دەمێکە کورد حەزی لە سینەمایە، بەشێکی زۆری فیلمەکانیش هیندین، واتە چیرۆک و گرێ و بەسەرهات و ئەنجامەکەی ڕوونە و زۆریش لەیەک دەچن. لەتەک تراژیدیا، کۆمیدیا و خۆشی، لەتک دۆڕان، سەرکەوتن و لەتەک ناخۆشی، خۆشی نیشان دەدات. ڕووداوەکانی کوردیش یەکتربڕنەوە و کوشتنی خۆشەویستی و ڕقوکینە و یەکتر سڕینەوەیە.
پێ دەچێت چی دیکە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) تەحەمولی بانگەشەی دیموکراسی و ئەم گێژاو و ئاژاوە گەورەیەی لەدەڤەری ژێردەسەڵاتی ئەودا هەیە، بکات. بۆیە دەستی بە گرتنی ئەوانە کردووە، کە ناویان ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەر و ناکۆکەکانە، لەکاتێکدا گومان لە خودی کارەکتەرەکان و هۆکاری دروستبوون و ئەو دەستانەش دەکرێت، کە هانیان دەدەن. گروپەکان ئەوە نمایش دەکەن کە خودان هەقن، بەپێچەوانەوە لەنێو ژینگە گڕگرتووەکەی سلێمانی و لەدوای دروستبوونی گۆڕان ئەوانەی لە دەسەڵاتیشن لەپێناو خڕکردنەوەی دەنگدەر و چەواشەکاری و داماڵینی کەوری کەتنکار و گەندەڵکار و ناشیرنبووەکان، خۆیان وەکو ئۆپۆزسیۆن پێناسە دەکەن.
وەکو ئاماژەم پێکرد، پێ ناچێت چی دیکە یەکێتی کە بەردەوام لە هەڵبژاردنەکان لە کورتی دایە، بەم دۆخە ڕازی بێت، یان لێ بگەڕێن ڕای بێت. نەک هەر ئەوە دوور نییە و گومانێکی ڕەواش هەیە، کە خودی یەکێتی هەندێک لەو کەس و گروپ و لایەنانەی ئۆپۆزسیۆنی دروست کردبێت، یان ڕێگەی پێدابن، یان کەلەکی بۆ قووڵ کردوون، بەڵام هەنووکە دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی جیاواز و پێچەوانە دەچێت، بۆیە دەبێط هێز لەپێناو بچوکردنەوەیان بەکار بهێنێت.
سیاسەت چی دیکە قووڵ و هەستیار و هینی پسپۆرەکان نییە، چونکە پێ ناچێت کەس کار و پیشەی ئاسایی سیاسی بکات. هەر کەسێک قیت دەبێتەوە دەتوانێت پەیوەندی بە ئێران و تورکیا و هێزی دژ بە هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و ئەوروپا بکات، بێ ئەوەی هیچ یاسا و دەسەڵاتێک بتوانێت سزایان بدات. ئەمە لەدەڤەری یەکێتی بەڕاشکاویی و فراوانی بەدی دەکرێت.
کێن ئەوانەی گلۆپی سەوزیان بۆ یەکێتی داگیرساندووە؟
هەندێک کە هێشتا لە کەش و هەوای پێش کودەتای دژ بە کودەتا دەژین (مەبەستم پێش گرتنی شاسوار و ئینجا لاهور)ە، ڕەنگە هی دیکەشی بەدوادا بێت دەژین، بەڕقەوە دەڵێن پارتی دیموکراتی کوردستان هاندەر و سوودمەندی ئەم دۆخەیە.
هەیە دەڵێن ئێرانە و دەیەوێت یەکێتی لەم گێژاوە دەرباز بێت، چونکە ئەو فشەفرەیی و بەرەلاییە سیاسییەی لە دەڤەری سلێمانی دەرکەوتووە، نەیتوانی پارتی و حکوومەتی هەرێم سنووردار بکات، بۆیە وەکو دەبێژن ئەمجارە ئێران گەرەکییە یەکێتییەکی بێ ڕکابەر لەدەڤەری خۆی دروست بکاتەوە. دوور نییە سیناریۆکە پەیوەندی بە گریمانەی ئەو ڕووداوانەوە هەبێط، کە پێشبینی دەکرێت ڕووبدەن.
دوور نییە تورکیاش بەجۆرێک لە جۆرەکان چاودێری ئەم دۆخە بکات و پێی وابێت هێزی ئیسلامی نزیک لەخۆی سوودمەندی ئەم دۆخە دەبن، ئەگەر هێزە نا ئیسلامییەکان لەناو برێن ئەوە دوور نییە یەکگرتوو گەشە بکات.
ئەمەریکا و ئەوروپا و هەتا عێراقیش لە ڕووداوەکان بێدەنگن، ئەم بێ دەنگییە جۆرێک لە ڕازیبوون نیشان دەدات، لەکاتێکدا شاسوار و لاهوریش جرتوفرتێکی باشیان لەگەڵ ئەمەریکا نیشان دەدا.
دور نییە ئەو گۆڕانانەی ئاماژەیان پێ دەکرێت، دوور نییە عێراق و هەرێمیش بگرێتەوە، ئەم ئاژاوەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروستکراوە لەقازانجی یەکێتی نەبێت، بۆیە دەیانەوێت پێش هەر ڕووداوێک ڕکابەرەکانیان کەم بکەنەوە، یان زەمینەسازییەکی پێچەوانە بکەن بۆ ئەوەی دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان خێراتر و ئاسانتر بکات.
بەکردەوە دەرکەوت ئەمەی هەتا هەنووکە هەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەسەڵات و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دروست نەکردووە، بەپێچەوانە باجی سەرەکی خودی یەکێتی دەیدات، کە هەر خۆشی هۆکارە بۆ دروستبوونی ئەم دۆخەی هەیە.
دەکرێت فرە دەرهێنەر لەم فیلمە سینەماییەی سلێمانی و ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەرک و توانا و دەسەڵاتیان هەبێت. یان تەنیا یەک هێزی دەرەکی ئەم سیناریۆ و هەنگاوانە بڕیار لێ دابێت. دووریش نییە هەر خودی پاڤیل تالەبانی دەرهێنەری فیلمەکە بێت، چوونکە ئاساییە چی دیکە نەتوانێت گوێبیست و ڕێگەپێدەر و سەیرکەری ئەم هەموو هێرش و قسەخراپ و سووکایەتی و بادانەوە بەلای دوژمنەکان بێت. تەنیا وای لێهاتووە هەر گروپە و بە ماشای خۆی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان ببەستن، ئەمەش ئاسان نییە یەکێتی پێی هەزم بکرێت.
دەرهێنەرەکان هەر کێیەک بن، یەکێتی خۆی بەرپرسە لە ڕووداوەکان، خۆشی بەشێکە لە فیلمەکە و هۆکارەکانی دروستبوونی ڕووداوەکان، هەر خۆشی دەبێت چارەسەریان بکات. لەتەک ئەوانەشدا دەرکەوت ئەم هێزانەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن لەهەموو ڕەوتەکانەوە قسەدەکەن و ڕەفتار دەکەن، هیچیان پێ ناچێت لە یەکێتی باشتر بن.
بەکردەوە ئاژاوە گەورەکەی سلێمانی دوور نییە، وڵاتە گەورەکانیش گەیاندبێتە ئەو خاڵەی ئیدی ئامۆژگاریان دابێت، کە ئەمەی ڕوودەدات و بەئاشکرا هەڕەشە و سووکایەتی و خۆبەستنەوە بەهێزە ناحەزەکانی هەرێم قبووڵکراو بێت. بەجۆرێکی دیکە پێیان وایە ڕووداوەکانی نێو فیلمەکە سروشتی نین، بۆیە دەبێت بووەستێنرێن.
سەیر لەوەیە ئەم لەشکرە مشەخۆرەی ڕاگەیاندن و قسەکەر و چالاکوان و خۆبەشت زانەی ئاشی بێ ئاویان بۆ شکۆدارکردنی ئۆپۆزسیۆن و هەندێک کەس دەگەڕا، هەنووکە نووقەیان لێبڕاوە، نیشانیان دا لەشکرێکی فشەچی و هەڵپەرستن، لەجیاتی ئەوەی سیاسییەکان بەکاریان بهێنن، ئەوان سیاسییەکانیان بەکارهێناوە.
لەراستیدا من هیچ پڕۆژەیەکی دروستکەرم لە ئۆپۆزسیۆن نەبینی، تەنیا (ڕق و هێرش و سووکردن و بنکۆلکردن و داڕماندن و پووکانەوە) نەبێت، دوور نییە ئەمەش هۆکاری سەرەکی بێت، ئەم گروپ و لایەنانە لەبەردەم فشار و هەڕەشەکانی یەکێتی خۆیان نەگرن. ئەم خۆنەگرتنە سەرەتایەکی ترسناک و بێسنوور بێت بۆ دەستێوەردان و هەتا قرتاندن و گلۆرکردنەوەی هەرێم بەرەو نەمان.
یەکێتی بەناو و لە ڕێگەی بەکارهێنانی دادگا و بیرهێنانەوەی دۆسیە کۆنەکان ئەو کەسانە دەگرێت، کە پێ دەچێت کات و شوێنیان کۆتایی هاتبێت. لاهور جەنگی بە تۆمەتی کودەتا، کودەتای لێکرا و لە چەند سەعاتێکدا کۆتایی پێنرا. وێنەی گیرانی خۆی وەکوو دیل و هەم پاسەوانەکانی بە دیلکراوی یەکجار دەروون ڕووخێنەرە و نیشانی دەدات لە بەکارهێنانی هێزدا، سۆز و سنوور و ڕەچاوکردنی ئەخلاق نییە. پێ دەچێت دەرهێنەری فیلمی کودەتای کودەتا بە باڤێلی ڕاگەیاندبێت، بەم شێوەیە دەتوانیت ترسێکی یەکلاکەرەوە لای هەمووان دروست بکەیت و یارییەکانیش لەگەڵ سەرتاپای ڕکابەرەکان لەم دەڤەرە یەکلایی بکەیتەوە و ئینجا دواتر لەگەڵ پارتی برا بەش دەست بە حووکمرانی هاوبەش بکەیت، یان زەمینەی فتکردنی پارتیش بسازێت. لەم فیلمەدا هەموو شتێک دەبێت چاوەڕوانکراو بێت، مەرج نییە پاڵەوانی فیلمەکە هەموو کاتێک براوە بێت، مەرجیش نییە بە کۆتایی کودەتاکە، هۆکار و ئەنجام و چیرۆکی کودەتاکە کۆتایی بێت.
سیناریۆکان زۆرن، بەکارهێنانی هێزی فەرمی و دادگای فەرمی لە یەکلایکردنەوەی کێشەی حزبی مەترسیدارە، دوور نییە بەیانی ئەمە ببێتە هۆکار بۆ بڕیاری سیاسی گەورەش، یان لەتکردنی بە فەرمی هەرێم و خولقاندنی زەمینەی ناکۆکی چەکداریی فراوانتر. دەبێت هەموو شتێک لەم جۆرە فیلمە ڕەچاو بکرێت و گریمانەی بۆ بکرێت.