بەشی هەشتەم
ڕۆژێك لە ڕۆژان لەخۆت پرسیوە گەلی كورد لەپێناوی چیدا خەبات دەكات ؟.
ئایا كاك نەوشیروان سەركردەیەكی كارێزمای گەلی كورد بوو ؟.
لە دوای مەلا مستەفاو مەسعود بارزانی و مامجەل نەوشیروان مستەفاش سەركردەیەكی دیاری ناوشۆڕشی كورد بووە . بەڵام ڕوڵی كاك نەوشیروان وەكو سەركردەیەكی دیاری كورد زیاتر لە دەسپێكی شۆڕشی نوێی یەكێتی نیشتمانییەوە لە سالی 1976 دەست پێ دەكات . كاك نەوشیران تا بڵێی كەسێكی ڕۆشنبر بوو. بیركردنەوەی زۆر دوور مەودوای هەبوو . كاتێك لە شاخ بوین ئەو بیری لەوە دەكردەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان وڵاتانی دراوسی ئاومان پێ دەگۆڕنەوە بە نەوت . كاك نەوشیروان هەموو كارێكی بە پێی بەرنامەی دارێژراودەكرد .
هەوڵی ئەدا دام ودەزگاكانی شۆڕش بە بەرنامە رێك بخات و هیچ كارێك بە پینەوپەڕۆ بەڕێ نەكات . لەزۆر روەوەوە كاك نەوشیروان بیركردنەوەی باشتری لەمامجەلال هەبوو ، بەڵام هەرگیز نەیدەتوانی وەكو مامجەلال ئیدارەی یەكێتی بكات . بەو پێیەی كاك نەوشیروان سكرتێری كۆمەڵەبوو ، كۆمەڵەش كۆڵەكەی ئەساسی یەكێتی بوو ، جێگری مامجەلالیش بوو ، بۆیە مامجەلال خۆی زۆر حسابی بۆ دكرد ، ڕێزی لێ دەگرت و بەوهۆیەوە كەسی دووەمی ناو یەكێتی بوو بێ ڕكەبەرو هەموان حسابیان بۆ دەكرد .
ئایا كاك نەو شیروان سەركردەیەكی كارێزمای گەلی كورد بوو ؟
من پێشتریش و لە زۆربۆنەی جیاوازدا باسی كاك نەوشیروانم كردوەو هەمیشە لەگەڵ بۆچونەكانی ئەو بووم و زۆریش جێگەی هیوام بووە و وەكو سەركردەیەكی سیاسی شارەزاو بە ئەزمون لێم ڕوانیوەو زۆر بە پێویستم زانیوە بۆئایندەی گەلی كورد. لێرەدا جێی خۆیەتی پرسیارێك لە بارەی كاك نەوشیروانەوە بكەین ئەویش ئەوەیە : بۆچی كاك نەوشیروان لە 15/1/2006 نامەی دەست لە كاركێشانەوەی لە ڕیزەكانی یەكێتی بە تەواوی پێشكەش بەمام جەلال كرد ؟. هۆكاری سەرەكی بۆ بێ ئومێدبونی لەمامجەلال دەگەڕایەوە . ئەوگەیشتبوە ئەوبڕوایەی كە مامجەلال هەموو دەسەڵات و بڕیارەكانی لەدەستی خۆیدا كۆكردۆتەوەو چی بوێت ئەوە دەكات چونكە بۆتە سەرۆك كۆمارو پارەو دەسەڵاتی زۆرەو خاوەن پێگەی بەرزەو هەرچی بیەوێت ئەیكات و سەردەمی شاخ نەماوەو پێویستی بەكەس نەماوەو حساب بۆ كەس ناكات . ئەم بۆچونەم لەخۆوە نییەو قسەی كاك نەوشیروان خۆی بووە كە لای برادەركانی خۆی وتویەتی .
دیارە ئەوەش بۆ كاك نەوشیروان زۆر قورس بوە كەمامجەلال حسابی بۆنەكات وپشت گوێی بخات . دواجار كاك نەوشیروان لەكاردانەوەی ئەو هەڵس وكەوتەی مامجەلال بەرامبەری دەستی لە یەكێتی كێشایەو بزوتنەوەی گۆرانی دروست كردوولە هەڵبژاردنی سالی 2009 بوو بەخاوەنی 25 كورسی لەبەرامبەر 18 كورسی یەكێتیدا . لەئەنجامدا هەم كاك نەوشیروان لەخۆی بایی بوو ، هەم مامجەلال توشی شۆك بوو . من نامەوێت زۆر بچمە ناو وردەكارییەوە چونكە دڵنیام زوربەمان ئاگامان لەكۆی هەموو ڕوداوەكانی قۆناغەكانی ئەوسەردەمەیە .
گەورەترین هەڵەی كاك نەوشیروان كە لە ژیانی سیاسی خۆیدا كردی .
سەد مەخابن كاك نەوشیروان بەو هەموو ئەزمونە سیاسیەی كە هەیبوو هەمان ئەو هەڵەیەی مامجەلالی دووبارە كردەوە كە بە هۆیەوە دەستبەرداری یەكێتی بوو . وەكو لە سەرەتاوە باسمكرد هەرگیز كاك نەوشیروان خۆی بە گەورەتر نەزانیوە لەمامجەلال و هەمیشە بە براگەورەی خۆی زانیوەو كاتێكیش لە یەكێتی چووە دەرەوە لەبەر ئەوە نەبووە كە هەموو دەسەڵاتەكان لەدەستی مامجەلال دەربێنیت و خۆی وتویەتی مامجەلال هەر بەرپرس و براگەوەرەی هەموانە بەڵام نابێت هەموو بڕیارودەسەڵاتەكان هەر لەدەستی خۆیدابن و حساب بۆ كەسمان نەكات .
بەڵام زۆر بەداخەوە كاتێك كاك نەوشیوران بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كردو لە هەڵبژاردنی سالی 2009 بوو بەخاوەنی 25 كورسی و زیاتر لەنیو ملیۆن دەنگدەری دڵسۆز لەسەر گیرفانی خۆیان و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بونە پشتیوانی كاك نەوشیروان بەو هیوایەی گۆڕانكاری سیاسی بكرێت ، كاك نەوشیروان توشی لەخۆبایی بوون بوو ، نەیتوانی ئەو خەڵكە ڕێك بخات و ئامادەیان بكات بۆ قۆناغی دوایی . من نامەوێت جارێكیتر بچمەوە ناوقوڵایی چۆنیەتی سەرهەڵدانی كێشەكانی ناو ڕیزەكانی بزوتنەوەی گۆران و جارێكیتر كای كۆن بە با بكەم چونكە هیچ سودێكی نابێت و مەبەستی منیش لەم نوسینە تانەو تەشەنە نییە لە كەس و تەنها مەبەستم ئەوەیە باسی مێژوی خەباتی گەلی كوردو سەركردە سیاسیەكان وەكوخۆی بكەم بەوهیوایەی نەوەكانی دوای ئێمە سودی لێ وەرگرن و هەڵەكانی ئێمە دوو بارە نەكەنەوە .
من كاتێك لەگەڵ 5 هاوڕێی خۆشەویستی ترم لە ساڵی 2019 وازمان لەئەندامێتی جڤاتی گشتی وبزوتنەوەی گۆڕان هێنا لەسەر ئەوەی سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆران حسابیان بۆ ڕایەكانی ئێمە نەدەكرد ، من دەستمكرد بە نوسین و لە ژێر ناوی( بزوتنەوەی گۆران ، بەرنامە بوو یان كاردانەوە ) 13 زنجیرەم بڵاو كردەوەو هەر لە سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەكەوە تا ئەوكاتە باسی ڕوڵی هەموان وهەموو شتێكم كردبوو ، تەنانەت ناوی ئەوانەشم هێنابوو كە ڕۆڵی خراپیان دەبینی لەدروست بوونی دووبەرەكی .
من تا ئێستاش ئەوانەشی ناوم هێنابوون هەر بەهاوڕێی و خۆشەویستی خۆم ئەزانم چونكە ڕۆژگارێك بەیەكەوە بۆ یەك مەبەست بەیەكەوە كارمان دەكردومن هیچ كێشەیەكی شەخسیم لەگەڵ هێچ كامێكیان نەبوەو ئێستاش نییە . بەڵام كاتێك مرۆڤ باسی ڕوداوە مێژوییەكانی گەلەكەمان دەكات ، دەبێ وەكوخۆی باس بكرێن و خاتری كەس نەگیرێت بۆ ئەوەی ڕاستییەكان لای هەموان ڕون بێت .
چۆن كاك نەوشیروان كەوتە ناو هەڵە گەورەكەوە ؟.
پێشتر باسی ئەوەم كرد كە كاك نەوشیروان لەسەر ئەوە گلەیی لە مامجەلال هەبوو هەموو بریارودەەسەڵاتەكانی بۆخۆی قۆرخ كردووە ، پرس و ڕای بە كەس نەدەكرد لە ئەنجامدا ئەمەی پێ قبوڵ نەكراو دەست بەرداری یەكێتی بوو . كارەساتی گەورە ئەوەیە كاتێك كاك نەوشیرون بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كرد و بوو بە خاوەنی 25 كورسی پەڕلەمان ڕێك هەمان هەڵەی مامجەلالی دووبارە كردەوە ، هەموو بڕیارو دەسەڵاتەكانی بۆخۆی قۆرخ كرد و حسابی بۆ كەس نەكرد . بۆ ئەوەی لەوكارەیدا سەركەوتو بێت ، هات بابەتی نەوەی كۆن و تازەی هێنایە گۆڕی و بە ئاشكرا دەیگوت من هیوام بە گەنجەكانە كە دەتوانن گۆرانكاری بكە نەك تێكۆشەرە دێرینەكان . لە ئەنجامی ئەم بیركردنەوەیەی كاك نەوشیروان ، هێواش هێواش دوو لایەنی دژ بەیەك لەناو بزوتنەوەكە دروست بوو .كاتێكیش گۆرأن بەشداری حكومەتی كردوو زۆر كەس بوونە خاوەنی پلەوپۆست و بەرژوەندی شەخسی هاتە گۆرێ ڕۆژ بەڕۆژ كێشەكان زیاتر دەبون و قوڵتر دەبونەوەو گۆران خوازان لەیەكتری دوورتر دەكەوتنەوە دژایەتی یەكتریان دەكرد . لەلایەكی تریشەوە مڵكایەتی گردی زەرگەتەو پشكەكانی كارگەی چێمەنتۆی گاسن كە كاك نەوشیروان كردبونی بەناوی چیای كوڕیەوە ، ببونە مایەی باس وخواسی ناوگۆرڕان خوازان . لە ئەنجامدا گۆڕان وەكو بەفر توایەوەو لێك هەڵوەشاو وەكوئاردی ناو دڕكی لێهات و هەر یەكەی ڕوی كردە لایەك و ئێستا بەچاوی خۆتان هەموو شتێك دەبینن.
چەندسەرنجێكی كۆتایی ئەم زنجیرە نوسینە :
1-مێژو دەری خست هاوڕێیەتی دێرینی نێوان كاك نەوشیروان ومامجەلال ، لە بنەڕەتەوە ڕاستەقینە نەبوەو زیاتر لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش بوو لە نێوان دوو كەسدا لە قۆناغێكی مێژووی دیاریكراودا. دواجار ئەوە بەكردار دەركەوت . 2- مامجەلال بە بەرنامە كاری نەكرد كە كوڕەكانی ببنە جێگرەوەی ، بەڵام ڕوداوەكان وگۆرانكارییەكانی ناو یەكێتی و چونە دەرەوەی كاك نەوشیروان لە یەكێتی زەمینەیان خۆش كرد كە شوێنی بگرنەوە.
بەڵام بە پێچەوانەوە كاك نەوشیروان بە بەرنامە كاری كرد كوڕەكانی ببنە جێ نشینی خۆی و بابەتی نەوەی كۆن و تازە كەدروستی كرد بۆئەوەبوو گرینگی بە نەوەی تازە بدات چونكە زۆرینەی ئەوانە پێشینەی خەباتیان نەبوو گوێڕایەڵی خۆی دەبن و ئەوەش دەچێتە بەرژوەندی دواڕۆژی كوڕەكانیەوە .
4- لەگەڵ ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر ئومیدی زۆریان لە سەر كاك نەوشیروان هەڵچنیبیت و ئومێدی گەورەیان پێی هەبوو ، بەڵام دواجار هەموو خەڵكی بێ ئومێد كرد چونكە بەجارێك ئۆپۆزسیۆنی بێ بەها كرد و سوكی كرد . زۆر جار خۆی دەیگوت : من پەڕلەمان و حكومەت و حیزب سوك دەكەم . كاتێك كە بۆ یەكەم جارگۆڕان بەشداری حكومەتی كرد ، خەڵكانی وای پێشنیار كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا كە شایانی ئەوپۆستانە نەبوون و پیاوی گۆرانكاری نەبوون . لە ئەنجامدا گۆڕان نەیتوانی هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستەمی حوكمڕانیدا بكات . دوای ئەوە هەر كەسێك باسی ئۆپۆزسیۆنی بكردایە ، دەیانگوت كاكە باسی چی ئەكەن بەكاك نەوشیروان هیچ نەكرا ، چاوەڕوانن كێ هیچ بكات ؟. بەڵام بەڕاستی كاك نەوشیروان زۆری پێ دەكراو خۆی هەموو شتێكی خراپ كرد .
5- دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەوخێراییە و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا ، ڕوداوێكی مێژوویی بەدەگمەن و لە شێوەی بومەلەرزەیەكدابوو ، نەك بەجارێك گؤرپانی سیاسی هەرێمی كوردستانی هەژاند، دەنگدانەوەی زۆر گەورەی لە سەر ئاستی ناوچەكەو جیهاندا هەبوو . ئێرانیەكان خۆیان هاتن و داوایان كرد پەیوەندیان لەگەڵ ببەستین و بارەگای پەیوەندی لە تاران بكەینەوە . توركیا داوای كرد كاك نەوشیروان سەردانی ئەنقەرە بكات . ڕۆژانە وەڤدی وڵاتان سەردانی گردی زەرگەتەیان دەكرد . یەكێتی و پارتی ترسی زۆریان لە گۆران هەبوو . بۆچونی هەموو لایەك وابوو كە گۆڕان دەبێتە جێگرەوەی یەكێتی و پارتی .
6- كەواتە ئەگەر بە وردی بە ڕابوردوی سەركردەكانی كوردی باشوردا بگەڕێینەوە بەتایبەتی و هەموو بەشەكانیتری كوردستان ، تا ئێستا سەركردەیەكی كارێزمای وا دەرنەكەوتووە كە وەكو پێویست بوبێت و توانیبێتی زۆرینەی كورد یەك بخات و قۆناغی خێڵ وبەرژەندی خێزانی تێپەڕێنێت وبەرژوەندی هەموو كورد بخەنە پێش بەرژوەندی تەسكی خێزانییەوە .
7- دواجار گۆڕان چی بەرهەم هێنا ؟. زوربەی ئەوانەی كە هەوێنی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بوون ، پێشتر یەكێتی بوون . ئەویەكێتییەی سەردەمانێك قارەمانی گؤرەپانەكە بو تەقڵەیان بەفیل لێ دەدا . گۆڕان بە پلەی یەكەم لەسەر لاشەی یەكێتی دروست بوو. كەواتە یەكەم لێكەوتەی خراپی گؤران وێرانكردنی یەكێتی بوو ، لاوازكردنی یەكێتی بوو ، كە ئەوەش بەقازانجی پارتی گەڕایەوەو بە زیانی دۆزی كورد . لێكەوتەیەكی تری بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە : بزوتنەوەی گۆرأن شاسوار عەبدول واحیدی لەجێی خۆی كردە ئۆپۆوزسیۆن ، علی حەمە ساڵح و دكتۆرغالبی كردە خاوەن ڕەوتی سیساسی و خاوەن قسە ، ڕیباز حەملانی كردە وەزیر . زۆر لە ئەندام پەڕلەمانەكانی تری گۆڕانیش كەوتنە خۆ هەڕاجكردن بەملاو ئەولاداو گۆڕان دیاردەی خۆ هەڕاجكردنی داهێنا . ئایا ئەمانە دەسكەت بوون ، یان ماڵ وێرانی ؟. سەیرەكە لەوەدایە ئێستاش خەڵكی شانازی بە ڕێبازی كاك نەوشیروانەوە دەكەن . باشە پێم بڵێن كام ڕێبازە ، ئایا ئەوروداوانەی لەئەنجامی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆران دروست بوون ، شایانی ئەوەن شانازیان پێوە بكرێت ؟. لە ڕاستیدا نەشێوازی خەبانی مەلا مستەفاو كوڕەكانی و نە هی مامجەلال و نە هی كاك نەوشیروان شایانی ئەوەنین شانازیان پێوە بكرێت . تا ملا مستەفا لە ژیاندا مابوو ، دژایەی برایم ئەحمەدو مامجەلالی دەكرد ، لەسەر دەسەڵات . مامجەلالیش ئامادە نەبوو كاك نەوشیروان بكاتە جێنشینی خۆی هەر لەسەر بەرژوەندی شەخسی . كاك نەوشیروانیش دژایەتی هاوڕیكانی خۆی كرد بۆ ئەوەی دەسەڵات بۆ كوڕەكانی قۆرخ بكات . مەسرۆور بارزانی دژایەتی نێچیر بارزانی دەكات . بەچاوی خۆشتان دیتان بافڵ تاڵەبانی چی بە لاهوری ئامۆزای كرد . ئەمانە بوون ڕێبازی سەركردەكانی كورد ، كەتا ئێستاش هەندێك نەفام شانازییان پێوە دەكەن . ئەگەر بیرەوریەكانی دكتۆر محمود عوسمان بخوێنیتەوە و ڕەفتاری سەركردەكانی كورد بە رامبەر یەكتری بە وردەكارییەوە بزانێت لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ، نەك شانازییان پێوە دەكەی ، دەبێ عەرەقی شەرمەزاری بسرێت و بێز لەكورد بوونی خۆشت بكەیتەوە . بۆیە بەناچاری دەبێ جارێكیتربڵێین : ( گۆڕت پڕ لەنوور بێت ، مس بیڵ ) كە لەكاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لە ساڵی 1919 لەعێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو سیاسەت مەدارێكی ئافرەتی ئینگلیز كاری كردووەو كاتێك قسە هاتۆتە سەر ئەوەی دەوڵەت بۆ كورد دروست بكرێت ئەم قسە مێژوییەی وتوەو دوای 126 ساڵ ئێستا كورد لەو كاتە خرابترە قسە مێژوییەكەی ئەمەیە ( میللەتی كورد ، میللەتێكی خێڵەكی دواكەوتووە ، هەرخەریكی شەڕو ئاژاوەو یەكتر كوشتن و تۆڵەكردنەوەن لە یەكتری ، كەسیان بە كەسەیان ڕازی نیین ، ئەوەندەی ڕقیان لە خۆیانە ، ڕقیان لە شەیتان نییە و لە هەموو ئەمانە خرابتر هەرگیز لەسەرسەركردەیەك ڕێك ناكەون كە ڕابەرایەتیان بكات . بۆیە هەرگیز خۆیان ناتوانن ئیدارەی خۆیان بكەن و خۆیان بەڕێوەبەرن ، بۆیە دەبێ لایەنیتربەڕیوەیان بەرن ) بۆیە لە ئەنجامدا دەوڵەت بۆ كورد دروست نەكراو كوردستان خرایە سەر عێراق . ئەگەر سەیری ئێستای نێوان یەكێتی وپارتی بكەی ، دەبێ منو تۆش بڵێین : ئێمە خۆمان ناتوانین خۆمان بەڕێوە بەرین و باشترە باسی فیدڕاڵی نەكەین وبەرەو ماڵە باوان خلۆر ببینەوە و ئەنجامیش هەر ئەوە دەبێت و دەوڵەت داری بە سەرۆك خێڵ و ئاغای دیوەخان و هەرزەكاری بەناو سیاسی ناكرێت .