گوتاری ژمارە و ژمارەی ئێکسپایەر

غازی حەسەن
  2025-10-27     219

ژیانی مرۆڤ لەم سەردەمەدا بۆتە ژمارە، هەموو شتێک لە هێزی ژمارەدا کار دەکات. گوتار بریتییە لە ڕاپەڕاندنی کردەیەک و کارێک ئامانجی بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردنە لە گەڵ دەنگدەر و جەماوەر ئەو لایەن و قسەکەرانەی خاوەنی گوتارەکەن، لەپێناو گەیاندنی مەبەست و کارتێکردن و بەدیهێنانی بڕیار لای دەنگدەر. بە کورتی ئامانجی گوتار گەیاندنی پەیامێکە، کە پشت بە داتا و ژمارە دەبەستێت. لەم کاتە هەستیارەدا جەنگی هەڵبژاردن، جەنگ و  ململانێیە بە ژمارە و داتا و پێوانە.

گوتار پەیامی هەیە، پڕە لە چالاکی و بزاڤ و هێز و وزە، ئەوانەی لە چەمکی گوتار  و تیۆرە باوەکانی گوتار و بەکارهێنانی نازانن، بێگومان لە بەکارهێنانی کەرەستە و پێکهاتەکانی نێو گوتاریش سەرکەوتوو نابن. پێویستە بڕوامان بەوە هەبێت، گوتار پێکهاتەیەکی زیندووە و گەشە دەکات.

یەکێک لەو کەرەستە خێرا و ڕاستەوخۆ و کاریگەر و باوانەی ئەم سەردەمە داتا و ژمارەیە، بەتایبەتی لەنێو گوتاری هەڵبژارندەکاندا پتر بایەخی پێ دەدرێت و گوتاری سیاسی وەکو هێزێک و دەسەڵاتێک بۆ (ڕەخنەگرتن، شیکردنەوە، لێکدانەوە و بەراورد و هەڵسەنگاندن و نمایشی نیشاندانی هێز و کارکردن و خزمەتگوزاری... تاد) بەکار دەهێنرێت.

بەکارهێنانی ژمارە پەیوەندی هەر بەتەنیا نمایشی بەرهەم و بەراورد و ڕەخنەگرتن نییە، بەڵکوو کردەی بیرهێنانەوە و ڕاپەڕاندنی مەبەست و گەیاندنی پەیامێکی جیاوازە بۆ ئەوەی بەهێزەوە متمانە پتەوتر بکات، یان ئەو متمانەیەی لەنێوان دوو لایەن و گروپ و کۆمەڵگە هەیە، هەڵبوەشێنێتەوە.

ژمارە وەکوو (کات، شوێن و شت) بەکار دەهێنرێت، ژمارەی فیزیکی هەیە و ژمارەش هەیە وەکوو مانا و هێما و نیشانە و نەریت و گەیاندنی مەبەستی شاراوە بەکاردێت. پرسیاری سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئایا بەڕاستی بەکارهێنانی داتا و ژمارە وەکو کارێکی ڕووکەشی سادە بەکاردەهێنرێت، یان پشت بە پاشخان و لێکدانەوە و بەراوردی بەرهەمهێن دەبەستێت؟. هیچ گومان نییە هەندێک ژمارە بەڕقەوە بەکاردەهێنن، بێ ئەوەی حیساب بۆ ڕەهەندە هاوبەش و هاوسەنگ و لێکدانەوە لەلایەن وەرگری گوتارەکە بکرێت.

ئۆپۆزسیۆن، یان ئەوانەی پیشتر پتر لە ئۆپۆزسیۆن خۆیان بە گروپ و لایەنی دژ بەدەسەڵات هەژمار دەکرد،  لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق دەنگ و ڕەنگ و گوتاریان وەکو پێکهاتەیەکی ترسێنراوی فشێنراوی پلیقاوە دەردەکەون و  ژمارە و داتا و ئاماژەکانیان بۆ ئاشکرا کردنی گەندەڵی بە ژمارە و نەبوونی یەکسانی و دادپەروەریی بەکاردەهێنا و هێندە زۆر و دووبارەشیان دەکردەوە، بێ ئەوەی لەهیچ کاتێک و پرۆسەیەک هێزی یەکلاکەرەوە و گەیشتنە پلەی یەکەم دروست بکەن، لە ئاکامدا بووە بەکارهێنراوێکی ڕۆتینی دووبارەی کەم بەرهەم.

ژمارە لەیەک کاتدا پێویستی بە کردار و ئاماژە و نمایشە. دەسەڵاتی ئەم جارە بەتایبەتی لەنێو دەسەڵاتیش پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە لەگەڵ کردار و بەرهەمی ژمارەدار بەکار دەهێنێت.  واتا لەم دوو گوتارە جیاوازەدا بەکارهێنانی ژمارە نیشاندەری دوو مەبەست و پەیام و شێوازی جیاوازە. گوتاری یەکێتی نیشتمانی کە حزبی دەسەڵاتە گوتارێکە پاڕانەوە و خۆ بە سەرکوتکراوی  پلە دوو نیشان دەدات. دەنگی ژمارە بەکارهێنراوەکانی گروپە ئیسلامییەکان، کەسە تووڕەکان، نەوەی نوێ، ئەوانی دیکە وەکوو جاران دەنگ ناداتەوە.

هەست دەکرێت دەنگدەر خەریکە بێزار دەبێت لەم  ژمارەیەی چەندین ساڵە بە هۆکار و بێ هۆکار، بێ ڕەچاوکردنی کات و شوێن و دۆخ، بێ ڕەچاوکردنی مەزاج و خواست و ویستی دەنگدەر چەندبارە دەکرێتەوە، تا گەیشتۆتە ئەوەی لەهەندێک بواردا ببێتە کردەیەکی بێزارکەری بێ تام و متمانە. تەنیا بەدووپاتکردنەوەیان دەنگدەر لە جیاتی پێشوازی، جۆرێک لە جۆرەکان بەرەو دوورکەوتنەوە دەباتت.  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نموونەیەکی زیندووی گونجاوە، بە ئاماژە و نمایشی ژمارە و داتاکانی ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن بووایە، دەبووایە ڕێژەی کورسییەکانیان زیاد بکات، نەک بڵێن ئەنجامەکە پێشوەختە دیزاین کراوە. من لام وایە بەکارهێنانی بێ ئاکامی داتا و ژمارە باوەکان وایکرد، دەنگدەر متمانەی بەم جۆرە گوتارە لاوازە نەبێت، یان بەڕێژەیەک پاشەکشە بکات، کە خودانی گوتارەکە هاواری لێهەستێت.  

ژمارەکان هیچ سنوور و سانسۆرێکیان نییە،  بەڵام مەرج نییە ئەو ئازادییە لەبەکارهێنانی خودی ژمارەکان، هێزێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی بڕیاری سیاسی بە(بەڵێ) لای دەنگدەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دروست بکات.

گوتار ئەگەر بەپێی پێناسەی (تۆدۆرۆف)  بێت بریتییە "گوتارێک، یان بەشێک بێت لە قسەکردن بە بەشداری قسەکەر و گوێگر، قسەکەر نیەتی کارتێکردنی لەسەر گوێگرەکانی هەیە". (بنفیست)یش بەشێوازی نزیک لەمەی سەرەوە پێناسەی کردووە و دەبێژێت "هەر گوتنێک دەبێت قسەکەر و وەرگری تێدا بێت و یەکەمیان ئامانجی کارتێکردنە لەسەر دووەم بەشێوازێک لە شێوازەکان". (شولتەر)یش بەم شێوەیە وەسفی کردووە: "لایەنی هەڵسەنگاندن و ڕەچاوکردنی بە مانای سەنگاندن و ڕەوانبێژی لە دەقی تێدایە" و (هارتمان و سترۆک)یش پێیان وایە گوتار "دەقێكە بەستراوەتەوە بە یەکەیەکی تەواو و ڕوون و لەشێوازی گوزارشت پێکدێت، کە لەلایەن قسەکەرێکەوە دەردەچێت و پەیامێک دەگەیەنێت".  

دەکرێت بێژین گوتار پەیامی هەمەجۆری هەیە و سیستەمێکی لەبواری پێکهاتەیی هەیە و بەرهەمی قسەکردن و گوتنە و ئامانجی گەیاندنی پەیامێکە، لەپێناو کارتێکردن و ئامانجی هەمەلایەنی هەیە و دەکرێت هەواڵئامێز و بڕواپێهێنەر و هەڵسنەگاندن بێت. پێویستە قسەکەر و وەرگری تێدا بێت بەمەبەستی کارتێکردن و بڕواپێهنان بەکاردێت.

کەرەستەکانی نێو گوتاری سیاسی لایەنە کوردییەکان، کە بەشێکی پشت بە ژمارە و داتا دەبەستێت، ئەم کەرەستانەش لەلایەن قسەکەر (خاوەنی گوتار) بەکاردێت بۆ گەیاندنی (پەیام)ێک لەپێناو هەڵسەنگاندن و هەواڵ و گەیاندنی زانیاری و بڕواپێهێنان، پشت بە سیستەمێکی تایبەت بە خودی گوتار دەبەستێت. ئەوانەی داتا و ژمارە بەکاردەهێن، ئازایەتی و هێز لەوە نییە هەر تەنیا  ژمارە گەورەکان ئاشکرا بکەن و ڕۆژانە دووبارەی بکەنەوە، بەردەوامیش ئەم ژمارانە دووبارە و سەد بارە بکەنەوە، تاکوو دەبێتە شتێکی سواوەی کۆنی بێ کەلک و بێ بایەخ لای وەرگرەکانی گوتارەکە. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ لەدەستدانی بەهای ئەو زانیاریی و هەواڵەی قسەکەر دەیەوێت بە وەرگرەکانی بگەیەنێت.

لە دیماهی دەکارین بێژین، ژمارە هێزێکی تایبەتی بڕواپێهنانی ئاسانی هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بەکارهێنەرانی خودی گوتارەکە دروست بکات، بۆ بڕواپێهێنان، ئەگەر ئەم پەیوەندییە لەنێوان گوتارەکە و بەکارهێنەرەکانی نەبێت، بەکارهێنانی ئەم کەرەستانە لەنێو گوتار وەکوو کەرەستەی ماوە بەسەرچوو (ئێکسپایەر) دەردەکەون. لای منی گوێگر لە گوتاری هەنووکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەشێکە لەو ژمارانەی بێ ئاکام و بەردەوام بەکارهێنراون تا گەیشتۆتە ئەوەی (ئێسکاپیەر) بن، ئەمەش وەکوو خۆراکی ماوەبەسەرچوو وایە، بخۆرەکانی تووشی زیان و نەخۆشی و کێشەی تەندروستی دەکات. گوتاری سیاسی نابێت جەماوەر تووسی نەخۆشی و تێکدانی باری تەندروستی بکات، ئەگەر نا ڤایرۆسی کارەساتبار و ترسناک و خۆشکێن دروست دەکات.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×