پارەی خراپی کورد..!

غازی حەسەن
  2026-08-17     53

کۆمەڵناسی ئەلمانی (جۆرج سیمێل ١٨٥٨- ١٩١٨) دەبێژێت "پارە هەر تەنیا ئامرازێکی پارەدان نییە، لەڕاستیدا هێزێکە شارستانیەت و پێشکەوتن دەهێنێتە ئاراوە، هێزێکە بەهاکان بەرجەستە دەکات، هێزێکە لەناخی خۆیدا هەموو ئەوانە دەبەزێنێت، کە بەرەنگاری دەبنەوە".

نامەوێت پێناسەی پارە لەڕوانگەی دارایی و ئابووری بکەم، چونکە ئەمە پیشەی پسپۆرانی ئەم بوارەیە و ئەوان باش لە کاریگەری و بوونی پارە دەگەن و دەتوانن وەکو دیاردەیەکی زانستی هۆکار و کاریگەریی دەرکەوتنی پارە لەمێژوو لەسەر تاک و گرووپە مرۆییەکان و ئینجا کۆمەڵگە و دەوڵەت شڕۆڤە بکەن.

من لەڕوانگەیەی سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتی لێی دەنۆڕم، کە پارە لە کوردستان بۆتە دیاردەیەکی خراپ و هەندێک جاریش وەکو دیاردەیەکی سەرەخۆرە و لاڕەشە و مۆرانە دەردەکەوێت.

ئێمە دەزانین پارە خۆی وەکو دراو و کەرەستەیەکی گرنگی ئاڵوگۆر و کڕین و فرۆشتن لەبازاڕ هیچ خراپییەکی نییە، بەڵکو ئەوەی خراپە بریتییە لە شێوازی دابەشکردن و بەڕێوەبردن و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی و کاردانەوەی دەروونی و گۆڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی سیاسی، ئەمانەش کە خراپ بەکاردەهێنرێن کاریگەریی کرمێدار بەرهەم دەهێنێت و مرۆڤ تووشی زەقنەبووت دەکات.

(جۆرج سیمێل)  ڕاشکاوانە بەر لە سەدەیەک دەڵێت "گرنگی فەلسەفەی پارە لە دابینکردنیەتی، بۆ سەرهەڵدان و بەدیهاتنی گەردوون، شتەکان مانای خۆیان لە پەیوەندی بە شتەکانی دیکەوە وەردەگرن، بوونیشیان لەنێو ئەم مانایەدا دەگەڕێتەوە بۆ بوونیان لەنێو پەیوەندییەکاندا". ئایا بیرمان لەوە کردۆتەوە پەیوەندی تاکی کورد بە پارە چییە و لەچ ئاستێک و جۆرێک و شێوازێکە؟ بیرمان لەوە کردۆتەوە چۆن تاکی کورد لەئاستی سیاسی و ڕۆشنبیری جیاواز مانایەکی جیاوازییان بە کەسایەتی خۆیان بەخشیوە، لەنێو ئەو پەیوەندییەی لەڕێگەی پارەوە دروستیان کردووە؟ ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە پارە چۆن بۆتە کاولکارێکی پڕ لەکێشەی هەنووکەی سیاسییەکان و خەڵک؟.  ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە پارە چۆن خەریکە ناخی هەر یەکێک وێران و کاول دەکات؟ کورد دەمێکە گوتیەتی "پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەشە". لە کاتێکدا هەنووکە پێچەوانە بۆتەوە پارەی ڕەش بۆ ڕۆژی سپییە!!.

ئێمە دەزانین پارە لە هەندێک بواردا لەجیاتی پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و پێشکەوتن و گەشەپێدانی شار و ئاوەدانکردنەوی گوندەکان و پەڕینەوە بەرەو بواری پیشەسازی و بازرگانی و کوشتوکال و پەروەردە و تەندروستی و بیناسازی و مرۆسازی، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی پارە، کۆمەڵگە و ئینجا مرۆڤەکان تووشی چەند دیاردەیەکی ترسناک دەبنەوە، لەوانە:

دەرکەوتنی هەستی تاک بە نادادپەروەریی.

هەستکردن بە تووڕەیی لای تاک و ڕەفتاری تووند و هەستکردن بە پەراوێزبوون

فراوانبوونی جیاوازی چینایەتی.

کەڵەکەبوونی سەرمایە بەشێوەیەکی نایەکسان و خراپ.

تاک بەگشتی و گەنج بەتایبەتی تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و نائومێدی زۆر دەبن.

لەبەر ئەوە ئاساییە پارە لە هەرێمی کوردستان لە چەند بوارێک بە خراپی و نادروست و نەشیاو بەکاربهێنرێت لەوانە:

پارە کۆیلە دروست دەکات، لە دوو ئاست یەکەمیان مرۆڤێک مرۆڤێکی دیکە دەکاتە کۆیلە و پاسکۆی خۆی، دووەمیان خودی مرۆڤێک دەبێتە کۆیلەی پارە و دراو، هەموو ژیانی دەبەستێتەوە بەهێزی پارە و بەدەستهێنانی پارە و دەستکەوت دوور لە بەها و بنەما و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە هاوسەنگ و یەکسانەکان.

کڕینی تاک، بەمانای کڕینی ویژدان و دەنگ و کەسایەتی.

بەکارهێنانی پارە بۆ شێواندنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دەستکاری خانەوادە و عەشیرەت و خێل و گرووپە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان.

دەستگرتن بەسەر بازاڕ، کۆمپانیا، پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزاری و هەتا پەروەردەیی و مرۆیی و ئایینی و سیاسی و دەروونی و تەندروستییەکانیش بە ناشەرعی و خۆسەپێنانە.

واتا پارە وەکو سەرچاوەیەکی دەردەدار  وڤایرۆسێکی ترسناکی کۆمەڵایەتی دەنێو کۆمەڵگەدا لەلایەن حزب و گرووپە سیاسییەکان و دەسەڵات بەکاردێت.

پارە وەکو بکوژی سەرچاوەکانی داهێنان لەبواری دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بەکار دێت.

بۆیە هەنووکە بەچەپ و ڕاست، بە هۆکار و بێ هۆکار حزبە سیاسییەکان دروشمی ناوەندی و سەرەکیان بۆ کارتێکردن لەسەر دەروونی تاک و هاووڵاتی، لەدژیدەسەڵات و حزب ودەوڵەت بۆتە (مووچە/ پارە/ دزی/ خۆ بە شەریف نمایشکەر/ گەندەڵ و دادپەروەر/ دز و داکۆکیکار لە مافی خەڵک.. تاد). ئەمانە و زۆر زاراوە و گوتاری دیکەی سیاسی، کە پەیوەندییان بە خودی پارە وەکو سەرچاوەیەکی پیس و چڵکن  و نامۆ هەیە، بەکار دەهێنرێت، کە پێش ئەوەی کاریگەریی داراییان هەبێت بە پێداگرییەکی زۆر و تووندەوە بۆ تێکدانی دۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی بەکاری دەهێنن.

پارە چی دیکە ئامراز نییە، ئامانجە

لە کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی دەرکەوتنی جیاوازیی چینایەتی زەق، بەها مرۆییەکان دەپلیشقێتەوە و لەهەندێک بواردا باسکردن و خۆبەستنەوە بە (ئەخلاق و قوربانیدان و شکۆ و شانازی بە خەبات و تێکۆشان و پێشمەرگایەتی و ڕێزگرتن و پابەستبوون بە زمانێکی باڵا و پاک و دوور لەهەڕەشە و جوێن و سووکایەتی، پابەستبوون بە بنەما نیشتمانییە گشتییە باوەکان) بە نزمی و جۆرێک لە گاڵتەپێکردن سەیر دەکرێت. ئەمانەی ئەم جیاوازییە بەرجەستە دەکەن، خۆیان وەکو مۆدێرن و باڵاتر لە مۆدێرن نمایش دەکەن، لەکاتێکدا هاواریان بۆ پارەیە، نەک پێناسە و  مانا و بەکارهێنانی خودی پارە.

لەبەر ئەوە پارە لە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و چی دیکە ئامرازێکی گونجاوی شەرعی نییە بۆ بەدیهێنانی خەونی گەشەکردنی مرۆڤەکان. ئەمە وایکردووە پارە بەنەرێنی کاریگەریی لەسەر تێکدان و بە دەردبردنی کەسایەتی تاک و هەڵوەشانەوەی بەها باوە مرۆییەکان لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بکات.

خۆزگە

پارە هێلی دیاری نێوان کۆمەڵگەی دەرەبەگی و سەرمایەداری، یان کۆن و نوێ جیادەکاتەوە، لە کوردستانیش بەهۆی هێزی پارە هەموو گوندییەک دەیەوێت مووچەخۆر بێت، هەموو شارییەک دەبزاڤێت پارەدارێکی دەوڵەمەندی کەشخە و ڕێکپۆش و خودان هێز بێت، بێ ئەوەی پێناسە و مانای جیاوازی چینایەتی و ئەو سنوورە بزانن کە قۆناغە جیاکانی کۆمەڵگە لێکجیا دەکاتەوە.  ئەم پارە خراپەی کوردی هەنگاو هەنگاو بەرەو تێکدانی سیستەمی سیاسی و دەسەڵات و دۆخی سیاسیمان دەبات، ئەم دۆخەی سیاسییە فاشیلەکان، حزبە خۆسەپێن و گرووپە تڕۆکراوەکان دایانهێناوە، پێش تێکدانی دۆخی سیاسی، پێویستیان بەوەیە دۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونی کۆمەڵگە و تاکی کوردستانی تێک و پێک بدەن و وێرانی بکەن و تووشی خۆرکە و سیل و سەرەتان و لاڕەشەی بکەن، تاکو رێگەی گەیشتنە پارە کورت و ئاسان بکەن.

بۆیە پارە ڤایرۆس نییە بەڵکو شێوازی بەکارهێنان و ئامانج و پەیامی ئەم بەکارهێنانە بۆتە ڤایرۆسێکی ترسناک و خەریکە پارە دەبێتە مرۆخۆرەی ترسناک، وەکو (گۆرگی نووسەری ڕوس) دەبێژێت "ئەگەر دەتەوێت کێشە نەهێلیت، پارە لەناو ببە". ڕەنگە زۆر کەس هێشتا لەبیری بێت، کە لەکۆمەڵگەی کوردستان "کەلوپەل و خواردن و بەرووبووم لەجیاتی پارە بە گەنم و جۆ" دەکڕا و دەفرۆشرا، تاوان و بێ متمانەیی و تڕۆکردنی یەکتر و سیاسەتی فاشیلی بۆگەنی پرۆفیشنالە سوپەرمانە سیاسییەکانیش بوونی نەبوو. تاک بەهێز و متمانەدار و خودانی خۆی و قسەی خۆی بوو، ئەمڕۆ بەهۆی زۆری پارە کەسایەتی تاک دابەزیوە بۆ سفر و نرخی هەموو شتێک فڕیوە و لەبەرز بوونەوەیە، کە ئەمەش لە کردەوەدا بەهای هەموو شتێکی تێکداوە.  

بۆیە دەبێژین خۆزگە بە خۆزیداران پارە بەهاکەی نزم دەبوو، ئەخلاق و مرۆڤ و کەسایەتی تاک هەر بەرز و بەهێز و بەهادار دەبوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×