گرەو لەسەر رووداوەکانی نێوماڵی یەکێتی مەکەن!
ئهبوبهكر عەلی
2021-07-09   2779
ھەواڵە دزەپێکراوەکانی دوو ڕۆژی رابردوو دەربارەی نێوماڵی یەکێتی و ھاوسەرۆکەکانی و ئامۆزاکان، سەبارەت بە ململانێ نەفرەتیە مێژووییە کۆنەکەی نێوماڵی کوردی باشور، کە لە شەستەکانەوە بەردەوامە، ھی ئەوە نین بەرامبەرەکان گرەوی زۆریان لەسەر بکەن. بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی وەك ئێمەمانان چاویان بڕیوەتە ساتەوەختی سازشە مێژووییە گەورەکەو چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەم کێشەی چونکە لە درێژەی ئەم ململانێیەدا، جۆرەھا شێوازو ئامرازی فشارو تەکتیك دژبەیەك بەکارھاتوون و تاقیکراونەتەوە، تا ئەوەی لە دوای بەیاننامەی یانزەی ئازاردا باڵی مەکتەب سیاسی و جەلالیە کۆنەکان خۆیان ھەڵوەشاندەوەو بە ڕواڵەت چوونەوە ژێر رکێفی پارتی و بارزانی. کەچی ھەر لەو کاتەدا لە ژێرەوە کۆمەڵەیان دروستکرد، دوای ھەرەسی شۆڕشی ئەیلول و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریش گەڕێکی نوێی خوێناوی ململانێ تەقلیدیەکە سەری ھەڵدایەوە، کە تاکو ئێستاش لە فۆرمی جۆراوجۆردا بەردەوامەو درێژەی ھەیە.
ئێستاش لێکدابرانەکان ساکار نین، تا ئەو کاتەی چەك و زۆنی حوکمرانی حیزبیی و تاڵانی بەشێ لە ماڵی گشتی بەردەوام بێت و کوردستان دابەشکراوبێت، ناکۆکیەکە لە ڕیشەوە چارەسەر نەکرێت، ئەم رووداوانە زۆر کاریگەر نابن، ئەگەری ئەوەش ھەیە دۆخەکە بەرەو خراپتر بچێت.
بەشێ لەم کێشانەی ئێستاش لەناو یەکێتیدا لە ئارادان، پێشبڕکێیە لەسەر ئەوەی کێ لەم قۆناغەدا بە دیوی یەکێتیدا، نوێنەرایەتی زەقی ناکۆکیە مێژووییەکەی دژایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەکات و مافی ئەوەی ھەیەو سەرمایەی ڕەمزی بۆخۆی لەوڕێگایەوە پێکەوە دەنێت وبەکاری دەھێنێت بۆ بەھێزکردنی پێگەو جەماوەرێتی خۆی؟!
چونکە بەخوێندنەوەو بەدواداچوونی گوتارو ھەڵوێستەکان لە ڕابردوودا، دەگەینە ئەو قەناعەتەی کە بنەماڵەی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد خۆیان بە میراتگری لایەنی یەکێتی کەلەپوری ئەم ناکۆکیە دەزانن. ماڵی مام جەلالیش ھاوبەشیان دەکەن بە حوکمی پێگەو ڕۆڵی مێژوویی مام لە ملمانێ و ڕووداوەکان و ھێرۆخانی ھاوسەریەوە.
ئەوانی دی دەبێت ڕێبەرایەتی و رەمزبوونی ئەمانیان لەم رووەوە قبوڵبێت و سنوری خۆیان بزانن، پێم وایە شێخ لاھور لە ماوەی رابردوودا بەگوێرەی پێویست گوێی بەم سنورانە نەداو بووە ڕەمزی ڕەتکردنەوەی ھەژمونی پارتی لە زۆنی سەوزدا، پارتیش لە رێی مامەڵە لەگەڵ نەکردنی خزمەتێکی زۆری کرد! (پێدەچێت ئەوان ئامانجی خۆیان ھەبێت).
ڕەنگە لە رووی زیاد لە پێویست متمانە بەخۆبوون و بیرکردنەوە بە ئاراستەی ئەوەدا کە ململانێکانی ناو حیزبەکەی بە قازانجی خۆی تا راددەیەکی زۆر کۆتاییان پێھاتووە شێخ بەھەڵەدا چووبێت؟ چونکە پەردە پۆشکردن و سڕکردنی کێشەو ناکۆکیەکان یەکسان نیە بە کۆتاییپێھاتنیان.
لێرەشەوە ئەگەر لە ڕوانگەیەکی نیشتیمانی فراوان، خستنە سەررێی پرۆسەی نیشتیمان و نەتەوەسازی، بەدامەزراوەییکردنی دەسەڵات و کۆتاییھێنانی ڕیشەیی و یەکجاری بەو ناکۆکییە مێژووییەو ماڵوێرانکەرەی نێو ماڵی کوردو ناسیۆنالیزمەکەی، بروا نینە رووداوەکان و ھەڵیانبسەنگێنین، نابێت گرەو لەسەر ئەمجۆرە ڕووداوانە بکەین و لە سیاقە تەقلیدییەکەی خۆیان دەریانبێنین. بەڵکو دەبێت ئەم ڕووداوانەو ھاوشێوەکانیان بکەینە بەڵگە لەسەر کێشەو مەترسی درێژەدان بە ئەم مۆدێلە لە حیزبیی، لەسەر ئاستی کوردستان، کە جگە لە تێوەگلانی لە شەڕی ناوخۆ، گەندەڵی و بوونی میلیشیا، بۆتە ھەڵگرو پارێزەری ڕق و کینەیەکی مێژوویی و ناکۆکییەکی دژی نەتەوەیی و دیموکراسیش، کە ھیچ دەرفەتێکی راستەقینەی بۆ یەککبوون و گەل و نیشتیمانسازی و بەدامەزراوەیکردن و چاکسازی، لە بەردەمماندا نەھێشتۆتەوە.
چارەسەری ئەمەش، ھاندانی ململانێ حیزبییە ناوخۆییەکان نیە، کە وەك ھێزێکی لەسەر ئاستی ھەردوو حیزبەکەدا بوونی ھەیە، چونکە نابێتە ھۆی ھەڵوەشانەوەیان، بەڵکو بێ سەروبەری و شل و شێواوی و عەقڵی مافیایی پەرەپێدەدات و باجدانی ھاوڵاتیان قورستر دەبێت.
بۆیە، بەرامبەرەکان و دڵسۆزان دەبێت چارەسەر لەوەدا بببیننەوەو کار بۆ ھێنانەکایەی دۆخێك بکەن: چەك و پەیوەندی دەرەکی، زۆنی کۆنتڕۆڵکراوو پارەو سامانی براوی خەڵکی، لە ژێر دەستی حیزب دەربھێنن و ململانێکە بکەن بە مەدەنی. بەدەر لەوە گرەوکردن لەسەر شتی تر پێناچێت بمانگەیەنێت بە ھیچ شوێنێ و مەترسیە ستراتیژەکانمان لێ دووربخاتەوە، ئەگەر ڕەوشەکەش زیاتر دانەڕوخێنێت.