بەزیندوویی بۆناوشارو بەمردویی بۆ گوندەكان -  كاتێك حكومەت پلانی نەبێت، نیشتمانیش نامێنێت

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-08-05     41

هەموومان كاتی ڕاپەڕێنە مەزنەكەی سالێ 1991 جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كوردستانمان لە یادە . بەهەمان شێوەش كۆڕەوی یەك ملیۆنی خەڵكی هەرێمییشمان  هەر لە یادە . دوای ئەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاتنە دەنگ و زۆر بە باشی بە دەم  گەلی كوردەوە هاتن. بەسەدان ڕێكخراوی خێرخوازی لە سەر ئاستی جیهان ، بارەگەیان هێنایە هەریمی كوردستان و بە هەموو شێوەیك و لە هەموو ڕێگاكانەوە هەوڵی گەیاندنی هاوكاریان دەدا  بۆ هاوڵاتیانی كورد . یەكێك لەو لایەنانەی كە زۆر جێگەی بایەخ بوو بەلای  ڕێكخراوی خێرخوازی و دەوڵەتانیشەوە ئەوەبوو ، كە زۆر باش گرینگی بە بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ بدەن . ڕیكخرای فاو تایەبت بوو بەو بوارە . هەوڵیان ئەدا كانی و كانیاوەكانی لادێكان ،كەبەهۆی جەنگەوە وێران ببون ، ئاوەدان بكانەوە ، تۆوی هەمە چەشنەی كشتوكأل دابەش بكەن، ئامێری كشتوكاڵی لە بابەتی تراكتۆرو كۆمباین وسەمادو هەرچی پەیوەندی بەبواری كشتوكالییەوە هەبوو ، بیگەیەننە دەستی جوتیاران . بە هەموو شێوەیەك و بەڕێگای جۆرا جۆر هەوڵیان ئەدا ڕێنمایی جوتیاران بكەن  سەبارەت بەوەی گەشە بە بواری كشتوكال و ئاودێری بدەن، مەڕو بزنیان دەهێناو دابەشیان دەكردن . بەكورتی گرینگی دان بەبواری گەشەی كستوكالی و بوژانەوەی  كەرتی كستوكاڵ یەكێك بوو لە ئەوەلیاتی كارەكانی ڕێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گەلی كورد . پرسیاری گرنگ ئەوەیە : بۆچی ئەورێكخراوانە زۆرترین گرنگیان بە بوژانەوی كەرتی كشتوكاڵی ئەدا ؟.

لەدێر زەمانەوە سەلمێنراوە كە كەرتی كوشتوكأل  یەكەم كەرتە كە زامنی بەردەوام بوونی ژیانی  لەسەر بەندە. كەرتی كشتوكاڵ كۆڵەكەی بنەڕەتی دامەزراندنی ژێرخانێكی ئابوری هەر وڵاتێكە ، تەنانەت  پێش كەرتی پێشەسازیش دێت . كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی هەردوكیان بە یەكەوە دەبنەهۆی دروستبونی ژێرخانی ئابووری هەر وڵاتێك و تەواكەری یەكترین ، بەلام كەرتی كشتوكاڵ بە پلە یەك دادەنرێت و كەرتی پیشەسازی بە پلە دوو ، چونكە دەكرێت كەرتی كشتوكاڵ بە جیاو سەربەخۆ گەشە بكات و پێش بكەوێت و داهاتوی ژیان و مانەوەی مرۆڤ دەستەبەر بكات ، بەڵام زۆر بواری كەرتی پێشەسازی پێویستیان بەكەرتی كشتوكاڵ هەیە. واتە زوربەی بەرهەمەكانی كەرتی كشتوكاڵ لە بواری كەرتی پیشەسازیدا بەكاردەهێنرێن . ئەگەر ئێستا بە وردی سەیری زۆربەی  وڵاتانی جیهان بكەین ، كەرتی كشتوكاڵیان ئەوەندە بە هێزە ، كە دابینی پێداویستی چەندین وڵات دەكەن . بۆنمونە وڵاتی ئۆكرانیاو ڕوسیا دەتوانن پێداویستی گەنم بۆ سێیەكی جیهان دابین بكەن كە كۆڵەكەی ژیانی مرۆڤە .  هەر لەسەر ئەوبنەمایە بوو كە ڕێكخراوە مرۆییەكان ئەوگرنگییەیان بە كەرتی كشتوكاڵی هەرێم ئەدا بۆ ئەوەی بتوانن بۆ هەمیشە  لەسەر قاچی خۆیان بوەستن و پێداویستی ژیانی خۆیان بەدەستی خۆیان دابین بكەن .

بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و پەژارەیە ئەوەبوو كە دەسەڵات دارانی هەرێمی كوردستان كە لە یەكێتی وپارتیدا خۆیان دەبینیەوە ، گرینگی كەرتی كشتوكالیان نەدەزانی و لە بری ئەوەی دوای بەجێهێشتنی ڕێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان ، بەردەوامبن لە یارمەتی دانی جوتیارەكان و هاوكاریان بكەن بۆ ئەوەی هەموو كون و قوژبنێك ئاوەدان بكەنەوەو گەشە بە كەرتی كشتوكاڵ بدەن ، كە سەرچاوەی ژیانی خەڵكە، ئەوان بە جارێك وێرانیان كرد و ئەوەشی پێشتر كرابوو ئەوەش نەما . هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ :

یەكێتی و پارتی ، واتە بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی لە سالی 1964 بوونە دوو دومەڵی  سەرەتانی لە جەستەی ئەم  نیشتمانەداو میللەتیان شەتەك كردووەو ، نیشتمانیشیان خستۆتە بەر مەترسی لەناو چوونەوە. ئەگەر چی لە ساڵی 1992  حكومەتی هەرێم پێك هات ، دامودەزگای حكومەت دروست بوون ،  پەڕلەمان هەڵبژێرا ، بەلام ئەم دوو لایەنە دەست بەرداری ناكۆكی و دوژمنایەتی  یەكتر نەبوون و  تا ئێستاش دوژمنایەتیەكەیان هەر یەردەوامەو لە ئێستادا  لەبەرزترین پلەدایە. ئەم دوژمنایەتیەی نێوان یەكێتی و پارتی بوو بەهۆكاری ئەوەی كە هەریەكەیان لەلای خۆیانەوە هەوڵ بدەن زۆرترین خەڵكی گەنج بكەن بە لایەنگری خۆیان و بیانكەن بە موچەخۆرلە فەرمانگەكان و وەكو پۆلیس و پێشمەرگەو ئاسایش  .  دواجار ئەمە بوو بەهۆكاری ئەوەی هەرچی گەنجی گوندو لادێكان هەبوو كۆچ بكەن بۆشارو پەیوەندی بە یەكێك لەو دووحیزبە دەەسەڵاتدارانەوە بكەن و هەوڵێ دامەزراندن بدەن . تا كار گەیشتە ئەوەی یەكێتی و پارتی كێبڕكی بكەن لەسەر ئەوانەی جاش و چەكداری حكومەتی بەعس بوون بۆ ئەوەی بیانكەن بە لایەنگری خۆیان  .

دوای كۆچكردنی گەنجەكانی لادێكان بۆناو شارەكان ، ئەوەی دەمایەوە پیرو پەك كەوتەو بەتەمەنەكان بوون ، ئەوانیش بەتێپەڕبوونی ڕۆژگار یان دەمردن ، یان پیرو پەك كەوتە دەبوون و كاری كشتوكألیان پێنەدەكرا . دوای ئەوە بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار هێواش هێواش كۆی گوندەكان چۆڵ كران و كەس نەمایەوە كشتوكأل بكات . ماوەیەك بارودۆخی ئابووری دارایی خەڵكی كوردستان باش بوو ، زۆر گەشایەوە . دوای ئەوە زوربەی خەڵكی گوندەكان تەنها بۆ ئەوە دەگەڕانەوە هەر كەسە خانویەك لەسەر بەشە زەوی خۆی بكات و دەرو بەرەكە بكاتە باخ وپەرژینی بكات ، بەلام هیچ بەرهەمێكی وای نەبوو بیباتە بازاڕ بۆ فرۆشتن . زوربەی ناوچە كشتوكاڵیەكانی  نزیك شارە گەورەكانیش ، ئەگەر بەنمونە شاری سلێمانی بهێنمەوە ، لە لایەن خاوەنەكانیانەوە فرۆشران و كران بە باخو ڤیللا تەنها بۆ كات بەسەربردن  بۆ خۆشی . وەكو هەموو تەختای شارباژێر ، مێرگە پان ، كانی گۆران و قەرەداخ . بەكورتی زۆرینەی ئەرزە كشتوكألیەكان كراون بە باخ و ڤێللای بێ بەرهەم. گوندە دوورەكانی سەر سنووریش ، بەگشتی چوڵ بوون و تەنها لەوەرزی هاویندا هەندێك بۆ دوومانگێك ماڵێكی كاتی دادەنێن و بە زستان پەپویان تێدا دەخوێنێت  .  ئێستا هەموو خەڵكی ئەم گوندانە لە شارو  شارۆچكەكان كۆبونەوەو نیشتەجێبوون ، ئەوهەموو ئەرز وئاوەی گوندەكان بەرەڵایەو باشترین ئەرزە  بۆ كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕو ماڵات . لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا باشترین شوێن هەیە بۆ بەخێوكردنی مەڕو ماڵات و كەس نییە بەكاری بهێنێت ، كیلۆیەك گۆشت بە 25 هەزار دینارەو لەوڵاتانەوە گۆش هاوردە دەكرێت . كەواتە ئەوەی كە سەدام حوسەین بەخەرجكردنی سەدان ملیۆن دۆلار نەیتوانی بیكات و گوندەكانی كوردستان لەناو بەرێت ، یەكێتی و پارتی بە چەبخوات قەنەیەك كردیان و هەموو لادێكانی كوردستان چؤل كران و كەسیش لە كولەكەی تەریشدا باسیان ناكات . ئێمە لە شۆڕشی ئایلولەوە بەدرۆ شەڕلەسەر كەركوك و ناوچە دابڕینراوەكانی تری كوردستان دەكەین ، سەرۆك بارزانی بە بڕیارێك لەسەر عێراقی تاپۆ كردوو  بە ئەوەشەوە نەوەستان ، ئەوەتا هەوڵێریشیان بە عەرەبكرد لە پێناوی فرۆشتنی شوقە بۆپڕكردنی گیرفانیان ، سەرۆكی حكومەتیش لە بری ئەوەی مشووری پێدانی موچەی فەرمان بەران  بخوات ، ئەو بۆیان پاشەكەوت دەكات بۆ ڕۆژی تەنگانە ، لە بری ئەوە  زەویان بەسەردا دابەش دەكات و پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە دەكات .  

ئێستا كاتی ئەوەیە : بڵێم : بەزیندویی بۆشارەكان و بە مردویی گەڕانەوە  بۆ گوندەكان  .  سەرەتا وتم ئێستا هەرچی خەڵكی گوند نشینە لە شارە شارۆچكەكان نیشتە جێبون. شار بە جۆرێك  جەنجاڵ بووە ، ژیانكردن لە شاردا ئاسان نییە . ڕەنگە بەلاتانەوە سەیربێت و سەرتان سوڕبمێنێت ئەگەر بڵیم لەناو شارە گەورەكان ، بۆ نمونە سلێمانی ، هەوڵێر ، دهۆك و زۆر شوێنیتر،شوێنی ناشتنی مردوەكان بە زەحمەت دەست دەكەوێت ! .  هەر وەكو پێشترئاماژەمان بۆ كرد لە سەدا نەوەدی  گوند نشینەكان كۆچیان كردووە بۆ شارو شارۆچكەكان ،رۆژانە خەڵك دەمرێت . ئەگەر بە نمونە خەڵكی شارباژێرو چوارتاو ماوەت وەرگرم ، زۆرینەیان لە سەرچناربۆسەرو تا دەگاتە دۆڵە ڕووت نیشتەجێن ، ئەو قەبرستانانەی مردویان تێدا دەناشت بریتی بوون لە قەبرستانی : شێخ ئەحمەدی هیندی ، كانی سپیكە ، كەڵەكن . ئێستا شوێنی یەك قەبر لەو شوێنانە نەماوە . تازە قەبرستانێكیتر لە نێوان كانی  گۆران و گوندی قزلەردا دیاریكراوە. نازانم ئەرزەكەی موڵكی حكومەتە ، یان كەسانی خێرخواز كردویانەبە قەبرستان . ێستا مردووەكان بۆ ئەوێ ئەبەن  . من دڵنیام ئەو قەبرستانەش ئەوپەڕی بەشی  دوو ساڵ زیاتر ناكات . كەواتە ئەگەر قەبرستانی تر دیاری بكەن ، دەبێ بگەڕێنەوە بۆشارباژێرو ئەویش هەموی كراوە بە باخو ڤێلڵاو قەبرسانەكانیش نەماون. ئەمە  بەنیسبەت ڕۆژھەڵات و ڕۆژ ئاواو خوارو سەروی سلێمانییەوە هەمووی وەكو یەك وایەو كێشەی كەمی شوێنی قەبرستان دروست بووە بە هۆی زۆربونی دانیشتوانی شارەكان و زۆر بونی ڕێژەی مردوان .  كەواتە 5 ساڵیتر نابات ناو شاری سلێمانی شوێنی ناشتنی مردوی تێدا نامێنێت و دەبێ مردووەكان بەرنەوە بۆ زێدی خۆیان لە گوندە چوڵ كراوەكان  . كەواتە  ئەوانەی بە زیندویی هاتنە ناو شارەوە ، لەمەولا دەبێ جەنازەی خۆیان و نەوەكانیان ببرێنەوە بۆئەو گوندانەی پێشتر لێێ ژیابون . ئەمە بەرهەمی نەبوونی حكومەتێكی نیشتمانی خەمخۆرە ، كە هیچ بەرنامەو پلانێكی نەبووە بۆ ئایندەی ئەم نیشتمانە .  دڵنیام هەندێ كەس گاڵتەی بەم بۆچونەی من دێت ، بەڵام دوای 10 ساڵیتر دەبێتەڕاستییەكی حاشا هەڵنەگر، چونكە وەكوئەڵێن : مانگە شەو سەر لە ئێوارەوە دیارە . ئەوشوێنانەی كە سەردەمانێك لانكی شۆڕش و سەرچاوەی بژێوی خەڵك و قەڵغانی پاراستن و هێشتنەوەی ناسنامەی كورد بوون كە شانازیمان پێوەدەكردن و دەمان گوت شاخەكانی كوردستان باشترین دۆست و پەناگامانن بۆپاراستنی خۆمان، بەدەستی خۆمان وێرانمان كردن و دەیانكەین  بەقەبرستان بۆخۆمان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×