زارا موحەمەدی و تاوانێکی پیرۆز

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2020-07-19     903

بە جوانی و حەسرەتەوە، گوێم لە گرتە ڤیدۆیەکەی ئەو خانمەی کوردستانی ڕۆژھەڵات و بەرگرینامەکە ی گرت. جێگەی داخێکی قوڵە ھێشتا مرۆڤ لەسەرگوزاش دانەوە لە ناسنامە ی خواکرد و زمانی دایك، بکرێتە تاوانبارو بخرێتە زیندانەوە!! چونکە وروژاندنی باسی زمانی دایك،  بەھەرسێ پێوەری ئیسلام و یاسای بنەڕەتی ئێران وجاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ، مافە نەك تاوان. لە ڕوانگەی ئیسلامەوە گەل و زمانەکان یەکسانن، زمانی فارسی بچوکترین  فەزڵی بەسەر زمانی کوردیەوە نیە.باڵادەستی فارسی و پەراوێز خستنی کوردی لە مێژوی نوێدا لە جەوھەردا بەرھەمی ناسیۆنالیزمی فارسی و دەوڵەتی نوێی ئێرانە، کە ڕەزاشا دامەزرێنەریەتی. ماددەی «١٥»ی یاسای بنەڕەتییش مافی پەروەردە و فێرکردن بەزمانی دایك بەگروپە نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە دەبەخشێت ، بەڵام دوای ٤٠ ساڵ لەسەرکەوتنی شۆڕش و پەسەندکردنی یاسای بنە ڕەتی رێگە بە پیادەکردنی ماددەکە و بەھرەمەندبوون لەو مافە نادرێت ؟!! بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤیش ئەم مافەیان کردووە بە بەشێك لە ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی مرۆڤ. بۆیە ئەم خانمە  لە یەك کاتدا قوربانی وەلاخستن و ڕەچاونەکردنی بەھا ئیسلامی و دەستوری و سییاسیە مۆدێرن و دیموکراسیەکانە. بەگوێرەی ھەرسێ مەرجەعەکەی سەرەوە،   پشتگوێ خستنی مافی فێربون و پەروەردە بە زمانی دایك تاوانە، چ جای ئەوەی مرۆڤ بە ھۆی بانگەشە بۆکردن و داکۆکی لێ کردن و خستنەڕوی وەکو مافێکی شەرعی و یاسایی و نێونەتەوەیی  فەرامۆش کراو پەروەندەی  تۆمەتی بۆ بکرێتەوە و دواتر بە تاوانبار بناسێنرێت و بەچەندین ساڵ زیندانی سزابدرێت!!ھەر ئەمەشە وای  لەو خانمە کردووە لەبەرگرینامە میلیە کەیدا بڵێت : من تاوانێکی پیرۆزم کردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×