بەشی سێیەم
لەم بەشەدا دەمەوێت چەند سەرنجێك بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی ئازیز سەبارەت بە نوسێنێكی برای خۆشەویستم كاك ڕێبین هەردی كە لە ماڵپەڕی ئاوێنەدا بڵاو بۆتەوە لە ژێر ناوی ( ئایا مەترسی تەعریب كردن هەیە)
بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كردووە كە ماوەیەكە دەنگۆی مەترسی تەعریب بڵاوبۆتەوە لەو سونگەیەوە وتارەكەی نوسیوە . لە ڕاستیدا من خۆم سەرەتا ئەو دەنگۆیەم لە نوسێنێكی زۆر بەڕیزدكتۆر ( بورهان یاسین)ەوە بەرچاو كەوت كە زۆر بە وردی باسی مەترسی پڕۆسەی بە تەعرێب كردن دەكات . دوایی خۆشم بابەتێكم لەسەر نوسی و لە فەیسبوك بڵاوم كردەوە . دوای ئەوە لێرەو لەوێ خەڵكانی تریش لەسەر ئەو مەترسییە قسەیان كرد وبۆچونی خۆیان نوسی . لەم ڕۆژانەشدا نوسێنێكی زۆربەڕیز ( نیازسعید علی ) م بەرچاو كەوت كە لە مالپەڕی شارپرێسدا بلاو كرابۆوە كە بەتەوای توشی شۆكی كردم . ئەو بەریزە هاتوە نوسێنێكی 15 ساڵ لەمەوبەری خۆی جارێكیتر بڵاو كردۆتەوە لەسەر ئەوەی لە سالی 2016 پارێزگاری سلێمانی لەسەر پێشنیارێكی ژووری بازرگانی سلێمانی كە داوایان لە پارێزگاری ئەو كاتە كردووە بڕیارێك بدات كە ڕێگە بە هاوڵاتیانی عەرەب بدرێت شوقەو موڵك بكڕن وبەناویانەوە تۆمار بكرێت ، كە تا ئەو كاتە قەدەغە بووە. یەكسەر پارێزگار پێشنیارەكەی قبوڵ كردون و لەڕۆژی 3/6/2026 كە ڕێكەوتی ڕۆژی هەینی دەكات بریارەكە گەڵاڵە دەكات و لە ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 6/6/2026 بڕیارەكە دەكاتە فەرمی و دەیخاتە بواری جێبە جێكردنەوە . ئەو بڕیارە ئەنجامی زۆر نەرێنی بەدوای خۆیدا هێناوەو زۆربوونی هاوڵاتیانی عەرەب لە هەرێمی كوردستان نیگەرانی زۆری لێكەوتۆتەوە چونكە لە ئایندەدا مەترسی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەبێ . بۆیە منیش لای خۆمەوە زۆر نیگەران بووم وتا ئێستا دوو بابەتم لە بارەی (بەعەرەبكردن و تەعریبی هەرێمی كوردستانەوە) نوسیوەو ئەم بەشی سێیەمەشم تایبەتە بەچەند سەرنجێك لەسەر نوسینەكەی بەریز ڕێبین هەردی . پێش ئەوەی بچمە وردەكاری باسەكەوە دەمەوێت لەسەر 3 خاڵ قسە بەكەم یەكەم : من كاك ڕێبین بە هاوڕێی خۆشەویستی خۆم دەزانم ، بەڵام من بۆچونەكانی خۆم لەوبارەیەوە سەد لە سەد پێچەوانەی بۆچونەكانی كاك ڕێبینە وئەو پاساوانەی ئەو بۆئەوەی مەترسی تەعریب لە ئارادا نییە ، زۆر بەلاواز دەزانم و بۆچونی ئەو پێچەوانەی بۆچونەكانی زۆرینەیە وەكو لەو كۆمێنتانەدا دەردەكەوێت كە لەسەر نوسینەكەی نوسیویانە. دووەم : كەسانیتریش ئەوەیان نوسیوەو من خۆم هەرگیز بڕوام نەدەكرد لەپرسێكی ئاوا گرنگ و مەترسیداردا ، كاك ڕێبین بەو شێوەیە بیر بكاتەوەو بۆچونی ئاوا بێت ، بەڵام هەمووكەسێك ئازادە چۆن بیر بكاتەوە. سێێەم: ئەگەركاك رێبین پێی وابی بیركردنەوەی خەڵكانیتر ، ڕاست نییەو زیاتر لە بیركردنەوەی كەسانی نەتەوە پەرست و شۆڤێنی دەچێت و ئەو سەردەمە بەسەرچووە ، نازانم تا چەند ئەمە ڕاستە و ناتوانم لە بری ئەو قسە بكەم . بەڵام حەزدەكەم ئەوە بلێم : كە من خۆم هەستی شۆڤێنی و نەتەوە پەرستیم زۆر لاوازەو بەلای منەوە هەموو مرۆڤەكان بە جیاوازی كەلتورو زبان وئایینەوە ، دواجار هەموان لە مرۆڤبووندا یەك دەگرنەوەو یەكن . من ڕقم لە هاوڵاتییەكی عەرب نییە لەبەر ئەوەی من كوردم و ئەو عەرەبە . كێشەی من لەگەڵ ئەوعەرەبەیە كە خۆی لەمن بەگەورەتر دەزانێ ، بەحەقی خۆی دەزانی مافەكانم لێ زەوت بكات ، لەسەر زێدی خۆم دەرم بكات ، هیچم پێ ڕەوانەبێنێت و بە كۆیلەو كوێڕایەڵی خۆیم بزانێت. ڕاستییەكە ئەوەیە هەموو ئەو وڵاتانەی ئێمەی كوردیان بەسەردا بەشكراوین بەو چاوەوە سەیری ئیمە دەكەن . ئایا كاك رێبین ئەو بۆچونانەی قبوڵەو پێیان ڕازییە ؟.
ئێستا دێمە سەروەڵام دانەوەی خاڵ بەخاڵی نوسینەكەی كاك ڕێبین:
1-لە خاڵی یەكەمدا كاك ڕێبین هاتنی ئەوژمارە زۆرەی هاوڵاتیانی عەرەبی زۆر بە ئاسایی وەرگرتوەو گوایە هاتنی چەند خێزانێكی عەرەب بۆناو شارەگەورەكانی كوردستان ،نابێتە هۆی گۆرأنی دێموگرافی ئەگەر ئەمە پلانی دارێژراوی حكومەتی مەركەزی بەدواوە نەبێت و بودجەی تایبەتی بۆ ئەوە دانەنرێت . لە وەڵاما دەڵێم : ئێمە حكومەتێكی سەربەخۆنین تا مەترسیمان نەبێت . ئەوەتا پڕۆسەی تەعریب خانەقین و سەعدیەو جلەولاو كەركوك و مەخمورو شەنگالی لە كورد دابڕیوەو قوڵایی جوغرافی ئەوشارانە لەگەڵ شارەكانی سلێمانی و هەوڵیرو دهۆك و شارۆچكەكانیترهەر یەك قوڵاییەو ئەگەر بارودۆخ هەر وەكو ئێستا بڕوات لە مەودای دووردا ئێرەش دەبێتە موڵكی عەربەكان .
2-كاك ڕێبین لەم خاڵەدا دەلیت :ژمارەی ئەو عەرەبانەی لە شارەگەورەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربوون ، هەرچەندێكبن ، كاریگەریان نابێت لەسەر ڕێژەی دانیشتوانی كورد چونكە ئەوان كەمینەیەكی زۆركەمن و هەر دیارنین .دوایی دەلێت : دوای ئەم نەوەیەی ئێستای عەرەبەكان نەوەی دووەم و سێیەم جیاواز دەبن لە نەوەی یەكەم و تێكەڵ بە كورد دەبن و خۆشیان بەكورد دەزانن .ئەمە ئەگەرێكی زۆر لاوازە ، چونكە عەرەبەكان: قوتابخانەی تایبەت بەخۆیان هەیە و بەزمانی عەرەبی دەخوێنن و ئەمەش بەرنامەی حكومەتی مەركەزییە بۆ ئەوەی ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان لە دایك دەبن هەرگیز ناسنامەی خۆیان لەدەست نەدەن ولەناو كوردا نەتوێنەوە ، وەكو دكتۆر یاسین نوسوییەتی 179 قوتابخانەی عەرەبی لە هەرێمی كوردستانبوونیان هەیە ، یەك ملیۆن وسێسەد و سیو دوو وهەزار عەرەب ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژین كە دەكاتە لە سەدا 26 ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان . باشە لە ئێستادا كە لەسەدا 10 خەڵك ئەمە دەزانێت و هەست بە مەترسی دواڕۆژ دەكەن ، ئەی بیرناكەنەوە كار ئاوا بروا ت و بە بەهەزاران شوقە بە عەرب بفرۆشرین لە پێناوی قازانج ودەسكەوتی بەرپرس و بازرگانە چاو چنۆك و نیشتمان فرشەكان، دوای 20 ساڵێتر ڕێژەی هاوڵاتیانی عەرەب دەگاتە چەند ، یان پێویست ناكات بیر لە داهاتو بكەینەوەو نان ئەو نانەیە كە ئەمڕۆ لە خوانە.
3- كاك ڕێبین ئاماژەی بەوە كردووە كە بارودۆخ و ئاوو هەوای خواروی عێراق زۆر ناخۆشەو كەش و هەوای هەرێمیش خۆشەو ئەمە وای كردووە خەڵكێكی زۆربۆ گەشت وگوزار ڕوبەكەنە هەرێمی كوردستان . باشە ئەمەیان جیگەی خۆشحاڵییەو هاتنی عەرەب بۆ گەشت وگوزار زۆر جیاوازە لەوەی بێنە كوردستان و تێیدا نیشتەجێ ببن و دێموگرافیای هەرێم بگۆڕێت . باشە با حكومەت و سەرمایەدارە چاوچنۆكەكان لە بری دروستكردنی شوقە ، بابێن شوێنی گەشتیاری دروست بكەن، كارگەو پڕۆژەی وەبەرهێنان بنیات بنێن بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم بە هێز ببێت ، باشە تەنها دروستكردنی شوقە نیشانەی گەشەی ئابوورییە ؟. . لە خالێكیتردا كاك ڕێبین دەلێت : بەهۆی دواكەوتنی موچەو باری خراپی ئابووری هەرێم ، بازاری هەرێم زیاتر چاوی لەسەر هاتنی عەرەبە بۆ هەرێمی كوردستان . كەسمان لاریمان لەوە نییەو دژی هاتنی عەرەب نین بۆ هەرێمی كوردستان ، بەڵام وەكو وتمان با زەمینە خۆش نەكەین بۆ ئەوەی لێرە نیشتەجێ ببن ، بەلكو بۆ گەشت وگوزار بێن . باشە لەبەر خاتری ئەوەی هاوڵاتیانی عەرەب بێن كەل و پەڵ بكڕن ، دەبێ ئێمە هەرێمی كوردستان بفرۆشین ؟.
4-كاك ڕێبین دەڵیت: ئەم هەرێمە بە پێی یاسا دانی پیانراوەو كوردوو عەرەب وەك و یەك بۆیان هەیە لە هەر شوێنێكی عێراق بۆیان هەیە نیشتەجێ ببن و هەموویان یەك مافیان هەیە . بەڵام كاك رێبین ئەوەی لە بیركردووە كە هاوڵاتیان كورد تاكە تاكە نەبیت كەس نایەوێت لە بەشەكانیتری عێراقدا نیشتەجێ ببێت بە هۆكاری ئەوەی : دوو كەلتوری زۆر لە یەكتر جیاوازمان هەیە ، كورد هەمیشە چەوسینراوەتەوە لەلایەن نەتەوەی عەرەبی باڵادەست و خاوەن دەسەڵات و لە لایەكی تریشەوە ژینگەو ئاو هەوای هەرێمی كوردستان یارمەتیدەرە بۆكۆچی بەردەوامی عەرەب بۆ هەرێمی كوردستان. لەهەموی گرنگتر ژمارەی عەرەب لە عێراق لە زۆربونێكی خێراو بەردەوامدایە و ژینگەو ئاوهەوای ناوەڕاست وهەبوونی پێداویستییەكان بۆ بەردەوامی ژیان لە خواروی عێراق لە ئاستی لە خۆگرتنی زۆر بوونی ئەو ژمارە زۆرەدا نییە بۆیە هاتنی عەرەب بەو ژمارە زۆرە بۆ هەرێمی كوردستان و نیشتەجێ بونیان ئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە . بە بوچونێكیتر ئەو حەزوو ئارەزوەی هاوڵاتی عەرەب هەیەتی كە لە هەرێمی كوردستان ،نیشتەێ ببێت ، هاوڵاتیانی كورد نیانەو لەئەنجامدا ئێمەی كورد زەرەر مەندی یەكەم دەبین . كاك ڕێبین دەلێت : ژینگەی هەرێمی كوردستان وای كردووە كە هاوڵاتیانی عەرەب ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن ، باشە ئێمەش ترسەكەمان لە ئەوەیە ئایا كورد هیچ بەرنامەیەكی داناوە بۆ ئەو مەترسیانەی لەئەنجامی ئەو كۆچكردنە بۆ هەرێمی كوردستان ڕوودەدات ، یان تەنها بۆ ئەوەیە زۆرترین شوقە لە لایەن كوردە چاوچنوك و خۆفرۆشەكانەوە بفرۆشرێت و قازانجەكەی لەگەڵ بەرپرسە نیشتمان فرۆشەكان بەش بكەن و خەڵكی بازاڕیش موشتەری فرۆشتنی هەنگوینی ساختەو فستق و دەنكە كولەكەو مێوژیان بۆ زۆر ببیت و نیشتمانیش بە سەلكە تورێك .
5-كاك ڕێبین لە كۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت : زۆر بونی عەرەب بەم شێوەیە سروشتییەو هەرگیز دێموگرافی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا نایەت ، هەر وەك چۆن كۆچی ملیۆنان كوردو توركو عەرەب و نەتەوەكانیتر بۆ وڵاتانی ئەوروپا بۆ هاوڵاتی بوون تێكەڵ بوونە بە كەلتوری ئەو وڵاتانە ، نەك بە كورد كردنێ ، یان عەرەبكردنی ، یان بە توركردنی ئەو وڵاتانەیە . بە بۆچونی من كاك ڕێبین لێرەدا كەمێك بەهەڵەدا چووە . لەبەرئەوەی من زۆر شتی ترم ماوە لەسەرسەرنجەكانی كاك ڕێبین ، ڵێرەدا تەواو نابێت ونامەوێت بابەتەكە زۆر درێژە بكێشێت و لە خوێندنەوەی بێتاقەت ببن ، باقیاتەكەی لە بەشی چوارەمی ئەم باسەدا تەواو دەكەم بۆ ئەوەی زیاتر هەست بەمەترسی هاتن و زۆربوونی هاوڵاتیانی عەرەب بكرێت و بە دیاردەیەكی ئاسایی سەیرنەكرێت ، چونكە دواجار هەزار پەشیمانی سەلكە تورێك ناهێنێت .