لە کۆنەوە پڕنسیپەکانی دیموکراسی لە ئەسینا-ی یۆنانیەکان دەستیپێکرد و ، سەرەتای جێبەجێکردنەکەشی لە سەدەی حەڤدەم پێشوەختە لە بەڕیتانیا و دوای فەترە خوێناویەکە ڕوویدا ، دیموکراسی دیاردەیەکی نوێیە پەیوەستە بە دەوڵەتی ناسیۆنالیستیی ، دیموکراسی لە ڕۆژئاوا - ئەوروپا و ئەمەریکا سەرکەوتووبو ، چونکە پێش نزیکەی ھەزار ساڵ لە گۆڕانکاری ووردە ووردە بەرەو ماف و ئازادەیەکانی تاک و گشتی ھاتە ئاراوە کە ئەمە ژێرخانی ھەر گواستنەوەیەکی دیموکراسی سەرکەوتووە ، ئەگەر سەیری وڵاتانی جیھانی سێیەم بکەین کە بوونێکی دیکتاتۆری یان نیمچە دیکتاتۆری-یان لەگەڵ بەرگێکی بە ڕواڵەتی نیمچە دیموکراسی-یان ھەیە ، ئێمە باسی لای خۆمان نەکەین ، بەڵکو با بێین باسی گەلێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و خاوەن مێژوو وەک یەکێتی سۆڤیەت بکەین ، لەبەرچی ئەو وڵاتە نەگواستراوەتەوە بەرەو دیموکراسیەت و ڕوبەڕووی قوڕسایی ئابووری بووەوە و ، لە ساڵی ١٩٩١ یەکێتی سۆڤیەت بزربوو و دەوڵەتی ڕوسیای لێمایەوە ، بەڵام دیموکراسیەت بەدینەھات بەھۆی مێژووی درێژی دیکتاتۆری ھەر لە ڕۆژانی قەیسەرەکانەوە بگرە تا دەگاتە سەردەمی ستالین ، بۆیە ئابووری سۆڤیەت بەدەست دەیان گیروگرفتی گەورەوە ناڵاندوێتی و ، پاشانیش ھەڵکشانی ژمارەیەکی زۆر لە ھێز و سەرکردەکانی حزبی شیوعی بۆ لووتکەی دەسەڵاتی نوێ بە سەرۆکایەتی فلادیمێر پۆتین و ، لە فەترەی گوستنەوەشدا « واتە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ڕوسیا » گەندەڵیەکی زەبەلاح کرا کە تێیدا ڕوسیای شیوعی بووە خاوەن ژمارەیەکی زەبەلاح لە میلیاردێر کە پارەکانیان بۆ دەرەوە ئاودیو کرد ، ئەگەر ئێمە بێن باسی ئەو ناوچەیەی خۆمان بکەین کە ئایا دیموکرسیەت بۆی دەگونجێت ؟ جارێ ھەر لەگەڵ تەقینەوەی بەناو بەھاری عەرەبی کە لە کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەک ڕوویدا ، دیموکراسی و ئەوانەی بانگەشەیان بۆدەکرد ، بووە ئامرازێکی وێرانکەر بۆ دەوڵەتەکان و کۆمەڵگاکان و تەقینەوەی ململانێکان ، وەرە سەیری سوریا ، لیبیا و یەمەن و سودان و پێشتریش عێراق بکە بزانە لە سایەی سەری دیموکراسی چیان بەسەرھات !! ئەوانەی بانگەشە بۆ گواستنەوەی نموونەی ھێنانی حوکمی دیموکرسی ئەوروپا بۆ ئەو ناوچەیە و ئاسیا دەکەن ، دەبێت جیاوازی کلتووری و مێژوویی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەو کۆمەڵگایانەدا لەبەرچاو بگرن ، بیرمەند و فەیلەسوفی فەڕەنسی « دو مۆنتسیکۆ » لە کتێبی « روحی قانونەکان » دا کە لە ساڵی ١٧٤٨ دەرچووە دەڵێت : ( پەرسیەکان parthes - واتە خەڵکی خۆراسان ، تەحەمولیان نەکرد ئەو پاشایەیان ھەبێت کە لەنێوخۆیانەوە لە ڕۆما گەورە بوبێت کە میھرەبان بوو و دەرگاکانی بە ڕووی ھەمووان بە کراوەیی دەھێشتەوە ، بۆیە پێی قەڵس بوون و بەسەر پاشادا ھەڵگەڕانەوە ، چونکە بە ئازادیەکی وا حوکمی دەکردن کە ئەوان لێی ڕانەھاتبوون ، ئازادی بۆ ئەو گەلانەی کە لەسەری ڕانەھاتوون بەرگەیان ناگرێت ، چۆن چێژ لەو ئازادیە وەردەگرن کە ئەزموونیان نەکردووە ، ئەمانە ئازادی زیانیان پێدەگەیەنێت ، ھەروەکچۆن ھەوایەکی تازە و نەرم زیان بەوکەسانە دەگەیەنێت کە ڕاھاتوون لەسەر ھەناسەدانی ھەوای چڵپاو ) ، لە ڕۆژھەڵات -وڵاتانی عەرەبی و چین و ڕوسیا و ھەموو ئاسیا-مافەکانی بە کۆمەڵ بنچینەیە و سەقامگیرە ، بەڵام ئازادی تاکەکەس بیرۆکەیەکی فریاکەوتنە و لە ڕۆژئاوا ئیستیراد کراوە ، بۆیە دیموکرسی لەکن کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتیەکان یان شکلیە وەک ھیندستان و ژاپۆن و ئێران و وڵاتانی عەرەبی یان پڕکۆسپە وەک ڕوسیا ، یان موستەحیلە وەک چین ، مەزنترین دەستکەوتی دیموکراسی ڕۆژئاوا ئەوەیە؛ کە حاکم وەک ھەر مرۆڤێکی تر مرۆڤێکە ، بە ھەڵبژاردنی خەڵک حوکم دەکات ، بە قانونێک حوکم دەکات کە گەل دایناوە نەک بەو قانونەی کە خۆی دایناوە ، بە دەستورێکی پابەندکراو حوکم دەکات نەک بەو دەستورە گەمەیەی کە ھەر کاتی بیەوێت و بە کیفی خۆی دەستکاری بکات ، حاکم لە ڕۆژئاوا سەروەری باڵایە بەڵام ملکەچی قانونە ، لە دیموکرسی ڕۆژئاوادا شتێک نیە بەناوی ئەوەی دادگا و دادوەری بکەوێتە ژێر فشاری دەسەڵاتی جێبەجێکار ، نموونەی سەرکردەی دیموکراسی بۆ دەوڵەت مانای ئەوە نیە کە دەسەڵات بریتی بێت لە دەوڵەت یان بریتی بێت لە میللەت یان ببێتە بەدیلی گەل ، بەلکو مانای ئەوەیە کە دەسەڵات دان بە مافی گەل بنێت لە ھەڵبژاردنی ئەوەی حوکمی دەکات و دەسەڵات دەگرێتەدەست و بڕیار لەسەر چارەنوسی گەل دەدات و ، کاریگەری لەسەر بژێوی ژیان و ئەمنیەت و ئازادی و ماف و کەڕامەتی تاکەکەسی و شکومەندیە نیشتیمانەکەی دەبێت ، بۆیە زۆرترین نموونەی سەرکردەی سەرکەوتوو و سەقامگیر ئەوکەسەیە کە بە یەقینی بڕوای بەوە ھەیە کە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و خاوەنی سەروەرەی و ھەر ئەویشە خاوەنی نیشتیمانە ، گەل خاوەن سەروەریە و حکومەت لەکن« ئەو » ئیش دەکات نەک پێچەوانە ، ھەروەک « ھارولد لاسکی » لە کتێبی « ئازادی لە دەوڵەتی نوێدا » دەڵێت : نەک حکومەتی خزمەتکاری گەل بگۆڕێت بۆ حکومەتی بێباکی گەل و ئیسغلالکردنی گەل کە شکستی ھەڵبژاردنی بەدوادادێت ، دیموکراسیەت پێویستی بە دوو شت ھەیە : خاک و مێژوو کە ئێمە ھەردووکیمان لێکەمە، مرۆڤ لە ڕۆژئاوا نزیکەی ھەزار ساڵ تێکۆشا بەرلەوەی دیموکراسی بەدەستبێنێ ، خەباتیکرد لە پێناوی کەڕامەت و یەکسانی و ئازادی و ویژدان و ڕۆشنکردنەوەی عەقل و بیرکردنەوە ، بەرەنگاری زیاتر لە دەسەڵاتێک بووەوە کە دەیانویست ڕوناکی ژیان بەناوی ئایین یان بەناوی نیشتیمان بکوژێننەوە ، سەرکردەی دیموکراسی ئەو کەسە نیە لەبەردەم شاشەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن نمایشی دەنگدان لەسەر سندوقی ھەڵبژاردن بکات ، بەڵکو ئەوکەسەیە یەکەم : ئەو بیرۆکەیە قبوڵدەکات کە مونافسی ھەبێت و دان بە مونافیسەکانی و ھەق-یان بنێیت لە پێشبڕکێکردنیدا بێ ئەوەی ڕێگریان لێبکات یان تەخوینیان بکات یان برینداریان بکات لە نیشتیمانپەروەریان ، دووەم : قبوڵی ئەو بیرۆکەیەش بکات کە گەل مافی ھەیە لە موحاسەبەکردنی دەسەڵاتدارانی و ھەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتی گشتی لەئەستۆدەگرن و کاریگەریان لەسەر بژێوی گەل ھەیە ، کێبڕکێ و لێپرسینەوە دوو تایبەتمەندی دیارن کە سەرکردەی دیموکراسی پێی جیادەبێتەوە کە لەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین بونی نیە .