ترسناکی راستەقینە!!

محەمەد خۆشناو
  2021-03-27   
ئادەمیزاد هەموویان ئەگەری تووشبونیان هەیە بە نەخۆشی ، دل ، فشاری خوێن ، زەهایمەر... هتد ، هەیە بە ڤایرۆس ، هەشیانە بە بیروبۆچوونێک نەخۆش دەبن ، کە دەبێتە مایەی زەرەرێکی زۆر بۆ خەلکانی تر! ، بەلام ئەم گروپانە کێن کە زۆرترین زەرەریان لەکن ئێمە هەیە؟
تۆ یەکسەر بیرت بۆ ئەوە دەچێت ، کە ئەمە ترۆرستانی داعش و قاعدە-ن یا حزبە فاشی و دەولەتە شمولیەکانن ، کە ترسناکیە راستەقینەکەن ، چونکە هەریەک لەمانە تووند و تیژی و کوشتن و تێکدان بەکاردەهێنن ، هەیانە بۆ مانەوەی خۆی و رژیمەکەی ، هەیانە بۆ جیهاد لە پێناوی خودا و ، گەنجان فریو دەدەن ، بەوەی کە دیاریان لە ئاسمانەوە بۆ دێت... ئەمانە نابنە ترسناکی گەورە ، چونکە دەتوانرێت بە ئامرازی خۆیان بەدوایاندا بچین و بیاندۆزینەوە ، هەتا دەگەینە سەری رێکخراوەکە وەکو بن لادن و بەغدادی و، دەشێت لە هەر شوێنێک دابن لە مۆلگەکانیان لەناوببرێن ، بۆ رژیمە فاشی و شمولیاکانیش بەهەمان شێوە بە ئامرازی جۆراوجۆر لەناودەبرێن.
ترسناکی راستەقینە کە جێگەی ترسە ، بریتیە لە دورووەکان ، کە خۆیان لە دەورووبەری بەرپرسە بالاکان لە حزبەکاندا ، لە دامەزراوەکانی وەزارەت و ، لە کۆمپانیاکان و ، لە خانەوادەکان و ، لە راگەیاندن- دا خۆیان مەلاس داوە ، ئەم مونافیقانە هیچ کێشەیەکیان نیە ، کێشەیەان بەرژەوەندی کەسیە ، ئەمانە لە دوروویدا خۆراکی دەدۆزنەوە کە بەهێزیان بکات.
بەدرێژایی ژیانمان ، سەرەرای درێژی و کورتی تەمەن ، شێوە و هەمەجۆری دوروویی-یمان دیت ، دوروویی شێوەی خۆی دەگۆرێت ، وەکو گۆرانی مۆدەی جل و بەرگە ، هەیە نیفاق بۆ کەسەکان دەکات و ، هەیانە بۆ دەسەلاتدار دەکات ، ئەوەی پێشتر بۆ سەرۆکی دەکرد ، ئێستا بۆ سەرۆکی نوێ دەکات ، لە رووالەتدا بەرگری لە نیشتیمان دەکات و ، لە ناواخندا بۆ سوود و ئیرتیزاقە ، ئەوەی بەلایەوە گرنگە تەنها بریتیە لە هێنانەدی بەرژەوەندیەکانی و نیازەکانی ، کارەکە هەر بەوەندە راناوەستێت ، لەو زەمەنەی ئێمەدا زیاتر پێشکەوتووە ، ئێستا رێگەپێدان هەیە ، هەر کەسێک رێگەپێدانەکەی وەرگرت ، دەستدەکات بە هێرشکردن ، جنێودان ، ناوهێنانی کەسەکە بە هیچوپوچی و ، بێئەدەب و ، دەروات تا پلەی تیرۆرکردنی ئەدەبی.
دوروویی پەتایەکە بلاوبۆتەوە ، کەسانی دورووی وا هەیە ، بەهەلچوونێکی دروستکراوی وا قسە دەکات ، تا کاریگەری لەسەر جەماوەر دروستبکات و ، وا دەزانێت دەنگی گەورە و هەلچوون ، راستگۆیی دەداتە نیفاقەکەی و ، خۆی والێدەکات کە « ئەو» خاوەن مالە و خاوەنی بەرژەوەندی یەکەم و کۆتاییە و ، هاوار دەکات بۆ بەرگریکردن لە لایەنێک یا مەسئولێک ، جاری واش هەیە گوایە بۆ خەمخۆری هاولاتیانە ، ئەمە بۆ ئەوەیەتی رازیبوون بەدەستبهێنێت و ، خۆی وادادەنێت کە نزیکی ئەو لایەنەیە یا ئەو بەرپرسەیە ، ئەمانە لە دوروویدا پێشینەیەکی گەورەیان هەیە ، بە ستیایشێکی بێتام لە هەلبەستن و ستایشنامە«بەلام وا خەریکە مۆدیلی ئەم جۆرە نیفاقە ئێکسپایەر دەبێت و ماوەی بەسەر چووە» هەندێک جاریش بە ناردنی تۆمەتبارکردن بە بیانۆی پاراستنی دەسەلات و بەرژەوەندیەکان ، هەر بۆیەش جاری وا هەیە کەسی دوروو ، بۆ پلەی بەرزی بەرپەسیارێتی حزبی یا حکومی دەپالێورێت و دادەنرێت.
کەسی دوروو و هەلپەرست و کاسەلێس ، مەسئولەکە بە دوروویی دەخاتە ناو هەلەوە ، هەلە بەروەرووی بەرپرسەکە دەکات و ، بە شان و بالی بریارە هەلەکەی بەرپرسەکەدا هەلدەلێت و ، دەیرازێنێتەوە و ، شتێکی وا دەکات بە حەزی بەرپرسەکە بێت.
کەسی دوروو لە هەولی ئەوەدایە ، کە نەیاری بەرپرسەکەی سووک بکات ، لەسەر بنچینەی ئەوەی ، کە ئەم کارە دەبێتە مایەی بەختەوەری بەرپرسەکەی ، لەوانەیە نەیارەکەی هەلەیەکی کردبێت ، ئەمە دەبێتە مایەی هەلێکی زێرین بۆ کەسی دوروو بۆ لێدانی و ، چاودێری ئەوەی لە دەرووبەری دەکات و ، هەموو هەولێک بەکار دەهێنێت بۆ چەسپاندنی گوێرایەلی و پاشکۆیی تەبیعی تەرزێکی تری دوروویی هەیە ، کە بەرێگایەکی نەرم و ئارام دورویی دەکات ، بەردەوام بە پێکەنین و قوربان قوربان ، بەو پێکەنینە دەستکردە پلاستیکیە خۆی بە خۆشەویست و نزیک لە گەل و میللەت پێشان دەدات.
تەبعەن دوروویی دیارەیەکە لە کۆمەلگای سیاسی داخراو و ، هەژار لەرووی ئابووریەوە هەیە ، ئەم دیاردەیە لە کۆمەلگە پێشکەووتوەکاندا وەها نابێت ، چونکە یاسا هەیە دەتپارێزێت ، کەس ناپارێزرێت هەرچەندە نفوزەکەی لەوپەری بەهێزیدابێت ، لە ولاتەپێشکەوتووەکاندا حاکم هەیە ، دوروویی بەرانبەر گەل ناکات و ، گەلیش دوروویی بەرانبەر دەسەلات ناکات و ، پەیوەندیەکە مەحکومە بە یاسا.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستانیش ، ئەم دورووانە کاریگەری خۆیان هەیە ، لە قولکردنەوەی ناکۆکیەکان و ، ناحەزی و ، لەباربردنی هەر دەستپێشخەریەک کە ببێتە مایەی رێکخستنەوەی نێو مال و یەکگرتوویی.
دوروویی ئەنجامەکەی یەکە و ، کۆتاییەکەی زانراوە ، کە بریتیە لە: نشووستی زیاتر ، پاشەکشەی زیاتر ، غیابی بەهاکان و داد زیاتر ، بێویژدانی مردوویی زیایر...
کەسانی دوروو کوللەی رەشی بە بیابانکردنی کوردستانن ، کە هیچ ماددەیەکی مرۆییان تێدا نەماوە ، ئەمانە سووتەمەنی هەلگیرسێنەرئ پەرتەوازەیی و قولکردنەوەی ناحەزی و رقلێبوونەوەن ، ئەمانە ئەوانەن سیمفۆنیای دوروویی بە رۆژ و شەو دەژەنن و ، باش لە هونەری دوروویدا شارەزان و لێیدەزانن ، ئەمەیە ترسناکیە راستەقینەکە ، هەندێکیان هەن لێی نازانن ، لەمانە مەترسە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×