سەرۆکە نوستووەکە و ئۆکرانیا

غازی حەسەن
  2022-03-03     844

پۆتین بەبڕیارەکانی ئاگری لەپاوانی وشکی ئەوروپا و ئۆکرانیا بەردا. ئەمەریکا پێشتر لەسەر زاری بایدن ڕایگەیاند ڕوسیا لەماوەیەکی دیاریکراوی نزیکدا هێرش دەکەنە سەر ئۆکرانیا و داگیری دەکەن. ڕوسەکان ئەم قسانەی بایدن و زانیارییە خێراکانی هەواڵگریان بەگەمژەیی وەسفکرد، کە لەکردەوەدا خۆیان (درۆی ئاشکرا و زەقیان بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ هێرشەکەیان دەکرد) و بەکردەوە (پۆتین) گوتارێکی ئاگرینی، بەنیازی داگیرکردن پێشکەش کرد. (جۆنسون) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پۆتینی بە (دیکتاتۆر) وەسفکرد.

سەرۆکی ئەمەریکا هیچ کاتێک لەم ڕووداوە مەزنە جیهانیانەدا هێندەی ئێستا خاو و کەم قسە و لاواز دەرنەکەتووە، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی هەندێک لە ئەمەریکییەکان بڵێن "پۆتین لە بایدن ناترسێت". بەواتای ئەوەی بایدن هیچ شکۆ و هێزێکی بۆ خۆی و ئەمەریکا نەهێشتۆتەوە، هەرچەندە لەسیاسەتدا ئەنجامی کۆتایی گرنگە، نەک شەڕ و خۆدەرخستنی سەرەتایی. بەڵێ دیارە بایدن ئەمەریکای خستۆتە سەر دووڕیانێکی مەترسیدار و دونیا گلەیی لەم وڵاتە بەهێزە کرد و مەزەندەکەوە وابوو، کە لەتەنگانەدا دۆست و هاوپەیمانەکانی پشتگوێ دەخات، تەنیا حیسابی پووشکەیەکیشان بۆ ناکات.

بەکردەوە ئەمە لەگوتارەکانی ئەم دواییەی بایدن و هەڵوێستی ئەمەریکا بەزەقی بەدیار دەکەوێت. ئەمەش وایکرد ڕوسیا هان بدات بەشێوەیەکی خێراتر لەخێرایی سروشتی پەلاماری ئۆکرانیا بدات و جەنگی داگیرکردنی ئەم وڵاتە ڕابگەیەنێت.

لەهەمان کاتدا ترەمپ لەیەکەمین کاردانەوەیدا پۆتین بەکەسێکی ژیر وەسف دەکات و سەرکردەکانی ئەمەریکا بە گەمژە دادەنێت و واخۆ نیشان دەدات، ئەگەر سەرۆک بووایە ئەمە ڕووی نەدەدا. لەهەمان کاتدا دوای ئەوەی بایدن پێچەوانەی ئەو شتە چاوەڕوانکراوەکان، لەگەلە ئەوروپاییەکان و ئەندامانی ناتۆ دەستیان بەجووڵە کردەوە، لەنێوەخۆی ئەمەریکادا پێیان وایە بایدن دەیەوێت تێکشکانەکانی لە ئەفغانسان و عێراق و هەڵوێستی لەئێران لەڕێگەی بڕیارە تازەکانی بۆ هاوکاری ئۆکرانیا و ناتۆ ڕاست بکاتەوە. لەڕۆژانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕکابەرەکانی بە بایدنیان دەگووت (نوستوو، یان خەوالوو). لەکردەوەدا ڕەفتاری ئەم سەرۆکە خاوە و نەرم و نیانە و دوورە لەکاردانەوەی خێرا و نیازی جەنگ و بەرەنگاربوونەوەی بەدەگمەن لێ بەدی دەکرێت. بێگومان بەهۆی گۆڕانی واقیعی شەڕەکە و خۆراگری ئۆکرانییەکان کاردانەوە دژی ڕەفتارەکانی ڕوسیاش گۆڕا، بەڵام هیچ مەرج نییە تەنیا بەسزای ئابووری بتوانرێت ئەم وڵاتە بووەستێنرێت.

ئێمە دەزانین هەر جووڵەیەکی سەربازی ئەمەریکی بۆ پاڵپشتی ئۆکرانیا، پووشە وشکەکانی ئەم مەسەلەیە خراپتر گڕ دەدات و لەکێشەیەکی ناوچەیی بەرەو جەنگێکی بێ کۆتایی سەرتاپاگیری جیهانی دەبات. واتە بایدن یان دەبێت ئەم شەڕەی جیهانییەی پۆتین دەستی پێکردووە و چین و ئێران پاڵپشتی دەکەن، بەنزینی بەسەردا بکات. یان دەبێت خەو لەخۆی بخات و بیر لەچارەسەری دیکە بکاتەوە. سەرەتای بیرۆکەی دوورکەوتنە لەشەڕی ڕاستەوخۆی سەربازی رێچکەی خۆی گرتووە و خەریکە جیهان دەبێتە یەک دەنگ و ئەنجامەکانی جەنگ شتی نوێ دەهێننە پێشەوە.

لەهەمان کاتدا لە سەعاتی یەکەمی جەنگەکەدا، ئەمەریکا پێگە و هاوپەیمان و دۆستەکانی لە ئەوروپا و جیهان تووشی نیگەرانیی و مەترسی کرد و نێوبانگ و متمانەی نێودەوڵەتی بەرەو شۆڕبوونەوە برد. هاوپەیمانە نوێیەکانی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و وڵاتەکانی بەلتیق کە تازە بوونەتە ئەندامی ناتۆ، خستە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەکی دیکەی نوێ، بەڵام دۆخەکە خێرا گۆڕا و خەریکە دەڵێن ئەمەریکا بەشێوەیەکی دیکە سەرکردایەتی بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیا دەکات.

ئەوەی من دەبینیم ئەم هێرشانە لەکردەوەدا بۆ تێکشکاندن و سافکردنی کێشە و ڕکابەریی و ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و چین و ئەمەریکایە، ئۆکرانیا تەنیا کارتێکی قوربانی سیاسی و سەربازیی و  ئابوورییە. جەنگە لەنێوان دوو جیهانی جیاواز.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پڕۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک بە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ پارێزەران باس لە «سیناریۆ و گوشار» لەسەر تۆمەتباران دەکەن
پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو شاری موخا؛ هاوکێشەی سەربازی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەگۆڕێت
هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
حکومەتی هەرێم بەپێی سەرژمێریی نوێ داوای 14.1%ـی بودجەی عێراق دەکات؛ "مەبەستمان بودجەی گشتگیرە نەک تەنها مووچە"
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دۆسیەی لالەزار وەردەگرێت
ئیسرائیل بە هەزارو ١٠٠ تەن تەقەمەنی تونێلەکانی "عەلی تاهیر"ی وێران کرد
لە کەلار؛ منداڵێکی دوو ساڵان لەناو تەشتێک ئاودا خنکا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×