بەشی دووەم
ڕؤژێك لەڕۆژان لەخۆت پرسیوە گەلی كورد لە پێناوی چیدا خەبات دەكات ؟.
بۆچی گەلی كورد تا ئێستا بەمافەكانی خۆی نەگەیشتووە ؟.
لە بەشی یەكەمی ئەم باسەدا باسی هۆكارەكانی دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردیم كرد كە بە بۆچونی من چوار هۆكاری سەرەكین . هۆكاری یەكەم ئایینی ئیسلامە لە بەشی یەكەمی ئەم باسەدا ، ئاماژەم بۆ كردووە . هۆكاری دووەمی دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتویی میللەتی كوردو دابەش بوونی بەسەرهۆزو خێڵ و بەردەوامی شەڕوئاژاوەو ناكۆكی بەردەوام لەنێوانیانداو بەردەوام شەڕی یەكتریان كردووەودواجار بونە پیاوی دوژمنانی كورد بۆ تۆڵەكردنەوە لە یەكتری ، ئەوانیش لەبری ئەوەی چارەسەری كێشەكانیان بكەن ، كێشەوئاژاوەیان لەنێوانیاندا دروست كردون وبەشەریانداون . گومانی تێدا نییە لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەكەمداو لەدەروبەری سالانی 1920 كەدەوڵەتی عوسمانی ڕوخاو لەسەرپاشماوەكەی چەندین دەوڵەتی تر دروستبوون . لەو كاتەدا میللەتی كورد نەیتوانی بونی خۆی بسەلمێنێت و خۆی بكات بەجێی موتمانەی وڵاتانی زلهێزی ئەو كاتە بە جۆرێك كە لە گەڵ بەرژوەندییەكانی ئەوان یەكبگرێتەوە ، نەیتوانی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی . نەبوونی یەكێتی لە نێوان سەروك هۆزو خیڵ و بنەماڵەكانی كوردستان لەوكاتەدا و لەبەر دژایەتی یەكتری ، زۆر بە ئاگا نەبوون لە گرینگی ئەوكاتە كەسەرەتایەك و هەلێكی زیڕین بوو بۆ ئەوەی بتوانن وەكومیللەتانی تربەمافەكانی خۆیان بگەن . هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهوشیاری خەڵك ونەزانیینی سیاسەت كە بەرژوەندی كورد لەگەڵ چ لایەنێكی ئەوكاتەدایە بۆ ئەوەی ڵێان نزیك ببنەوەو خۆیان بكەنە جێی موتمانەیان . سەرۆك هۆزەكان هەر یەكەیان بەجیا پەیوەندی لەگەڵ دەروبەر دروست كردووە ، هەرگیزلەسەر سەركردەیەك ڕیك نەكەوتون ، لەئەنجامدا هەر سەرۆك عەشیرەتێك بەجیا پەیوەندی لەگەڵ لایەنێك دروست كردووەو ئەوانیش بۆ بەرژوەندی خۆیان بەكاریان هێناون و ئەوانیش لە پێناوی بەرژوەندی خۆیاندا خەریكیان كردون بە شەڕی یەكتری و تۆڵەكردنەوە لە یەكتری بۆ ئەوەی نەپڕژێنە سەر ئەوەی داوای مافەكانی خۆیان بكەن . بۆیە هەرگیز لە بیری ئەوەدا نەبوون كە یەك بگرن و بە یەك دەنگ بچنە پێشەوەو قسە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ئەوكاتە بكەن بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردیان بۆ دروست بكەن . سەرنج بدەن دوای تێپەربونی زیاتر لەسەد سال بەسەر ئەو مێژوەدا بە چاوی خۆتان دیتان كە بەهاوكاری هاوپەیمانان هەرێمی كوردستان بووبە خاوەنی نیمەچە دەوڵەت و یەكیتی و پارتی كە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەن وقۆناغی خێڵیان تێنە پەڕاندووە ونەیانتوانیوە حكومەتێكی بەهێزی یەكگرتوو پێكبهێنن لە پێناوی پاراستنی قەوارەی هەرێمدا . ئەوە دووسال نزیك دەبێتەوە هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمان كراوە و حكومەت پێك نەهێنراوە و ڕێك ناكەون لەسەر ئەوەی ئەم وەزاراتە بۆ ئەمیانبێت یان ئەویان .هەتا ئێستا نەیان توانیوە هێزی پێشمەرگە یەك بخەن. ئەمەوێ ئەوەتان وەبیر بێنمەوە ئەوكاتەی خانمە سیاسەتەمەداری هۆڵەندی ( جێنین پلاسخارت ) نوینەری سكرتێری نەتەوە یەكگرتەكان بوو لەعێراق و هەرێمی كوردستان چەندین جارهۆشداری بەبەرپسانی هەرێم داو ئاگاداری كردنەوەو تكای لێكردن كەهێزەكاتان یەك بخەن كێشەكانی نێوانتان چارەسەر بكەن چونكە هەرێمی كوردستان تا سەر وەكوئێستا نامێنێتەوە. بەڵام لە بری ئەوەی بەقسەی بكەن ، پێیان دەگوت : خۆ تۆ كوێخای ئێمە نێت .ئێستا دەردەكەوێت كەبەرپرسانی هەرێم هیچ لە سیاسەت نازانن و تائێستا وەكوسەرۆك خێڵ هەڵس وكەوت دەكەن و ئەوەتا قسەكەی ئەوخانمە هاتە دی وهاوپەیمانان هێزەكانیان لەهەرێم كشاندەوە. با بزانین لێرە بەدواوە دەتوانن ئاسمانی هەولێر لەمەترسی درونی ئێرانی وحەشدی شەعبی بپارێزن . تازە سەد پەشیمانی تورێك ناهێنێت و پێشینان ڕاستیان وتوە ( ئەگەر نەزان بەردێك بخاتە گۆمێك ئاوەوە ، بەسەد زانا دەرنایەتەوە) .مرۆڤ لەژیانیدا تەنها چەند هەلیكی زێرینی بۆ هەڵدەكەوێت ، ئەگەر لەكاتی خۆیدا بەكاریان نەهێنێت ، لەدەستیان ئەدات و جارێكیتر نایان بینێتەوە لەخەویشدا .
من جاریكێتریش باسی (میس بێڵ ) سیاسەت مەداری ئەو كاتەی ئینگلیزم كردووە ،كەدەڵێت :كوردەكان هەر خەرێكی شەڕی یەكترین دوژمنایەتی یەكتری ئەكەن و هەرگیزلەسەر سەركردەیەك ڕێك ناكەون كە ببێتە ،نوێنەریان ، بۆیە پێ ناچێت بتوانن دەوڵەت بەڕێوەبەرن و واباشترە لەژێردەستی لایەنیتردابن .
هۆكارێكیتركە بووە بە ڕێگر لەبەریدەم دروست نەبوونی دەوڵەت بۆكورد ، بەرژەوەندییەكانی بەریتانیا كە ئەوكات ڕوڵیكی گرینگی هەبووە لەناوچەكەداو یەكێك بووە لە دەوڵەتە زلهێزەكانی ئەوكاتە . ئەوكاتەی كە سیاسەتمەدارانی ئینگلیز بێ هیوا بوون لەشێخ محمود كە دەست بەرداری توركەكان نابێت و ژێر بە ژێر پەیوەندیان لەگەڵ یەكتری هەیە وتوركیا دەیەوێت چۆن كوردەكانی توركیایان بەناوی ئیسلامەوە دژی ئەرمەنەكان بەكارهێنا، بەهەمان شێوەش دژی ئینگلیزبەكاریان بهێنێت و ویلایەتی موسڵیش بخاتە سەر توركیا كە هەموو كوردستانی باشور دەگرێتەوە وسەرچاوەی نەوتە ودروستكردنی دەوڵەتی عێراقی بەبێ ویلایەتی موسڵ هیچ بایەخێكی نابێت، چونكە ویلایەتی موسڵ هەم سەرچاوەی ئاوەوهەم سەرچاوەی وزەیە و بەرپرسانی ئینگلیز بە (مێس بیڵ) ەوە كە زۆر دەست ڕویشتوبووە ،لەسەر بنەمای عاتیفە ئیشیان نەكردووەو هەمیشە بەرژوەندی وڵاتی خۆیان خستۆتە پێش بەرژەوەندی كوردەوە . كەواتە ئینگلیزبیرۆكەی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لەبیركردوو دەوڵەتی عێراقیان دروست كردو ویلایەتی موسوڵیشیان خستە سەری كە دەكاتە باشوری ئێستای كوردستان . لە ڕاستیدا تا ئێستاش بەتەواوی ڕوون نییە كە ئینگلیز لەبەرنامەیدا بووبێت دەوڵەت بۆ كورددروست بكات ، بەڵام ئەگەر كورد لە ئاستی پێویستدابوایەو بە یەكگرتویی بچونایە داوای دەوڵەتی كوردیان بكردایە و ببونایە بە پشتیوانی ئینگلیز ، بەدوور نەدەزانرا كەدەوڵەت بۆ كورد دروست بكەن . ئەوكات بەدەر لە ویلایەتی موسڵ كە دەگەیشتەخوار جەبەل حەمرین ، ئەوەی دەمایەوە لە ناوڕاست و خواروی عێراق بەشێكی دەخرایە سەر ئوردن و بەشەكەی تری دەخرایە سەر سعودیەو لەبری دەوڵەتی عێراقی ئێستا دەوڵەتی كوردی دەبوو . بەكورتی : تا ئێستا لەو چوار هۆكارەی كە بوونە ڕێگر لەبەر دەم دروست نەبونی دەوڵەتی كوردی باسی سێ هۆكارم كردووە ، ئایینی ئیسلام ، دواكەوتویی میللەتی كورد خۆی ، بەرژوەندییەكانی ئینگلیزخۆی . لەبەشی سێیەمی ئەم باسەدا دەمەوێت باسی هۆكاری چوارەم بكەم كە ئەویش نەبونی سەركردەیەكی كارێزمای كورد بووە لە وكاتەدا گەلی كورد یەك بخات و بە نوێنەرایەتی هەموو هۆزو تیرەو پیاوانی دەسەڵاتداری كوردەوە داوای مافەكانی گەلی كورد بكات و هەموانیش پشتیوانی لێ بكەن . چاوەڕوانبن .