بردنەوەی یەکتر دۆڕان

غازی حەسەن
  2025-11-09     234

خەریکە بڵێم، گوتاری سیاسی و بەتایبەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە زۆر شوێنی دونیا بەرەو فۆرمێکی نوێ و هاوشێوە دەچێت و ئەو شێواز و کەرەستە کۆنانەی پێشتر زۆر باویان نەماوە، یان باشترە بێژم  ژینگەی سیاسی هێندە خراپ و ناشیرین و  پیس کراوە فۆرمی فەرمی و خودان بەها و زمانی قووڵ و سەنگین بە کردەیەکی لەبار نەزانرێت و نمایش و تەمسیلی و کورتکردنەوەی قسە و جووڵە سەرنجڕاکێش ببێتە مۆدێڵێک، کە پتر تەکنیکی شانۆگەری کۆمیدی لەخۆ بگرێت. هەرچەندە  لە ئاکامی دیقەت دان لە شیکردنەوەی ئەکادیمییەکان، ئەوە ساخ دەبێتەوە و جەخت لەوە دەکرێتەوە، کە کەلتوور و دەوروبەری دەنگدەر و دۆخی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەخلاقی و پابەستبوون بە شێوە فەرمییەکان  لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ڕێزگترنی ڕکابەرەکان گرنگە، خاوەن گوتار پێویستە ڕەچاویان بکات. مەرج نییە هەموو تێکشکاندنێکی قەپێلکە کۆنەکان، نوێخوازیی بێت.

سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی لە نزیک کۆتایی بانگەشەکە لە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی بێ ناوهێنان ڕایگەیاند "حووکمڕانی بە کسانی دز و گەندەڵ و خائین" ناکرێت، بە واتای ئەوەی پارتی هێزێکە دەتوانێت حووکمڕان بێت و ڕکابەرەکەشیان ئەو توانا و دەسەڵات و هێزەیان نییە و ئەم سیفەتانەیان هەیە. ئەم ئاماژەیە وەڵامێکی کورت و پووخت بوو بۆ قسەکانی ئەوانی دیکە، بۆیە ناتوانن حووکمڕانییەکی باش و پاک و چاک بکەن و گوتیشی "ئێمە کردارمان هەیە ئەوانیش قسە".

لەهەمان کاتیشدا بافل تاڵەبانی بە شێوازە تازەکەی، کە دووەم هەڵبژاردنە وەکوو ئەکتەرێکی کۆمیدی دەیەوێت دەنگدەرکانی بە پێکەنین بهێنێت و لەهەمان کاتیشدا لەم فۆرمە نوێیەدا سنوورەکانی ئاخاوتن و گوزارشت و هێرش تێک دەشکێنێت و هەرچی خوا پێ ناخۆشە بە ڕکابەرەکەی دەڵێت و لەم ڕێیەدا ئەوەی مەبەستیەتی دەیبێژێت و گووتی: "یەکەم هەنگاوی ڕووخاندنی غەبغەبەکان و دزەکان و گەندەڵەکان لێرەوە دەستپێدەکات".

لێرەی نادیار، بەئاشکرا (یەکێتی و سلێمانی و ئێستایە) دیارە، (ڕووخاندنی) ئەوان نادیارە، بەڵام (ڕووخێنەر کە خۆیانن) دیارە.  مەبەستی ئەوەیە بیرۆکەی ڕووخاندن یەکێکە لە ئەگەر و میتۆدە متمانەدارەکانی ئەوان. ئەم زمانە کۆمیدییە، لای ئەوانەی بیرناکەنەوە دڵخۆشکەرە و خەڵک بەخەندە دەهێنێت، لای ئەوانەی بیریش دەکەنەوە، جۆرێک لە دابڕانی نادیاری عەقڵی و عاقڵاندنی لەخۆگرتووە.

ئەگەر سەرنجی ئەم گوتارە بدەین مەیلێک بۆ یەکتر ڕووخاندن لەنێو کردەی گوتارەکە و سازاندنی زەمینەی ڕەقی ڕق و تووندی ڕەتکردنەوە و ڤایرۆسی ڕقهەڵگریی لەدژی یەکتر لە گەشەکردنە. بەتایبەتی (بافل تاڵەبانی) ناتوانێت هەڵچوون و ترس و بچووکبوونەوەی بازنەکان لە دژی خۆیان بشارێتەوە و لەقسەکانیدا هەست بە "غەدلێکراوی، پەرواوێزخراوی، گوزارشت وەکوو هێزێکی پلە دوو و کەمتر، یان هێزێک کە ڕکابەرەکەی پێی لەسەر کلکی دانابێت و هاواری لێ هەڵسێنێت". بێگومان دەنگدەرێک کە توانای بیرکردنەوەی بەهێزە، گریمانەیەکی باش لەم جۆرە گوتارە وەکوو فۆرم و نێوەڕۆک و شێوازی گوزارشت ناکات، ئەمە ترسێک و دڵەڕاوکێیەکی خراپ لەبارەی دوای ئەنجامی دەنگدان دروست دەکات، بۆیە یەکێتی کە لە گوتارەکەی جۆرێک لە "پاڕانەوە و هەستکردن بە نووقمبوون لە گێژاوێکی مەترسیدار" بەرجەستە دەکات، مەرج نییە بتوانێت پاپۆرێکی پتەو و بێ کێشە و کوون بۆ پەڕینەوە بەرەو بەرەی دڵنیایی دروست بکات. هەرچەندە کەسانێکی گەنج، یان ڕقهەڵگرتوو لە پارتی، دژە هەرێم هەن، حەز لەم چەسنە ئاخاوتن و جووڵە و نمایشە دەکەن و گوێ لەم جۆرە گوتارەی (بافل تاڵەبانی) دەگرن، کە بەکردەوە پشت بە کۆمیدیا و پێکەنین و جۆرێک لە جووڵەی سینەمایی دەبەستێت.

بۆ کورد باش نییە هێزی گوتارەکەی لە یەکترشکاندن چڕ بکاتەوە، بەپێچەوانە پێویستە گوتارەکەی پشت بە "گفتوگۆ و پێشکەشکردنی زانیاری و داتا و ژمارەی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن و یەکتر قبووڵکردن" ببەستێت، بۆ ئەوەی "چەمکی ئازادی"  نەبێتە وێناکردنێکی درۆزنانەی پێچەوانە و هەڵگەڕاوە، لەهەمان گاڤدا پشت بەتووندوتیژی و کوشتن و ئازاردان و زیندانی ڕکابەرەکانی ببەستێت.

ئەم جۆرە هەڵبژاردنە کە بەرەو بەغدایە، پێویستە "بردنەوە بۆ شکاندنی یەکتر" نەبێت بەڵکوو "بردنەوە بۆ بەهێزکردنی یەکتر" بێت، وەکوو هاوڕێیەکم گوتی دەبێت گوتارەکان سنووری حزب تێپەڕێنێت و ببێتە گوتاری نەتەوە و نیشتمان.     

دەمەوێت شتێکی گەوهەریی و کاکلداری ساخلەم ئاماژە پێ بکەم، نابێت هەڵبژاردن  لەپێناو "بردنەوە بۆ یەکتر دۆڕاندن و یەکتر شکان" بێت، بەڵکو بردنەوە بێت لەپێناو بردنەوەی یەکتر، واتا متمانە و هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردن و کاری هاوبەش لە دوای ململانێی هەڵبژاردن بەرهەم بهێنێت. کارێکی خراپ دەکرێت ئەزموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە، کە هەنووکە پەرلەمان پەکخراوە، پێکهێنانی حووکمەت دواخراوە و بەشانازییەوەش پێداگری لەسەر پێکنەهێنانی  کابینەکە دەکرێت.   

ئاساییە زانیارییەکانی نێو هەواڵەکانی گوتارەکە ڕاست، یان درۆ بن، بەڵام ئاسایی نییە خودی هەواڵەکە، کەرەستەی و پێکهاتەکانی گێڕانەوە و زانیارییەکان درۆ بن و وەرگری گوتارەکە پێویستیان بە لێکدانەوە نەبێت، بۆ ئەوەی ساخی بکەنەوە و بزانن هەواڵەکە ڕاستە، یان درۆ.  

لە دیماهیدا دەبێژم: گوتاری مۆدیرن پووختە، پشت بە ژمارە و داتای دروست و ڕاست دەبەستێت، هاوکاری گوێگر دەکات ئاسان و باش و خێرا لە مەبەستەکان بگەن، خەڵک ناخاتە پێکەنین بۆ ئەوەی هەقیقەتیان لەبیر بچێتەوە، شەڕانگێز و ڕقهەڵگر و سیاسەت بە سیاسەت نابات و کۆمیدیای درۆ، زانیاری درۆ و شکانی هەقیقەت و پەیوەندییەکان ناکاتە بنەمای هەنگاوەکانی، بەڵکوو پشت بە بنەمای گفتوگۆ و ڕاستبێژی و کورتبژی و ڕاستەوخۆ گوتن و خستنەڕووی زانیاریی پێویست دەبەستێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×