ئیسرائیل و کراسەکەی عوسمان!

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-06-01     534

کراسەکەی عوسمان، ھێمایە بۆ خۆبەخاوەنکردن و بەرگریکردنێکی ڕووکەشانەو درۆزنانە لە دۆزێكی ڕەواو بەئامرازکردنی بۆ بەدیھێنانی ئامانج و بەرژەوەندیە گروپی و تایبەتیەکان!

ئیسرائیلیش لە ٧٠ ساڵی ڕابردووی ناوچەکەدا بۆ زۆر ئایدۆلۆژیاو تەوژم و ڕژێم ھەمان ڕۆڵی بینیوە. سەرۆك و دەسەڵاتدارە عەرەبەکان، بە پاساوی لەحاڵەتی جەنگدا بوون لەگەڵ ئیسرائیل و دوژمنایەتی ئەوەوە، نەیانھێشت وڵاتەکانیان بەرەو دیموکراسی ھەنگاو بھاون و ھاوڵاتیان ببنە خاوەنی ڕەسەنی بڕیاری سیاسی و چارەنوسی خۆیان و بەوەش دەوڵەتەکانیان بکەونە سەر ڕەوتی سروشتیی گەشەکردنی سیاسی و ئابوری خۆیان و پرۆسەی گەل و دەوڵەتسازی سەربگرێت. ھەرب ەم پاساوەشەوە دەیانوت دەبێت پرسی دیموکراسی دوابخرێت، چونکە ڕیزەکانی گەل تێکدەداو دەوڵەتەکانی بەرەی بەرەنگاری و ئەوانی دیش لاواز دەکات و لە دوژمن غافڵیان دەکات! لە کاتێکدا ئیسرائیل ڕۆژێ لە ڕۆژان لە ناوخۆیدا دوژمنایەتی دەیان دەوڵەتی ناوچەکەو دنیای نەکردە پاساوی وەلاخستنی دیموکراسی. لای ئاساییە سەرۆك وەزیرانەکەی لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی ڕاپێچی بەردەم دامەزراوەی پۆلیس بکات بە ئامانجی لێکۆلینەوە لەگەڵیدا.

لە ڕووێکی ترەوە، سەرکردەو دەوڵەتە عەرەبەکان سڵیان لەوە نەدەکردەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ململانێی یەکتر، موزایەدەی سیاسی و بازرگانی بەسەر خوێن و مەسەلەی فەلەستینەوە بکەن! گروپە فەلەستینییەکان لە ناوخۆیاندا بەشەڕبدەن! ھەر کاتێکیش پێویست بوو خۆیان لێیان بدەن و لە وڵاتەکانیان دەریان بکەن! لەولاوە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوای پشتیوانی ئیسرائیل دەستیان تێکەڵ بکەن و بکەوتنە وێزەیئیسلامییەکان و سەرکوتکردنیان، بە پاساوی مەترسیان بۆ سەر ئەوان و ئاسایشی ئیسرائیل و گۆڕینی سروشتی ململانێی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بۆ ململانێیەکی دینی و بەرفراوانکردنی پانتاییەکەی بۆ سنورەکانی قەڵەمڕەوی جیھانی ئیسلامی!

لە ئێستاشدا سەبارەت بە دنیای عەرەب لە قۆناغی ھەڕاجکردن و فرۆشتنی مەسەلەی فەلەستیندایە بەرامبەر ھەندێ دەستکەوتی سیاسی و ئابوری و سەربازی! بەڵام ھێشتا گۆڕەپانی ناوچەکە بەتەواوەتی لەو ھێزو دەنگانە چۆڵ نەبووە، کە دەخوازن بە پاڵ پرسی بەرگریکردن لە پرسی ڕەوای فەلەستین و ڕێگریکردن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بەتاوانناساندنی، سەرقاڵی بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەڕێوەبردنی ستراتیژەکانیان بن! لە کاتێکدا زۆربەی ئەوەی ئیسرائیل دەیخوازێت لەمیانەی ململانێ خوێناوی وکاولکارەکانەوەبەدیھاتوەو ئەنجام دراوە! چونکە ئەوان و خەڵکانی تریش لە ڕابردووی ناوچەکەدا وا وێنای ئیسرائیلیان کردووە، سەرقاڵی پیادەکردنی نەخشەیەکە بۆ ئاژاوەنانەوەو دروستکردنی دوو بەرەکی و شەڕی ناوخۆو لاوازکردن و لەبەریەکھەڵوەشانی دەوڵەتانی ناوچەکەو وەدەرنانیان وەك ھێز لە گۆڕەپانەکەدا. ھەروەھا دژایەتی سەقامگیری و پێشکەوتنی ناوچەکە و وڵاتانی دەکات، ھەوڵی ناکۆکی نانەوە لە نێوان گەل و پێکھاتەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان ونائومێدکردنی ھاوڵاتیان بەرامبەر ڕێبەرەکانیان و بەفیرۆدانی توانا ئابورییەکان و لەناوبردنی مێشکە زانستیەکان دەدات. ئەگەر ئەمەش وێناو ڕۆڵی خراوەڕووی ئیسرائیل بێت، دەپرسین چی ماوە لە ھەموو ئەو ڕووانەوە بە چەندین وڵاتی ناوچەکە نەکرێت؟

بۆ نمونە لە عێراقدا، کە تازە پەڕلەمانەکەی یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەل ئیسرائیل پەسەند کردووە، بە سەرنجدان لەوەی لە ناویدا ڕوویداوەو ڕوودەدات و دۆخی ئێستای وڵاتەکە بکەین بە پێوەر، چی لەو خواست و ئامانجانە وێناکراوانەی ئیسرائیل ماوە نەھاتبێتە دی؟ ئایە ھەر ئەوەندەی داڕووخانەکە ڕاستەوخۆ بەھۆی ئیسرائیلەوە نەبووە، بەسە بۆئەوەی بوترێت لە خزمەتی ئەودا نیە؟ ئایە لۆژیکە وابزانین ھیچ کات ئامانجی ئەو و ھەندێ ھێزو وڵاتی تری ناوچەکە با دروشمی دژایەتی ئیسرائیلیشان بەرز کردبێتەوە بەیەکەوە کۆنابنەوە؟ واتە ھەندێ دۆخ و وێرانەو ململانێ ناشێ لە یەککاتدا خزمەت بە ئیسرائیل و زیاد لە وڵاتێکی تری ناوچەکە بکات، لە کاتێکدا ئەو، واتە ئیسرائیل، ڕاستەوخۆ دەستی لە خوڵقاندنیاندا نەبووبێت؟

مەگەر نەوتراوە باشترین ستراتیژی شەڕ ئەوەیە ڕکابەرەکانت بەردەیتە گیانی یەکترو تواناکانیان مەفح بکەیتەوەو واشبزانن دژایەتیت دەکەن؟ بەگشتی جێگەی خەوە لەدەیان ساڵی ڕابردوودا، ئیسرائیل کرایە ئەو عەلاگەی کراسی چڵکنی چەندین تاوان وخوێنڕێژی وشێواندنی ڕاستی وپەردەپۆشکردنی وەحشیگەری وفۆڕمی ستەمکارانەو دواکەوتووی حوکمڕانی پێدا ھەڵواسرا. چەندین دۆزی ڕەوا لەو نێوەندەدا کرانە قوربانی لەوانەش دۆزی کوردستان. لەوسۆنگەوە کە بەشێوەیەکی ستەمکارانە خەباتی گەلی ئێمە بۆ خۆبەڕێوەبردن وڕزگاری وئازادی لەچوارچوەی لێکدانەوەیەکی پیلانگێڕانەی داڕنراو لەھەموو ئەخلاقێك، بە ھەوڵدان بۆ پیادەکردنی ستراتیژی ئیسرائیل وێنای بۆکراو دژایەتیەکی وەحشیانەکرا! لێرەشەوە ھەروەك وتراوە ئای ئازادی چەند تاوانت بەناوەوە دەکرێت؟ ڕاستیشە، لەگەڵ ئەوە گومانمان لە تاوانباریی ئیسرائیل بەرامبەر گەلی فەلەستین و پیرۆزییەکان نیە بوترێت: ئای ئیسرائیل چەند تاوان بە پاساوی دژایەتی تۆوە کراوەو دەکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×