دەقی کەمئەندام، بۆ کۆمەڵگەی کەمئەندام!!

غازی حەسەن
  2025-05-23     178

بەشێ هەرەزۆری ئەو نووسین و  دەق و گفتوگۆ و گوتار و دەقە ئەدەبیانەی لە کوردستان بەکاردەهێنرێن، بەرهەمهێنراوی عەقڵێکی پێنەگەیشتووە. کاری من ڕێنیشاندان و پەروەردەکردنی ئەوانی دیکە نییە، بەقەد ئەوەی شیکار و لێکدانەوەی دۆخ و پەیوەندی و پێکهاتەکانە.

هەندێک لە قسەکانیان کە ئەوانی دیکە ڕەت دەکەنەوە، ڕاشکاوانەش قسە لەسەر عەقڵی نەخۆش و نەساخی کۆمەڵگە و ئازاری نەبوونی دادپەروەریی و گەندەڵی و دەقی لاواز و بەرهەمی ئەدەبی لاواز و نەخۆش دەکەن. بێ ئەوەی هەست بکەن، کە بەرهەمەکانی خۆیان کەمئەندام و نەخۆش و شەپڕە لێدراوە، بە واتای ئەوەی بەرهەمەکانیان پڕە لە (نەخۆشی و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و کوشتنی ئەوانی دیکە و سڕینەوە و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی متمانەکوژ و ژەهری بیرکوژ و هەتکردن و سووکایەتی...). لەهەمان گاڤدا دەقەکانیان نەخۆش و دەردەدار و بیژۆکە.

کۆمەڵگە بەم جۆرە گوتار و دەقە ناتەواو و هیشکەکەڵەک و کای بەر تۆزوبایە چارەسەر ناکرێت. بۆ دەبێت لە کۆمەڵگەی کوردی دەقێکی رێنوێن و باڵا و کۆمەڵگەگۆڕ نەبێت. بۆ دەبێت دەقنووسێک دان بەوی دیکەدا نەنێت، بۆ دەبێت بەرهەم لەدەرەوەی عەقڵ و بیر و تێروانینی جیهانگۆڕ بێت.

دەمێکە گوتوومە ئەگەر ئێمە وەکو گووفەکێک شتی باش و خراپ، گرنگ و بێ بەها لەمێشک بکەین، بێگومان مێشک دەبێتە شوێنێکی یەکجار خراپ، لەبەر ئەوەشە دەقی نەخۆش و کەمئەندام بۆ چارەسەری کۆمەڵگەی کەمئەندام بەرهەم دەهێنرێت. لەم سەردەمە غەدارەدا هیچ قسەیەکمان گوێ لێ نابێت، ڕەخنە نەبێت، ڕەخنەش بەمانای یەکتر سڕینەوە و بێ بەهاکردن و تڕۆکردنی هەموو شتێک. ئەگەر جوێن نەدرێت و کەسانی دیکە نەکرێنە پەڕؤی بێنوێژ، ئیدی ئاخاوتنەکان گوێگریان نابێت و گوتارەکان لایک ناکرین و نووسینەکان فلسێکی قەرپیش ناکەن.    

کۆمەڵگەی نەساخ و کەمئەندامی کوردستان بە گوتار و دەقی کەمئەندام چارەسەر ناکرێت، عەقڵ بێ مەعریفە و بیناکردن و جیهانگۆڕی کاریگەری نابێت و ساخ نابێتەوە کە عەقڵ و تێڕوانین و فکرێکی تەندروستە و شیاوی بەکارهێنان و بناغە بۆ ئیرادەسازی لای تاک دروست دەکات.

پێش هەر شتێک نەهێلانی عەقڵی کەمئەندام و نەخۆش و پەککەوتە سەرەتایەکی ڕۆشنگەرە بۆ بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی ساخ و بەرهەمهێن و داهێنەر، بەرهەمهێنانی دەقی کاریگەر و ساخ و  ڕۆشنکەرەوەی عەقڵە تاریکییە بێ نرخکراوەکانە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×