یەكێتی و پارتی ئایندەی هەرێمی كوردستانیان كردە قوربانی خۆیان

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-08-02     33

هیچ كاتێك وەكو ئێستا ئایندەی كورد بە گشتی وهەرێمی كوردستان بە تایبەتی  لەبەردەم مەترسی لەناوچوون و لە دەستدانی ناسنامەی خۆیدا نەبووە . هەموو گۆڕانكارییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەری كەنداو، ئاماژەن بۆ ئەوەی قۆناغێكی مەترسیدار چاوەڕوانی گەلی كورد دەكات .

 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كوردستان لە ساڵی 1991 و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و پێكهێنانی حكومەت و پەڕلەمانی كوردستان ودروستبوونی داعش لە عێراق و دواجار لەناو بردنیان بە بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان ، هەلێكی زیڕین بۆ گەلی كورد هاتە پێشەوە . بەڵام ئەوەی جێگەی داخە سەركردەكانی كورد لەو ئاستەدا نەبوون كە بتوانن سوود لەم هەلە مێژووییە وەرگرن . دواجار یەكێتی وپارتی واتە (بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ) كە لەمێژە وەكو دوو دومەڵی سەرەتانی جەستەی ئەم میللەتەیان شەتەك كردووە  ،هەموو  ئەوهەلە مێژوییانەی  بۆ كورد هاتنە پێشەوە لە دەستیان داو  هەرێمی كوردستانیان كردە قوربانی ناكۆكیەكانی خۆیان .  هەزاران دڵسۆزو خەمخۆرو ڕوشنبر پێشتر  هۆكارەكانی ئەوەیان  نوسیوەو باسمان كردووە ، بۆیە بە پێویستی نازانم بگەڕێینەوە بۆ ئەو حیكایەتە سواوانە.  كورد واتەنی نان ئەو نانەیە ئەمڕۆلە خوانە. واتە باباسی ئەوە بكەین ئەمڕۆچۆن دەگوزەرێت ، تاچەند لەبەرژوەندی كوردایە و تا چەند بە زیانی كورد تەواو دەبێت .

كورد بە گشتی لە كوێی گۆڕانكارییەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نەاوەڕاستدایە ؟.

هیچ تروسكاییەك و ئاماژەیەك لە ئێستادا بەدی ناكرێت كە لەبەرژوەندی گەلی كوردوهەرێمی كوردستاندا بێت . بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخەكە سەرنجی ئەم خالانەی خوارەوە بدەن :

1-لە سەردانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق  بۆ لای ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا، بۆ وڵاتی ئێران ، بۆ وڵاتی توركیا كەم تا زۆر  هیچ ئاماژەیەك بە گەلی كورد نەدراوەو لە كولەكەی تەریشدا باس نەكراوە  .

2-وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە لایەن عەلی زەیدی ، كە تا كاتی بوونی بە سەرۆك وەزیران ، خەڵكی هەر ناویشی نەبیستب، . ئەوەی ئەو دەستی پێكردووە لە سزادانی گەندەڵ كاران ، قۆناغێكی نوێیەو كەس چاوەڕوانی نەدكرد . ئەمە ڕیك وەك هێنانە پێشەوەی ئەحمەد شەرعە .

3-ئەگەر تا دوێنی ئەمەریكا پێویستی بە كورد بوبێت بۆدژایەتی داعش و نەیارەكانی ئەمەریكا لە سوریا ،  لە بابەتی ئەحمەد شەرع ، ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع خۆی بۆتە جێگەی موتمانەی سەرۆكی ئەمەریكا ، كەواتە چیتر پێویستی بە هەسەدە نەماوە ، چونكە لایەنی بەهێزترو موتمانە پێكراوی باشتری دۆزیوەتەوە . 4- هەر لەسەرەتاوە كە تۆم باراك وەكو نێردەی ئەمەریكاو نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا ، لە سوریا دەست بكار بوو ، دیاربوو بەرنامەكەی دژایەتی كوردو بەهێزكردنی ئەحمەد شەرع بوو. هەر لە هەمان كاتدا ئەحمەد شەرع بەردەوام خەریكی ئەوە بوو پەیوەندییەكانی سوریاو توركیا بەهێزبكات و ئەوەش بە زیانی كورد دەشكایەوە.

5-  دەست بەكاربوونی تۆمباراك وەكو نێردەی ئەمەریكاونوێنەری تایبەت بە سەرۆكی ئەمەریكا لە عێراق و لەگەڵ سوریا  ئەوەش سەرەتای دروستبوونی قۆناغێكی نوێ بوو لە عێراقداو بوونی عەلی زەیدی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق ، نیشانەی  ئەو گۆڕان كاریانەیە كە ئەمەریكا دەیەوێت لە عێراقدا ئەنجامی بدات .

6- ئەو ئەركەی سەرۆك ترامپ بە عەلی زەیدی سپاردووە ، كۆتایی هێنانی بە مێلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانە و هەر لە ئێستاشەوە نیشانەكانی دەركەوتن ئەم بەیانییە ڕێكەوتی 29/7/2026 ئەمەریكاو سعودیە بە هاوكاری یەكتری چەندین بارەگای حەشدی شەعبیان لەناو خاكی عێراقدا بومبا باران كردووەو كوژراو برینداری زۆریش هەیە و لەناو كوژراوەكانیشدا ، چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران هەیە ، بە پاساوی ئەوەی ئەومێلیشیانە هێرشی درونیان بۆسەرپالاوگەی نەوتی سعودییە ئەنجامداوە بە فەرمانی ئێران . هەرچەندە   بریاروابوو علی زیدی دوای سەردانەكەی بۆ توركیا ، سەردانی سعودیەش بكات ، بەلام بەهۆی ئەو بۆردومانەوە ، سەفەرەكەی بۆ سعودییە دواخستووە و بەڕواڵەت توڕەیە . بەلام ئەوەی شایانی باسە و جێی سەرنجە ، ئەوەیە  سەرۆك ترامپ بە فەڕمی دەلێت : ئێمە بە ئاگاداری عێراق ئەو هێرشانەمان كردۆتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی . كەواتە ئەم لێدوانەی تراپ هەزارو یەك شتی نەهێنی و شارەوەی لە پشتەوەیە .

7- توركیا چەند لەگەڵ ئەمەریكا كێشەو ناكۆكیان هەبێت ، بەڵام چونكە  ئەندامی ناتۆیە و شوێنێكی ستراتیجی زۆر گەورەی هەیە، هەرگیز ناتوانن دەستەبەرداری توركیا ببن و هەرگیز وڵاتێكی گەورەو بەهێزی وەكو توركیا بە كورد ناگۆرنەوە . تا ئێرە ساغ بۆتەوە كە ئەمەریكا ئیشی بە كوردی عێراق  سوریا و توركیا نەماوە. سەبارەت بە كوردانی ئێرانیش  تا ئەمەریكا كێشەكی لە گەڵ ئێران یەك لا دەكاتەوە ، بۆ بەرژوەندی خۆی جار جار ناویان دێنێت و بە درۆش دەڵێن چەكمان بۆناردون ئەوە حكومەتی هەریمی كردستانە ، دەستی بەسەردا گرتوون . ئەمە لە كاتێكدایە درۆیەكی زلەو چەكیان بۆ كوردانی ئێران نەناردووە . . بەڵام سەیرەكە لەوەدایە یەكێتی دەڵێت ، ئەوچەكانە لای پارتین و پارتیش دەڵی لای یەكێتین . ئێستا ئەم دوو لایەنە عاقڵەن كوێخاو دەم سپی خەڵكی هەرێمن .  بەڵام  كاتێك ئەمەریكا كێشەكانی لەگەڵ ئێران یەك لاكردەوە، چەند وەفای بۆ كوردانی سوریا هەبوو كە 13 هەزار شەهیدیان بۆ دان ، خۆ بۆ ئەوان زیاتر ناكەن . لە لایەكی تریشەوە ئەمەریكا نایەوێت  ئەم حكومەتەی ئێستای تاران بڕوخێنێت بەڵكو دەیەوێت هەر بمنێت بەڵام وەكو سوریابیت . ئەمەریكا باش دەزانێت ئێران بروخێت پاشا گەردانییەك دروست دەبێ بۆی كۆنتڕۆڵ  ناكرێت .

8- لە هەموو ئەمانە سەرنج ڕاكێشتر ، مەترسیدارتر ئەوەیە چۆن ئەمەریكا بریاری كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا داو هەسەدە بە گورگان خوارد دەدات ، ئەوەتا هەمان بڕیاریشی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان داوەو دەیەوێت لەنزیكتری كاتدا هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان بكشێنێتەوە . كەواتە ئەگەر تا ئێستا  ئەمەریكا لەبەر خاتری كونسلخانەكەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و موشەكی لە هەوڵێر دانابێ ، لێرە بەدواوە شاری هەوڵێریش دەكەوێتە بەرڕەحمەتی موشەكەكانی ئێران.  نازانرێت

9- علی زیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا بریاریدا ڕۆژانە بڕی یەك ملیۆنبەرمیل نەوت بۆ توركیا بنێرێت . لەوەش سەرنڕاكێشتر بریاری دا لە سەدا توركیا  پشكی لەسەدا 15 ی لە نەوتی كەركوكدا هەبێت،هەرچەندە تا ئێستا وردەكاری ئەوە نازانرێت ة لەپێناوی چیدایە ، بەڵام ئەم  بریارە شتی زۆرشاراوەی لە پشتەوەیە . بەرپرسێكی توركیاش لە لێدوانێكیدا دەڵێت ، ئەگەر ئێمە لەگەڵ پەكەكە ڕێكیش بكەوین و چەكەكانیان دانێن ، ئێمە لەو گوندانەی هەرێمی كوردستانی عێراق  لە ناوچەی بادینان كە ئێستاسوپای ئێمەی لێێە ، ناكشێنەوە.  كەواتە ئەمە پێشهاتێكی سەیرو مەترسیدارە . 

10- هەموو ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆكردوون كە ڕۆژگارێكی سەخت و مەترسیدار چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات چونكە بەرنامەی حكومەتی ئەمەریكا ، لە لایەك بەهێزكردنی  حكومەتی مەركەزی سوریاو عێراقە و لە لایەكی تریشەوە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ، سوریاو عێراقە . دواجارهەموو ئەو گۆڕانكاریانە بە زیانی دۆزی كورد تەواو دەبن . واتە چیتر كورد بونی نابێت لەبەرنامەو ستراتیجی داهاتوی ئەمەریكادا ،چونكە بۆی ڕوون بۆوە كە چیتر كورد  بۆ ئەمەریكا گرنگ نییە .   

( ئەو مەترسییە گەورەیەی دەبێ گەڵی كورد چاوەڕوانی بكات).

ئەمەریكاو هاوپەیمانان دوای ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی زۆر باش لەوە تێگەیشتن كە یارمەتی دانی ئۆپۆزسیۆنی  ئەو وڵاتانە بۆ ڕوخاندنی حكومەتە دیكتاتۆرەكانیان ، ئەنجامێكی دڵخۆشكەری بۆ ئەوان نەبوو . ئێمە بەچاوی خۆمان بینیمان ئەمەریكا لە لێبیا ، لە سوریا ، لە عێراق و زۆر شوێنیترڕوبەڕوی چ مەترسییەكی گەورەو زیانی گەورە بۆوە   . ئێستا سەیر بكە لە ئێستادا كۆچی بە لێشاوی پەنابەران بۆ ئەوروپا  كە بونە بارێكی زۆرقورس بەسەریانەوە .  ئەوەی ئەمجارە وای لە ولاتانی ئەروپا كرد كە بەشداری شەڕی ئێران و ئەمەریكا نەكەن و خۆیان بەدوور بگرن ، زیاتر ترسی ئەوەیان هەبوو لێشاوێكیتری پەنابەران دەست پێ بكاتەوە كە چیتر لە توانای وڵاتانی ئەروپادا نەماوە لەوەزیاتر پەنابەر وەربگرن ، بەتایبەتی بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاو ڕوسیاشەوە ، وڵاتی ئەڵمانیا  یەك ملیۆن پەنابەری سوری وەرگرت ، كە ئێستا كێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە نایانەوێت جارێكیتر هەڵەی ئاوا گەورە بكەنەوە .  بۆیە دوای هەموو ئەوگۆڕان كاریانەی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هات ، بۆ ئەمەریكاو هاوپەیمانان ڕون بۆتەوە ،لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن حكومەتە دیكتاتۆرەكان بڕۆخێنن ولە ئەنجامدا دەیان حیزب و ڕێكخراوی تیرۆریستی لە شوێنیان دروست ببێت كە دواجار نەدەتوانن كۆنتڕۆڵیان بكەن و نە دەشتوانن سودیان لێ وەرگرن ، چونكە ئەوانە هەر یەكەیان بۆخۆیان و بەفیتی لایەنێكیتری دەرەكی كار دەكەن و ئەوەش لەبەرژوەندی ئەمەریكاو وڵاتانی زلهێزی خاوەن بەرژوەندیدا نابن .

  ( بەرنامەو ستراتیج و سیاسەتی ئەم قۆناغەی ئەمەریكاو هاوپەیمانان ) . لەئەنجامی هەموو ئەوگۆڕانكاریانەی ساڵانی ڕابوردوو ئەمەریكا گەیشتە  ئەو بۆچونەی كە لە بری ئەوەی هەوڵ بدات ئەو حكومەتانە بڕوخێنێت كە دژی بەرژوەندییەكانی ئەمەریكاو ڕۆژ ئاوا دەجوڵێنەوەو لە ڕێگای ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەیانەوە، هەوڵ بدات سیستەمی حوكمڕانی وڵاتەكە بگۆرێت و كارێكی وا بكات دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بكاتە هاوپەیمانی خۆیی . واتە هەوڵ دان بۆ  هێشتنەوە و بەهێزكردنی حكومەتی مەركەزی ، بەڵام دەسەڵاتداران بە پێی ڕێنمایەكانی ئەمەریكا كار بكەن .

باشترین نمونە حكومەتی ئێستای سوریا : ئەمەریكا چەندین ساڵ هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی سوریای كرد ، چەندین ساڵ پشتیوانی باشی كوردیان كرد ، چەك و تفاقی سەربازی زۆریان پێدان بۆ ئەوەی دژی حكومەتی ئەسەدو لە لایەك و داعش لەلایەكیتر بەكاریان بهێین . ئەو ئەحمەد شەرعەی ئێستا سەرۆكی سوریایە دوژمنی سەرسەختی ئەمەریكا بوو، كوردەكانی بەكار دەهێنا بۆ دژایەتی ئەحمەد شەرع . لەلایەكی تریشەوە ئەو هاوكاریەی ئەمەریكا بۆ كوردەكان ،  هاوپەیمانێكی وەكو توركیای لە خۆی توڕەدەكرد . بەڵام ئەمەریكا هات ئەحمەد شەرعی  كردە دەەسەڵاتدارو پیاوی خۆی و ئاوی بە ئاگردا كرد . كەواتە چیتر پێویستی بە هەسەدە نییە پارەیان تێدا خەرج بكات و لەولاشەوە توركیاش لەخۆی توڕە بكات . ئێستا ئەحمەد شەرع وەكو فەرمان بەرێكی ئەمەریكا وایەو هیچ مەترسییەكی نییە بۆسەر ئیسڕائیل . كەواتە ئەمەریكا بەرامبەر بە عێراقیش و  ئێرانیش هەمان سیاسەتی هەیەو ئەوەتا  تۆمباراكی ناردووە بۆ عێراق و عەلی زەیدیشی كردۆتە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هاوكاری باشی دەكات  كە دەست بگرێت بەسەر هەموو جومگەكانی دەسەڵات و كۆتایی بە مێلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێرانیش بهێنێت .  دوای كۆتایی هێنان بە مێلیشیاكان ، هێواش هێواش بەرنامەی بچوككردنەوەی هەرێمی كوردستان و لە قاڵبدانی دەسەڵاتی بەرپرسانی هەرێم دەخاتە بواری جێبجێكردنەوەو ناوی فیدراڵیەت و هەرێم تەنها وەكو ناو ئەمێنێتەوە.

دەبێ كورد باش بزانێت ناوچەكێشە لەسەرەكان تازە لەدەست چوون . ئێستا مەترسی گەورە ، بەعەرەبكردنی شارو شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستانە ، لە ڕیگای كۆچی بەردەوامی عەرەبی خواروی عێراق و كرینی شوقەو نێشتەجێبونیان لە هەرێمی كوردستان ، بەهاوكاری دەسەڵاتدارە چاوچنۆكە تالانچی و نیشتمان فرۆشەكانەوە . لەلایەكی تریشەوە لە ڕیگای  ئەو حیزب و ڕێكخراو ڕەوتە ئیسلامیانەی بە دەسیسەی دوژمنانی كورد دروست بون و گەرایان  لە هەرێمی كوردستان داناوەو وەكو دوژمنێكی نەهێنی لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا كار دەكەن . خەریكە كەلتورو سیمای كوردایەتی نەمێنێت و زیاتر مۆركی كەلتوری عەرەبی زاڵ ببێت . خەڵك شانازی بەخۆیەوە دەكات ، ناوی عەرەبی لە مناڵەكەی بنێت ، دسداشە لەبەر بكات ، ناوی عەرەبی لە هوتێل و دوكانەكانیان بنێن ، بەعەرەبی قسە بكەن چونكە ئەوە زمانی قورئانە . هەوڵ ئەدەن ئافرەت بەردەوام سەری داپۆشێت ، لەبری كراسی جوانی كوردی ، مانتۆ لەبەر بكەن ، كچان ناچار بكەن لە تەمەنی زۆر مناڵیدا لەچكەودەمامك بكەن . ئەمانە هەمویان مەترسی زۆر گەورەن بۆسەرئایندەی هەرێمی كوردستان . لە كاتێكدا ئەو هەموو مەترسیانە بەدی دەكرێن و چاوەڕوان دەكرێن بۆ سەر هەرێمی كوردستان ، بەرپرسانی هەردووك حیزب ، هەردووك بنەماڵە  بەردەوام خەرێكی  تاڵانی سامانی نیشتمانین و دەڵێی لە گوێی گادا نوستون .

( ئەركی ڕۆشنبیرو دڵسۆزو خەمخۆری كورد چییە لەم قۆناغ ترسناكەدا)

گومانی تێدا  نییە خەڵكانی زۆر ڕۆشنبیرو دڵسۆز هەیە و بەردەوام خەرێكی نوسینن هەم بۆ ئاگادار كردنەوەی هاوڵاتیان و هەم بەرپرسانی حكومەت ، بەڵام زۆر جێگەی داخە نەهاوڵاتیان بایەخی ئەو نوسینانە هەست پێ ئەكەن و نە بەر پرسانی حكومەتیش گوێ بە نوسینی كەس ئەدەن . بەڵام لەبەر هەستیاری بارودۆخەكە ، كاتی ئەوەیە  هەموو ڕۆشنبیرو كەسە خەمخۆرو دڵسۆزەكان لەم قۆناغەدا، هەوڵ بدەن نوسنەكانییان ڕاستەو خۆلەسەر ئەومەترسیانە بن كە ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان بوونەوە و ڕونكردنەوەو شێكردنەوە بۆ ئەومەترسیانە بخەنە پێش چاو. بۆنمونە لەم ماوەەیەدا زۆر بەگەرمی باسی پڕۆسەی بەعەرەب كردن و مەترسیەكانی دەكرێت و بۆتە جێگەی گرینكی خەڵك و بە ئاشكرا هەست ئەكەی كە خەڵك زۆر بەگرنگییەوە ، باس لە مەترسی پڕۆسەی بە عەرەبكردن دەكەن . هیوای سەركەوتن بۆ هەموان دەخوازم .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×