لە ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، (ئیلۆن ماسک) کە پێشتر پاڵپشتی دیموکراتەکانی کردبوو، ڕایگەیاند ئەمجارە هاوکار و پاڵپشتی (دۆنالد ترەمپ) دەبێت و بەکردەوەش وایکرد، پارەیەکی زۆریشی بۆ سەرکەوتنی کاندێدی کۆمارییەکان تەرخانکرد. (ترەمپ)یش دوای پیکهێنانی ئیدارە نوێیەکەی دەسەڵاتێکی زۆری بە (ماسک) دا و وەزارەتێکی تایبەتی بەناوی کارابوونی حووکمەتی بۆ ئەو پێکهێنا، وای لێهات منداڵە بچووکەکەی ماسکیش چەندین جار لە وێنە و شوێنە فەرمییەکان لەگەڵ (ترەمپ) دەرکەوت. بە واتای ئەوەی پەیوەندیی و بەرژەوەندی و متمانەی نێوانیان بەهێز بوو. کەچی لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەناکاو پەیوەندییەکانیان درزی تێکەوت، لە ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا وەکوو مانشێتی سەرەکی و گەرم مامەڵەی لەگەڵ کرا. من لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لە ناونیشانەکان ڕاگەیاندن دەکەم:
گۆڤاری (نیوزویک) لە مانشێتێکی دەڵێت: پەیوەندییەکانی (ترەمپ و ماسک) بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گرژ دەبێت.
پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ شەڕ و بەقسە هێرشکردنە سەر یەکتر لەنێوان سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن ماسک) ملیاردێری تەکنەلۆژیا و هاوپەیمانی پێشووی (ترەمپ) سەریهەڵدا، ناکۆکییەکە لەئاهەنگێکی کۆشکی سپی دەستی پێکرد، کە تیایدا (ترەمپ) نائومێدی خۆی لە (ماسک) دەربڕی کە بەم دواییە ڕەخنەی لە پڕۆژە یاسایە گەورەکە و سیاسەتی ناوخۆی ئیدارەکەی سەرۆک گرتووە.
https://www.newsweek.com/donald-trump-administration-travel-ban-live-updates-2081348
بەپێ ئەم گۆڤارە کێشەکە ئەمەیە: (ترەمپ) ماسکی تۆمەتبار کرد بەوەی تەنیا دوای جێهێشتنی ئیدارەکەی دژی ئەو پڕۆژە یاسایە دەستی بە ئاخاوتن و قسەکردن کردووە. (ماسک) پڕۆژە یاساکەی بە "قێزەون" ناوبرد. (ترەمپ) ئاماژەی بە ئەگەری کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکانی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی (ماسک) کرد، لەهەمان کاڤدا (ماسک) بە ئاشکرا پرسیاری ئەوەی کرد، کە ئایا پێویستە پارتێکی سیاسی نوێ دەست پێ بکات؟
(ماسک) مانگی ڕابردوو دەستی لە سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی کارایی حکوومەت کێشایەوە. دوای ماوەیەکی کەم ڕەخنەی توندی دژ بە پڕۆژە یاساکە دەستی پێکرد و لە ڕووی داراییەوە پڕۆژەکەی بە نابەرپرسیارانە ناوبرد. لەهەمان کاتدا کێشەکە ئەو کاتە تەقییەوە، کە لەچالاکییەکی کۆشکی سپیدا، (ترەمپ) ڕایگەیاند: (ماسک) بە تەواوی ئاگاداری پڕۆژە یاساکە بووە، بەڵام تەنیا دوای وازهێنانی لە وەزارەتەکەی دەستی کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین و ئەویش لە سۆشیال میدیا بەخێرایی وەڵامی سەرۆکی دایەوە و بانگەشە و قسەکانی (ترەمپ)ی ڕەتکردەوە و کۆمارییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد پشتیان بە پاڵپشتیی و هاوکارییەکانی ئەو بەستووە لەپێناو سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو. لەگەڵ ئاماژەکردن بەهەندێک فایلی دیکەی هەستیار، کە دەماری ترەمپی پێ دەگرێت و تووڕەی دەکات.
(فۆکس نیوز) لە ماشێتەکی خۆی تایبەت بەم کێشەیە دەڵێت:
(ئیلۆن ماسک) وشەکانی (ترەمپ) کە هی ساڵی ٢٠١٣ ە سەبارەت بە ئاستی قەرزەکان لە دژی خودی (ترەمپ) بەکاردەهێنێتەوە.
لەدرێژەی ئەم بابەتە دەنووسێت: "ناکۆکیی و توڕەییەکانی (ئیلۆن ماسک) لەگەڵ سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ) لەسەر پڕۆژە یاسا گەورەکە بەردەوامە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ پۆستێکی دە ساڵەی سۆشیال میدیای بۆ لێدان و دژایەتیی (ترەمپ) بەکارهێنا. (ماسک) بەتوندی دژی ئەم پڕۆژە یاسایە وەستایەوە، چونکە ٢.٤ تریلیۆن دۆلار بۆ قەرزە نیشتمانییەکان زیاد دەکات، کە پێشتر تاکوو ئەمڕۆکە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٦.٢ تریلیۆن دۆلار".
https://www.foxbusiness.com/politics/elon-musk-uses-trumps-2013-words-debt-ceiling-against-him
ڕۆژنامەی (نیۆرۆک تایمز)یش لە ناونیشانێکی زەق و گەورەی خۆیدا دەبێژێت: ترەمپ هەڕەشەی بڕینی گرێبەستەکانی حکوومەت لە (ئیلۆن ماسک) دەکات.
ئینجا دەڵێت: "لەگەڵ زیادبوونی کێشەکان ناڕەزایی ئاشکرای نێوان ئەو دوو کەسە دوای ئەوە دێت، کە ئەو ملیاردێرە پڕۆژە یاسای سیاسەتی ناوخۆیی واژۆکراوی سەرۆک ترەمپی بە "قێزەون" وەسفکرد.
https://www.nytimes.com/live/2025/06/05/us/trump-elon-musk
(ئێن بی سی نیوز) یش بەهەمان شێوە وەکوو چەندین دەزگای دیکەی ڕاگەیاندن بە ئاماژەکردن بەلێدوانێکی سەرۆک دەڵێت: (ترەمپ) "زۆر نائومێد بووە" لە (ئیلۆن ماسک) و هەڕەشە لە کۆمپانیاکانی دەکات، گرژییە گەرم و تووندەکانی نێوان سەرۆک و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، گەیشتە ئاستی کوڵان و هەنووکە لەشێوەی ململانێیەکی دراماتیکی دەردەکەوێت.
https://www.nbcnews.com/politics/trump-administration/live-blog/trump-administration-travel-ban-biden-tariffs-live-updates-rcna210178
کەناڵی (سی ئێن ئێن)یش لە مانشێتکدا دەڵێت: (ترەمپ و ماسک) کێشە گشتییەکانیان لەبارەی پڕۆژە یاسای کارنامە پەرەپێ دەدەن و پەیوەندییەکانیان بەرەو کەوتن و لێژییە.
لەدرێژەی ئەم بابەتەدا دەڵێت: ئەمڕۆ کێشەیەکی نائاسایی گشتی لەنێوان سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ) و هاوپەیمانەکەی (ئیلۆن ماسک) سەریهەڵدا، سەرۆک گوتی "زۆر بێ هیوا بووە" لەو ملیاردێرە تەکنەلۆژییە بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە پاکێجی کەمکردنەوەی باج و خەرجییە بەرفراوانەکانی گرتووە و بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە حکوومییەکانی کۆمپانیاکانی پێشنیار کردووە.
https://www.cnn.com/politics/live-news/trump-president-administration-news-06-05-25
ڕۆژنامەی (ئێندپێندنت)یش وەکو هەواڵێکی گەرم و کاریگەر لە ناونیشانێکی زەقدا لە بابەتێکی شیکاری درێژ دەڵێت: (ماسک) پشتگیری لەشتە هاندەرەکانی (ترەمپ) دەکات، کە پەیوەندی بە لێپێچینەوە لە پۆستەکەی هەیە، لەکاتێکدا شەڕی سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (تێسلا) دەتەقێتەوە.
ئینجا دەنووسێت: "ڕاستەوخۆ (ئیلۆن ماسک) بانگەشەی ئەوە دەکات، کە "هۆکاری ڕاستەقینە"’ فایلەکانی ئێپشتاین "ڕوون نەکراونەتەوە" چونکە ئەمانە پەیوەندییان بە خودی (دۆناڵد ترەمپ)ەوە هەیە و ناوی ئەویان تێدایە". ئەم فایلە گومانی تاوانی کوشتنی کەسێکی دەوڵەمەندی لەخۆگرتووە.
(ئیلۆن ماسک) ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ داوای لێپێچینەوە لە سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ) لە پۆستەکەی کرد، لەکاتێکدا کێشەکانیان چووەتە قۆناغێکی نوێ و لە کۆنترۆل دەرچووە و تەقیتەوە. ( ئیان مایڵز چیۆنگ) لەبارەی ئەم بابەتە دەنووسێت: "سەرۆک بەرانبەر ئیلۆن کامەیان سەردەکەوێت؟ (ماسک) دەڵێت: پێویستە (ترەمپ) لێپێچینەوە لە پۆستەکەی بکرێت و (جەی دی ڤانس) جێگەی بگرێتەوە".
ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت) لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە لە سەرتاپای ڕەوشی سیاسیدا متمانەی پێ دەکرێت. بەپێچەوانەی بەشێکی زۆری دەزگاکانی تری هەواڵ، خاوەنی کوالیتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری، بۆیە گۆڤارەکە لەوەسفی خۆی دەنووسێت "ئەمەریکییەکان بۆیە لەنووسینی ڕاپۆرت و بابەتە شیکارییەکانمان ئێمە هەڵ دەبژێرن، ئێمە پێمان وایە ڕۆژنامەگەری خودان کوالێتی دەبێت لەبەردەستی هەموو کەسێکدا بێت، بەرانبەر نرخی کڕین ڕۆژنامەکە لەلایەن خوێنەرەکانییەوە پێویستە هەقی هەواڵەکان بداتە ئەو کەسانەی دەیکڕن و توانای کڕینی ڕۆژنامەکەیان هەیە؟.
. https://www.independent.co.uk/news/world/americas/us-politics/trump-travel-ban-12-countries-us-live-updates-b2764122.html
(سی بی ئێس)یش لە بابەتێکی شیکاری، کە ئەمە بەشێکییەتی دەنووسێت:
(ترەمپ و ئیلۆن ماسک) دژی یەکتر ئاڵوگۆڕی سووکایەتی و تۆمەتەکان دەکەن، لەکاتێکدا ناکۆکی گشتی لەئاستێکی تازە دایە.
ئەمەی سەرەوە مانشێتی ئەم دەزگایەی هەواڵە و دەنووسێت: "پەیوەندی نێوان سەرۆک (ترەمپ و ئیلۆن ماسک) ڕۆژی پێنجشەممە ٥ حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەشێوەیەکی دراماتیک و گشتی تێکچوو، سەرۆک هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە قازانجدارەکانی حکوومەتەکەی کرد و (ماسک)یش بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەڕێز (ترەمپ) بەبێ ئەو نەیدەتوانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت، ئەم ناکۆکی و هێرشانە ئەو کاتە دەستی پێکرد، کە (ماسک) بەئاشکرا دژایەتی خۆی دژی پڕۆژە یاسای باج و بوودجەی کۆمارییەکان دەربڕی.
(ماسک) ئەم بابەتەی بە "بۆمبە گەورەکە، بەڕاستی گەورە" ناوبرد، ئەم قسەیەی فڕێدا و ئاماژەشی بەمەکرد، کە گوایە ناوی بەڕێز (ترەمپ) لە فایلەکانی پەیوەست بە دۆسیەی (جێفری ئیپشتاین) هەیە، فایلەکە پەیوەندی بەم کێشەداراییە ڕیسواکراوە هەیە، کە لەساڵی ٢٠١٩دا ناوبراو لەکردەی خۆکوژیی لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵی گیانی لەدەستدا، ئەم کەسە ڕووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە سێکس کرابۆوە". بەپێی ئاماژەکانی ئەم ملیاردێرە خودی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ناوی وەکو گومانلێکراو هاتووە.
(ترەمپ)یش بە پۆستێکی دیکەی تایبەت بە خۆی وەڵامی دایەوە و گوتی: "من پێم ناخۆشە ئیلۆن دژی من بێتەوە، بەڵام دەبوو چەند مانگێک لەمەوبەر ئەوە بکات. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە یاساکان، کە تاکوو ئێستا پێشکەشی کۆنگرێس کراوە".
لە کاتێکدا ئەم ناکۆکییە دەتەقێتەوە و (ترەمپ) بێئومێدی خۆی لەهەمبەر (ماسک) دەربڕی، هەر تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر بوو، سەرۆک کلیلێکی کۆشکی سپی بە دیاری بەخشییە (ماسک) وەکوو دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ کارەکانی، کە لەوەزارەتی کارایی حکوومەتی ئەنجامی دابوو.
ئەم کەناڵە لەدرێژەی وتارە شیکارییەکەی دەپرسێت "ماسک کە بۆتە ئۆپۆزسیۆن پرسیاری دروستکردووە، ئەویش ئەمەیە ئایا کۆمارییەکان دەتوانن لەچواردەوری یاسای ناوەندی کارنامەی خوولی دووەمی (ترەمپ) بە یەکگرتوویی بمێننەوە، هەست بەوە کراوە سەرکردەکانی پارتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ڕۆژی چوارشەممە بێهیوا دەرکەوتوون".
ڕۆژنامەی (یو ئێس ئەی تودەی)یش دەنووسێت: پەیوەندی نێوان (ترەمپ و ماسک) دوای هێرشە کەسییەکان بەهۆی ڕەخنەگرتن لەپڕۆژە یاسای باج کۆتایی دێت.
ئەم ڕۆژنامە بەنێو بانگەی ئەمەریکا نایشارێتەوە و لە بەشێکی بابەتە شیکارییەکەی دەنووسێت: " دوای ئەوەندە مانەوەی شەوانە لە کۆشکی سپی، سواربوونی فڕۆکەی هێزی ئاسمانی یەک و ستایشکردنی یەکتر بە درەوشاوەیی، لەناکاو شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن ماسک)دا سەریهەڵدا و بەیەکجار کۆتایی هاوپەیمانییەکەیان هێنا، دوای ئەوەی (ترەمپ) بەرپەرچی ئەو ڕەخنانەی دایەوە، کە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە دژی پڕۆژە یاسای باج و سیاسەتی واژۆی سەرۆک کۆمار دەریبڕی". ترەمپ لە ٥ی حوزەیران ڕایگەیاند "زۆر نائومێد بووە" لە (ماسک) و ئاماژەی بەوەشدا پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری باڵای پێشووی کۆشکی سپی کۆتایی هاتووە، لەکاتێکدا بە ئاشکرا باسی هەوڵەکانی (ماسک)ی کرد بۆ کوشتنی ئەوەی پێی دەوترێت "پرۆژە یاسا گەورە و جوانەکەی".
(ماسک) هەفتەی ڕابردوو کۆشکی سپی بەجێهێشت، دوای ئەوەی لەماوەی چوار مانگی یەکەمی خوولی دووەمی دەسەڵاتی (ترەمپ) سەرکردایەتی وەزارەتی کارایی حکوومەتەکەی کرد. هەرچەندە (ماسک) بۆ یەکەمجار پێش دەرچوونی ڕەخنەی لە پڕۆژە یاسای (ترەمپ) گرت. سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی(یو ئێس ئەی توودەی) ڕاگەیاندووە (ماسک) پێش ڕۆیشتنی لە کۆشکی سپی داوای کردووە پێگە و مانەوەی لە حکوومەتەدا بۆ زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە سەرکردایەتیکردنی ئەو بەرنامەیە بەردەوام بێت، بەڵام کۆشکی سپی ئەم دوایەی ڕەتیکردەوە، (ترەمپیش) وەکو جۆرێک لە گاڵتە و نووکتە گوتی "پێم وایە ماسک غەریبی پێگە و شوێنەکەی دەکات".
ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیش لە وتارێکی شیکاری مە مانشێتێکی زەق دەنووسێت: (ترەمپ و ئیلۆن ماسک) ئاڵوگۆڕی سووکایەتی و تۆمەت دژی یەکتر دەکەن، لەکاتێکدا ناکۆکی گشتی دەگاتە ئاستێکی نوێ.
لە بەشێکی بابەتە شیکارییەکەدا ڕۆژنامەی (گاردیان)یش دەنووسێت: "نەمانی سوپاسگوزارییەکی لەم جۆرە" هاوپەیمانی (ترەمپ و ماسک) دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی تاڵ لەنوێترین دەرفەتیدا (ماسک) هێرش دەکاتە سەر سەرۆک، ئەمەش نیشانی دەدات بەشێوەیکی خێرا بێ منەت بووە لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ). ئەم ڕاوێژکارە تایبەتە یەکجار و بەئاشکرا هێرشی کردە سەر سەرۆک، ئەمەش ئەوە دەردەخات بێ منەتە لەو ملیۆنەها دۆلارەی، کە بۆ هەڵبژاردن خەرجی کردووە. (ماسک) لە پۆستێکدا لەسەر (ئێکس) دەڵێت: "بەبێ من ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕا، دیموکراتەکان ئەنجوومەنی نوێنەرانیان کۆنترۆڵ دەکرد و کۆمارییەکان بە ئەنجامی ٤٩-٥١ لەئەنجوومەنی پیران دەبوون".
ئەم ڕۆژنامە بەریتانییە لە درێژەی بابەتە شیکارییەکەی دەڵێت: " ترەمپ و ماسک بازرگانی بە قسەی ناشرینەوە دەکەن، لەکاتێکدا درز لەسەر پڕۆژە یاسای باج و خەرجییەکان بەئاشکرا سەری هەڵداوە. سەرەتا (ترەمپ و ماسک) بە وریایی ڕەفتاریان کرد و نەیان دەویست ڕاستەوخۆ لەیەکتر بدەن، بەڵام هەردووکیان چی دیکە خۆیان پێ نەگیرا و بەڕووی یەکتردا تەقینەوە، ئاڵۆزی و هێرشە قسە لەئاکامی ناکۆکی لەسەر پڕۆژە یاسای باج و خەرجییە ناوخۆییەکانی (ترەمپ) دەستی پێکرد و پەرەی سەند. (ماسک) بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەو بۆتە هۆکاری سەرکەوتنی (ترەمپ) بووە و سەرۆکیش دەڵێت: (ماسک) هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای بردنەوەی ویڵایەتی پێنسیلڤانیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا نەبووە، ڕەنگە و دوورنییە پەیوەندییەکانی (ترەمپ و مەسک) هێشتا بەرەو خراپتر بچێت. هەر تەنیا دوای ئاشکرابوونی کێشەکە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی ڕەخنە و بەئاشکرا تۆمەتبارکردنی یەکتر، (ترەمپ) هەڕەشەی سزادانی (ماسک)ی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال پۆستێکی کرد و نووسی: “ئاسانترین ڕێگە بۆ پاشەکەوتکردنی پارە لە بودجەکەماندا، ملیارەها و ملیارەها دۆلار، کۆتاییهێنانە بە یارمەتی و گرێبەستە حکوومییەکانی ئیلۆن". بەپێی زانیارییەکان دوای ماوەیەکی کورت لەتەقینەوەی ناکۆکییەکان کۆمپانیای (تێسلا)، کە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ئەلیکترۆنی (ماسک)ە، نزیکەی ٪١٢ی داهات و قازانجەکانی دابەزین، دابەزینەکەش پەیوەندی بە قسە و لێداونەکانی خودی (ترەمپ)ەوە هەیە.
(دۆناڵد ترەمپ) دەڵێت: "پیاوێکم بینی زۆر دڵخۆش بوو، کاتێک لە پشت مێزی ئۆڤاڵ بە چاوێکی ڕەشەوە وەستابوو، گوتم کەمێک ماکیاژت دەوێت؟ وتی: "نا، پێموانییە"، ئەمەش شتێکی سەرنجڕاکێشە". "من و ئیلۆن پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، نازانم چیتر ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت، یان نا، پاشان (ترەمپ) لە لەبارەی (ماسک) درێژەی بەقسەکانی دا و تۆمەتباری کرد بەوەی تەنیا لەبەر بەرژەوەندی خۆی دژی پڕۆژە یاساکە بووە، چونکە پڕۆژە یاساکە سوودی بۆ (تێسلا) نەبووە، کە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی ئەلیکترۆنی (ماسک)ە. بەنیازبوو بۆ سەرۆکایەتی (ناسا) دیاری بکات. (ترەمپ) گوتی: “زۆر بێهیوا بووم لە (ئیلۆن).
(ترەمپ) گوتی: ئیدی زۆر بێهیوا بووم لە (ئیلۆن)، لەناکاو (ماسک) بە شێوەیەکی کاریگەر (ترەمپ)ی بە درۆکردن تۆمەتبار کرد، دەڵێت: "ئەو ئەم پڕۆژە یاسایەی تەنانەت بۆ جارێکیش نیشانی من نەداوە و پڕۆژەکە لەشەوێکدا هێندە خێرا پەسەند کرا، کە تەنانەت زۆر کەس لە کۆنگرێسیشدا نەیانتوانی بیخوێننەوە".
(ماسک) سەدان ملیۆن دۆلاری لەهەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی (ترەمپ) خەرج کرد، بەشێکی زۆری هەڵمەتی لێدانی دەرگاکانی لەپێناو بردنەوەی (ترەمپ) لەئەستۆ گرت، هەرچەندە هەنووکە دەیانەوێت گومان بخەنە سەر ئەو کاریگەرییە.
وەک (ترەمپ) خۆی تێبینی کردووە: "خوولی یەکەم، هەمووان شەڕیان لەگەڵ دەکردم، لەم خوولەدا هەمووان دەیانەوێت هاوڕێم بن." ئەو هەڵە نییە، ئێستا چەندین ڕێکخراوی گەورەی هەواڵ و دەنگوباس کۆمپانیای گەورە خاوەندارێتیان دەکات، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان، مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئیدارەی ئەم سەرۆکە دەکەن.
(گاردیان) چۆن وسفی خۆیان دەکات
ڕۆژنامەی (گاردیان) یش لەبارەی هەڵوێست و بۆچوون و ڕەفتاری خۆشیان دەڵێن "ئێمە جیاوازین، ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) نییە، یان هەر سیاسەتمەدارێک، وەفاداری ئێمە وەکوو ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ بۆ ئەوانەیە، کە دەسەڵاتدار نین، بەڵکوو وەفامان بۆ جەماوەرە، لە بارەی هەواڵ و زنیارییەکانی مانگ و ساڵانی داهاتوو، هەرچییەک ڕووبدات، دەتوانیت پشت بە (گاردیان) ببەستیت، کە هەرگیز کڕنۆش بۆ دەسەڵات نابات و لەگوتنی ڕاستی پاشەکشە ناکات". ئەمە وەسفی ئەم ڕۆژنامەیە بۆ واقیع و ڕەفتاری خۆی.
هەقیقەتی بابەت و تەقینەوەی ترەمپ دژی ماسک
رۆژی پێنجشەممە ٥ حوزەیرانی ٢٠٢٥ لەکاتی سەردانی (فرێدریش مێرتس) ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کۆشکی سپی، (ترەمپ) لە یەکەم لێدوانی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ (ماسک) و ئەو ناکۆکیانەی هەنووکە سەریهەڵداوە، بەتووندی هێرشی کردە سەر (ماسک)ی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (سپەیس ئێکس و تێسلا).
(ترەمپ) ڕاشکاونە و هەموو جارێک بەزمانێکی ئاشکرا و زەق بە رۆژنامەنووسانی گوت: "من و ئیلۆن پەیوەندییەکی باشمان هەبوو، دڵنیا نیم ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت یاخود نا." ترەمپ گوتیشی: "زۆر نیگەرانم، چونکە ئیلۆن لە وردەکارییەکانی ناوەوەی ئەم پرۆژە یاسایە باشتر لە هەرکەسێکی ئێرە ئاگادار بوو، کەچی لەناکاو کێشەی بۆ دروستبوو."
چەند خولەکێک دواتر، (ماسک) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، بانگەشەکانی سەرۆکە ٧٨ ساڵەکە، کە گوایە ئەو پێشوەختە ئاگاداری پرۆژە یاساکە بووە "نادروستن."
بڕگە سەرەکییەکانی پرۆژە یاساکە:
چاكسازیی باج: پرۆژەیاساکە هەوڵ دەدات کەمکردنەوەی باجەکانی ساڵی ٢٠١٧ بە هەمیشەیی بکات، باج لەسەر بەخشیش، پارەی کاری زیادە و سوودی قەرزی ئۆتۆمبێل لاببات و داشکاندنی باجی ویڵایەت و ناوخۆ (SALT) زیاد بکات.
ئاسایشی بەرگری و سنوور: پێشنیازی ١٥٠ ملیار دۆلاری زیادە بۆ خەرجییەکانی بەرگری دەکات، کە ٢٥ ملیار دۆلاری بۆ سیستمی بەرگریی مووشەکی "گومەزی زێڕین (Golden Dome) دەبێت و ٥٠ ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی دیواری سنوور و چوار ملیار دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی سنوور تەرخان دەکات.
کاریگەریی دارایی: ڕەخنەگران، لەنێویاندا (ئیلۆن مەسک) دەڵێن پرۆژە یاساکە لەوانەیە تاکوو پێنج تریلیۆن دۆلار بخاتە سەر قەرزی نیشتمانی لە ماوەی دەیەی داهاتوودا، ئەمەش سەبارەت بە بەردەوامیی دارایی درێژخایەن نیگەرانی دروست دەکات.
پرۆژەیاساکە لەئەنجوومەنی نوێنەران پەسندکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجوومەنی پیرانە.
ئەم پێکدادانە نوێیە کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، کە (ترەمپ) ئاهەنگێکی گەورەی ماڵئاوایی لە کۆشکی سپی بۆ (ماسک) ڕێکخست، کاتێک کۆتایی بە کارەکانی هێنا لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی کارامەیی حکوومەت (DOGE) کە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو.
(ئیلۆن مەسک) گرژییەکانی لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) ئاشکراکرد و پەرەشی پێدا و ڕایگەیاند: سەرۆکی ئەمەریکا بەبێ پشتیوانی ئەو هەڵبژاردنی دەدۆڕا. (ماسک) لەتۆڕی (ئێکس) نووسی: "بەبێ من، ترەمپ هەڵبژاردنی دەدۆڕاند. چەندە بێوەفاییە."
دوای دروستبوونی گرژییەکان، پشکی کۆمپانیای تێسلا لە وۆڵ ستریت بە خێرایی دابەزی و رێژەی ٪٨ لەدەستدا.
ئیلۆن مەسک لە پۆستێکی دیکەی ئێکس راپرسییەکی دانا و نووسی: "ئایا کاتی ئەوە هاتووە پارتێکی سیاسیی دابمەزرێنین کە نوێنەرایەتیی ٪٨٠ـی خەڵک بکات؟"
https://www.rudaw.net/sorani/world/050620254
دیماهی
ئەگەر گریمانەکانی ڕۆژانی داهاتوو دەکرێت لەچەند خاڵێکدا کورت بکەینەوە:
یەکەم: (ماسک) نزیکە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی (ترەمپ) لە کاتی هەلمەتی هەڵبژاردن خەرجکرد، لە نێو ئەو ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەی بۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی ئەمەریکا تەرخانکرا بوو. دوور نییە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک و ڕاوێژکارە تایبەتییەکەی، ئەم کەسە ئەمجار با بداتەوە و پارە بۆ پاڵپشتی ڕکابەرەکانی (ترەمپ) بەتایبەتی دیموکراتەکان تەرخان بکات. وەکو پێشتر کردوویەتی.
دووەم: چارەسەرەکانی (ترەمپ) ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە لەڕێگەی قەدەغەکردنی نوێکردنەوەی گرێبەستە حکوومییەکان لەگەڵ (ماسک)، دژە فشار دروست بکەن و وەکوو یەکێک لەو ڕێگایانە دادەنرێت بۆ سزادان و بچووکردنەوەی تواناکانی و بڕیاردانەکانی و بەشدارییەکانی لە بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی قازانجی ملیارەها دۆلار.
سێیەم: (ماسک) داوای دادگایی و لادانی (ترەمپ) دەکات و داوای کردووە جێگرەکەی شوێنی بگرێتەوە.
چوارەم: (ترەمپ)ی تاوانبار کردووە لەبابەتی خۆکوشتنەکەی ملیاردێر (جێفری ئیپستین)، بۆیە ئەم بابەتەیان لە دادگاش پەردەپۆش کردووە، چونکە ناوی (ترەمپ)ی تێدایە.
پێنجەم: بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بێزارکردن و تووڕەکردن و نووقرچەلێدان دژ بەیەکتر.
شەشەم: (ماسک) ئاماژەی بەوە کردووە کۆمپانیای (سپەیس ئێکس) کەشتی ئاسمانی (دارگۆن) دەکێشێتەوە، کە بایەخێکی زۆر گرنی لە گواستنەوەی کارگەرانی (ناسا) هەیە.
شەشەم: (ترەمپ) دەتوانێت هەموو گرێبەستە ئەمنییەکانی (ماسک) هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات (ماسک) نەتوانێت پڕۆژەکانی ئابوورییەکانی لەگەڵ حکوومەت درێژە پێ بدات.
حەوتەم: سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە، بۆ سزادان و لێپیچینەوەی ئەوانەی بەهەڵستکاری ئەو دەکەن، بۆیە ئاساییە وەزارەتی داد بەکاربهێنێت بۆ سزادانەکان و لێپێچینەوە و سنووردارکردنی ڕکابەرەکەی.
هەشتەم: دوور نییە (ماسک) بیر لەگواستنەوەی کۆمپانیاکانی بۆ وڵاتەکانی دیکە بکاتەوە، ئەمەش وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە دژی کۆمارییەکان و سەرۆکی ئەمەریکا بەکار دەهێنێت.
نۆیەم: لەکاتی کشانەوەی کۆمپانیای (سپەیس ئێکس) کە (ماسک) خاوەنداریەتی دەکات، دەبێت پڕۆژەکانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگی و مانگی دەستکردی (ستارلینک) هەڵبوەشێننەوە، کە بۆ کاروباری سەربازی بەکار دەهێنرێت ئەمەش لەکردەوە ئاراستەکراوە بۆ چاودێری چین و ڕووسیا. سەرباری کەشتی (دارگۆن فلای) کە تایبەتە بە (ناسا)، لەکردەوەدا ئەمە دەبێتە کێشە بۆ بەرنامەکانی ناسا و گەڕاندنەوەی ئەو چوار کەسەی هەنووکە لە بۆشایی ئاسمانن. واتە ئەم ملیاردێرە لەڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی ئەمەریکا کردوونی، کاریگەری خۆی سەپاندووە.
ئەوەی لەماوەی دەسەڵات و حووکمڕانەی خوولی یەکەمی سەرۆکایەتی (ترەمپ) بینیمان، لە ماوەی چوار ساڵدا هەڵکشان و داکشان، یان تووڕەبوون و ئاشتبوونەوە و گۆڕانکاری خێرا و بێ پسانەوە لە ئیدارەکەی دەکرا، بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین بێژین ئیدارەی ترەمپ، ئیدارەیەکی پڕ لە ناکۆکیی و ململانێ و تۆمەتبارکردن و سزا و دەرکردن و تووڕەبوون بووە. دوور نییە ئەمجارەش بەهەمان شێوە و شێواز ئیدارەکەی بەڕێوە ببات، لەکاتێکدا لە دەستپێکی کارەکانی دەسەڵاتێکی زۆری بە (ماسک) دا، ستایشی زۆری ئەم ملیاردێرەی کرد، تەنیا هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لە پلار و بابەتە شیکارییەکانیاندا، وایان باس دەکرد، کە (ماسک) بەکردەوە سەرۆکی ئەمەریکایە، نەک (ترەمپ)!!. ئیدارەی دەوڵەت جیاوازە لەگەڵ ئیدارەی کۆمپانیا بازرگانییەکان و وەبەرهێنان. ترەمپیزم کە بانگەشەی بۆ دەکرێت پشت بە بارزگانی سیاسی دەبەستێت، نەک سیاسەتی بازرگانی و هەموو تواناکانی خستۆتە یەک ئارستە، ئەویش بەدەستهێنانی زۆرترین و زۆرترین قازانج و پارە و زیادکردنی ملیارەها دۆلارە، نەک سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرە سیاسییەکان لە سەرتاسەری دونیا، بۆیەشە هەندێک دەپرسن ئایا (ترەمپ) دەتوانێت سەرکردایەتی جیهان بکات؟
ئەم ملیاردێرە ئاماژە بە پارتێکی سیاسی نوێ دەکات، ئایا دەتوانێت ئەم سیستەمە مێژووییە باوە دیموکراتییەی ئەمەریکا بگۆڕێت و حزبێکی دیکەی سیاسی نوێی بەهێز دروست بکات و ببێتە ڕکابەری ئەم دوو پارتە سیاسییە بەهێزە.