تیرۆریستێکی خاوەن دەوڵەت...

غازی حەسەن
  2025-09-28     433

لەڕوانگە و پێوەری هەنووکەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە هەڵپەرست و زلەکانەوە، کەسێک تیرۆریست بێت کە دەوڵەتی هەبوو، پێشوازی لێکراو و ڕێزلێگیراوترە لە نەتەوە و میللەتێکی چەند ملیۆنی ئازا و مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز و دژ بە تیرۆر. واتا بەرژەوەندییەکان پێوەرن بۆ پێدانی ناسنامە، نەک بەها مرۆیی و ڕەفتارە مرۆییەکان.

لە بیست و چوار کاتژمێردا (ئەحمەد شەرع) لە تیرۆریستێکی  تووندڕەوی نێودەوڵەتی زیندانکراو لای سوپای ئەمەریکا و خاوەنی داعش، دەبێتە سەرۆکی وڵات و چارەنووسی هەموو پێکهاتە و دواڕۆژ و کێشەکانی ناوچەکەشی لەگەڵ باس دەکرێت و ئەویش وەکوو ئەوەی هەمیشە و بەردەوام لە بەهەشتی ئاشتیدا بووبێت، خۆی نمایش دەکات. لەمەش خراپتر ئەوەیە لە چاونوقانێکدا دەوڵەتە ئەوروپییەکان پێشبڕکێیان بوو لە سەردان و کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بەڕووی ئەم تاوانکارە مەترسیدارە، ئێـەش دڵمان خۆشە ماکرۆن لە نیریۆرک بە شەرع دەبێژێت، نووکە ئەز مژولم ناتوانم بتبینم، ئەمە بە تۆڵە وەسف دەکەین.

تورکیا پاڵپشتی تیرۆریستێکە، لەهەمان کاتیشدا دژی کوردە کە قوربانییەکی یەکجار گرنگ و زۆری لەپێناو پاراستنی مرۆڤ لە دژی تیرۆر و تێکشکاندنی تیرۆریستان داوە. (ترەمپ)یش دەبێژێت ئەوانەی ئازان، ئەگەر چەند میلێک فڕۆکەکانی ئێمە لەپێشیان نەبوایە، هیچ. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە داعشێکی وەکو شەرع دەکات، چاوپۆشت لە تاوانەکانی حەماس  دەکات، کە هەنووکەش دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد ناکات و بۆتە هۆکاری کارەساتی غەزە و بەناوی ئایین، مەترسیدارترین کردەی تووندڕەوی ئەنجام دەدات. بەرپرسانی ئەمەریکا لەئاستی باڵا لەگەڵ شەرع کۆ دەبنەوە و بەئاشکراش باسی ساڵانی زیندانی ئەو لەلایەن سوپاکەیان دەکەن، بەمە بەدونیا دەڵێن سیاسەت بەدیهێنانی توانایە لەپێناو بەیەک گەیشتن، نەک بەیەک گەیشتن لەپێناو تواناکان.

کورد نەتەوەیەکی خودان ماف و هەقە، بەڵام ناتوانێت و بۆی نییە نەک دەوڵەت بینا بکات، بەڵکوو باسی نیەتی هەبوونی دەوڵەتیش لە ئایندە بکات و بەخەیاڵیش بۆی نییە ئاماژە بە دەوڵەتبوون بکات، پێشمەرگە و شەڕڤانان هێما و نیشانەی ئاشتی پارێز و تێکشکاندنی داعش و تیرۆریستانن، کەچی پێشوازی لێکراو نین، مەگەر دەوڵەتێک لەڕوانگەیەکی جیاوازەوە بایەخ بە کورد پێشمەرگە بدات. لەم بوارە گلەیی لەخودی کورد و هەندێک لایەنی سیاسیش دەکرێت، کە بەئاشکرا دەوڵەتبوون بە ناواقیعی و ڕیفراندۆم بە کارەسات دەزانن.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەردەمی بێ ئابڕوویی دەژیت، دەوڵەتەکان بەئاشکرا لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان هێزەکان پێناسە دەکەن و لە پێناسەکردنەوەشیاندا بەشێوەیەکی ئاسایی وەسفی پێچەوانەیان بۆ دروست دەکەنەوە.

هەرێمی کوردستان بۆی نییە خودانی ئابووریەکی سەقامگیر و سەربەخۆ بێت، ناتوانێت لەبواری پیشەسازیی هیچ کارگەیەکی وەبەرهێنان لە بەر فشاری تورکیا و ئێران و عێراق دروست بکات، هیچ نوێنەرایەتییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، لەکاتێکدا زۆربەی دەوڵەتەکان ستایشی ڕۆڵی مێژوویی و سیاسی و مرۆیانەی کورد لە جەنگ و ئاشتی دژی تیرۆر دەکەن. پێچەوانەی ئەو هێزانەی، کە هەر خودی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تیرۆریست و تووندڕەوی مەترسیدار هەژماریان دەکەن.

پێتڤیە هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی لەهەموو پارچەکان پێداچوونەوەیەکەی ستراتیژی بە فکر و کردار و شێوازی تێکۆشان و بەشدارییان لە ڕووداوە گرنگەکاندا بکەن. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە پێداچوونەوەیەکی نوێ و پێچەوانە بەشێواز و قەناعەت و ستراتیژی خۆیان بکەن؟ دیارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت وەکوو غەزە، چەند هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆساید و کۆمەڵکوژییەکی دیکەی مەزن دژی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی بەگشتی بکرێت، ئینجا بڕیار لە چارەنووسیان بدرێت.  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لەم وێنە و ڕەفتارە ناکات کاتێک پیشمەرگە تیرۆریستە دڕندەکانی تیمار دەکرد و ئاوی دەدانێ و کۆمەڵکوژی نەدەکردن، کەچی شەرع دەباتە سەر سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تاوانبارە بە کۆمەڵكوژی تیرۆریستیانە.  

ئایا بەڕاستی کورد هەڵە نییە، لەسەردەمێکی هەڵگەڕاوە لە سروشت و پێکهاتەی کێشەکان، بیەوێت ئاشتیخوازێکی مرۆڤدۆستی بێ دەوڵەت بێت و وەکوو کۆیلەیەکی بەستەزمان لەپێناو ڕازیکردنی داگیرکەران و دوژمنەکانی بانگەشەی برایەتی و ئاشتەوایی و نەمانی سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی و خۆبەستنەوە بە مەرکەز بکات؟ یاخوود کورد پێی وابێت دەتوانێت پلە بەپلە بە قاندرەمی دیموکراسی سەربکەوێت؟ ئەم سەردەمە بێ ئابڕووترین سەردەمە، کە بەئاشکرا و بێ شاردنەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تیرۆریست و بکوژ و تاوانکارانی نێودەوڵەتی لەسەر سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی دەکات و خاوەن مافەکانیش لەبیر دەکات و تەنیا ڕیفراندۆمیش بە کورد ڕەوا نابینێت.

بۆیە دەپرسم، ئایا ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێ نییە، لە داڕشتنەوە دیموگرافیای سیاسی ناوچەکە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دەستکاری ناسنامە و بنەمای گروپ و کەس و دەوڵەتەکان بەپێی خواستی وڵاتە زلهێزەکان دەکرێت؟. کورد دەبێت و پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێگا و خواست و تەکنیکی سیاسی خۆی بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×