانمان نائومێدن، متمانە بە نوخبەی حوکومڕان لە نزمترین ئاستی خۆیدایە، ھەرێم لە ناوەوە نیمچە لەبەرھەڵوەشاوەیە، لە ھەندێ ڕووەوە چارەنووسی کەوتۆتە دەست دادگای فیدراڵی و ئاراستەکەرانی. کارتی ھێزی زۆی دۆراندووە، ناکۆکی ھەناوی خواردووە، دەچێتە خزمەت زیاتربەھێزکردنی ئەگەر چارەسەری کێشەکانتان دەوێت دەبێت یاساکانی گەمەکەو فەزاو پێوەرەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت، سیستم بینابکرێتەوە چوونکە ھیچی پێنەماوە بۆ بەخشین، بیرلەچارەسەرکردنی ھەمیشەیی وھێنانەدی کۆمەڵگەیەکی سیاسی ڕێکخراو بکرێتەوە، نەك کات کوشتن وگەل نائومێدتر کردن بەھۆی درێژەدان بە سیاسەتی پینەوپەڕۆکردنی سیاسییەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×